ئاسۆی پێشکەوتنی زانست گەلێک فراوان و فرەئەگەرە. تواناکانی جەستەی مرۆڤ سنووردارن. توانای مێشکیش هەر سنووردارە. لە سەدەی بیست و یەکدا مرۆڤ هەوڵی پڕ تواناکردنی خۆی دەدات. دەیەوێ بەسەر بەربەستە جەستەییەکانیدا زاڵ بێت. ئەوەتا چیپی ئەلکترۆنی لە سەردا دەچێنێ تا توانای هەڵگرتنی زانیارییەکان و خێرا وەرگرتنەوەیانی بۆ ئاسان بکات. یان ئەندازەی بۆ ماوەیی پێشدەخات تا نەوەی ئاییندەمان بە باشترین شێوە دیزاین بکەین
زانستەکان گەلێک فراوان و هەمەچەشنەن، ئەو هەموو لق و پۆپانەی زانست لەیەک شوێن کۆ نەبوونەتەوە. بۆ نموونە، سەدان تاقیگە و سەنتەری تەندروستیی لە جیهاندا هەن. مەرج نییە هەموویان لەگەڵ یەکدا هەماهەنگ بن، هەمووشیان پێکەوە لەسەر یەک پرۆژە یان یەک گرفت، کار ناکەن. هەر لە ناو ئەو تاقیگەیانەدا هەزاران پسپۆر کاردەکەن، هەریەکەیان کارێکی هەیە و پسوپۆرییەتی لەوانی دیکەی هەمان تاقیگەکەی خۆی جیاوازە
یان، توێژینەوەکانی ئەندازەی بۆ ماوەیی زۆر لەوانەی بەکتیریا و ڤایرۆس جیاوازن. هەرگیز لەیەک شوێندا نین مەگەر سەنتەرەکە یەکجار گەورە بێ، تا بتوانێ زۆر لقی زانستەکانی زیندەوەرزانیی بگرێتەوە، دەنا مەحاڵە لە هیچ شوێنێکی جهیاندا شتی وا هەبێت. بەهەمان شێوە، ئەوانەی لەسەر نیمچەگەیەنەرەکان لە دۆلی سیلیکۆنی کالیفۆرنیا کار دەکەن، ئاگایان لە (چێننای) پایتەختی بەرنامەسازیی لە هینسدتان نییە
لە توێژینەوەکانی بەرهەمهێنانی سوپەر مرۆڤ، زانایان تا ئێستا دەڵێن جارێ گەلێک لەو ئامانجەمان دوورین. چونکە ئەندازەی بۆماوەیی زۆری ماوە بمانگەیەنێتە توانای تەواو. بەهەمان شێوە، ژیریی دەستکرد، توێژینەوەکان بەردەوامن، بەڵام ڕێگاکە زۆر دوور و درێژە. تۆ بڵێی پەنجا ساڵی دیکەی بوێ؟
لە هەوڵمان بۆ درێژکردنی تەمەنی مرۆڤ تا دەگاتە ١٥٠ ساڵ، گرفتی زۆرمان دێتە ڕێ. ئەگەر مرۆڤ ١٥٠ ساڵ بژی، کەواتە تەمەنی خانەنشینیی لەوانەیە دەبێتە ١٠٠ ساڵ. کۆمپانیاکانی بیمەی تەندروستی و ژیان دڵیان دەتۆقێ ١٠٠ ساڵ بیمەی خەڵک دابین بکەن. وڵاتانی جیهان ئەوەندەیان پارە نییە خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەو ماوە درێژە دابین بکەن. هەموو بازاڕی کار گۆڕانکاری گەورە بە خۆوە دەبینێ
ترسی ئەو گۆڕانکاریانە نیشانمان دەدات چەندە خێرا بەرەو ئاییندەمان هەنگاو دەنێین، هەندێ خەڵک لەوانەیە بیەوێ ڕەوڕەوەی زانست کەمێک هێواش بکەینەوە، بەڵام لەبەر چەند هۆیەک ناتوانین
یەکەم: کەس نازانێ دەبێ چۆن هێواش بکرێتەوە. چونکە وەک لەسەرەوە باسمان کرد شوێنێک نییە هەموو زانستەکانی تێدا بێ و یەک سەنتەر کۆنترۆڵی هەموو توێژینەوەکان بکات. هەر زانایەک/توێژەرێک تەنیا لەیەک بواردا کار دەکات، کەس نییە هەموو شتێک بزانێ. بۆیە کەس نییە هەموو خاڵەکان بەیەک بگەیەنێ و هەموو وێنەکە پێکەوە ببینێ. لقەکانیش کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەیە
دووەم: ئەگەر بە هەر شێوەیەک توانیمان ڕەوڕەوەی پێشکەوتنی زانست خاو بکەینەوە، ئەوا ئابووری و کۆمەڵگەکانمان، دادەڕمێ. ئابووری دەبێ هەر نەبێ بە ڕێژەیەکی جێگیر گەشە بکا، بە پێچەوانەوە ئابووری بە هاوسەنگی نامێنێ و پارچە پارچە دەبێ، ئینجا کارەساتی گەورەی بێ کاریی و برسییەتیی لێوە پەیدا دەبێ. لەبەر ئەوەیە سەرمایەداریی داوای گەشەی ئابووری زۆرتر دەکا و هانمان دەدا نەمریی و کامەرانیی بەدەست بێنین
ئەگەر قاچێكی دەستکردمان بۆ شەلێک دروست کرد، هەمان تەکنۆلۆجیا بۆ باش کردنی یەکێکی ساغیش بەکاردێ. ئەگەر توانیمان تیژبیریی بە تەمەنێک بدەینەوە، دەشتوانین هەمان تەکنۆلۆجیا بۆ یەکێکی گەنج بەکاربێنین و بیری تیژتر بکەین. هێڵێکی دیاری جیاکەرەوە لە نێوان چارەسەری گرفتەکان/نەخۆشییەکان و باشتر کردنی تواناکانی مرۆڤدا، نییە. هەردەم دەمانەوێ سەروو ئاسایی بین. کاتێک فایزەر ڤیاگرای بۆ کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێن دروست کرد، بەلایانەوە سەیر بوو دیتیان دەکرێ بۆ چارەسەری لاوازیی توانای سێکسی پیاوانیش بەکاربێت. ئەوانەی لاوازیش نەبوون بەکاری دێنن تا سەروو ئاسایی بن
سەرەتای پزیشکیی جوانکاریی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا بوو. دکتۆر هاڕۆڵد گیلیز چارەسەری سەربازە دەموچاو شێواوەکانی پاش جەنگی دەکرد. دوای جەنگ هەمان کاری بۆ جوانکردن دەست پێکرد، لووتە ناشیرین و قەبەکانی بچووک دەکردەوە. جوانکاریی، سەدان کەسی شێواوی چاک کردەوە. ئینجا بە ملیۆن خەڵکی دیکەیش بۆ جوانکردن سوودی لێ بینی. سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور ناوەندی جیهانە بۆ جوانکاریی. چینییەکان لەوێ دەم و چاویان ڕێک دەخەنەوە، بە شیوەیەک دەگۆڕێن و هێندە گۆڕانکاری لە شێوەیاندا کراوە، لە هاتنەوەیان بۆ چین لە فڕۆکەخانەکان تووشی گرفت دەبن
هەمان شت لە ئەندازەی بۆماوەیی چاوڕوان دەکرێ. وەچەخستنەوە بە شێوەی ئێستە خۆ و بەختە، ئەگەر هەیە نەخۆشیی زۆر بۆ وەچە بڕوا، ئەگەر توانیت ئەو نەخۆشییانە بزانی، پێت وایە ڕازی دەبی منداڵەکەت بە نەخۆشیی لە دایک ببێ؟؟ ئەی ئەگەر دکتۆر پێت بڵی بە ئەندازای بۆماوەیی ئەو نەخۆشیانەی لێ لادەبەین؟ ئەو کاتە دەڵێێ چی؟؟ لێدەگەڕێێ منداڵەکەت بە نەخۆشیی بۆ ماوەییەوە لەدایک بێ؟ یان، داوا لە دکتۆر دەکەی لایانبات؟ ئەوانەن ئاسۆی زانست