وەک هەموو هەستێکی دیکەمان، هەست و تێگەیشتنمان بۆ دادپەروەریی ڕەگی بۆ چەندین ملیۆن ساڵ دەگەڕێتەوە. ڕەوشت و ئەخلاقی مرۆڤ لەگەڵ کرداری گۆڕان و بەرەوپێشچوون و پێشکەوتن و بە کاریگەریی گرفتی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی لە ناو کۆمەڵە ڕاوچییەکاندا، وردەوردە دەرکەوتووە و گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەگەر بەیەکەوە چووینە ڕاو، من ئاسکێکم ڕاو کرد و تۆ هیچ، یان من چەند سەبەتەیەکم قارچک لێکردەوە و تۆ هیچ، ئەوە واتای ئەوەیە من لە تۆ بەهێزتر و باڵادەستترم؟ ئەی ئەگەر زانیم نیازی لەناوبردنمت هەیە؟ دەبێ لە نیوەی شەودا هەڵكوتمە سەرت و ساردت کەمەوە؟
لە ڕواڵەتدا زۆر لەوەی لە مێرگەکانی ئافریقا دەمانکرد، نەگۆڕاوە. ڕەنگە پێمان وابێ گرفتی سوریا، ئۆکراینی ئێستە و قەتیسبوونی گەرما، هەمان گرفتەکانی زووترن بەشێوەی گەورەتر دەرکەوتوون. لە ڕوانگەی دادپەروەرییەوە بێ، ئێمە لەگەڵ بارودۆخی جیهاندا هەڵناکەین. کێشە لە بەهاکانماندا نییە، مرۆڤی سەدەی ٢١ بەهای زۆرە بەڵام لەسەر زەمینەی ژیانی خۆیدا جێبەجێیان ناکات. بەڵام دادپەروەریی تەنیا بە هەبوونی بەها نییە، بەڵکو پێوەندی نێوان هۆکار و ئەنجامە. ئەگەر هەموو قارچکەکەی کۆت کردەوە لێ بستێنم و منداڵەکانت بە برسییەتی بنوون، ئەوە نادادپەروەرییە. تێگەیشتن لە هۆکار و ئەنجامی ئەوە ئاسانە، بەڵام هۆکار و ئەنجامەکانی جیهانی ئێستە هێندەیان لق و پۆپ لێ بووەتەوە، بۆیە نا دادپەروەر دەبی. بۆ نموونە، ئەگەر لە ماڵی خۆم دانیشم و سەر دەرنەهێنم، لەبەرئەوەی کوردم دەکرێ بە ئاگری شیعە و ئێران بسووتێم
بە تێڕوانینی سۆشیالیستەکان بێ، ژیانی سەرمایەداریی بۆیە خۆش بووە چونکە منداڵ لە کارگەکانی جیهانی سێیەمدا دەچەوسێندرێنەوە. هەرچی داکۆکیکارانی مافی ئاژەڵانە، دەڵێن ژیانمان لەگەڵ گەورەترین تاوان تێکەڵ بووە، چونکە چەند ملیار ئاژەڵیک بۆ سەربڕین و خواردنیان لە کێڵگە و خانەی پەلەوەرەکانماندا، زیندان کردووە. ئایا بەڕاستیی من تاوانبارم؟ ئاسان نییە وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە، چونکە پشت بە چەندین گرێدراوی سیاسی و ئابووری دەبەستین. پرسیاری ئاسانی وەکو، خواردنم لە کوێوە دێ و چی تێکراوە؟ کێ ئەو پێڵاوەی لەپێمە دروست کردووە؟ سندووقی داهات چۆن هەڵسوکەوت بە پارەکەمەوە دەکات
ڕاوچی جاران دەیانزانی خواردنیان لە کوێوە دێ (بۆخۆی بەدەستی دەهێنا) . کێ پێڵاوەکەی بۆ دروست کردووە (٢٠ مەتر دوور لەو دەنووست)، منداڵەکەی تاکە مووچەی خانەنشینیی بوو، ئێستە ئێمە زۆر لەو ڕاوچییە نەزانترین. دوای چەند ساڵ بەدواداچوون ئینجا بۆمان دەردەکەوێ وڵاتی فڵان چەکی بە فڵان دکتاتۆر فرۆشتووە. تا ئەو کارە دەکرێ، سەدانی دیکەی لەو جۆرەت بەسەردا دەڕوات
سیستەمی جیهان بە شێوەیەکە ئەوانەی هیچ هەوڵی زانین نادەن، لە نەزانییەکی خۆشدا دەمێننەوە، هەرچی ئەوانەیە بە دوایدا دەگەڕێن زۆر بە قورسیی دەگەنە ڕاستییەکان. چۆن خۆ لە دزین لادەین لەو کاتەی سیستەمی ئابووری جیهان بێ پەروا بێ ئاگاداری خەڵک دەدزێ؟ ناتوانین لەبەر دەرئەنجامەکان کردارەکان هەڵسەنگێنین (نابێ بدزی چونکە قوربانیی ئازار دەدەی)، یان ئەگەر باوەڕت بە ئەرکی ڕەها هەیە (نابێ بدزی چونکە خوا حەرامی کردووە). کێشە لەوەدایە، تێگەیشتن لەوەی دەبێ بیکەین و نەیکەین، زۆر ئاڵۆز بووە
گەورەترین تاوان لە مێژوودا تەنیا لەبەر ڕق و حەزی پارەوپول نەبووە، بەڵکو لەبەر پشتگوێخستن و یەکسانییەکانمان بووە. خانمانی چینی سەرەوەی کۆمەڵگەی ئینگلیز پشکیان لە کۆمپانیاکانی هێنانی کۆیلە ڕەشپێشتەکانی ئافریقا دەکڕی بێ ئەوەی ئافریقایان دیبێ. ئینجا چای ئێوارانیان بە شەکری کێڵگەکانی پڕ لە چەوسانەوە و ئازار شیرین دەکرد، بێ ئەوەی بزانن لەوێ چی دەگوزەرێ
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە جیهانی سەردەم بۆ مێشکی کۆمەڵە ڕاوچییەکان زۆر ئاڵۆزە. زۆربەی هەرە زۆری نا دادپەروەریی لە گەورەیی پێکهاتە و دامەزراوەکانمانەوە دێن نەک لە تاکەکان. مێشکی ڕاوچییە گەڕۆکەکان لەگەڵ ئەو کۆمەڵ و پێکهاتە گەورانە ڕانەهاتووە و وەکو خۆیان، نایانبینێ. هەندێ جاریش ئێمە لایەنی ئەو نادادپەروەرییانە دەگرین چونکە کات و توانای دۆزینەوەی ڕاستییەکانمان نییە. تەنانەت ڕۆشنبیر و بیرمەندەکان زۆر جار بە لایەکدا دەشکێنەوە، چونکە ناتوانن بیروڕای ئەو دەستەبژێرەی سەرۆکایەتی جیهان دەکەن، پشتگوێ بخەن. هەموو گفتوگۆ و گوتاری جیهان ئەو دەستەبژێرە بەڕێوەی دەبەن. هەموو کۆمەڵە بچووک و ژێردەستەکان دەنگیان کپ دەکرێ، نەک لەبەرئەوەی ڕقیان لەسەرە، بەڵکو لەبەرئەوەی هیچیان لێوە نازانین
خێزانێکی نامیبیا دەبێ چی لە بارەی خێزانێکی تیبتی چین بزانێ؟ ئەی کۆمەڵێکی دارستانە چڕەکانی ئەمازۆن چی لە موسڵمانانی ڕۆهینگا دەزانێ؟ بە هەمان شێوە هیندییەکی سووری ئالاسکا و کەنەدا چی سەبارەت بە کۆڵبەرانی سەر سنووری هەردوو دیوی کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات دەزانێ. نەزانین وا دەکا لەوانەیە سۆزت بۆ لایەنێک بشکێتەوە، ڕەنگە ئەو لایەنە نادادپەروەر بێ. بەڵام هەرچۆنێک بێ، نەزانین نەزانینە و دۆزینەوەی ڕاستییەکان ئاسان نییە. بەڵام ئەوەی لە ناو ناتۆ ڕوودەدات، سەرەڕای هەڵکردنی ئاڵای لیبرالیزم و مافی مرۆڤ، پشتگوێخستنی ماف و تێکۆشانەکانی کوردە، چونکە ئەویان دەخرێتە قاڵبی سیاسەت و بەرژەوەندی نەتەوەیی و سەروەریی وڵات
بەوپێیە، زلهێزەکان لەبەر باری سیاسیی و ئابووری، لە نەزانینەوە دەچنە خانەی خۆگێلکردن