بەرەنگاربوونەوە

لە نووسینێکی پێشوودا باسی سڕینەوەی کوردمان لە مێژوودا، کرد. سەرەتای نووسینەوەی مێژوو لەو کاتەدا بووە مادەکان بەدەستی پارسەکان ڕووخاون، یۆنانەکان هێشتا لە مێژوودا نوێ بوون. بەڵام یەکەم نووسینەوەی مێژوو لە لایەن یۆنانەکانەوە بووە. ئەوانیش لەژێر کاریگەریی ئایینی زەردەشت و ئایینەکانی دیکەی میتافیزیکدا بوون


هەر لە سەردەمی گوتیەکان تا مادەکان، بە هەمان شێوە لە سەردەمی گنوماتا تا مەزدەک و تەنانەت پاش ئەوانەیش تاکو سەردەمی خورەمدینەکان، کورد هیچ کات ژیروێژی (لۆژیکی) دادپەروەریی زنجیرەی پلەوپایە، کەلتوری چینایەتیی و شاپەرستییان قبوڵ نەکردووە. هەموو کات لە دژی سیستەمی زاڵ، یاخی و شۆڕشگێڕ بوون. تەنانەت ئەگەر دەسەڵات لەدەستی کوردەکانیشدا بووبێت، هەردەم دژ بە دەسەڵاتی چینایەتیی، دابەشبوونی کۆمەڵگە و بەپیرۆزدانانی پاشا بوون. ئەوە هۆکاری کرۆڵبوونی (بە شتێک دەڵێن سەرەڕای خۆڕاگریی دەروونیی خۆی، لەبەر نالەباربوونی بارودۆخی دەرەوەی خۆی، بەبەرهەم نەگەیشتووە) کورد بووە


مادەکان و ئەوانەی باپیرانیان بوون، لە جیهانی کۆندا دژ بە نەریتی باوی ئەو سەردەمە بوون. چونکە ژیروێژی ناوەڕۆکی عەقڵی ئێرانی، سامی و یۆنانی لەسەردەمی بناغەیی مێژوودا (ئەو کاتەی نووسینەوەی مێژوو دەستیپێکردووە) لە سەر بنەمای میتافیزیک داڕێژراوە. بەو هۆیەوە کوردەکان بۆ پەراوێزی عەقڵی مێژوویی دوورخرانەوە. لەبەرئەوەی هەموو بناغەکان لە چینایەتیی و پیرۆزبوونی پاشا سەرچاوەیان گرتووە، بۆیە کورد لەگەڵ هەموو مێژوو و نەتەوەکانی مێژووی کۆن، دژایەتیی هەبووە. لەبەرئەوە مێژوو هیچ پشکێکی خۆی بۆ کوردەکان تەرخان نەکردووە


پاش داڕمانی بلۆکی سۆڤیەت و لە ساڵی ١٩٩٢، فرانسیس فۆکۆیامای ئەمەریکایی کتێبێکی بە ناوی (کۆتایی مێژوو و دوا مرۆڤ) بڵاوکردەوە. فۆکۆیاما جیهانی شڵەژاند، مەبەست ئەوە بوو بڵێ ئیتر لیبرالیزم سەرکەوت و بلۆکی سۆڤیەت داڕما. ئاییندە بۆ ئێمەیە و کەس ناتوانێ بەرانبەری شارستانییەتی ڕۆژئاوا خۆ بگرێ. فۆکۆیاما باسی کام مێژووە دەکات؟ ئەو مێژووەی لەسەر جیاوازی چینایەتیی چەند سەدەیەک لەمەوبەر جیهانی سەرمایەداری بەرهەمهێناوە. لە ژیانی سەرزەمینی خۆی بەرەو ئاسمان فڕی، میتافیزیک و خەیاڵ پڵاویی جێی خۆشگوزەرانی و سەما و هەڵپەڕکێی گرتەوە؟ بۆ ڕزگارکردنی گا لەدەست مادەکان، مرۆڤ بووە قوربانی خەونی حوشتر، جەستە و هەستەکان کپ کران. بەرلەوەی لەدایک بێ، تاوانبارە، ئەوەندەی لە ژیاندایە دەبێ خۆی لە تاوانی چەند هەزار پشتی پێش خۆی، پاک بکاتەوە


دەستپێکی ئەو مێژووەی فۆکۆیاما لەگەڵ سەردەمی چینایەتییبوونی کۆمەڵگە و فەلسەفەی میتافیزیک و ئاسمان بووە. ئەو دەستپێکە بە واتای کۆتایی هاتنی ئێمەی کورد بووە. بەهەمان شێوە، سەرەتای کۆتایی مێژوو، کۆتایی سەرەتای بێبەشبوونمان دەبێت. ئاوابوونی مێژوو، رۆژهەڵاتی ئێمە و داهاتوومان دەبێت. دەبێ بڵێین کۆتاییهاتنی مێژوو بە واتای سەرەتا و دەستپێکی کوردەکان دەبێت


ئەگەر بە بۆچوونی هیگڵ/مارکس، هێزی جووڵێنەری مێژوو پێوەندی نێوان خواکان/کۆیلە یان خان/کۆیلە بووبێت، بە هۆی ئەوەی کوردەکان دژ بە ژیروێژیی خوا/کۆیلە و دژ بە ژیانی کۆیلایەتیی شارستانییەت بوون، ژیانی ئازادی چیاکانیان هەڵبژاردووە، بۆیە لە مێژوو بێبەش بوون. خۆ ئەگەر بەپێی ڕاڤەی یاسپرس/هیگڵ  بێت هێزی جووڵێنەری مێژوو تێپەڕکردنی قەفەسی جەستە بەرەو فەلسەفەی ئاسمانیی و پێکهێنانی ئیمپراتۆری و هزری خەیاڵی و میتافیزیکی بووبێت، دیسان کوردەکان بە ئایینی میترا، بە فەلسەفەی جەستەیی و زەمینیی خۆیان پابەندبوون، نەریتی باوی ئەو سەردەمەیان واتە داگیرکردنی وڵاتەکەیان قبوڵ نەکردووە. بەو هۆیە، لە مێژوو بێبەش بوون و وەکو نەتەوەیەکی (سروشتیی) مانەوە


نهێنی ئەوەی ئێرانییەکان سەقامگیر و جێگیربوون و کوردەکان لە مێژوو بێبەش بوون ، ئەوەیە ئەو دوو نەتەوەیە بە دوو شێوەی جیاواز پێوەندی خۆیان لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا ڕێکخستووە. ئەوان لەگەڵ ژینگەی دەورووبەری خۆیاندا تەبا بوون. بۆ زیندوو مانەوە دەبێ ژیان لە بیر خۆمان ببەینەوە. زیندوو مانەوە واتا مانەوەی هەتاهەتای شتێک، بەڵام ژیان ئەوەیە تیایدا هیچ شتێک بە تەواوی هەتاهەتایی نامێنێتەوە. بەو پێیە، کوردەکان زیندوو بوون و ئێرانیەکان ژیاون. بوون و ژینگەی کوردەکان لەگەڵ سروشتی کوردەکان تەبا بووە. بەڵام بوونی ئێرانییەکان لەگەڵ سروشتیاندا تەبا نەبووە. بەڵکو ئەوان لەگەڵ جیهانی دەرەوەیاندا خۆیان گونجاندووە. کەواتە دەبێ بڵێین بەهای ئێرانییەکان زیندوو مانەوە بووە، بەڵام بەهای کوردەکان سەلماندنی بوونی خۆیان بووە. ئێرانییەکان بۆ پاراستنی زیندووبوونی خۆیان هەموو دەسەڵات و هژموونی یۆنانییەکان، عەرەبەکان، مەغۆل تا تەتەرەکانیان قبوڵ بووە. ئەوان ژیروێژی جیهانی دەرەوەیان قبوڵ کردووە


کەچی کوردەکان دژ بە کۆیلایەتیی، ژیانی ئازادی چیا و زۆزانیان هەڵبژاردووە. کورد لەجیاتی قبوڵکردنی ژیروێژی دەرەوە، بە سروشتی مۆڤبوونی خۆیانەوە پابەندبوون. لە هەوڵی ئەوەدا بوون جیهانی دەرەوە لەگەڵ ناخی خۆیاندا بگونجێنن. بۆیە سروشتی تراژیکی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوەی گشتی لەگەڵ گشتییەتی جیهانی دەرەوە، تێکشکاوە. بەڵام سروشتی عیرفانی و ئاسمانی ئێرانیی لە گشتییەتیی جیهانی دەرەوەدا نقوم بووە. شارستانییەت و کەلتووری چینایەتیی ئێران لەگەڵ پرۆسەی دژە مرۆیی مێژوودا تەبا بووە. لەبەرئەوە، لە کاتی دژە چینایەتیی سەرەتای ئیسلام نزیکەی ٢٠٠ ساڵ ئێران کپ و مات بوو


شۆڕشی کوردەکان دژ بە ئێرانییەکان، شۆڕشی سروشتی ڕەسەنی مرۆیی دژ بە لادان لە ڕێگای مرۆڤایەتیی بووە. تا ئەو لادانە لە مرۆڤایەتیی بۆ سروشتی خۆی نەگەڕێتەوە، شۆڕش بەردەوامە. کورد وەکو تابلۆیەکی سپییە، کۆتایی هاتنی شەوەزەنگ ڕادەگەیەنێ،  کورد نەتەوەیەکی پاکە، ناپاکیی و ئاڵۆزییەکانی جیهانی دەرەوە بەسەریدا زاڵ نەبووە. کورد هۆگری ئەشکەوتێکە خەیاڵی ڕووناکی خۆر نەیتوانیوە ڕێگری لە بینینی ئەشکەوتەکە، بکات


کەوایە بێبەشبوونی کورد لە مێژوو بۆ بۆشایی ئەخلاقیی یان نەتەوەیی نییە. بەڵکو لە سروشتی ڕەسەنی کوردەکانەوە سەرچاوەی گرتووە. مێژوو  هەرگیز بەرهەمی پێشکەوتن نەبووە، بەڵکو بەرهەمی هەڵەیەک بووە. بە گەڕانەوەی ئاراستەی مێژوو بۆ ئاراستەی دروستی خۆی و بازدان بەسەر وەهم و خەیاڵی ئاسمانیی و پشتکردن لە سیستەمی زۆرەملێ لە هەموو شیوازێکی خۆیدا، یان گۆڕینی ژیانی کەسیی ئەفلاتۆنی بۆ ژیانی کەسیی مارکس، کورد بە مافی خۆی دەگات. ئەوە تێپەڕکردنی مێژووە بۆ پاش مێژوو


مێژوو بۆ مرۆڤایەتی پێویست بووە، بەڵام ڕەسەنایەتیی نەبووە. سەرەتای مێژوو کۆتایی کورد بووە. بۆیە کۆتایی مێژوو سەرەتایەکی دیکەی کوردە. واتا مێژووییەکان توانای ڕاڤەکردنی سیستەمی کوردیان نەبووە، چونکە دژ بە سیستەمی مێژوویی بووە. سیستەمی کوردی بە ئاستی واتا و زانست نەگەیشتووە، بۆیە ماتریالیزمی سیاسیی و پیادەکردنی کۆمەڵایەتیی کورد لە بیرەوەریدا جێگیر نەبووە و نەماوەتەوە. کردەوەی سیاسیی کورد لە بۆشایی تیۆریدا دروست بووە. کورد بە یاسای دڵ و دەروونی خۆی پابەند بووە و دژ بە پێویستیی مێژوو و ژیروێژی سیمبۆلیکی مێژوو بووە


کوردبوون واتای ڕەتکردنەوەی مێژوو و کردارەکانی مێژوو بووە، نەک قبوڵکردنی مێژوو. بۆیە تەنیا بە گۆڕانکارییە هاوچەرخە هزریەکان  لە ڕۆژئاوای دوای نوێبوونەوە (مۆدێرن)، کە تیایدا هەموو بەها پیرۆزەکان لەناو دەچێت، زەمینە و بەستێن بۆ دەرکەوتنی کردەوەی سیاسیی/مێژوویی کورد مسۆگەر دەبێت. تەنیا بە بیروڕا و ئەندێشەی ئێستەیە ڕێگا بۆ پەیدابوونی کۆرپەی کورد دەکرێتەوە