بانگەشەی زۆر بۆ خواردنەوە وزەبەخشەکان دەکرێ بەوەی ئاگای مێشک زۆر دەکات و توانای جەستەیی جۆش دەدات. دوای خواردنەوەی فرە ڤیتامینەکان (مەلتی ڤیتامین) وزەبەخشەکان لە ئەمەریکا لەپلەی دووەمی فرۆش دێن. پیاوانی نێوان ١٨ بۆ ٣٤ ساڵ زۆرترین سەریان کردووەتە سەر، هەرزەکارانی ١٢-١٧ ساڵیش بەردەوام دەیخۆنەوە. کافایین پێکهاتەی هەرە سەرەکیی وزەبەخشەکانە، ٧٠ تا ٢٤٠ میللیگرام لە هەر قووتوویەکی ٣٣٠ میللیلیتریدا هەیە. لە کۆلای هەمان قەبارەدا ٣٥ میللیگرام هەیە، قاوەی ٢٥٠ میللیلیتر، نزیکەی ١٠ میلیگرام کافایین هەیە
ژمارەی ئەوانەی بەهۆی خواردنەوەی وزەبەخشەکانەوە لە نەخۆشخانە کەوتوون لە ساڵی ٢٠١١ دوو ئەوەندەی ئەوەی ساڵی ٢٠٠٧ بووە. لەهەر ١٠ کەسێک یەکیان پێویست بووە چارەسەری لە نەخۆشخانە بۆ بکرێ و بمێنێتەوە. ٢٥٪ی قوتابیانی کۆلێژەکان وزەبەخش لەگەڵ کحوول دەخۆنەوە، ئەوە وایان لێدەکات کحوولی زۆرتر لەوانەی تێکەڵ ناکەن، یەک بە دوای یەکدا، بخۆنەوە. بەشێوەیەکی گشتیی، ئەوانەی وزەبەخش لەگەڵ کحوول تێکەڵ دەکەن هەستیان بە بەرپرسیارییەتی کەم دەبێتەوە. لە نێوان ٢٠٠٩ و ٢٠١١ دا لە ئەمەریکا ٤٨٥٤ تەلەفۆن بۆ سەنتەری ژەهراویبوون کراوە. ٥١٪یان منداڵ بوون. لە هەموو بارێکدا بۆ هەرزەکار نابێ لە ٢٥٠میللیلتر زۆرتر خواردەنوە وزەبەخشەکان بخواتەوە
توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٠٩ نیشانی دەدات دوای ٩٠ خولەک لە خواردنەوەی وزەبەخش بۆڕیەکانی خوێن تا نیوەی تیرەی خۆیان گرژ دەبن (تەسک دەبنەوە)، ئەوە فشاری زۆر دەخاتە سەر دڵ. توێژینەوەیەکی دیکەی ساڵی ٢٠١٩ یش دەڵێ تەنیا بە خواردنەوەی ٣٣٠مل رێد بوڵ کارەبای کارکردنی زمانەکانی ناو دڵی تێکدەدات. مەترسی زۆری گرفتی گەورەتری بۆ دڵ هەیە. بابەتێکی بڵاوکراوەی گۆڤاری پزیشکیی بەریتانیا باس لە مردنێکی لەناکاوی گەنجێکی تەمەن ٢١ ساڵ دەکات، بە جەڵتەی دڵ مردووە. ئەو گەنجە بۆ ماوەی چوار ساڵ، ڕۆژانە ٥٠٠مل وزەبەخشی خواردووەتەوە، لەوە زیاتر هیچ گرفتێکی تەندروستی نەبووە
https://casereports.bmj.com/content/14/4/e239370
بەشێوەیەکی گشتیی کۆمەڵگەی زانستیی هەرچەندی دێ ئاستی ئاگەدارییان لە وزەبەخشەکان بەرزدەکەنەوە. ئەو ماددانەی تێیدا هەیە بۆ هیچ کەسێک باش نین. لەوانە
کافایین: کافایینی زۆری وزەبەخشەکان مەترسی زۆر بۆ تەندروستی منداڵ، هەرزەکار و لاوی تازە پێگەیشتوو دروست دەکات. توێژینەوەکان ئەوە دەسەلمێنن وزەبەخشەکان توانای جەستە بەرزدەکەنەوە، بەڵام هیچ بەڵگە نییە توانا و وزەی ماسولکەکان زیاد دەکەن. بە کافایین ئاگای مێشک بەرزدەکەنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەستەکان دەلەرزێنن. وزەبەخشەکان بە ڕێژەی جیاواز کافایینییان تێدایە، بە ئاسانی ناتوانرێ پێوانەیان بۆ بکرێ. لەسەر قووتووی زۆربەیان نەنووسراوە چەند کافایینی تێدایە. کافایینی زۆر گرفتی مەترسیدار بۆ دڵ و بۆڕیەکانی خوێن دروست دەکات. ئەگەری زیانی زۆری بۆ دڵی منداڵان و مێشکیان هەیە. لێرە ببینە دەتوانی ڕۆژانە چەند کافایین بخۆی
https://www.caffeineinformer.com/death-by-caffeine
کافایینی زۆر و ناوەخت خەو دەڕەوێنێتەوە، لە خەوی قووڵ ڕێگرە، دڵەڕاوکێ دروست دەکات، ئەرکی کۆئەندامی هەرس تێکدەدات و ئاو لە جەستەدا کەم دەکاتەوە. لە هەرزەکاراندا خەو تێکدەدات و هانیان دەدات مەترسی قبووڵ بکەن. وزەبەخشەکان ماددەی گوارانایان تێدایە، کەواتە ڕێژەی کافایین هێندەی دی زۆر دەکات. بە تێکەڵکردنی لەگەڵ کحوولدا ئەو کەسە هەست بە شێوانی خۆی ناکات بەڵام جووڵە و کاردانەوەیان نا ئاسایی دەبێت
تۆورین: تۆورین ترشیکی ئەمینییە. جەستە بە شێوەیەکی سروشتیی بەشی خۆی دروست دەکات. بەڵام ئەوەی لە وزەبەخشەکاندا هەیە دەستکردە. لەوانەیە تۆورین پێوەندییەکانی خانەی مێشک سست بکات، کار لەسەر چالاکییەکانی مێشک دەکات. توێژینەوەی دیکەیش هەیە دەڵێ بە هەبوونی هاندەری دیکە ئاستی چالاکی مێشک بەرزدەکاتەوە. ماسوولکەکانی دڵ چالاکتر دەکات و خوێن و ئۆکسجین باشتر دەگاتە خانەکانی دڵ. کەواتە تۆورین بە تەنیا بۆ جەستە خراپ نییە، بەڵام تێکەڵبوونی لەگەڵ کافایین ماترسی زۆر دەخاتەوە
ڤیتامین بی: ٦ جۆر ڤیتامین بی هەیە، زۆر خواردنی بی٣ زیانی زۆری هەیە. تەنیا ٣٥ میللیگرام پێست سووردەکاتەوە. ٣٥٠٠ میللیگرام ژەهراویبوونی جگەر دروست دەکات. ١٠٠ ملیللیگرامیش لە ڤیتامین بی٦ گرفتی دەمارەکانی هەستکردن دروست دەکات. هەندێ وزەبەخش ئاستی بەرزی ئەو دوو ڤیتامینانەی تێدایە. بۆیە خواردنەوەیان بڕێکی زۆر ڤیتامین بی دەداتە جەستە
ئینۆسیتۆڵ: ئەوەیان گێژبوون، هەستی ماندووبوون پەیدا دەکات، سەرهێشە و دڵ تێکەڵ هاتنیشی بە دوادایە. ئینۆسیتۆڵ لە هەموو خواردنەوە وزەبەخشەکاندا هەیە
جینسینگ: خەو ڕەوێنە، فشاری خوێن کەم دەکاتەوە، ناهێڵێ شلەمەنییەکان لە لەش دەربکرێن. دڵە کوتە، ناڕێکی دڵ لێدان، هەوکردنی خوێنبەرەکانی مێشک، گێژبوون، سەرهێشە، دڵ تێکەڵهاتن، حەزی لە ناکاوی زۆر بۆ شتێک، خوێن بەربوون لە کۆئەندامی زاوزێ، ڕاگرتنی سووڕی مانگانە، تا، نەمانی ئارەزووی خواردن، خوروشت، هەستی ناخۆش، ئازاری سنگ و منداڵ لەبارچوون، هەموو ئەوانە ڕەنگە بە خواردنی جینسینگ دەرکەون
گلوکۆرۆنۆلاکتۆن: تا ئێستە بەڵگەی یەکلاکەرەوە بۆ زیانەکانی بەردەست نییە. بەڵام گومان زۆرە زیانی هەبێ بۆیە لە کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئینگلتەرا ئەو ماددەیە قەدەغەیە
ئێڵ کارنیتین: ئەو ترشە ئەمینییە ڕشانەوە، سەرهێشە، سکچوون، لووت تەڕبوون، داهێزان و خەولێنەکەوتن دروست دەکات. هەموو وزەبەخشەکان ئەو ماددەیەیان تێدایە
کەواتە وزەبەخشەکان ئەم کاریگەرییانەی خوارەوەیان هەیە
١. سەرهێشە ٢.شەقیقە ٣. دڵەڕاوکێ ٤. دڵ تێکەڵهاتن ٥. تووشبوون بە جۆری دووەمی شەکرە ٦. لەگەڵ دەرمانی نەخۆشییەکانی دیکە کارلێک دەکەن و ئەگەری گرفتی گەورەتر هەیە، بە تایبەتیش ئەو دەرمانانەی بۆ خەمۆکی بە کاردێن ٧. ئاڵوودەبوون دروست دەکات، هەر کافایین خۆی هۆی ئاڵوودەبوونە ٨. ئەوانەی وزەبەخش دەخۆنەوە زۆرتر ئارەزووی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی دەکەن ٩. زوو هەڵچوون و تووڕەبوونی زۆر دروست دەکەن ٩. دەبنە هۆی ڕشانەوە، ئاوی لەش کەم دەبێ ١٠. مەترسیی کزانەوە و خوروشت لە لەش دروست دەکەن چونکە هەموو لەشێک وەک یەک کاردانەوەی لەگەڵ پێهاتەکانی وزەبەخشەکان، ناکەن ١١. هەموو وزەبەخشەکان پەستانی خوێن بەرزدەکەنەوە، ئەوانەی گرفتی پەستانیان هەیە یان نازانن گرفتی پەستانی خوێنیان هەیە مەترسیی گەورەیە دەگاتە کێشەی زۆر گەورە و ئاڵۆزتر ١٢. ژەهراویبوون بە زۆر خواردنی ڤیتامین بی٣ لە ئەگەرە هەرە مەترسیدارەکانە، هەموو وزەبەخشەکان بی ٣یان تێدایە. ١٣. وزەبەخشەکان هۆرمۆنی گرژی لە ناو جەستە زۆر دەکەن، واتا ئارامیی کەم دەکەنەوە. ١٤. ئەگەری نەخۆشییەکانی مێشک و دەروون زۆرتر دەبن
https://www.eatthis.com/news-dangerous-side-effects-energy-drinks/
https://www.bmj.com/company/wp-content/uploads/2016/11/BCR-01112016.pdf
https://www.caffeineinformer.com/energy-drink-side-effects#2