دوو فیلم Paterno + spotlight

چیرۆکەکانی دەستدرێژی سەر منداڵان لە هەموو کۆمەڵگەکان هەن. بەڵام کۆمەڵگە هەیە ئازا و چاو نەترسن، یاسا دەیانپارێزێ. پەرلەمان و دەزگەکانیان کاریان لەسەر کۆمەڵگە کردووە، نەک بە کۆمەڵگە کار لە سیاسەتدا بکەن. کۆمەڵگەی دیکەیش هەیە، بە هەموو شێوەیەک ئەو جۆرە تاوانانە دەشارێتەوە، ئابڕوو نەچوون گرنگترە لە عەدالەت، گرنگترە لە ڕێشەکێشکردنی تاوانەکە خۆی. ئەوەی بە بیری کەسدا نایەت کەسایەتی قوربانیانی ئەو جۆرە تاوانانەن. بەرپرسیارییەتی ئەوانەیە لە شوێنی بەرپرسیارییەتیین و کارەکەیان پێ ئەنجام نادرێ.


بە هەموو شیوەیەک، گەورەکان لە نەبوونی عەدالەت بەرپرسن. گەورەکان لە دابینکردنی کەشی لەباری ژیانی منداڵان بەرپرسن، کەس لە منداڵەکان ناپرسێ ئایا دەیانەوێ بێنە جیهانێکی ئاوا، یان نا. بڕیار و ئارەزووی گەورەکانە ئەوان دێننە ژیان. دەبێ گەورەکان لە هەموو هەڕەشەکان بیانپارێزن. وەک چۆن بەرپرسن لە دابینکردنی خواردن، جێگاوڕێگای ژیان و نووستن ....هتد بە هەمان شێوە، لە پاراستنیان بەرپرسن. ئەوەی لەو دوو چیرۆکەی خوارەوەدا هەیە، هەزارانی ئاوا لە ناو کۆمەڵگەکانی ئێمەیشدا هەیە. ئەو بابەتە وەک هەموو شتێکی دیکە، شاراوەیە.


لە دوو فیلمی جیاوازدا، هەردووکیان چیرۆکی ڕاستەقینەن، هەردووکیشیان لە ئەمەریکا ڕوویان داوە. دوو چیرۆکی تا بڵێی دانستەن. یەکەمیان لە ناو کڵێساکان ڕوودەدەن. ئای چەند ئابڕووچوونە لەو شوێنانەدا تاوان دژی منداڵان بکرێ، ئینجا چۆن تاوان، تاوانی دەستدرێژی و ڕووشاندنی کەسایەتیی منداڵ. فلیمی سپۆتلایت لە ساڵی ٢٠١٥ بەرهەم هاتووە. باسی دەستدرێژییەکانی قەشەیەک لە کڵێساکانی بۆستنی ئەمەریکا، دەکا.


لە درێژەی فلیمەکەدا دەردەکەوێ ئەو قەشەیە پێشتریش چەند جارێک هەمان کاری لە شوێنی دیکەدا ئەنجام داوە، بەڵام دەسەڵاتی کڵێساکان کاردانەوەیان بەپێی تاوانەکەی نەبووە. تەنیا لە کڵێسای شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە گواستوویانەتەوە نەوەک ئابڕووی کڵێسا بچێ. ئاوا چەندین ساڵ ئەو قەشەیە لەو کارەی بەردەوام دەبێ، تا لە بۆستن کۆنترین ڕۆژنامەی ئەمەریکا سەرەداوی ئەو تاوانانەی بۆ دەردەکەوێ و بەدوای دەکەوێ. لە ئەنجامدا هەموو پۆخڵەواتی قەشە دێتە سەر بەڕە. ئەوەی کڵێسای لە ڕووباری رق و تووڕەیی خەڵک پەڕاندەوە ئەوەبوو، کاردینالی بۆستۆن دانی بە تاوانەکاندا نا. پەنجەی بۆ کەمتەرخەمی سیستەمی ئیداریی کڵێسایش ڕاکێشا و ڕەخنەکانی بە سنگی فراوانەوە وەرگرت.


چیرۆکی دووەمیش، فیلمێکە بە ناوی پاتێرنۆ لە زانکۆی حکوومی پانسێلڤینیا ڕوودەدات. یاریدەدەری ڕاهێنەری تیمی تۆپی پێی ئەمەریکایی لە زانکۆی پانسێلڤینیا، بۆ ماوەی ١٥ ساڵ بە دوای منداڵاندا خوول لێدەدا. چەندین ساڵ دەستدرێژی جۆراو جۆر ئەنجام دەدا. لە پێناو سەرکەوتنی زۆرتری تیمی تۆپی پێ و داهاتی زۆرتر، نەک تەنیا سەرۆکی زانکۆ و بەڕێوەبەرانی ئیداریی تیمی تۆپی پێ، بەڵکو پۆلیس و داواکاری گشتیش بۆ چەندین ساڵ چاو لەو تاوانانە دەپۆشن.


ئەو کاتە جۆ پاتێرنۆ یاریی ٤٠٩یەمی بردبووەوە، بە باشترین ڕاهێنەری تۆپی پێی ئەمەریکایی لە مێژوودا لە قەڵەم دەدرا. پاتێرنۆ تیمی زانکۆکەی بۆ تیمە هەرە باشەکانی سەرانسەری ئەمەریکا بەرز کردبووەوە، بە درێژایی ٤٢ ساڵ ڕاهێنەری تیمەکە بوو. جۆ پاتێرنۆ زانیبووی یاریدەدەرەکەی تاوان بەرانبەر منداڵان و هەرزەکاران ئەنجام دەدا، بەڵام بە بەپرسیارییەتی خۆی نەزانیبوو، تەنیا سەر زارەکی لەگەڵ سەروو خۆی قسەی کردبوو.


تاوانبار، بۆ دەستکەوتی زیاتر و تێر کردنی ئارەزووە خوار و خێچەکانی ڕێکخراوێکی خێرخوازی لە ناو زانکۆی پانسێلڤینیا دروست کردبوو، بە هۆیەوە دەیان منداڵ و هەرزەکاری ڕادەکێشایە ناو زانکۆ. لە ناو خەڵکدا )جێری( بە خاوەن دڵی زێڕ ناسرابوو. بە پاساوی ڕاهێنان و دروست کردنی تیمی تۆپی پێ، بەردەوام لەگەڵ ئەو منداڵ و هەرزەکارانە کاری دەکرد و لێیان نزیک دەبووەوە.

تا لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١١ زانیارییەکان دەگەنە ڕۆژنامە و تەواو بڵاو دەبێتەوە. لە ئەنجامدا سەرۆکی زانکۆ، ڕاهێنەر و دوو کارمەندی دیکەی تیمەکە لە پۆستەکانیان دووردەخرێنەوە، دواییش سێ لەوانە بە تۆمەتی شاردنەوە و ئاگەدارنەکردنەوەی شیاوی پۆلیس و کەمتەرخەمیی لە پاراستنی منداڵان و هەرزەکاران، دادگایی دەکرێن. جێری ٣٠ بۆ ٦٠ ساڵ لە زیندان دخزێنرێ.


لە هەردوو چیرۆکدا، وەک لە هەردوو فیلمیشدا نیشان دەدرێ، ڕۆڵی ڕۆژنامەوانان زۆر بە بایەخە. بە بێ کاری ئەوان هەردوو چیرۆکەکە لە ناخی منداڵانی قوربانیی دەستی قەشە و یاریدەدەری ڕاهێنەر، بۆ ناو گڵ دەبران. لەوانەیە هەرگیز تاوانبارانیش بە سزا نەدەگەیەنران. لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا، هەر کەسە و ئەرکێکی هەیە بە جێی بگەیەنێ. کەس ناتوانێ بە ئاسانی دەست بخاتە ناو کاری میدیا و ڕۆژنامەوانیی. ئەگەر سیاسەتمەدارێکیش دەزگەیەکی میدیایی هەبێ، دەیانی دیکەی وەک ئەو سەربەخۆ کار دەکەن.


بەڵام لە وڵاتانی دکتاتۆر و تاکڕەوەکاندا، یان، ئەو وڵاتانەی پیاوانی پۆلیسی نهێنی و دەزگەکانی پاراستنی سیستەم هەردەم لەسەر شانۆن و سەما بۆ سەرۆکی بێ وێنە دەکەن، یان، ئەوانەی دەزگەکانی هەواڵگرییان چەندی بۆ پاراستنی وڵات کار دەکەن دە ئەوەندەیش لە ناو خەڵکی خۆیان کاردەکەن و ڕکابەران و ئەوانەی لەسەر ئاوازی دکتاتۆر ناخوێنن، پەلبەست دەکەن. لەو جۆرە وڵاتانەدا، هەر سەماکەرانی سەر شانۆ کاری ڕۆژنامەوانانیش دەکەن. چیرۆکەکانیش دەهۆننەوە.


بە بێ ئازادی ڕۆژنامەگەریی (ڕۆژنامەگەریی ئازاد واتای ئازادی لە جنێو فرۆشتن و ناوزەد کردن و تۆمەت بەخشینەوە نییە) دواییش داڕشتنی یاسا بۆ پاراستنی سەرچاوەی زانیاریی، کۆمەڵگەکان بۆ دەیان ساڵ دەبێ لە جێی خۆیان، یەس یەم بکەن. ئێمە جارێ ڕیز نەبووین تا یەس یەم دەست پێبکەین.