ئێستە سەردەمی هێز و توانای سەربازییە. لە هەمان کاتدا، سەردەمی ئاشتییشە. لە ساڵی ١٩٤٥ەوە، ئەمەریکا زلهێزێکی جیهانە. پێوەندی وڵاتانی جیهان لە نێوان خۆیاندا تا ڕاددەیەکی زۆر ئاسایی و سەقامگیرە. لەو کاتەوە ئەزموونەکانی ئەمەریکا چیرۆکی دۆڕان و بێ هوودەیین. ئەگەرچی سیستەمی سیاسیی ئەمەریکا و سوپا هەردەم دانیان بەو دۆڕانانەدا نەناوە، بەڵام شکستەکان تۆمارکراون. ئەو بارودۆخە دوو دژوێژیی (پارادۆکس) دروست دەکات
یەکەمیان، ئەمەریکا لە جەنگەکان دەدۆڕێ چونکە جیهان ئاشتیخوازە. ئەو جەنگانەی ئەمەریکا دەیانکات لە جیهاندا نەماون. ئەو جۆرە جەنگانە لە سەدەی بیستدا هەبوون، جەنگەکانی سەدەی بیست و یەک بە هەمان جۆرەی ئەوانەی سەدەی بیستەم نین و شێواز و ئامرازەکانیشیان گۆڕاون
هاوئاوازی نێوان وڵاتە بەهێزەکانی جیهان و کەمبوونەوەی شەڕانگێزیی لە جیهاندا دڵخۆشکەرن. لە جیهانی سەدەی بیستویەکدا، بۆ یەکلایی کردنەوەی ناکۆکیی و دژڕاکان، وڵاتان پەنا بۆ جەنگ نابەن. لەوەتای ئەمەریکا و ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ناکۆکن تا ئێستە هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ هەڵگیرسانی جەنگ نەدراوە. ترەمپ بەو هەموو سەرشێتییەی هەیبوو، هیچ جارێک هەڕەشەی جەنگی سەرتاسەریی لە ئێران نەکردووە. هیچ وڵاتێکی بەهێز و توانای ئەوروپایش، هەر نەیکردووە. تەنانەت تا ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر، ئەو جۆرە ناکۆکییانە تەنیا بە جەنگ یەکلایی دەکرانەوە
ئەمەریکا لە جەنگی نێوان وڵاتاندا دەیبردەوە. بۆ نموونە زۆر بە خێرایی عێراقی لە کوێت وەدەرنا و لەو جەنگەدا سەرکەوتوو بوو. بەڵام دوای ٢٠٠٣ هاتەوە عێراق، ڕاستە بەسەر ڕژێمەکەدا سەرکەوت، کەچی لەگەڵ گروپەکاندا هێشتا لە ململانێدایە. تەنانەت سەرکەوتنی تەواوی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند. ئەمەریکا لەو جەنگانەی لەگەڵ گروپ و کۆمەڵێکی دیاریکراودا دەیکردن، یان ئەوانەی جەنگی ناوخۆیی بوون و ئەمەریکا دەبووە لایەنێکی، لەوانەدا ئەمەریکا دۆڕاندوویەتی و دەدۆڕێ. بە شێوەیەکی گشتیی لە سەردەمی پڕ ئاشتییدا، بردنەوەی جەنگ نامۆیە. کاتێک ئەمەریکا بەسەر جەنگی ناوخۆیی خۆی و جەنگی جیهانیی دووەمدا سەرکەوت، تەوژمی ئەو سەرکەوتنانەی وای لە واشنتۆن کرد هەر نەیارێکی بەهەر نرخێک بێ، لاببات
دژوێژی دووەم ئەوەیە ئەمەریکا جەنگەکان دەدۆڕێنێ چونکە زۆر بەهێزە. سوپای ئەمەریکا خەڵکی ئەمەریکای هاندەدا بەرەو دەنگی دەهۆڵی جەنگەکانی دەرەوەی وڵاتی خۆیان بڕۆن، لەو کاتەی ئەمەریکا لووتی لەهەموو شوێنێک وەردەدا، لەسەر زەوی بارودۆخی ناکۆکییەکان دەگۆڕا. گۆڕانەکان بەشیوازێک بوون لەبەرژەوەندی باڵادەستیی سەربازیی ئەمەریکادا نەبوو. لەبەرئەوە، واشنتۆن هیچی دیکە نەیدەتوانی توانای سەربازیی بکاتە بردنەوەی جەنگ. ئەگەر ئەمەریکا لاوازتر بوایە لەوەی هەیە، بە توانای سەربازیی کەمتر و نەبوونی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو لەدەست سوپادا، زۆر قورس دەبوو بیر لە داگیرکردنی عێراق بکرێتەوە
ڕاستییەکەی، ئەو دوو دژوێژییە لەیەک گرێدراون. هێز و توانای ئەمەریکا هاوکاری وڵاتان بوو تا بە ئاشتییانە لەگەڵ یەکدا بژین. لە نیوەی ڕۆژئاوای زەوی، ڕۆژئاوای ئەوروپا و ئاسیای دووردا، ئەمەریکا هاوبەش و هاوئاهەنگی دامەزراندنی جیهانێکی ئازاد بوو. دەستی لە دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبوو. سەرپەرشتیی بازرگانیی جیهانییشی دەکرد و دەکات. ئەوانە وایان کرد، جەنگەکانی ناوخۆی وڵاتان تاکە شێوازی ناکۆکی بن، جەنگ لە نێوان وڵاتاندا کەم بوونەوە. پەرتەوازەیی لە جیهاندا کەمتر بووەوە. ئەوەیش وای لە ئەمەریکا کرد لە وڵاتانی دوور لە خۆی، بە دوای دێوەزمەکاندا بگەڕێ و جەنگیان لەگەڵدا بکات. بە واتایەکی دیکە، توانای زۆر و ئاشتیی بۆ ئەمەریکا، دایک و بابی دۆڕانن
کەس نایەوێ بۆ سەردەمی لاوازیی سەربازیی، جەنگ و دۆڕان و بردنەوەی بگەڕێتەوە. هەموومان دەمانەوێ لە جیهانێکی سەقامگیر و ئاشتییدا بژین. بەڵام ئەمەریکا دەبێ خۆی بۆ شکستی زۆرتر ئامادە بکات. وا پێدەچێ سەردەمی جەنگە دۆڕاوەکانی ئەمەریکا بەردەوام بێ. ئەگەر زۆرە جەنگی ناوخۆی وڵاتان تاکە شێوازی ناکۆکی بن، ئەمەریکا وەک هەموو جار سەرۆکەکانی دێنێتەوە ناو دەستوەردان لە وڵاتان. لە هەمان کاتدا، سەرکردەکانی جەنگی پارتیزانیی لێرەولەوێ زۆرتر ئەزموون وەدەست دێنن و لەگەڵ بارودۆخی نوێدا خێراتر لە ئەمەریکا خۆیان دەگونجێنن. دەشکرێ جەنگەکان دیسانەوە بێننەوە سەر خاکی ئەمەریکا و خوێنڕێژیی لە ئەمەریکا ئەنجام بدەن.