ئیخوان و میسر

لە ئەنجامەکانی بەهاری عەرەبی، ئەوە بوو ئیخوان لە میسر دەسەڵاتی گرتە دەست. محمد مورسی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٢ بردییەوە و بوو بە سەرۆکی میسر. ئیخوان هەر زوو دەستیان بە لادانی کەسە بەرپرسە گەورەکان کرد و بە هێمنی خەڵکی خۆیانیان لێ دانا. ١ ساڵ و چوار ڕۆژیان لە دەسەڵاتدا بەسەربرد. زۆری نەبرد، ڕەوتی ئیسلامیی لە میسر بە تایبەتیش سەرۆکی حزبی نوری سەلەفی هۆشداریی لە بە ئیخوان کردنی میسر، دا. تەنیا لە دەزگەی سەرۆکایەتیی میسر ٨ لە سەرکردەکانی ئیخوان هەبوون. هەوڵیان دا دەزگەکانی حکومەت بە دەزگەی سەر بە ئیخوان بگۆڕن، وەکو ئەوەی لە ئێران هەیە دەزگەی پاراستنی شۆڕش (حرس ثوري) دامەزرێنن، بەڵام لە دواییدا، سەرنەکەوتن


لە ترۆپکی دەسەڵاتیاندا، ئیخوان دەستیان بە هێرش کردنە سەر دامەزراوەکانی داد و دادگەریی، کرد. هەوڵی گۆڕینی پۆستە بەرزەکانی سیستەمی دادوەرییان، دا. ئیخوانەکان گەمارۆی دادگەی دەستوورییان دا، نەیانهێشت دادوەرانی بگەنە دادگای دەستووریی تا لە داواکانی هەڵوەشاندنەوەی مەجلیسی شورا و کۆمەڵەی دامەزراندنی دەستوور، بڕوانن. لە ناکاو، سەرۆک ڕاگەیاندنێکی دەستووری بڵاوکردوە تا جێ پێی دیکتاتۆر قایم کا. تێیدا هاتبوو، هیچ لایەنێک بۆی نییە بڕیارەکانی سەرۆک ڕابگرێ، تانەی لێ بدا. هەموو بڕیارەکانی سەرۆکایەتیی میسر لە لایەن نووسینگەی ئیرشادەوە دەدران، سەرۆکی نووسینگەی ئیرشاد (هەر خۆشی سەرۆکی/مورشیدی ئیخوان بوو) بە بەردەوامیی لە کۆشکی سەرۆکایەتیی میسر، بوو


خەڵک ناڕازی بوو، بۆیە هاتنەوە سەر شەقامەکان، وەک موبارەک، ئیخوانیان خزاندنە پاڵ و دژیان جووڵانەوە، دواییش کەوتنە لێدان و پێدادانی خۆپیشاندەران، تەنانەت چەکیشیان بەکارهێنا. سەردانی ئەحمەدی نەژادیش بۆ میسر هێندەی دی ئاڵۆزیی نایەوە، بزووتنەوە سەلەفییەکان زۆر لە پێوەندیی ئیخوان لەگەڵ ئێران، نیگەران و تووڕە بوون. بۆیە ناکۆکی نێوان ئێخوان و سەلەفییەکان، زیاتر پەرەی سەند. لە دواییشدا ڕاوێژکاری سەرۆکایەتییان، کە لە حزبی نور بوو، لا دا. متمانە لە نێوانیاندا لاواز بوو. حزبی نور لە دژی مورسی چووە پاڵ داواکاریی خۆپیشاندەران


پێوەندییەکانی ئیخوان تا دەهات گومانی زیاتری دەچووە سەر، دیدارەکان لەگەڵ توندڕەوە ئیسلامییەکانی ئەنوەر ساداتیان کوشت، دووبارە دەبوونەوە. قەرزی زۆریان لە قەتەر وەرگرت تا خۆی پێ لە دەسەڵاتدا قایم کەن. بڕیاری سەرۆکایەتیی بۆ لابردنی گومرگ لەسەر کاڵای تورکیا، لە ناو ئەو پێوەندییە گوماناوییانە بوو ئیخوان پێڕەوی دەکردن.

تەنیا لە ماوەی چەند مانگێکی دەسەڵاتیاندا، کرۆکی ئیخوانیان نیشانی گەلی میسر، دا. لە حوزیرانی ٢٠١٣ لە یاریگای قاهیرە گووتیان ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی ٣٠ مانگ بەشدار بێ، دژی ئیسلامە! ( هەرکەسێ دژی ئیسلام بێ، مافی ئیسلامییەکانە خوێنی بڕێژن). ململانێی سیاسی بۆ گەیشتنە دەسەڵات کرا بە ململانێی بیروباوەڕ و ئایین. سەرۆکایەتیی وڵات کرا بە پێگەیەکی ئایینیی بۆ بانگخوازێکی ئیسلامیی ئەندام لە ڕێکخراوێکی ئایینیی، نەک سەرۆکی وڵاتێکی مەدەنی فرە ئایین


بە گەیشتنە دەسەڵات، مەرجەکانی لە دایکبوون و مانەوەی ڕیکخراوی ئیخوان لە میسر، نەمان. هەر ڕێکخراوێکی هۆش لەسەر و بە ئاگا، لەو بارەدا خۆی هەڵدەوەشاندەوە، پێویستیی تێکۆشانی ئیخوان لە میسر نەما. بۆ میسرییەکان دەرکەوت، تاکە ئامانجی ئیخوان گەیشتن بە دەسەڵات نەبوو، بەڵکو مەبەستیان بوو هەموو وڵات لووش دەن. هەموو میسر بکەنە ئیخوان. دەستیان لەگەڵ ئیخوانەکانی دیکەی وڵاتانی دیکە تێکەڵ کرد. خۆ بەوەندەیش نەوەستان، کۆڕ و کۆبوونەوەیان لەگەڵ قاعیدە  و توندڕەوەکانی دیکە هەبوو تا بەرەیەکی ئیسلامیی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ئیخوان، پێکبێنن


بە درێژایی میژوویان، ئیخوان ڕازی نەبوون میسر لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی قەرز بکات. تەنانەت لە دوای ڕووخانی موبارەک و پێش دەرچوونی محمد مورسی لە هەڵبژاردنەکاندا (لەو نێوانەدا لیژنەیەکی عەسکەریی وڵاتی بەڕێوەدەبرد)، ئیخوان لە پەرلەمان زۆرینە بوون، نەیانهێشت لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی دانوستان بۆ قەرز وەرگرتن بکرێ، چونکە قازانجی لەسەرە و ریبایە. کە مورسی گەیشتە دەسەڵات، هەمان پەرلەمان ریبای وەک خەرجیی ئیداریی لەقەڵەم دا و قەرزەکەی بۆخۆیان، قبووڵ کرد


لە هەڵمەتی ڕاگەیاندندا، مورسی لە بەرنامی ١٠٠ ڕۆژدا گوتی، گرفتەکانی کارەبا، هاتووچوو، ئاسایش و پاک و خاوێنی ناهێڵین. کەچی هەر لەو ١٠٠ ڕۆژەدا سووتەمەنی گەورەترین گرفتی میسر بوو، وای کرد هاتووچوو، نان و کارەبا بەرەو خراپی بڕۆن. بۆ داپۆشینی نشوستییەکان، پاساوی پاشماوەی دەسەڵاتی موبارەکیان هێنایەوە. لای هەموو کەس ئاسانە ڕەخنە بگرێ ئەگەرچی بەرنامەی خۆیشی بەتاڵ بێ، بەڵام کەی هاتییە شوێنی بڕیار، دەبێ کردارت هەبێ. هاتوهاوار، وەک کردار نییە


کاتێک میسر کەوتە دەست ئیخوان ٣٤ ملیار دۆلار قەرزدار بوو. ئیخوان ٧ ملیار لە قەتەر، ٢ ملیار لە لیبیا، ١ ملیار لە بەنکی گەشەی ئیسلامی و ١ ملیار دۆلاریشی لە تورکیا قەرز کرد. واتا ١١ ملیار دۆلاری لە ماوەی ١ ساڵدا هێنایە سەر قەرزی میسر، بێ ئەوەی هیچ پێشکەوتن و چاکسازیی لە ناوخۆدا بکا. وەبەرهێنانی دەرەکیی لە میسر لە ١٢ ملیار لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ تەنیا ٢ ملیار دۆلار، لە یەک ساڵدا هاتەخوار، لە کۆتایی ٢٠١٣ بووبووە کەمتر لە یەک ملیاریش.

لە دامەزراوەی سەربازیی میسر، وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپای دوورخستەوە. مورسی دەزگە ئەمنییەکانی بە کەمتەرخەمیی لە پاراستنی بارەگاکانی ئیخوان، تاوانبار کرد. لە چەند مانگی یەکەمی دەسەڵاتیاندا، چەند هەزار دەستە جلی پۆلیس و سوپا لە بەندەرێکی میسر لە لایەن سوپاوە دەستی بەسەردا گیرا. ئیخوان دەیویست بە قاچاخ بیانهێنێتە ناو میسر و ئەندامانی خۆی کەی پێویست بوو بەکاریان بێنن. هەر ئەو جل و بەرگانە بۆ کەرتی غەزە نێردرابوون، تا لەوێوە بە جل و بەرگی ڕەسمیی سوپا و پۆلیسەوە، حەماس بێننە ناو میسر و هاریکاری دەسەڵاتی ئیخوان بکەن. ئەوانە لە لاپەڕە ١٤٦ ی لینکی خوارەوە بخوێنەوە


https://books.google.iq/books?id=HAStDQAAQBAJ&pg=PA146&lpg=PA146&dq=%D9%83%D9%8A%D9%81+%D8%AA%D9%85+%D8%B6%D8%A8%D8%B7+%D9%85%D9%84%D8%A7%D8%A8%D8%B3+%D8%B9%D8%B3%D9%83%D8%B1%D9%8A%D8%A9+%D9%81%D9%8A+%D9%85%D8%B5%D8%B1+%D8%AA%D8%A7%D8%A8%D8%B9%D8%A9+%D9%84%D9%84%D8%A5%D8%AE%D9%88%D8%A7%D9%86&source=bl&ots=HVmGU7ckLg&sig=ACfU3U173Oop87SCTP88gVW7uoZqxxBhMA&hl=en&sa=X&ved=2ahUKEwj7g9Sjv63xAhVC_7sIHXv1DH8Q6AEwBXoECAYQAw#v=onepage&q=%D9%83%D9%8A%D9%81%20%D8%AA%D9%85%20%D8%B6%D8%A8%D8%B7%20%D9%85%D9%84%D8%A7%D8%A8%D8%B3%20%D8%B9%D8%B3%D9%83%D8%B1%D9%8A%D8%A9%20%D9%81%D9%8A%20%D9%85%D8%B5%D8%B1%20%D8%AA%D8%A7%D8%A8%D8%B9%D8%A9%20%D9%84%D9%84%D8%A5%D8%AE%D9%88%D8%A7%D9%86&f=false.

ئەوە یەکەم جار نییە ئیسلامی سیاسیی بگاتە دەسەڵات و هەمان شکست یەک لە دوای یەک دووبارە بکەنەوە. تاکە ئەزموون تورکیایە. ئەوانیش لەبەرئەوەی خۆیان بە بەشیک لە ئەوروپا دەزانن و تا ئێستەیش هەر بە دەوڵەتێکی عەلمانی ناسراوە، نەگەیشتنە هەمان بنبەست


حەماس لە فەلەستین هیچ دەستکەوتی نییە، هیچیشی لە شیڕەشیڕ زیاتر نابێ. بە بێ یارمەتی نێودەوڵەتیی خۆیان پێ بەڕێوە نابرێ. لە تونس پاشەکشەیان پێ کرا. لە عێراق، لە دەسەڵاتن، بەڵام دیارە چۆنن. بزووتنەوەکانی ئیسلامی سیاسیی بە بێ خۆ نوێ کردنەوە و گۆڕینی دروشمەکانیان و زۆرتر نزیک بوونەوە لە جیهانی نوێ، ناتوانن هیچ ئەنجام بدەن. لە کوردستان هەندێ ناوچەی دوورەدەستی هەڵەبجەیان بەدەستەوە بوو، خەڵک لە بیری ماوە چییان پێ دەکردن. ئیسلامی سیاسیی لە هەموو شوێنێک هەر یەک وێنەی هەیە و هەر ئەو وێنەیەش دووبارە دەکاتەوە. ئەوە تالیبانیش دەست بەسەر ئەفگانستاندا دەگرێتەوە، دەیبینین چی بەسەر خەڵک دەهێنن و چۆن ڕەفتار دەکەن