پاش زیاتر لە ساڵێک هەندێ وڵات وا وردەوردە لە کۆرۆنا ڕزگار دەبن. ژیان ئاسایی دەبێتەوە، کۆمپانیاکان داوا لە کارمەندان دەکەن بگەڕێنەوە نووسینگەکان کارەکانیان بکەن. بەڵام دوای ساڵێک زۆر کار هەیە وەک خۆی نەماوە؟ هەرچی کرا ببرێتە ئۆنلاین، برا. ئایا ئەوە ڕێ خۆشکەر نەبوو، تەوژمی نەدا بە کارە نمرەییەکان (دیجیتالەکان)؟ کام جۆری کار زۆرترین داواکاریی لەسەر دەبێ؟؟ جیهان گۆڕاوە، دەبێ ڕیزبەندی کارەکانیش گۆڕانیان بەسەردا بێت
چەند ساڵێکە، سەنتەری (کۆگنیزانت- واتا ئەو کەسەی درککردنی هەیە) بۆ کارەکانی ئاییندە، چەندین ڕاپۆرتی لەبارەی جۆری هەلی کاری ئاییندە بڵاو کردووەتەوە. کۆگنیزات وەک پردێک لە نێوای ئێستە و ئآییندەدا بۆ خەڵک، کۆمپانیا و دەزگەکان کار دەکات. دەیانەوێ پێشبینی گۆڕانکارییەکانی بازاڕی هەلی کار بکەن و بیانخەنە بەردەست. چونکە جیهان زۆر خێرا دەگۆڕێ، یارمەتیی تاک، کۆمپانیا ودەزگەکان دەدەن تا خۆ بۆ ئاییندە، ئامادە بکەن https://www.cognizant.com
کۆگنیزانت پێشبینیی دەکات ئەم کارانەی خوارەوە لە ماوەی ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵی داهاتوودا زۆر داوابکرێن
١. ئاسانکار – کار لەماڵەوە: بەر لە دەرکەوتنی کۆرۆنا، کەمتر لە ٥٪ی کۆمپانیاکان ڕێنمایی کارکردن لە دووەرەیان پیادە دەکرد، ئێستە، دوای داخستنی هەموو شوێنە گشتییەکان و بێگومان کۆمپانیا و دەزگەکانیش، کارکردن لە ماڵەوە، یان، لە دوورەوە بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی. ئەم هەلی کارە دەبوایە لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ ساڵی دیکە بە تەواوی دەرکەوێ، کەچی بە گۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا زۆر زووتر دەرکەوت
٢. ڕاوێژکاری پابەندبوون: لەگەڵ قەدەغەکانی هاتووچوون و داخستنی شوێنە گشتییەکان، زۆر کەس کێشیان زۆر بوو، قەڵەوبوون زۆرتر بوو. سەرەڕای ئامێرەکانی ئاگادارکردنەوەی نیشانەکانی زیندەیی لەش وەکو کاتژمێرەکانی ئەپڵ و فیت بیت، بەپێی ماڵپەڕی کۆگنیزانت، ئەوانەی وەک ڕاوێژکاری پاراستنی کێشی تەندروست یارمەتی خەڵک دەدەن ڕوو لە زۆربوونە، لە سەرەتای کۆرۆناوە تا ئێستە ئەو کارە ٢٨.٧٪ تەنیا لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢١ دا گەشەی کردوە
٣. بەڕێوەبەری دیزاینی خانووی ژیر: لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا خەڵک لەوە تێگەیشت ماڵ وەکو قەڵغان وایە. بۆیە لەگەڵ زۆرتر دروستکردنی خانووبەرە، خانووی ژیر بەرەبەرە پەرەدەستێنێ. دروستکردنی خانووی ژیر پێویستیی بە بەڕێوەبەری دیزاین دەبێت. کاری ئەم پۆستە نوێیە ئەوە دەبێ بەپێی پێویستیی خانووەکە و ئەو کەسەی دروستی دەکات شوێنی نووسینگەی هەبێ بۆ هەر کەسێک لە ماڵەوە کار بکات. دانانی ئامێرەکانی راوتەر، وای فای، بەکارهێنانی ماددەکانی دەنگ بڕ، چوونەژوورەوە بە دەنگ و سکرین گەورە لەسەر شووشەکان
٤. ڕاوێژکاری تێکەڵ کردنی نمرەیی لەگەڵ واقیع: ئەو کارانەی لە دوورەوە دەکرێن و دەکرێ لەبری ڕۆژانە چوونە نووسینگە لە ماڵەوە ئەنجامبدرێن، وا پێویست دەکات واقیعی کاری ڕۆژانەی ئەو کەسانە ئەو کارە دەکەن بڵاوتر بکرێت. کەمێک قورسە لەوە تێبگەی، ئەوانەی کاری ماڵ دەکەن دەبێ بتوانن هەندێ ئامرازی دیکەیان هەبێ، ئەو ئامرازانە بە تێکەڵ کردنی واقیعی شوێنەکە لەگەڵ هەندێ پێکهاتەی نمرەیی تێکەڵ بکرێت. بەو واقیعە تازەیە دەگوترێ (واقیعی پاڵپشتکراو – واقع معزز – یان، بە کوردی واقیعی پاڵپشت کراو). ئەوەی لە هەندێ ئاپی مۆبایل هەیە بۆ گۆڕینی دەموچاو و دانانی هەندێ شێوە و شتی دیکەی جوانیی و سەیر و سەمەرە واقیعی پاڵپشت کراوە. بەکاربەر یەکسە بەهۆی کامیرای مۆبایلەکەوە، بە هۆی ئاپێکەوە واقیعی خۆی لەگەڵ شیوە و پێکهاتەی نمرەیی (تەلەفۆنەکە بۆی دروست دەکات)، تێکەڵ دەکات
ئەو کەسانەی لە ماڵەوە کار دەکەن پێویستیان بەوە دەبێ واقیعی پاڵپشتکراو، یان، واقیعی فراوانکراو وای، یانیش، واقیعی نەبینراویان هەبێ. هەرسێکیان هەمان کۆڵەکەی نمرەیی بۆ گۆڕینی واقیعی شوێنێک بەکاردەهێنن. ئینجا دروست کردن و وردەکاریی کردنی ئەو زیادکردنە نمرەییانە بە ٣ ڕەهەند، پێویستیی بە ڕاوێژکاری تێکەڵ کردنی نمرەیی هەیە. ئەوە کارێکە لە چەند ساڵی ئاییندەدا زۆر بڵاو دەبێت و زۆریش گران بەها دەبن
٥. تەلارسازیی ژینگەیی: ئاسوودەیی و کامەرانیی کارمەند لە شوێنی کاریدا بەشێکی گرنگی زۆرکردنی بەرهەمە. بۆیە ئێستە ئەوە وەک مۆدە لە ناو کۆمپانیا گەورەکاندا هەیە. دەبێ ژینگەی شوێنی کاردکردن باشتر بکرێ و سەرلەنوێ دیزاین بکرێتەوە. تەلارسازی ژینگەیی ئەو کارە دەکات
٦.چاودێری لۆگاریتمەکان: شێوازی ژیانی "هەموو شتێک هەموو کات ئۆنلاین" چی بۆ کارکردن بێ یان بۆ کاتی پشوودانەکان بێ وای کردووە لەجیهاندا ئەوانەی کۆمپانیاکانیایانەی کارەکانیان بە لۆگاریتم پەیڕەوی دەکەن باڵا دەستییان هەبێ بەسەر ئەوانی دیکەدا. وەکو ماڵپەڕەکانی کڕینی بلیتی فڕۆکە، گرتنی هۆتێلەکان، بە کرێگرتنی ئۆتۆمبیل ...هتد. بەڵام لەبەر توند کردنی یاساکانی داتا و زانیاریی لە ئەمەریکا و ئەوروپا، بۆ دڵنیابوون لە چۆنییەتی یپرۆگرامکردنەکان، دەبێ چاودێری لۆگاریتمەکان هەبێ
٧. لێکۆڵەری داتا (زانیاریی): ئێستە ئەم ناونیشانە زۆرترین داوای لە بازاڕی کاردا لەسەرە. لە پیشەسازیی ژیریی دەستکرد و لۆگاریتمەکان زۆر پێویستن. لە سێ مانگی یەکەمی ٢٠٢١ دا ٤٢٪ داوا لەسەر ئەم کارە زۆربووە. لەگەڵ ئەو زۆری داوایە، کەچی شارەزایانی کەمن. لێرەدا لێکۆڵەری داتا پڕکردنەوەی بۆشاییەکان دەکات و ناڕیکییەکانی داتای زۆر و گەورە دەدۆزێتەوە
٨. پێشبینیکەری کارەساتی دیجیتاڵ: لە ساڵی ٢٠٢٠ هێرشی ئەلکترۆنی زۆر کراون و داواکاری سەرانەی زۆریش کراوە. بۆ ئەوەی توانای پێشبینی کردنی ئەم جۆرە هێرشانە هەبێ پێشیوتمان بەم ناونیشانی کارە هەیە. لە چارەگی یەکەمی ٢٠٢١ دا، ٢٨٪ داوا لەسەر ئەم جۆرە کەسانە زۆر بووە
٩. تەلارسازی سروشت: قەتیسبوونی گەرمیی گرفتێکی گەورەیە، تەلارسازی سروشت لەگەڵ سروشت کار دەکات نەک لە دژی. لە گەورەترین پرۆژەکانی ئەندازەی شارستانیی سەدەی ٢١دا دەبێت. لە چارەگی یەکەمی ٢٠٢١ دا، ٣٧٪ داوا لەسەر ئەم جۆرە کەسانە زۆر بووە
١٠. بەڕێوەبەری تیمی مرۆڤ-رۆبۆت: زۆربوونی رۆبۆتەکان لە کارگەو شوێنەکانی دیکەی کاردا، ئەم بەڕێوەبەرە هەماهەنگێ نێوان مرۆڤ و رۆبۆتەکان ڕێکدەخات. تەکنیککارانی رۆبۆت لە چارەگی یەکەمی ٢٠٢١دا بە ڕێژەی ٥٠٪ داوا لەسەریان زۆر بووە
بە پاڵێکی توندی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، دەرکەوتنی ئەم کارانە خیراتر بووە. بە زانینی زۆرترین کارە داواکراوەکانی ئاییندە، دەتوانین هانی نەوەی ئێستە بدەین بەرەو ئەو خوێندنانە بڕۆن، تە لە ئاییندەدا کار و زیانیان مسۆگەر بێ.