گەڕان بە دوای خواردنی میللی کوردی، شوێن پێی لەوەڕگاکان لە کوردستان دەدۆزێتەوە
تیمێک لە توێژەران لە زانکۆی ڕاپەڕین لە ڕانیە، زانکۆی ڤینیسیای ئیتاڵیا، زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر و زانکۆی زانستەکانی تامی خواردنەکان لە ئیتاڵیا بۆ دۆزینەوەی جیاوازی نێوان خواردنی گژوگیای بەهاران لەنێوان کوردە موسوڵمانەکان و کاکاییەکان (لە ناوچەی هەڵەبجە و گەرمیان) دەکۆڵنەوە. دەیانەوێ بزانن ئایا بیروباوەڕی ئایین جۆری خواردنی دانیشتوانی کوردستانی گۆڕیوە. ئەو تیمە لە گوندەکانی کەلار لە گەرمیان تا دەگاتە دەشتی موسڵ و ئەوپەڕی سنووری باکوور، دەگەڕێن. لەگەڵ لاو و خەڵکانی گوند بە گوندی ئەو ناوچانە بە دەشت و دەری کوردستاندا دەگەڕێن و ناوی ئەو گیا سروشتییانە تۆمار دەکەن، خەڵکی هەر ناوچەیەک کۆی دەکەنەوە و دەیخۆن. بەو شێوەیە کەتەلۆکێک لە هەموو گژوگیا بەهارییەکانی دانیشتووانی کوردستان دروست دەکەن
باشووری کوردستان شوێنێکی تایبەتی فرە ژینگەی بایۆلۆجی و گەڕان بەدوای گیا سروشتییەکانی ناو خواردنی میللییە. ئەو ناوچەیە شوێنی نیشتەجێبوونی چاخی بەردینی نوێی یەکەمە و بە درێژایی هەزاران ساڵ ڕێڕەو و خاڵی پێک گەیشتنی شارستانییەت و کەلتوورەکان بووە. ئەو توێژینەوەیە بۆ بەراوردکردنی ئەو گیایانەی کوردی باشووری کوردستان کۆی دەکەنەوە، لەگەڵ ئەو گیایانەی پیاوانی ئایینی یارسان (کاکایی) لە دێر زەمانەوە کۆی دەکەنەوە و دەیخۆن، تا لە بەشی شاراوەی ژینگەی مرۆڤ و پێوەندی بە ڕێوڕەسمە ئایینییەکانەوە، تێبگەین. لە ڕووماڵێکدا، ٥٥ کاکایی (٢٨ پیاو، ٢٧ ژن) و ٦٨ کوردی موسوڵمان (٤٠ پیاو، ٢٨ ژن) تەمەنیان لە نێوان ٣١ بۆ ٧ ساڵان، سەبارەت بەو گیایانەی بەهاران کۆی دەکەنەوەو دەیخۆن، ڕاپرسیان لەگەڵ کراوە
ئایا فرەئایین و فرەکەلتووریی لە کوردستان هاوشێوەی دراوسێیەکانییەتی؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە لە دەشتی موسڵەوە بۆ نیمچەبیابانی گەرمیان لەسەر سنووری عەرەب، گەڕاون. چونکە خاکی کوردستان لە تورکیا، ئێران، سوریا و عێراق لانکەی شۆڕشی چاخی بەردین، بووە و بەشێکی سەرەکی ژینگەناسیی خواردن و شێواز و گۆڕانی خواردنی مرۆڤە. هەندێ شوێنەواری گرنگی کەوانۆکەی بە پیتی باکوور (گردی کۆتا بەرچەم، گرێ مزارا، چەرمۆ، مورایبات، گردی ئەبو هورەیرە و گردی سابی ئابیاد) بۆ ٧٥٠٠ تا ١٠ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. تیایاندا یەکەمین کێڵان و کشتوکاڵ ئاژەڵداریی کراوە
لە کۆی ئەو گژەگیایانە تیمەکە ٥٤ جۆری تۆمارکردووە، هەر یەکەیان بە پێی ئەوەی سەرەوەی گیایەکە یان ڕەگ و بەشەکەی ناو زەوی دەخورێت، ئینجا تامی ئەو خواردنە یان گیایە چۆنە، جیا کردووەتەوە. لەگەڵ هەر یەکەیان جۆری ئامادەکردنیشی نووسیوە، ئایا بە خاوی دەخورێ، زەرد دەکرێ و دەخورێ یان دەکوڵیندرێ و سووردەکرێتەوە. هەموو ئەو زانیارییانە دەچێتە ناو هەمان کەتەلۆگ
ناوی گژوگیایەکان: کۆرایا (قورادە)، کەنیوال، کۆڵ، کەرات (کناڵ، پیچەک)، گەزەروان (گۆزەروان)، کاردی (کاردوو)، ماریجۆک، گەبڵە (گەڵبە)، دۆبێل (دۆبێل دووبانە)، زەرکەزاوی (زەرگەزێوی)، ژیژالەک (گوژالەک، گەمپشیلە)، گێواسک (گوەیش)، پیفۆک (پچەک، پیچۆک، پیشۆک)، حاجی لەقلەق (دەرزیلە، دەندەولەقلەق، گیا دەرزیلە)، هازۆڵە (ڕازیانە)، پوشین، باڵەک، کنگر، پیازۆکە، باڕەزە، پۆڵکە، سەڤەلۆک (سەڤون)، تەڵەکە (تۆڵەکە، تۆڵکە)، گوڵەچەرمە (بەیبون، گوڵەچەرمەلە، گورلینکە)، پونگ (پینگ، پونگە)، مەرت، کوزەڵە (چوزەڵە، پحزەڵە، پەندرپۆزە)، گەلک (گڵێخە)، فۆرمەشیشانا (شیمیشاک، هورمەشیشانە)، کاشما، کەسکوان (کەسکەڤانیش، کاشاکاو)، کارگ (قارچک)، پەڵپینە (پەرپینە)، خەشخاشە (خارنیک)، بایاف (بایو، نابیک)، گێلاس (هەڵو، زەردەلو)،چاکەلۆڤە، شۆکەبارو، شاباڵو (بارو)، ڕێواس، توتڕک (ئاڵگا)، ترشۆکە (تروسکە، تورشکە، خامگە)، جاترە (هاسۆڵە، لاترە، زاترە)، دەمکۆز (گازەر، هەڵاڵوک، هاپەڵوک، هەپلۆگ، کارکۆزە، پەسباڵا)، چاوبازە (کالاگان، کەڵگانا، کاڵخانە، کێڤار، کۆسەپ)، فیژیلە (گوڵەساردە، تاڤار، تەڤرۆکە، تۆرپۆکە، خارتەلە)، نەریمە (گنۆر)، ئەرۆساڵە، دۆڵەمان (دۆمبەڵان، دۆمەران)، ئەسبیلە، گورەمێ (گەرگەمی، نانافەلا)، شینگ، پیکۆڵە، مێلاقە، گادانە، کنار، زۆتکە، شەوبۆ، دانتیژکەرە، فێتر و دامکۆس
ئەو ژمارە زۆرەی گژوگیای سروشتی ناو خواردنی کوردەواری تا ڕادەیەکی زۆر بێ هاوتایە. بۆ گەڕان بەدوای خواردنە میللیەکاندا، کوردستان شوێنێکی یەکجار گرنگی جیهانە. ئەو ئەنجامانە لە لایەن هەموو توێژینەوەکانی دیکەوە دانی پێدانراوە و ئەو شوێنانەی کوردی تێدا دەژی لەچاو هەموو هاوسێکانی، جیاوازە. بەشی هەرەزۆریان بە خاوی دەخورێت، وەکو سەوزە لەگەڵ خواردن دادەنرێن
ئەنجامی کۆتایی ئەو توێژینەوەیە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان خواردنی گژوگیاکان لە نێوان کاکاییەکان و موسوڵمانەکاندا نابینێتەوە
پێم وایە توێژەران ئەو گیایانەی خوارەوەیان بەسەردا تێپەڕیوە یان تووشی نەهاتوون: گیا برژیوە، بەندۆکە، دۆری، سەبسکۆرە، تەرخون، هەندرێشە و سلێرک
سەرچاوە
https://www.researchgate.net/publication/337585538_Where_tulips_and_crocuses_are_popular_food_snacks_Kurdish_traditional_foraging_reveals_traces_of_mobile_pastoralism_in_Southern_Iraqi_Kurdistan