ئەوەی بە ئینگلیزی بۆ ئێچ ئێڵ ئەی کورت کراوەتەوە سێ وشەیە. بەو کۆمەڵە جینانە دەگووترێ، کە یارمەتی سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤ دەدەن پرۆتینەکانی لەشی خۆی لەوانەی ڤایرۆس و بەکتیریاکان دروستیان دەکەن، جیا بکاتەوە. ئەوە میکانیزمی ناسینی هەموو تەنە نامۆکانن، بەو شێوەیە لەشی مرۆڤ دەتوانێ بزانێ تەنێکی نامۆ، جا ڤایرۆس بێ یان بەکتیریا، هاتۆتە ناو لەش و دەبێ بەرگری بکات
جینەکانی ئێچ ئێڵ ئەی فرەجۆرترین جینەکانی بۆ ماوەیی مرۆڤە و زۆرترین باس و وەسف کراوە. چەندین پێوەندیی لە نێوان تاکە جینەکانیدا تێدایە. هەموویان بە کۆمەڵ ئەو زانیارییانەیان تێدا هەڵگیراوە پرۆتینی دیواری خانەکانی لەشی مرۆڤی پێ دروست دەبێ. دیواری خانەکان کارێکی زۆر گرنگییان لە کاراکردنی سیستەمی بەرگریدا هەیە
مرۆڤ لەو بوونەوەرانەیە جینەکانی دوو شێوە وەردەگرن، هەر شێوەیەک پێی دەڵێن (ئەلێلێ). مەبەست لە دوو شێوە ئەوەیە هەر جینێک لە مرۆڤدا بە دوو شێواز دەردەکەوێ، هەر شێوازێک لە باوانێکیەوە وەردەگرێ. چۆنییەتی ڕێکخستنی ئەلێلێکانی یەک جین، هەموو کارەکانی ئەو جینە دیاریدەکات. بۆ نموونە، نزیکەی هەموو جۆری خوێنی مرۆڤ سێ جۆرە، ئەو جینەی سیفاتەکانی ئەو خوێنە دیاریدەکات، شەش ئەلێلێی هەیە. ڕیککەوتنی ئەو ئەلێلێیانە لە یەک شوێن لەسەر دی ئن ئەی، جۆری خوێن دەکاتە ئەی، بی، ئەی بی، یان ئۆ
لە ناو کۆمەڵگەکاندا، جینەکانی هەمان جۆری ئێچ ئێڵ ئەی چەندان جۆریان هەیە و لە ڕووی جوگرافیاوە زۆر بەیەکەوە بەستراونەتەوە. دووبارەبوونەوەی ئێچ ئێڵ ئەی مێژووی جینەکان، پێکهاتەی کۆمەڵگەکان و کۆچی مرۆڤی کۆن، دەردەخات. لەگەڵ ئەوەیشدا، هەندێ کۆمەڵە ئەلێلێی پێکەوەگرێدراوی دیاریکراوی تەنیشت یەک لە ناو شوێنی هەر جینێک لە ئێچ ئێڵ ئەی هەن، دووبارەبوونەوە لە ناو کۆمەڵە مرۆڤەکاندا نیشان دەدات. وا دەکات لە ناو یەک کۆمەڵ جیا بکرێنەوە و لە چاو خەڵکی دیکەی جیهانیش، جیا بن
گروپی ئێچ ئێڵ ئەی تایبەتمەندیی کۆمەڵەکان هەڵدەگرێ، بۆیە بۆ توێژینەوە سەبارەت بە کۆمەڵە جیاوازەکان، وەکو کوردەکانی باشوور، نموونەییە. تایبەتمەندییەکی دیکەی گروپی ئێچ ئێڵ ئەی ئەوەیە پێوەندییان بە نەخۆشییەکانەوە هەیە و کاردانەوەی لەش لەگەڵ دەرمانەکان بە پێی ئەلێلێی سەر جینەکان، دیاریدەکات. هەندێ شێوازی ڕیزبوونی ئەلێلێ هەیە کاردانەوەی ١٦ جۆر نەخۆشیی بۆ دەرمانەکان دیاریدەکات. بۆیە دەکرێ دەرمان بەپێی ئەلێلێی هەر کۆمەڵە مرۆڤێک، دروست بکرێ. ئەوکاتە ئەو دەرمانەی بە پێی ئەلێلێی گروپەکە دروستکراوە، کاراتر و باشتر دەبێ. بە هەمان شێوە، گواستنەوەی ئەندامی لەش لە کەسێک هەڵگری هەمان جۆری ئێچ ئێڵ ئەی بێ، گرفتی بەرگرییکردنی لەش بۆ ئەندامی نوێ، کەمترە
لە توێژینەوەیەکی زانکۆی نیشتمانی چێنگ کونگ لە تایوان بۆ لێکۆڵینەوە لە یەکنزیکیی ئێچ ئێڵ ئەی کوردەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات و گورجستان و دواتریش بۆ بەکارهێنانی تەندروستیی (دروستکردنی دەرمان بە پێی ئێچ ئێڵ ئەی) دەڵێ ئەو کوردانە هەموویان لەیەک نزیکن و جینەکانیان بۆ حەوزی جینی کۆمەڵە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی قەوقاز دەگەڕێتەوە. پێشتر بەوە ئاشنا بووبووین، کە ئەوانەی خۆیان بە کورد دەزانن بەر نزیکەی٢٠ هەزار ساڵ لە ناوچەی قەوقازەوە بەرەو بەرزاییەکانی زاگرۆس کشاون. چونکە، بەر لە ١٢ هەزار ساڵ لە بەرزاییەکان و دەشتەکانی دامێنی زاگرۆس هەبوون و کشتوکاڵیان دەستپێکردووە
هەردوو پشکنینەکانی ئێچ ئێڵ ئەی و ئەوانەی لەسەر کرۆمۆسۆمی وای بۆ کوردەکان کراوە، دەگەنە هەمان ئەنجامی ئەوەی سەرچاوەی هاتنی خێڵە سەرەکییەکانی دواتر نەتەوەی کوردی لێوە پەیدابووە، بۆ قەوقاز دەگەڕێتەوە. توێژینەوەکەی تایوانییەکان ٢٩٩ نموونەی خوێنی کوردەکانیان وەرگرتووە. ٢٠٩ لە هەولێر و دهۆک، ٦٠ لە ڕۆژهەڵات و ٣٠ نموونە لە کوردەکانی گورجستان
لە وردبوونەوە لە ئەنجامەکاندا و بەپێی ئەو شێوەی ژمارە ٢ لە لاپەڕە ٦ی ڕاپۆرتەکەیاندا، دەردەکەوێ ئەوەندەی ئەو توێژینەوەیە کراوە (تەنیا بۆ ئێچ ئێڵ ئەی) خزمایەتیی یان باشتر وایە بڵێێن نزیکیی (هەڵبەت لە ئاستی جینەکان) نێوان کورد و ئەرمەنەکان و فەلەستینییەکان، نیشان دەدات. هەر لە هەمان پشکنینی ئێچ ئێڵ ئەی دا، کوردەکان نزیک لە تورک دەردەکەون. لە لاپەڕە ٨دا هاتووە کورد و تورک (هەڵگری جینی خەڵکی ئەناتۆلیای کۆن) بە دوو زمانی سەر بە دوو خێزانی جیای زمان دەدوێن، کەچی جینەکانیان لەیەک نزیکە و هەردووکیان جینی گەلانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستییان هەیە
پێشتر، دوو توێژینەوەی جین (کۆچەکۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیاوازییاکانی کرۆمۆسۆمی وای و مایتۆکۆندریا لە کوردەکاندا) دەڵێن کورد و تورک جینی هاوبەشیان هەیە. بەڵام بۆ لێکدانەوەی ئەو نزیکییە لە لاپەڕە ٨دا دەڵێ: "نزیکیی کورد و تورک لە ئاستی جیندا نیشانمان دەدات زمان و جین، کارلێک ناکەن. دەکرێ کەمینەیەکی باڵادەست زمان بەسەر زۆرینەدا بسەپێنن، ئەوە تەواو بۆ تورک ڕاستە. بەر لە مێژوو، خەڵک لە ئەناتۆلیا هەبووە و ژیاوە. بەڵام تورکەکان لە ناوەڕاستی ئاسیاوە هاتوون و زمانی خۆیان سەپاندووە". کوردەکان بەر لە ٦ هەزار ساڵ پێش زایین لە شاخەکاندا ژیاون، هورییەکان بە زمانی قەوقازی دەدوان (هیندۆ-ئەوروپی نەبوو) و دەکرێ ئەوان باپیرە گەورەی کوردەکان بووبن (بڕوانە هەردوو سەرچاوە ئیچ ئێڵ ئەی و ئەلێلێی تورک، خزمایەتیی جینیەکانی خەڵکی کۆن و دەریای سپی ناوەڕاست)
سەرچاوە (توێژینەوەی زانکۆکەی تایوان)
https://journals.plos.org/plosone/article/file?id=10.1371/journal.pone.0169929&type=printable
لە دوایین پەرەگرافی سەرەوە تێدەگەین مەرج نییە هەموو ئەوانەی ئیستە لەسەر خاکی تورکیا دەژین و خۆیان بە تورک دەژمێرن، لە ڕەچەڵەکدا تورک بن. کەمینەی باڵادەستی کۆچبەرە تورکزمانەکانی بەرزاییەکانی ئاڵتای، دوای ئەوەی گەیشتنە ئەناتۆلیا و دەسەڵاتییان گرتووەتە دەست، زمانی خۆیان زاڵ کردووە و ئەوانەی لە ناوەڕاستی ئەناتۆلیادا بوون، لەناویاندا تواونەتەوە و جیاوازییان لەگەڵ تورک ڕەچەڵەکدا نەماوە. بەڵام ئەو جیاوازییە لە جینەکاندا هەر ماوە و ئەوانە لەگەڵ یەکەمین کۆچەکانی ناوچەی قەوقازەوە لە ئەناتۆلیا نیشتەجێ بوون و ماونەتەوە.