کوڕەکەی تورکانا

تورکانا ناوی دۆڵێکی کینیایە و دەریاچەیەکی گەورەی لێیە. لەوێ لە ساڵی ١٩٨٤ پەیکەرێکی ئێسقان لەوەی مرۆڤ دەچوو لەلایەن کامۆیا کیمیو دۆزرایەوە. بەشێکی کەللەسەریک دیاربوو، لە تەختی دەریاچەکە کەوتبوو بەڵام ئەو شوێنە ئاوی لێ وشک بووبوو، بۆیە دیاربوو. تورکانا پیشی دەگووتری ناریۆکۆتمێ. لە چالاکییەکی زۆر لەسەرەخۆی ورددا، دەرکەوت ئەو کەللە سەرە ١ ملیۆن و نیو ساڵ کۆنە. ئەو پەیکەرەی دۆزرایەوە، شان و چوارپەلی هەبوو. زۆرتر لە پەیکەری ئێسقانی مرۆڤی نوێ دەچوو. شەویلاگی خوارەوەی ددانە بڕەرەکان، کەڵبەکان و یەکەم و دووەم ددانی خرێنەشی تێدابوو، بەڵام سێیەم خرێنەی نەبوو. کەڵبەی شەویلاگی سەرەوە جارێ هەر ددانی شیری بوو. ددانەکانی دیکەی هەمیشەیی سەریان دەرهێنابوو. ئەوانە خەسڵەتی شەویلاگی منداڵێکی ١١ سالانە


جارێ ئێسقانەکانی تەواو بەیەکەوە نەلکابوون، لە قۆناغی دروستبوونو تەواوبووندا بوون. سەری ئێسقانەکانی جومگەکانی دەست و قاچ و حەوزی، وەکو یەکێکی گەورە، تەواو پێنەگەیشتبوون. ئەوانیش بەلگەی دیکە بوون، کە تەمەنی نزیک ١١ ساڵان بووە. لە درێژیی ئیسقانی ڕانییڕا دیارە بەرزی ئەو کەسە ١٦٠ سانتیمەتر بووە. ئەستووری ئێسقانەکانیشی پێمان دەڵێ نزیکەی ٤٧ کیلۆگرام بووە. بە پێی بەراوردێکی نوێی نێوان شێوەی ئێسقانەکانی مرۆڤ و مەیموونەکان و ڕێژەی کەوانەیی هەندێکیان، دەتوانین بڵێین لەوانەیە تەمەنی لە ١١ کەمتر بووبێ، ئەگەریش هەیە ٩ ساڵان بووبێ. بەو پێیە لە کاتی هەرزەکارییدا، تووشی گرفتێکی گەشەکردن و هەڵدان بووە


ددانێکی شیری شکاوە تا ڕەگەکەی دەرکەوتووە، ددانەکەی بن ئەو بەر لەوەی تەواو بێتە دەر تووشی هەوکردن بووە، ئەو هەوکردنەی خوێنی ژەهراوی کردووە و بووەتە هۆی مردنی. لاشەکەی لە نێوان دوو چینی لمی گڕکان کە نیو ملیۆن ساڵیان لە نێواندایە، قەتیس بووبوو. دوای ١ ملیۆن و نیو ساڵ بە داخورانی ئەو چینەی سەرەوە، پەیکەرە ئێسقانەکەی دەرکەوتووە. ئەو منداڵە لەشی بێ تووک بووە، قژ بەسەریەوە هەبووە. درێژیی و ڕێژەی ئێسقانەکانی چوار پەلەکانی، پانیی سنگی و باڵای لە مرۆڤی نوێ دەچێ. هەردوو سیفاتی خێزانی مرۆڤەکانی سەر دووقاچی کۆن بە ناوی ئۆسترالۆپیثیسینز (چوار جۆریان هەبووە، هەموویان لەیەک ڕەگەوە هاتبوون) و مرۆڤی نوێی تێدا بوو. لەبەرئەوە زۆر جێی سەرنج بوو


بۆئەوەی لە بایەخی زانستیی کوڕەکەی تورکانا تیبگەین، دەگەڕێینەوە دۆزینەوە بەناوبانگەکەی تیمەکەی دۆن جۆنسن لە ناوچەی هەدار لە ئەسیوبیا، بەدەستیان هێنا. لەوێدا پەیکەرە ئیسقانێکی مێ دۆزرایەوە ناوی لێندرا (لوسی). لوسی سەر بە هەمان جۆری مرۆڤە سەر دووقاچەکان بوو، واتا ئۆسترالۆپیثیسینز و بەر لە ٣ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار ساڵ ژیاوە. قۆڵەکانی درێژ و گەورە بوون. سنگی شێوە سێگۆشەی هەبوو، لە چامپانزی دەچوو. پەنجەکانی وەکو ئەوانەی بەسەر داردا هەڵدەگەڕێن. کەوانە بوون. هەرنەبێ سێ یەکی ژیانی بە پێهەڵگەڕانی دار بەسەربردبوو. ئەو توانایەی لە بەهێزی قۆڵەکانی بەدەستهێنابوو. لەلایەکی دیکەوە، قاچ، ئەژنۆ و حەوزی و تەنانەت باری سەری لەسەر شانەکانی ئەو گۆڕانانەی بەسەردا هاتبوو کە لە شیردەرەکاندا دەرکەوتبوون تا بتوانن  لەسەر دووقاچ بڕۆن. قەبارەی مێشکی سێ یەکی ئەوەی مرۆڤی ئێست بووە، وەکو چامپانزییە


بایەخی دۆزینەوەی کوڕەکەی تورکانا لەوەدایە جۆرێکی دیکەی مرۆڤ لەسەر دووقاچ دەڕۆیشتن، سنگیان مەیلەو لاکێشە بووە نەوەک سێگۆشە و پشت ڕاست، شەش بڕبڕەی لە بەشی خوارەوەی بڕبڕەی پشتی هەبووە (٩٦٪ی خەڵک ئێستە ٥یان هەیە و بۆ توانای ڕۆیشتن ئەو گۆڕانە ڕوویداوە)، بەرلەدەرکەوتنی مرۆڤی نوێ، هەبووە. بەوانە دەگووترێ مرۆڤی هۆمۆئیرەکتەس. لە کاتی ڕۆیشتندا دەستەکانی بەردەدایەوە، واتا توانیویەتی پارچە دارێک یان ڕمێکی بەدەستەوە بێ. ژینگەی ئەوکاتەی تورکانا گۆڕانی بەسەردا دەهات. دارستانەکان لەکەمبووندا بوون، مێرگە پانەکان زۆرتر دەبوون. کەواتە ئاژەڵە دڕندەکان ئاسانتر دەیاندیت، بۆیە دەبوایە بەرگری لەخۆی بکات و ڕکابەریی دەستکەوتنی نێچیر، بێت


هەر لە نزیک کەللەسەرەکەی کوڕەکەی تورکانا، چەند جی پێیەکی نێرینەکان دۆزرانەوە. دەکرێ ئەو جێپێیانە بەوە تێبگەین کۆمەڵەی نێرەکان لە ڕاودا هاریکاری یەکتری بوون و پیکەوە ئاژەڵیان ڕاوکردووە. دەم و قەپۆز و شەویلاگی بچووکتر، پێمان دەڵێ خواردنی هۆمۆئیرەکتەس تێکەڵەی نێوان گۆشت و ڕووەک بووە. نێرەی ڕاوکەر و مێیەی کۆکەرەوەی بەروبوومی ڕووەک دەست لەناو دەستی یەکتری بوون. دۆزینوەی شوێنەواری ئاگر کردنەوە لە سەردەمی ژیانی هۆمۆئیرەکتەسدا، دەیسەلمێنی ئەوان توانیویانە ئاگر بکەنەوە و کۆنترۆڵی ئاگریان زانیوە. ئاگر وایکردووە، بەهای خۆراک زۆرتر ببێ و ئاسانتر هەرس بکرێت. رێژەی ٥٠٪ی خواردن گۆشت بێ بەشی ئەوەندە چەوری دەداتە لەش تا دواتر بووە پاڵنەری گەشە و گەورەبوونی مێشک


توانای سییەکانی و قەبارەی بڕبڕەی پشتی کوڕەکەی تورکانا بەشی ئەوەی نەکردووە بتوانێ لەگەڵ قورگی ڕێکبکەون تا قسەکردنی هەبێ. بەشی ناوەوەی کەللەی سەریشی نیشانەی ڕووبەری درێژوگەورەتری لە چاو بەشی ڕاستی پێوە دیارە. بیردۆزێک هەیە ئەو بەشەی چەپی مێشکی هۆمۆئیرەکتەس بە بەشی کۆنترۆڵی جووڵەی پەلەکان و لەش دەبەستنەوە، هەر بۆیە لە مرۆڤدا تا نزیکەی ٩٠٪ ی خەڵك ڕاستەن نەک چەپان. هەر ئەو بەشەی چەپی مرۆڤ دواتر بووە سەنتەری قسەکردنیش. مێشکی کوڕەکەی تورکانا لەمێشکی هەموو جۆرەکانی دیکەی پیش خۆی گەورەتر بووە. بۆیە دەبێ هەڵسوکەوتیشی جیا بووبێ. لەوانەی بەکارهینیکی باشی ئامرازەکان بووبێ، ڕاوچییەکی باش بووە، کۆمەڵگەکەی ئەو ئامرازی بەردی گەورە و بچووکیان دروست کردووە. بە تایبەتیش ئەوانەی گۆشتی ئاژەڵیان لە ئێسقانەکان دادەماڵی


سەرچاوە:

https://www.turkanabasin.org/turkanaboy/?fbclid=IwAR20AuEkw4o0NKZCd041gl_9_cEEXvJQtRgwPOruSvzihtZIFHBkpu43OdQ#:~:text=The%20discovery%20of%20Turkana%20Boy,evolved%20for%20walking%2C%20Homo%20erectus