ئایین و سیاسەت

لەگەڵ ئەوەی گۆڕانی کەشوهەوا ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، کەچی تا ئێستە کۆدەنگی لەسەر چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی نییە. ئایینەکان لەو گرفتەدا ناتوانن بە هانامانەوە بێن. جیاوازی نێوان سەرمایەداری و سۆشیالیستیش لەگەڵ جیاوازی ئایینەکاندا بەرابەر نین. لە ئیسرائیل و ئێران رابی و ئایەتوڵلا دەست لە سیاسەتی ئابووری وڵات وەردەدەن، تەنانەت لە ئەمەریکا و بەرازیلیش سەرکردەی ئایینەکان کاریگەریان لەسەر ڕای گشتی سەبارە بە مژارەکانی باج  تا دەگاتە ڕێساکانی ژینگە، هەیە.


ئەگەر ئەیەتوڵلا بۆ ئابووری ئێران بڕیارێکی چارەنووسساز بدات، ناچێ لە ناو پەڕەکانی قورئان لە وەڵام و کێشەکان بگەڕێ، چونکە عەرەبەکانی سەدەی حەوت هیچیان لە ئابووری و پیشەسازی سەردەمی ئێستە نەدەزانی، وەڵامەکان لە خاوەن بیردۆز و بۆچوونە نوێیەکان دەبێ هەڵێنجێ. ئینجا بۆ بەرزکردنەوەی باج، فرۆشتنی کۆمپانیای گشتی بۆ کەرتی تایبەت و واژۆی گرێبەستێکی نێودەوڵەتی کاری خامەنەیی ئەوەدەبێت وەڵامە زانستییەکە بە ئایەتێکی قورئان بپێچی و وەک ویستی خوا نیشانی خەڵکی خۆی بدات. ئەگەر بەراوردی ئەو بارەی ئێرانی شیعە لەگەڵ سعودیەی سوننە، ئیسرائیلی جولەکە، ئەمەریکای کریستیان و هیندستانی بودادا بکەی، هیچ جیاوازیەک نییە، هەموویان وەک یەک دەکەن.


لە هەردوو سەدەی نۆزدە و بیستدا، بیرمەندانی ئیسلام، کریستیان، هیندۆس و جولەکە ڕەخنەیان لە ڕەوتی مەتریالیزمی تازە، سەرمایەداری بێ ڕۆح و وڵاتی بیرۆکرات دەگرت. بەڵێنیان وابوو ئەگەر دەرفەتیان بدرێتێ هەموو کێشەکانی نوێگەرایی چارەسەر دەکەن و سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری جیاواز لەسەر بنەمای بەها ڕۆحیەکانی بیروباوەڕی خۆیان، دادەمەزرێنن. خۆ هەندێ دەرفەتیان هەبووە، تاکە گۆڕان لەو هەموو شکۆیانەی ئابووری کردوویانە دووبارە بۆیەکردنەوە و دانانی نیوەمانگێک، خاچێک، ئەستێرەی داود و ئۆم، هیچی دیکە نەبووە. ئەوە ناڵێین دەقە پیرۆزەکان هیچیان سەبارەت بە ئابووری و کۆمەڵگە تێدا نییە، بەڵکو دەڵێین ئەوەی تێیدایە بۆ ئێستە گونجاو نییە.

مهاتما گاندی بەخوێندنەوەی ڤیدا ڕوانگای سەربەخۆبوونی لا گەنگەشە بوو، پڕکاریگەرترین وێنەی گاندی ئەوەیە بە دەستی خۆی چەرخی لۆکە بۆ دروستکردنی قوماش، دەسووڕێنێ. ئەو سووڕاندنە سادە و بێ فیزەی گاندی بووە سونبولی بزووتنەوەی نەتەوەیی هیندستان. ئەو دیدە سروشت دۆستەی گاندی لە ئاوازێکی جیا لە ئاوازی ئابووری جیهانی هاوچەرخ دەژەنێ، بۆیە جگە لە دراوەکانی هیندستان لە هیچ شوێنێکی دیکە ئەو وێنەیەی گاندی کاری نەماوە.


ئەوە بیردۆزەکانی ئابووریی هاوچەرخە لە بیروڕا ئایینە باییەکان باشتر لە ئابووری دەڕوانێ، تەنانەت هەندێ ناتەبایی ئایینەکانیش لە ڕوانگەی ئابووریەوە شیدەکاتەوە، بەڵام هەرگیز کەس بیر لە کردارێکی پێچەوانە ناکاتەوە. بۆ نموونە، هەندێک دەڵێن ناتەباییەکانی ئیرلەندا لە نێوان کاسۆلیک و پرۆتستانت لە جیاوازی چینایەتیی سەریهەڵداوە. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە بەهۆی چەندین ڕووداوی جیاجیای مێژوویی، چینەکانی سەرەوەی کۆمەڵگەی ئیرلەندای باکوور زۆرترینیان پرۆتستانت بوون و چینەکانی ژێرەوەیش زۆرترینی کاسۆلیک، ئینجا وادیارە ململانێی دوو مەزهەبی جیای کریستیانە، بەڵام ڕاستییەکەی ململانێی نێوان دەوڵەمەند و هەژار بووە. بە پێچەوانەی ئەویشەوە، خەڵکێکی کەم لە ساڵانی ٧٠ی سەدەی ڕابردوو، لە ململانێی نێوان کۆمەڵە شیوعیەکان و دەرەبەگەکانی ئەمەریکای باشووریان وەک چەترێک بۆ داپۆشینی جیاوازیەکی قووڵتری ململانێی نێوان دوو مەزهەبی کریستیان، دەڕوانی.


باشە ئایین چی لەبارەی پرسیارە پڕ کێشەکانی تەنگژەکانی سەدەی ٢١ دەخاتە سەر چی؟ کاتێک ژیری دەستکرد بڕیاری مان و نەمانی یەکێک بدات، لە جیاتی خۆت بڕیاری شوێنی کارکردنت بدات، یان هاوسەرت بۆ بدۆزێتەوە ئایین چی دەڵێ؟ ئیسلام لەو بارەیەوە دەبێ چی ئامادە بکات؟ ئەی جولەکە؟ ئەوەی لێرەدا بە ڕوونی دیارە جیاوازی لە نێوان موسوڵمان و جولەکەدا لەو بابەتەدا نییە. مرۆڤایەتی بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبێت، ئەوانەی پێیان باشە دەسەڵات بدرێتە ژیری دەستکرد و ئەوانەی لە دژین. بێگومان موسوڵمانیش و جولەکەیش لە هەردوو بەرەدا دەبن، هەریەکەیشیان بە هێنانەوەی بەشێک لە دەقێکی پیرۆز پاساو بۆخۆی دەهێنێتەوە. دیسانەوە گومان هەڵناگرێ هەندێ گروپی ئایینی ڕوانگایان بۆ هەندێ باسوخواس توندتر دەکەن و دەیکەنە بیروڕای پیرۆز و ڕەها.

لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، هەندێ قەشەی ئەمەریکای لاتین جۆرێکی دیکەی زانستی ئایینناسی (لاهوت) یان داهێنا، بەوپێیە مەسیح وەکو چی گیڤارا دەردەکەوت. بەهەمان شێوە، دەکرێ بۆ کێشەی گەرمبوونی کەشوهەوا مەسیح هەر بەکاربێتەوە و لە بۆچوونە سیاسییەکانی وڵاتان وەکو چەمکێکی بنەڕەتی ئایینی ڕەها، تەماشا بکرێ. هەندێ لە قەشە ئینجیلییەکانی ئەمەریکا ئێستە لەسەر بنەمای ئایین دژایەتی دانانی یاسا و ڕێسای ژینگەدۆست دەکەن. لەهەمان کاتدا پاپای ڤاتیکان بەناوی مەسیحەوە لە مژاری ژینگە دەدوێ. تا ساڵی ٢٠٧٠، ئینجیلی بی یان کاسۆلیک هەموو گۆڕانکارییەکان هەر ڕوودەدەن، ئینجیلیەکان ناڕازی بن یان کاسۆلیک باوەڕیان وابێ مەسیح فەرموویەتی ژینگەپارێز بن، هیچ لە هیچ ناگۆڕێ.


لەوانەیە ئەو کاتیش ئینجیلیەکان ئۆتۆمبیلی گەورە و بەنزینسووتێنی زۆر بەکاربهێنن، کاسۆلیکەکانیش بە ئۆتۆمبیلی بچوکی کارەبایی لەسەری نووسرابێ "هەسارەکەت بسووتێنە و لە دۆزەخدا بسووتێ"، بێن وبڕۆن. هەریەکەیان دەقێک بۆ بەرگری لە خۆی دێنێتەوە، بەڵام جیاوازی نێوانیان هەر لە بیردۆزەکانی زانست و بزووتنەوەکانی سیاسەتەوەیە، نەک لە ئەنجیل. لەم ڕوانگەیەوە، ئایین ڕۆڵێکی هێندە گەورەی لە گفتوگۆ مەزنەکانی سیاسەتدا نەماوە، وەک مارکس دەڵێ "تەنیا توێکڵە''. ".