ستالین عەلمانی بوو؟

لە نووسینێکی پێشووتردا، باسمان لە عەلمانیبوون و واتاکانی کرد. ئەوەمان ڕوون کردەوە، عەلمانیەت و عەلمانیبوون زۆر دوورە لەو واتایانەی پیاوانی ئایین بۆی دەهۆننەوە. ئەوان دژایەتیی عەلمانیەت بە تێکدان و شێواندنی واتاکانی و ئینجا بە نەڕەنەڕ فرۆشتنەوەی بە خەڵکی سادە و ساکار، ئەو وێنەیەیان بۆ دروست کردووە، کە زۆر لە خەڵکی ئێمە تێی دەڕوانن. لەبەرئەوە بنەماکانی ڕەخنەگرتن لە عەلمانیەت پڕوپووچن و لەسەر درۆودەلەسە، هەڵبەستن، تێنەگەیشتن و کوێرانە بەدواکەوتن، هەڵچنراون

 

ڕاستییەکەی بەها هەرە بەرزەکانی عەلمانیەت تەواو پێچەوانەی ئەو شیکردنەوە و لێکدانەوانەیە پیاوانی ئایین بۆی دەکەن. نەک هەر ئەوە بەها ئەخلاقییەکانی هێندە بەرزن هەموو کۆمەڵگەیەک پێی نەگەیشتووە. کۆمەڵگە گەورەکانیش ناتوانن هەردەم بەدوای ڕاستیی و بەزەییدا ڕاکەن، بە تایبەتیش لەو کاتانەی بارودۆخ نائاساییە. وەکو کاتەکانی جەنگ و باری ئابووری دژوار، تەنانەت ئەگەر نەشزانن ڕاستییەکان چین و دەبێ بەزەییان بە چیدا بێتەوە، کۆمەڵگە دەبێ خێرا و بە زەبر کاردانەوەی هەبێ. دەبێ ڕێنوێنی ڕوون و ئاشکرا، دروشمی پڕ باق و بریق و فرمێسکی بەهرەداران ببینن (مەبەست لەوانەیە بۆ جەنگ بەرپاکردن دەبێ بگرین - ئەوانەی دەتوانن ئەو جۆرە درۆیانە بکەن، بەهرەدارن. نموونە تۆنی بلێر لە کاتی جەنگی ئازادی عێراق). چونکە زۆر قورسە بێ ئەو جۆرە درۆیانە و لەسەر بنەمای خەمڵاندنی گوماناوی و ڕای تاکە کەس، سەربازانیان بۆ بەرەکانی جەنگ بنێرن و چاکسازیی ڕیشەیی لە ئابووریدا بکەن. بۆیە عەلمانیەکان بۆ بیروباوەڕە چەسپاوەکانیان دەگەڕێنەوە

 

بۆ نموونە، مارکس هەرزوو گوتی ئایین هۆشبەری کۆمەڵگەیە. لەبەرئەوە داوای لە هاوەڵەکانی کرد خۆیان بەدوای ڕاستیی سیستەمی بەڕێوەبردنی جیهاندا بگەڕێن. سی چل ساڵ دوای ئەوە، فشارەکانی جەنگ و شۆڕش مارکسیزمی گۆڕی بۆیە تا کاتی هاتنی ستالین بۆ دەسەڵاتی سۆڤیەت، هێڵی فەرمی حزبی شیوعی ئەوە بوو تێگەیشتنی سیستەمی جیهانی بۆ خەڵکی ئاسایی زۆر قورس و دژوارە. کەواتە باشترە متمانەی تەواو بدەیە حیکمەتی حزب و هەرچییەکت پێ گوترا دەبێ بیکەی. تەنانەت ئەگەر ڕاگواستن و پاکتاوکردنی چەند ملیۆن کەسێکیش بێ! لەوانەیە کارێکی باش نەبێ بەڵام دەمڕاستەکانی حزب هەردەم لێکدانەوەیەکیان بۆ ئەو کارانە دروست کردووە، خۆ شۆڕش سەیران نییە، ئەگەر بتەوێ ئۆملێتی هێلکە بە تەماتە بخۆی، هەردەبێ چەند هێلکەیەکیش بشکێنی. ئەوە بۆچوونی سەرانی مۆسکۆ بوو، چەندین سەرۆکی دیکە لەجیهاندا بە دوای ئەو خەیاڵ پڵاوانە کەوتن و هەریەکەیان بووە دکتاتۆرێک

 

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر باسەکەمان و لە عەلمانیبوونی ستالین بپێچینەوە، ئەوا دەبێ پێناسەی عەلمانیەت دیار بێ چییە. ئەگەر خۆ ڕادەستی پیاوانی ئایین بکەین و لێکدانەوەی نەرێنی بکەین و بڵێێن عەلمانی بێ دین و خوانەناسە، کەواتە ستالین هەرە عەلمانی بووە، بەڵام خۆ هەر چی بووبێ عەلمانی هەر نەبووە. ستالین پەیامبەری ئایینێکی بیروباوەڕ توند، ناوی ستالینیزم بووە. ئەی ئەگەر لێکدانەوەی ئەرێنی بکەین و بڵێین عەلمانی ئەو کەسەیە بیروڕای نا زانستیی ناسەلمێنێ و پابەندی ڕاستیی، بەزەیی و ئازادی  دەبێت، کەواتە مارکس ئەستێرەگەشەی عەلمانیەتە

 

ستالینیزم تاکە نموونەی جیهانی ئێمە نییە. خۆ لە لایەکەی دیکەی جیهان سەرمایەداریی هەمان قەوانی لێداوەتەوە، بەڵام بە ئاوازێکی جیا بووە. سەرمایەداریی وەک بیردۆزێکی زانستیی مێشک کراوە دەرکەوت، بەڵام دواتر بووە بیروباوەڕ. زۆر سەرمایەدار بێ سەرنجدان لە واقیعی ژیانی ڕۆژانە، نوشتەی بازاڕی ئازاد و گەشەی ئابووری دەکرد. زۆر گرنگ نەبوو لێکەوتەکانی نوێبوونەوە، پیشەسازییکردن و فرۆشتنی موڵک و ماڵی دەوڵەت بۆ کەرتی تایبەت چین. سەرمایەداران لێکەوتەکانیان وەک نرخی گەشەی ئابووری دەدیت، دەیانگوت تۆزێکی دیکەی گەشەی ئابووری، بەهار دێنێتە چۆکان

 

لە نێوان هەردوولادا، لیبرال دیموکراتەکان زۆرترین پابەندییان بۆ عەلمانیەت هەبووە، بەڵام ئەوانیش هەندێ جار پشتیان تێ کردووە. کاتێک ڕووبەڕووی دیکتاتۆر و خوێنمژەکان دەبوونەوە، هانایان بۆ هەڵبژاردن دەبرد. چەند ملیارێکیان لە جەنگەکانی عێراق، ئەفگانستان و کۆنگۆ خەرج کرد، پێیان وابوو دوای هەڵبژاردن ئەو وڵاتانە بە چەقەنەیەک وێنە لەبەر سویدی دیموکرات، دەگرنەوە. وەکو ئایینەکان، هەندێ بیروباوەڕی عەلمانیەت خزمەتی بە مرۆڤ گەیاندووە.  مافەکانی مرۆڤ لەو خزمەتانەی عەلمانیەتن. چەندین ملیۆنی لە پاکتاوکردن و ڕاگواستن ڕزگارکرد، کەمینەکانی پاراست، بە گژ هەژاریی و توندوتیژیدا چووەوە. ئەوانە زۆرترین خزمەتیان لە مێژوودا لەچاو هەموو بیروباوەڕێکی دیکە، بە مرۆڤ گەیاندووە

 

نابێ عەلمانیەت لەگەڵ تێڕوانینی ستالینیست، ترش و تاڵی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا و ڕەوڕەوەی پیشەسازیدا، لەتای تەرازوویەکدا دابنرێن.  بەڵام ناشتوانێ شانی نەداتە بەر و هەمووی بۆ ئەوان بە جێبهێڵێ. عەلمانیەت و دەزگە زانستییەکان چەندین ساڵە بەڵێنی خۆشگوزەرانیی بە چەند ملیار کەسێک دەدەن. ئەگەرچی ئەو بەڵێنانە تاعون و برسییەتی لە ناوبرد، بەڵام گولاگ و توانەوەی بەستەڵەکەکانیشی لەگەڵ بوو. ئەو جۆرە گرفتانە وەک ئەنجام دوای هەموو بزووتنەوەکان و سیستەمە نوێیەکان، دەردەکەون

 

نە ئایینی مەسیح، نە جوولەکە و نە ئیسلامیش دەتوانن شانی خۆیان لەو هەموو تاوانانە بتەکێنن لە ژێر چەتری ئەوان و لەلایەن باوەڕدارانیانەوە، سەدان ساڵە کراون و دەکرێن. بەهەمان شێوە، سەرمایەداریی، فاشیزم، نازیزم و سۆشیالیزم ناتوانن شانیان لە تاوانەکانی خۆیان بتەکێنن و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچن. هەموو بیروباوەڕ و سیستەمەکان سێبەرێکی خۆیان هەیە، لەو سێبەرەدا هەرچی خراپەکاریی و بەد ڕەفتاری کراوە، بۆیان نووسراوە. ئەوەی عەلمانیەت بەسەر هەموویانەوە هەیەتی ئەوەیە عەلمانیەت لەو سێبەرەی خۆی ناترسێ، بەڵکو هەر لە بنەڕەتەوە دەیەوێ هەڵەکانی دەستنیشان بکرێن و دانیان پێدانێ

 

ئەوە خۆی، وا لە بزووتنەوەکانی عەلمانیەت دەکا کەمترین بەڵین بدەن و لە نا کامڵ بوونی سیستەمەکەیان بە ئاگا بن. دەیانەوێ هەرجارە و هەڵەیەکی بچووک چاک بکرێتەوە، کەمێک بخرێتە سەر مووچە، ڕێژەی مردنی منداڵان لە دووخانە دوای وێرگوڵ (فاریزە) بگۆڕن. پێچەوانەی ئەوانەی زۆر لە بیروباوەڕی خۆیان ڕازین، بانگەشەی ئەوە ناکەن چۆک بە ئەستەم دادەدەن

 

ڕێز بۆ ئەو کەسەیە ددان بەهەڵەی خۆیدا دەنێ نەک بۆ ئەوەی پێی وایە بیروباوەڕەکەی هەڵەی تێدا نییە و هەڵە ناکات. ئەگەر دەتەوێ بیروباوەڕت، ئایینەکەت یان تێڕوانینت بۆ جیهان، هەموو کونج و کەلێنێکی جیهان بتەنێ و پێشەوایی بکات، ئەوا پێم بڵێ گەورەترین هەڵەی بیروباوەڕەکەت، ئایینەکەت یان تێڕوانینەکەت چی بووە؟ لە چیدا بەهەڵەدا چووە؟ ئەگەر نەتوانی دەست لەسەر هەڵەیەک دابنێی، کەواتە لاسەنگییەک هەیە