چیمەنتۆ

لە بەکارهێنانی مرۆڤ بۆ ماددە و بەرهەمەکان، چیمەنتۆ پلەی دووەمی هەیە. تەنیا ئاو لە چیمەنتۆ زۆرتر بەکاردەهێنین. هیچ شار و لادێیەک نەماوە چیمەنتۆی تێدا نەبێ و خانوو و باڵەخانەی تێدا بە چیمەنتۆ دروست نەکرابێ. رۆمانەکان شێوەیەکی سەرەتایی چیمەنتۆیان لە باڵەخانە و پێکهاتە گەورەکانیاندا باکارهێناوە. ئەوەی ئێستە هەیە شیشی ئاسنی تێدا دەخزێنرێ لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم لە فەرەنسا بۆ یەکەم جار بەکارهاتووە و لەوێوە بڵاوبووەتەوە. تێکەڵکردنی شیشی ئاسن و چیمەنتۆ ئەو هەموو توانایەی داوتە مرۆڤ تا لە چیمەنتۆ، هەزاران پێکهاتەی جۆراوجۆر لە چیمەنتۆ دروست بکات.


ئەو جۆرەی بە چیمەنتۆوی پۆرتلاند دەناسرێ و زۆر بە بڵاوی بەکاردەهێندریت، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا لەلایەن ئەندازیارانی بەریتانیاوە پێکهاتە و چۆنییەتی دروستکردنی داهێندراوە. ناوی پۆرتلاند لەبەرئەوەبوو ڕەنگی ئەو بەرهەمەی جۆزێف ئەسپدین لە ڕەنگی بەردەکانی دوورگەی پۆرتلاندی بەریتانیا دەچوو. کوڕەکەی ویلیام ئەسپدین، بە ڕیکەوت کالسیۆم سیلیکەیتی دروستکرد و بووە بەردی بناغەی چیمەنتۆی پۆرتلاندی ئێستە. لە ساڵی ١٨٥٠ بەکارهێنانی ئەو جۆرە چیمەنتۆیە لە دروستکردنی باڵەخانە و خانووە گەورەکاندا بەکارهات.


ئەو نرخەی مرۆڤ و زەوی بۆ دەستکەوتنی چیمەنتۆ داویەتی، یەکجار زۆرە. هەروەک پلاستیک، چیمەنتۆ ژینگە پیسکەرە. وەکو پلاستیک بۆمبێکی کاتییە و، دەتەقێتەوە. هەموو کونج و کەلەبەرێک پڕە لە چیمەنتۆ. بۆیە دەبێ لە جێگرەوەی چیمەنتۆ بگەڕێین و لەمەودوا چیمەنتۆ لە ژیانی ڕۆژانەماندا نەمێنێ. لەگەڵ ئەوانیشدا هەندێ جار بەپێی ئەو پێکهاتەیەی لە بەردەکانی سیلیکا هەیە گازی ژەهراوی و قورس وەکو (ثالیۆم، کادمیۆم و جیوە، هەندێ جاریش سیلینیۆم) دەردەدەن. ئەو سێ گازە بۆ ژینگە یەکجار مەترسیدارن. ئەو وزەیەی بۆ بەرهەمهێنانی ١ تۆن چیمەنتۆی پۆرتلاند پێویستە لە نێوان ١ و نیو مێگا وات لە کاتژمێریکدا تا ٢ مێگا واتە.


بەرهەمی ساڵانەی چیمەنتۆ لە جیهاندا ٤ ملیار تۆنە، نیوەی ئەو بڕە لە چینە. پیشەسازیی چیمەنتۆ ٨٪ی گازی دووەم ئۆکسیدی خزاندووەتە بەرگە هەوای زەوی. ئەوە لە دوو هێندەی گەشتی هەموو فڕۆکە و پاپۆڕەکانی زەوی زۆرترە. سەروو ٤ ملیار تۆن ساڵانە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ دروست دەبێت. ئەو چیمەنتۆیەی بۆ دروستکردنی هەموو شار، بەنداوەکانی ئاو و ڕیگاوبانەکانمان تا ئێستە بەکارمانهێناوە.  هەڵبەت تێکەڵکردنی چیمەنتۆ لەگەڵ لم و چەو، دەبێتە کۆنکریت. ئەویش ماددەیەکی ئەندامی (ئۆرگانیک) نییە.


لە گەڕانمان بەدوای جێگرەوەی چیمەنتۆ ماددەی فێررۆک دێتە پیش. وردە ئاسن و سیلیکا ( ماددەی خاوی پیشەسازی شووشە) فێررۆک دروست دەکەن. ٥ جار لە چیمەنتۆ توندترە (بەهێزترە)، هێندەی چیمەنتۆ ڕەق نییە، بۆیە تا ڕاددەیەک دەنوشتێتەوە، واتا بەرگەی هێزی زۆرتر دەگرێ. لە ناو ئاوی سوێردا، بەهێزتر دەبێ، ئەو سیفەتە لەکەم ماددەی دیکەدا هەیە. کە دروستکرا، گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەمژێ. لە دروستکردنیشیدا بڕێکی زۆر کەمتر لەوەی چیمەنتۆ، گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی لێوە دەردەچێ.

جێگرەوەی دووەم ماددەیەکە ناوی ئاشکریتی لێنراوە. لە خۆڵەمێشی سووتاندنی خەڵوز دروست دەبێ و تا ڕێژەی ٩٣٪ ماددەی دووبارە بەکارهێندراوە. زۆر جار لە بری چیمەنتۆ لە کۆنکریتدا دادەندرێ و زۆر لە خۆڵی فڕینیشتووی دوای گڕکانەکان دەچێ. بە هەبوونی ئاو لەگەڵ کالسیۆم هایدرۆکساید کارلێکدەکەن و بەرهەمێکی زۆر بەهێز و رەق دروست دەکەن. هەرچەندە لە سووتابدنی خەڵووزدا دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەر پەیدا دەبێ، بەڵام بڕێکی زۆر کەمترە لەوەی لە بەرهەمهێنانی چیمەنتی ئاساییدا دروست دەبێ.

هەرچی ماددەی سێیەمە ناوی (هێپکریت)ە. وەکو کۆنکریت پێویستیی بە لێکبەستن و لێکگرێدان نییە و پایە و پردی ناوێ. لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە هەبووە. هێپکریت لە تەڵاشە داری تێکەڵ بە گەچ و ئاو دەکرێت. قورسایی هێپکریت ١ لە هەشتی ئەوەی کۆنکریتە، دژە مێروولەکانە و بە ئاسانی دەگوازرێتەوە.


ماددەیەکی دیکە لەوانەیە جێگرەوەی چیمەنتۆ و کۆنکریت بێ، ماددەیەکە پێی دەگوترێ مایسیلیۆم. مایسیلیۆم لە ڕەگ و لق و پۆپی کەڕوو دەچێ لە پەنا دار و زەوی دارستانە چڕەکاندا، دروست دەبێ. کاتێک ووشک دەبێتەوە، زۆر بەهێزە، وشکە و دژە ئاگرە. دەکرێ وەکو داروبار، بەخێوبکرێ و بەپێی پێویستیی خۆمان لە قالب بدرێ ، وەک شێوەی ئەندازەیی قاڵبەکەی دەردەچێ.


دوایین جێگرەوە دەکرێ لە لمی سووری بیابانەکان دروست بکرێ، پێی دەڵین فینایت. لمی بیابان بێ سوود بووە. بەڵام ئێستە دەکرێ جێگرەوەی کۆنکریت بێ. لەبەرئەوەی دەنکەکانی لمی بیابان خڕیەن و گۆشەیان نییە، بۆیە لە ناو چیمەنتۆشدا، کەڵکی نییە. چونکە چیمەنتۆکە لاواز دەبێ و خۆ بۆ پەستان و لێدان ناگرێ، بەوانە هەر زوو هەڵدەوەرێ. جارێ ئەوانەی ئەو ماددەیەیان دروست کردووە ئاشکرایان نەکردووە چۆن دروستی دەکەن، بەڵام لەوە دڵنیاین ژەهراوی نییە، دەکرێ دووبارە لە قاڵب بدرێتەوە و بۆ پرۆژەی دیکە سوودی هەبێ.