ئەشکەوتی پاڵەگەورە

ئەشکەوتی پاڵەگەورە لە نێوان سلێمانی و بازیانە و دەکەوێتە بەرزایەکانی پشت هەزارمێرد. لە ساڵی ١٩٥١ هەڵکۆڵینی بۆ کراوە و لەگەڵ ئەشکەوتی زارزی لە بازیان، هەردووکیان بەخاوەن کەلتووری زارزی لەقەڵەم دراون. لەو کاتەدا یان شێوازەکانی هەڵکۆڵینی زانستی و ئامرازە زانستییەکان پێشکەوتوو نەبوون، یان هەر نەبوون. لەبەر بایەخی زۆری پاڵەگەورە و لە میانەی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی کەوانۆکەی بە پیتی زانکۆی لیڤەرپول و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی، دووبارە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ سەردان کرایەوە. ئەم توێژینەوەیان تەماشای مێژووی نێوان ٢٠ بۆ ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە ناوچە شاخاویەکانی زاگرۆس، دەکات

 

مەبەست لە پرۆژەی ٢٠١٦ بەراورد بووە لە نێوان شوێنەوارەکانی کەلتووری زارزی لە باشووری کوردستان، لە ڕووی کاتەکانی دەرکەوتن، نیشتەجێیەکان و بەکارهێنانی سەرچاقوەکانی دەورووبەریان،لەگەڵ ئەو شوێنەوارانەی لە ڕۆژئاوای ئێران و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست دۆزراونەتەوە، بەراورد بکرێن. پاشماوەی ڕووک و ئاژەڵان دەربهێندرێن و بە تەکنیکی کاربۆن ١٤ تەمەنیان دایری بکرێ و لەسەر نەخشەی شوێنەوارناسیی ڕۆژئاوای ئاسیا دابنرێن

 

دوو چاڵی ١ بە ٢ مەتر لە دەرکی ئەشکەوتەکە لێدران، هەردووکیان تا گەیشتن بە بەردی شآخ هەڵکەندران. لە چاڵی یەکەمدا لە قوڵایی نێوان ٦٠ تا ١٣٠ سانتیمەتر، بابەتەکانی زارزی دەرکەوتن. تا گەیشتن بە بنی بەردی شاخ هەموو خۆڵ و بەردی ڕووەکانی سەرەوە لابران، لەسەر ئەو بنە بەردە ئامرازە بەردەکانی سەردەمی چاخی بەردین دۆزرانەوە، واتا ئەو بنە بەردە شاخە لەوکاتەدا بەردێکی ڕووت بووە و مرۆڤەکان بەسەریدا هاتووچوونیان کردووە. دواتر بە ڕمانی بەردی دەمی ئەشکەوتەکە و لەسەرەوەی شاخەکەوە، بەر دەرگاکەی پڕبووەتەوە و گڵ و خۆڵی لەدەور کۆبووەتەوە

 

لەو هەڵکۆڵینەدا تیمەکە ١٣٨ نموونەی خەڵووز، ١٨٤٥٥ پارچە ئێسقانی گیانداران، ٤٤٠ پارچە خەڵووز، ٩٦٦ پارچەی دیکەی ڕووەک و تۆوەکان و ٥١٨١ ئامرازی بەردیان دۆزییەوە. ٦٣ نموونەی خاک و خۆڵیشیان وەرگرت. پشکنینەکانی تەکنیکی کاربۆن ١٤ نیشانی دەدەن مرۆڤی کۆن بەر لە ١٩٩٠٠-١٩٢٠٠ ساڵ توێكڵە بادام و بەڕووی لەوێ سووتانندووە و لەوێ ژیاوە. چینەکانی خۆڵی بەردەم ئەشکەوتەکە بەپێی قۆناغەکانی هەڵکۆڵین تا تەمەنی ١٣٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر دێ. لەو نێوانەدا بە بەردەوامی چالاکی مرۆڤ لەوی هەبووە و ژماەیەکی زۆری ئامرازی بەرد و ئێسقانی ئاژەڵانی بەجێهێشتووە. بەو پێیە کەلتووری زارزی لەوێ بەر لە ١٣٢٠٠ ساڵ لە دەستپێک بووە. دواتر لە دوای ساڵانی ١٢٩٠٠ مرۆڤ هیچی دیکە لەوێ نەماوە و بە تەواوی بەجێی هێشتووە

 

ئامرازە بەردەکان بۆ دوو جۆر پۆلێن کران. یەکەمیان ئەوانەن لە وێنەی لاپەڕە ٢٧ی توێژینەوەکە دیارن. ئەو بەردانە لە شوێنێکی ٣٥ کیلۆمەتر دوور لە نزیک چەمچەماڵەوە هێنراون. ئەوانە ڕەنگ ڕوون و سەوز یا سوورباون و بۆ دروستکردنی ئامرازەکانی دیکە بەکارهاتوون. هەرچی جۆرەی دووەمە ڕەنگیان جۆراو جۆرە و لە نزیک ئەشکەوتەکەوە لە دووری ٤ کیلۆمەتر لە ناو چەمی دۆڵی بازیانەوە، هێنراون. لەو هەموو ئامرازە بەردانەی دۆزرانەوە تەنیا ١ دانە جۆری ئۆبسیدیان بوو (بەردێکی ڕەشی گڕکانە وەکو شووشە وایە بە کوردی پێی دەڵێن بەردەشووشە). ڕەنگەکەی لەوانەی ناوچەی دەریاچەی وانی تورکیا لە دووری ٤٥٠ کیلۆمەتر، دەچێ

 

ئەو ئامرازە بەردانەی لە پاڵەگەورە دەرهێنران بۆ چەندین جۆر و مەبەستی بەکاربردن پۆلێن کران. وردەکاریی باسکردنیان زۆرە نەدەکرا هەمووی لێرەدا بخەمە بەرچاو. ئەو ئامرازانە بۆ ماوەی هەر نەبێ ٦٠٠٠ ساڵ لەوێ بەرهەمهاتوون و بۆ داماڵین و پچڕانی گۆشت بەکارهێنراون. دۆزراوەکانی پاڵەگەورە زۆر لەوانەی وارواسی ئێران و ئەشکەوتی زارزی جۆراوجۆرتر و بە ژمارە زۆرترن. دروستکردنی بەردەچەقۆ گرنگترین ئامانجەکانیان بووە. دوای ئەو هەڵکۆڵینانە، ئاشکرایە بەرهەمهێنانی ئامرازی بەردین بە کەلتووری زارزی لە ١٩٦٠٠ ساڵ لەمەوبەرەوە دەستی پێکردووە و تا ١٣٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، هیچ گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا نەهاتووە

 

هەر لە ناو دۆزراوەکاندا، چەندین موت و موروو هەبوو بۆ جوانکردن و بە خۆوە کردن بە کارهاتوون. هەندێکیان لەبەر دروست کراون، بەشیکی دیکەیان لە قاوغی چەند بوونەوەرێکی ناو ئاو و بەشێکی دیکەیان لە ئێسقانی ئاژەڵان. دوو قاوغی تەواو و ساغی بوونەوەری ئاو سکافۆپۆد (ناوەکەی بە کوردی نازانم چییە) دۆزرانەوە، جگە لەویش هەمان قاوغ بە بڕدراوی دەرهێندرا، دیارە ئەوە وەکو موروو بە کارهاتووە و وەکو ملوانکە، لە مل کراوە. بڕوانە وێنەی ژمارە ٣٥ لە لاپەڕەی ٤٤

 

کۆی ١٨٤٥٥ پارچە ئێسقان لە پاڵەگەورە دەرهێنراون، تەنیا ئەوانەی لە ٤ ملیمەتر گەورەترن سەرنجیان لێدراوە و توێژینەوەیان لەسەر کراوە. ١٥ فەردەی دەیکە ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی کراوە و چاوەڕوانی پشکنینی زۆرترە. لێرەدا تەنیا باسی ئەو ئاژەڵانە دەکرێ قەبارەیان وەکو کەروێشکە یان گەورەترە. ئێسقانەکان لە تاقیگەی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی و پەیمانگەی شوێنەوار لە زانکۆی کالیفۆرنیا، پشکنینیان بۆ کراوە

 

زۆربەی ئێساقانە گەورەکان بۆ ئاژەڵانی وەکو کەر، ئەسپ، ئاسکەسوور، ئاسک، ئاسکی داماداما (جۆرێکی ئاسکی کێوی میزۆپۆتامیا بووە، قڕبووە)، ئاروخ (چۆرێکی مانگایە لە ناوچووە)، گامێش، بزنی کێوی، مەڕی کێوی، بەرازی کێوی، ڕێوی و کەروێشک. بەشیکی زۆریش لە ئێسقانی کیسەڵ هەبوون. کۆمەڵێکی زۆریش لە ئێسقانی هەندێ ئاژەڵی بچووک، کە تا ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە توێژینەوەیان لەسەر نەکراوە. لەگە ئەوانیشدا، کەمێک ئێسقانی باڵندە و ماسی دۆزرانەوە، بەڵم لە چاو جۆرەکانی دیکە، کەمن

 

لەگەڵ تۆمارکردنی جۆری هەر ئاژەڵێک، پشکنین بۆ سووتان، گۆشت لێپچڕان، شوێنی بەرکەوتن، داخوورانی ددان، هەرسکردن، کەشوهەوا و نەخۆشیی. لەو ئێسقانانە کراوە. ئەو پاشماوانە لەبەردەم ئەشکەوتەکەدا فڕێدراوە و پەرت بڵاو بوون. ئەوانە تەنیا لەو دوو چاڵە دۆزراونەتەوە لە بەشی یەکەمدا باسی لێوە کراوە. بەشی هەرە زۆری ئێسقانی وڵاخ و کەر بۆ گیانداری تەمەن گەورە دەگەڕێنەوە. هیچیان ئاژەڵی ساوا، یان تازە لە دایک بوو نەبوون، هەیانە تەمەنی تا ١ ساڵ بووە

 

بەشی هەرە زۆری ئێسقانەکان ورد بوون. کۆمەڵە ڕاوچییەکان ئێسقانەکانیان دەشکاند تۆ مۆخی ناوی دەربهێنن و بیخۆن. بۆیە زۆربەیان وورد کرابوون، بەڵام هەموویان زۆر بە باشی مابوون و تێکنەچووبوون. زۆر کەم شوێنەواری ددان لەسەر ئێسقانەکان هەبووە، چونکە هەموویان لەلایەن مرۆڤەوە ڕاو کراون، بۆیە تەنیا دوای فڕێدانی ئێسقانەکان هەندێ شوێنی ددانیان پێوە دیارە. بەپێی چینەکانی هەڵکۆڵینیش، هەر چینەو کۆمەڵێک ئێسقانی تێدا بوو، پێناچی ئەو ئێسقانانە لەشوێنی خۆیان جووڵابن، بە واتای هەر کۆمەڵێک بۆ کاتێکی دیاریکراو دەگەڕێنەوە

 

هەبوونی ئێسقانی کیسەڵ و وڵاخ دەمانگەیەنێتە ئەنجامێکی باش سەبارەت بە هەمیشەیی بوونی پاڵەگەورە وەک نیشتەجێ یان تەنیا شوێنێکی وەرزیی بووە. لەبەرئەوەی کیسەڵ لە چیاکانی زاگرۆسدا لە نێوان پایزی درەنگ تا کۆتایی زستان خۆی لە ناو گڵ دەشارێتەوە و دەکەوێتە خەوی زستانە، بۆیە لە بەهاران و هاوینان دەردەکەوێتەوە. کەواتە مرۆڤ لەو دوو وەرزەدا لەوێ بووە بۆیە ئێسقانی کیسەڵ لەناو کۆمەڵە ئێسقانەکاندا دەردەکەوێ. بەهەمان شێوە، وڵاخ لە زستاندا کەمتر بەرەو کێو و تەلان دەڕوات، زیاتر لە دەشت و لەوەڕگای تەخت دەبێ، بەڵام لە بەهار و هاوین، بەرەو کێوەکان کۆچ دەکات

 

لەبەرئەوەی ئێسقانی هەموو لاشەکان هەیە و هەندێک لەو ئاژەڵانە بە قەبارە گەورە و قورسن، کەواتە زۆربەی ئەو ئاژەڵانە هەر لە نزیک ئەشکەوتەکە ڕاو کراون و براون بۆ ئەوێ و خوراون. نیشانەکانی گۆشت لێکردنەوە بەسەر ئێسقانەکانەوە کەمە، ڕەنگە لەبەرئەوە بێ لەبەر کۆنیی شوێنەکە و بارانی زۆری چەند هەزار ساڵە، قوڕو خۆڵی ئەو شوێنە بە ئێسقانەکانەوە لکاوە و ئەو شوێنانەی گۆشت پچڕانی داپۆشیوە. بەڵام گومان لەوەدا نییە، کە پاڵەگەورە شوێنی کوشتنەوە و ئامادەکردنی گۆشتی ئاژەڵان بووە. بەشیکی زۆر لە ئێسقانە گەورەکان بە درێژی شکێندراون، واتا بۆ دەرهێنانی مۆخەکەیان وایان لێکراوە. ئەوەیش کارێکی زۆر بڵاوی مرۆڤی کۆن بووە، لە هەموو شوێنێکی دیکە بە هەمان شیوە ئێسقانی ئاژەڵان شکێندراوە

 

لە زۆربەی توێژینەوەکانی سەبارەت بە زاگرۆس دەگوترێ بەڵگەی خواردنی ڕووەک نییە. بە لای هەندێکەوە هۆیەکە ئەوەیە ئەو کاتە کەشوهەوا جارێ سارد بوو، ڕووەکەکان ئەوەندە بڵاو نەبووبوون. گرفتێکی دیکە ئەوەیە لە هەڵکۆڵێنە کۆنەکاندا، ئاسان نەبووە ڕووەکە خەڵووزبووەکان بدۆزنەوە و دەربهێننەوە. بەڵام تیمەکە لە پاڵەگەورە چەندین نموونەی جۆراوجۆریان دەرهێناوە. تەواو دیار نییە گریمانەی کەمی ڕووەک ڕاستییە یان نا. ئەوە بووە هۆیەکی پاڵنەر تا تیمە بێنەوە ئەشکەوتی پاڵەگەورە و پشکنینی نوێ بکەن. لە ئەنجامدا ٩٦٦ بابەتی ڕووەکی و ٤٤٠ پارچە خەڵووزی دار دۆزرانەوە. بابەتی زۆری پاشماوەی پاقلەمەنی، خواردنە ڕەگدارەکان (لە خێزانی چەوەندەر، گێزەر، توور، شێلم) دۆزرانەوە

 

دۆزینەوەی توێكڵی بادام و فستەق لە چینەکانی سەرەوە واتای ئەوەیە بە بەردەوامی لە چاخی بەردینی کۆندا، کۆکراونەتەوە. دەنکە جۆ، ڕازیانە، تووکە گیا، خەردەل، گەنمی خۆڕسک و تۆوی چەندان جۆری گوڵ و گوڵزاری ناوچەکە دۆزرانەوە. لەبەر تێکچوونیان، نەکرا توێژینەوە تاقیگە لەسەر هیچیان بکرێ. بەڵام دیارە گەنمی خۆڕسک لەلایەن مرۆڤی کۆنی پاڵەگەورە کۆکراوەتەوە. لەوانەیە هەندێک لەوانە لە چینەکانی سەرەوە بەرەو خوار ڕۆچووبن، بەڵام ژمارەی بەڵگەکان زۆرن بۆیەدەکرێ ئەوانە وەکو ڕاستیی ژیانی ئەو کاتەی مرۆڤی پاڵەگەورە وەربگیرێ. بڕوانە وێنەکانی ٥٧ تا ٦١. بۆ نموونەی خەڵووزەکانیش بڕوانە وێنەکانی ٦٢ تا ٦٩. بە شێوەیەکی گشتیی، خەڵووز لە چینی دووەمدا کەمتر بووەتەوە، ئەوەیش هاوتەریبی کەشوهەوایەکی وشکە لە نێوان ساڵی ١٧٠٠٠ تا ١٦٦٠٠ لەمەوبەر، دیارە لەو کاتەدا هاموشۆ بۆ ئەشکەوتەکە، کەم بووە

 

بەشێکی زۆری خەڵووزی ئەشکەوتی پاڵەگەورە لە داری بەڕوو، گوێز و چنار بوون. توێکڵی گوێز و بەڕوو و فستەقیش سووتێندراون و تیمەکە توانی دەریان بێنێتەوە. کەواتە ئەو جۆرە دار و بەرووبوومانە لەو کاتەدا لە نزیک ئەشکەوتەکە هەبوون و مرۆڤی ئەوێ بە ئاسانای دەستی پێ گەیشتوون

 

ئەنجامی کۆتایی ئەو توێژینەوەیە ئەوە دەسەلمێنێ، مرۆڤی کۆن بەر لە ١٩٦٠٠ ساڵ لە پاڵەگەورە ژیاوە. بێ هیچ گومانێک، شوێنەواری پاڵەگەورە وەکو بەشێک لە کەلتووری زارزی لە چیاکانی زاگرۆس، دەچەسپێنێ. وەڵامی بەڵگەداریش بۆ پرسیاری هەبوون، یان نەبوونی ژیان لە کۆتایی چاخی بەستەڵەکدا، لە دامێنی چیاکانی زاگرۆس، دەداتەوە


سەرچاوە 

https://doi.org/10.1371/journal.pone.0239564 

https://journals.plos.org/plosone/article?id=10.1371/journal.pone.0239564