توێژەران ٦ ئاستی بیرکردنەوەیان بۆ مرۆڤ دیاری کردووە. بیرکەرەوەی قەتیسبوو، بیرکەرەوەی ئاڵنگاریکار، بیرکەرەوەی، بیرکەرەوەی دەستپێک، بیرکەرەوەی کردەیی، بیرکەرەوەی پەرەسەندوو و بیرکەرەوەی کارا. بێگومان قەتیسبوو لە ژێرەوەی هەموویانە و کارا بە چەند هانگاوێک لە پێش ئەوانی دیکەوەیە
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنیا گیانی خەڵکی نەخستە مەترسییەوە، بەڵکو هێرشی کردە سەر سروشتی ڕاستیی و ناکۆکییەکانی نێوان کۆمەڵەکانی مرۆڤیشی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی، هێنایەوە سەرەوە. لەبەر بڵاوبوونەوەی بیردۆزەکانی پیلانگێڕیی و داپۆشینی ڕاستییەکان لەلایەن حوکوومەتانی وڵاتانەوە، ڤایرۆسەکە بووە بەڵگەیەکی زیندوو تا شارەزایی و فێربوونی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی خۆمان پێشبخەین. بەو جۆرە بیرکردنەوەیە دەتوانین لە سەدەی ٢١دا بمێنیەوە
بیردۆزی قۆناغ بۆ پێشخستنی بیرکردنەوەی تیژ لەلایەن هەردوو دەروونناس لیندا ئێڵدەر و ریچارد پۆڵ داڕێژراوە. دەکرێ بەو پێیە ڕێبازەکانی ئەقڵمان بە وردی پێوانە بکەین و بۆ بیرکردنەوەی کەسانی دیکەیش، نەخشەڕیگایەک بێت. ئەو دوو دەروونناسە پێیان وایە بۆ گەیشتن بە ئاستی برز لەو سێگۆشەیەی دایانڕشتووە، دەبێ کار بە مێشک بکەی، لە خۆیەوە کار ناکات، دەبێ ئەورکی بدەیەی، دەنا تواناکانی کاڵ دەبنەوە
بیرکەرەوەی قەتیسبوو: ئەمانە کەسانێکن، بیر لە بیرکردنەوە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانیان، ناکەنەوە. بەو پێیە، ئەوان بۆچوون دروست دەکەن و بڕیار لەسەر بنەمای پێشوەختە و تێڕوانینە هەڵەکان دەدەن، بەوەیش بیرکردنەوەیان باشتر نابێت. قەتیسبووەکان بەدەست نەبوونی کارامەییەوە دەناڵینن و ناتوانن بیرکردنەوەکانیان شی بکەنەوە. بە هەمان شیوە ستانداردەکانی وەک ووردبینی، پێوەندارییەتیی، کارایی و ژیروێژییان نییە. لە کۆمێنتەکانی سۆشیال میدیاوە ئەو جۆرە دەناسییەوە. ڕەنگە قۆناغیکی باشی خوێندنیشیان بڕیبێ. بەلما تەواو قەتیسبوون
بیرکەرەوەی ئاڵنگاریکار: ئەوانە ئاگەداری گرنگیی بیرکردنەوەیانن لەسەر هەبوونی خۆیان، دەزانن کەموکوڕی لەو بارەیەوە تووشی کێشەیان دەکات. بۆ چارەسەرکردنی گرفتێک دەبێ لەسەرەتادا دان بە گرفتەکەتدا بنێی. کەسانی ئەو ئاستە لەوە تێدەگەن کە بیرکردنەوەی باش و کوالیتی بەرز پێویستی بە بیرکردنەوە لە بیری خۆی، هەیە. دەکرێ دان بەوە دابنێن گرفت لە بیرکردنەوەیاندا هەیە، بەڵام ناتوانن دەستنیشانی بکەن. کەسانی لەو جۆرە، پێیان وایە لە ئاستی سەرەتاییدا دەبێ لە بیرکردنەوەیاندا گریمانەکان، ئەنجامەکان و بۆچوونەکان هەبێ. گرفتی ئەوانە ئەوەیە نازانن دەکرێ لەوە باشتر بیربکەنەوە، ئەوە وادەکات دەستنیشانکردنی گرفتەکانیان لە بیرکردنەوەدا، قورس بێت
بیرکەرەوەی دەستپێک: بایەخێکی زۆرتر بە ئەقڵیان دەدەن و لە بیرکردنەوەی خۆ ئاگەدار دەبن. دەشکرێ وریای بۆچوونەکانیان بن و بتوانن دەستنیشانی لایەنگیریی لە بیرکردنەوەی خۆیاندا، بکەن. ئەوانە لە مێشکی خۆیاندا پێوەری بەرزتر بۆ ڕوونیی بیرەکانیان، ژیروێژیی و ئاشکرایی دادەنێن. لەوە ئاگەداردەبن کە لووتبەرزییان بەشیکی زۆری بڕیارەکانیانە. جیاکەرەوەیەکی دیکەی ئەو کەسانە ئەوەیە ڕەخنە لە بیرکردنەوەی خۆیان دەگرن، مێشکیان کاری زۆری لەسەرە بەڵام ناتوانن چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە
بیرکەرەوەی کردەیی: ئەو کەسانە نەک تەنیا سەرنج لە کەموکوڕیەکانیان دەدەن، بەڵکو کارامەییان هەیە لەگەڵ ئەو جۆرە بیرکردنەوەیاندا مامەڵە بکەن. بە کردار باشتر بیردەکەنەوە و بەردەوام بیرکردنەوەیان شی دەکەنەوە. لەو کاتەی لەوانەیە بتوانن خاڵەکانی لاوازی و بەهێزی لە میشکیاندا دیاری بکەن، ڕەنگە نەتوانن بە ڕێکوپێکی بیرتیژیی لە هزریاندا بجووڵێنن. لەوانەیشە بکەونە داوی خۆپەرستیی خۆیان و فێڵ لە خۆ بکەن
بە ڕای زانایان هەموو کەس بێ وەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان بەرزتر، بە ئاسانی ناگاتە ئەم ئاستەی بیرکردنەوە. بیرکەرەوەی لەو جۆرە خووی بەهێزی دەبێت تا بە شیکردنەوەی بیرکردنەوەیان وبینینی ئایندەیان، لە بوارە جیاجیاکانی ژیان تێبگەن. دادپەروەرانە لایەنە خراپەکانی بۆچوونی خکەسانی دیکە دیاریدەکەن و لێی تێدەگەن. بە باشی کۆنترۆڵی لووت بەرزیی خۆیان دەکەن بەڵام لەوانەیە نەتوانن هەموو کاریگەرییەکانی سەر بیرکردنەوەیان دیاری بکەن
بیرکەرەوەی پەرەسەندوو: لە ڕەخنە لەخۆگرتن ئاسوودەیە و بەردەوام بە مەبەستی باشتربوون، دەیکات. جیاکەرەوەی ئەم جۆرە ئەوەیە بیرکردنەوەیان بۆ ئاییندەیە تا خووی هزری تازە پەیڕەو بکەن و دەستپاکییان لە بیرکردنەوەدا هەیە تا دژبەیەکەکان و نا تەریبیی لە ژیانیاندا بدۆزنەوە. لە هەمان کاتدا سۆز لە بیرکردنەوەیاندا هەیە، خۆیان دەخەنە شوێنی ئەوانی دی دادەنێ تا لەوان تێبگا و و ڕاستتەکان شارەزا بێ. بە هەمان شێوە بوێری لە بیرکردنەوەیاندا هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بیر و باوەڕانەی بە نەرێنی لێی دەڕوانن
بیرکەرەوەی کارا: ئەوەیان بە ڕاستی کارایە، بە تەواوی کۆنترۆڵئ بەسەر پرۆسەکردنی زانیارییەکان و بڕیارەکاندا هەیە. بەردەوام هەوڵی بەرزکردنەوەی تواناکانی بیرکردنەوەیان دەدەن، ئەزموون دوای ئەزموون تا دەگەنە تێگەیشتنی تەواو، بەردەوام بیرکردنەوەیان بەرزدەکەنەوە. تێگەیشتنێکی گەورە لە ئاستە ئەقڵییە قووڵەکاندا بەدەست دەهێنێت، بە توندی بە دادپەروەری و کۆنترۆڵکردنی لووتبەرزیی خۆیانەوە، پابەندن. بیرکەرەوەی ئاست بەرزی لەو جۆرە، زانیاری و تێگەیشتنێکی کردەیی باڵا پیشان دەدات، هەمیشە لە گریمانەکانیان دەکۆڵێتەوە تا لاوازی و لۆژیک و لایەنگیریی لە بیری خۆیدا، دەستنیشان بکات. بێگومان لە ڕەخنە قەڵس نابێ و بۆ وەڵامدانەوە، کات بە خۆی دەدات
سروشتی مێشکی مرۆڤ وایە ئەگەر لیی گەڕێی شتی ئاسان، خۆش و بۆ بەرژەوەندی خۆی خێرا وەردەگرێ. شتی قورس، ئاڵۆز، پێویستی بە بیرکردنەوە بێ و گرفتی کەسانی دیکە بێ، وەلادەنێ. بیرکەرەوەی کارا دەبێ بەسەر ئەوانەدا باز بدات، نابێ ئەوانە ببنە ڕێگر
سەرچاوە