زانکۆکانی ئاسیا لە هەڵکشانن

بۆ یەکەم جارە زانکۆی تسونگوا لە بیژینی چین بێتە پلە ٢٠ لە ناو زانکۆکانی جیهان. ماڵپەڕی پلەبەندیی زانکۆکانی جیهان کە ساڵانە پلەبەندیی زانکۆکانی جیهان و هەر کیشوەرێک و وڵاتێکیش بە جیا بڵاودەکاتەوە، ئەو زانیارییەی ڕاگەیاندووە. لەو پلەبەندییەدا دیارە زانکۆکانی ئاسیا بەرەبەرە دێنە پێش و جێگەی زانکۆکانی ئەوروپا و ئەمەریکای باکوور دەگرنەوە

 

لە ساڵی ٢٠١٦دا تەنیا ٢ زانکۆی چین لە ناو ٢٠٠ باشترین زانکۆی جیهان بوون. ئێستە ئەو ژمارەیە بووە بە ٧ زانکۆ، لە پێش هەموویانەوە زانکۆی تسونگوایە.  یەکەم جاریشە تسونگوای هاتووەتە پلەی ٢٠ لە ناو باشترین زانکۆکانی جیهان. لە هەمان ماوەدا، زانکۆکانی هۆنگ کۆنگ لە ٣ بوونەتە ٥. ئەوانەی کۆریای باشووریش لە ٤ بوونەتە ٧. زانکۆی نانیانگ تەکنۆلۆجی لە سەنگاپوور، خێراترین زانکۆی جیهانە بەرەو سەرەوی لیستەکە دەڕوا. ئێستە لە پلە ٥٠ی زانکۆکانی جیهانە

 

پلەبەندیی زانکۆکان بە شییکردنەوەی ١٣ ملیۆن توێژینەوەی بڵاوکراوە دەکرێ. توێژینەوەکان لە لایەن ٢٢ هەزار زانا و توێژەرەوە لە جیهاندا ئەنجامدراوە و بڵاوکراونەتەوە. ئەو ٣٠ ملیۆن توێژینەوەیە ٨٠ ملیۆن سەرچاوەیان هەیە. چۆنییەتی دابەشبوونی ئەو توێژینەوانە گۆڕان لە ئابووری زانیاریی لە جیهاندا، نیشان دەدات. وێنەکە ڕوونە، زانکۆکانی کیشوەری ئاسیا لە ٢٠١٦ ڕێژەی ٢٦٪ یان لە ناو پلەبەندییدا پێکدەهێنا، ئێستە ئەو ڕێژەیە ٣٢٪ە. هەرچەندە زانکۆکانی ڕۆژئاوا بە تایبەتیی (ئەمەریکا و بەریتانیا) هێشتا لە ڕووی ئابووری زانیاریی و پلەبەندییان لە پێشەوەن، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦وە بەریتانیا ٥ شوێن و ئەمەریکایش سێ شوێنی بۆ زانکۆکانی ئاسیای دوور لە ناو ٢٠٠ پلەدا، چۆڵ کردووە

 

بە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، ژمارەی قوتابیانی بیانیی لە هەردوو کیشوەری ئەوروپا و ئەمەریکای باکوور زۆر کەمی کردووە، سەرچاوەی داهاتی زانکۆکانیشیان یەکجار نزم بووەتەوە. ئەو گۆڕانکارییە لە بەرژەوەندی زانکۆکانی ئاسیا شکاوەتەوە

 

دەیان ساڵە قوتابی بە توانا و سەرکەوتووی وڵاتانی ئاسیا خەونی خوێندن لە زانکۆکانی ڕۆژئاوا دەبینن. دوای تەواوکردنی خوێندن زۆریان هەر لەوێ دەمانەوە، بەو کارە نەک هەر پارەیەکی زۆریان بەو زانکۆیانە دەدا، بەڵکو بە ماناوەیشیان لەو زانکۆیانە کاریان دەکرد و برەویان بە توێژینەوەکان دەدا. بەر لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنایش گۆڕانکاریی دەستی پێکردبوو، چین دەستی کرد بە ڕاکێشانی ئەستێرە گەشاوەکانی لە دیاسپۆرای خۆی لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە تا بەرەو چین بگەڕێنەوە. کۆرۆنا ئەو کۆچە پێچەوانەی بەرەو چین خێراتر کرد

 

بە هاتنی ترەمپ بۆ دەسەڵات، رق و کینەی سپی پێست و ڕۆژئاواییەکان هاتە سەر بەڕە. خەڵک زۆرتر هەستی ناشیرینی خۆیان بەرانبەر خەڵکانی ئاسیا، بە تایبەتیش چینییەکان دەردەبڕی. ئەو بارودۆخە نوێیە لەگەڵ کۆرۆنا، هاوتەریب لە گەڵیاندا باش بوونی ئاستی زانکۆکانی ئاسیا خۆی، وای کرد لە ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ دا ژمارەی چینییەکان لە زانکۆکانی ئەمەریکا یەکجار کەم ببێتەوە

 

بە ونبوونی پارەکانی قوتابیانی ئاسیا، زانکۆکانی ڕۆژئاوا گیرفان بەتاڵ بوون، بودجەی ساڵانەیان کەم کردەوە و کارمەندانیان بەرێ کرد. لە هەمان کاتدا، وەبەرهێنان لە توێژینەوەی زانکۆکانی ئاسیا بێ وێنە بوو. چین لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠ بە ڕێژەی ١٢٪ وەبەرهێنانی لە خوێندنی باڵا بەرزکردەوە. ژاپۆنیش ٧٠ ملیار دۆلاری تا ساڵی ٢٠٢٢ بۆ توێژینەوەکانی زانکۆکان تەرخان کرد. تایوانیش بە هەمان شێوە ٣ ملیار دۆلاری تەرخان کرد. هەرچی مالیزیایە، ٢٠٪ی هەموو بودجەی نیشتمانی بۆ ساڵی ٢٠٢١، کە دەکاتە سەروو ١٦ ملیار و نیو دۆلاری بۆ پەروەردە و خوێندنی باڵا تەرخان کرا

 

لیستەکەی ماڵپەڕی پلەبەندیی زانکۆکانی جیهان لە حوزەیرانی ٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە زانکۆ نوێیەکان نیشان دەدا، کە زۆر بە خێرایی هەنگاو دەنێن، زۆربەی هەرە زۆریان هەر لە ئاسیان. زانکۆ نوێیەکان ئەوانە دەگرێتەوە تەمەنیان لە خوار ٥٠ ساڵە. ئەوانە تا دێ باشتر دەبن و ڕکابەری زانکۆ هەرە کۆنەکانی جیهان دەکەن. لیستەکە بە زانکۆی نانیانگ تەکنۆلۆجی لە سەنگافوور دەست پێدەکات. نانیانگ لە ساڵی ١٩٩١ دامەزراوە و ٣ زانکۆی کۆریای باشووریشی تێدایە لەوانە زانکۆی پەیمانگەی تەکنۆلۆجی نیشتمانی ئولسان، ئەوەیان تەنیا ١٤ ساڵە دامەزراوە و لە پلە دەی ڕیزبەندییدایە. دوو زانکۆی دیکەیش لە هۆنگ کۆنگن یەکەمیان زانکۆی هۆنگ کۆنگ بۆ زانست و تەکنۆلۆجی، ٣٠ ساڵە دامەزراوە

 

ئەو داتا تازانە دەبێ زەنگی مەترسیی لە ڕۆژئاوا لێبدات، چونکە هێزی جیۆپۆلیتیک لە بەدەستهێنانی زانیاریی و تەکنۆلۆجیاوە سەرچاوە دەگرێ. جەنگی سەرۆکایەتیی کردنی چوارەم شۆڕشی پیشەسازیی بە وەبەرهێنان لە ژیریی دەستکرد، توخمناسیی و تەکنۆلۆجیای زیندەیی، دەکرێ. لە ژمارەی توێژینەوەکانی زانست و ئەندازیارییدا، ئێستە چین پێش ئەمەریکا کەوتووەتەوە. چۆنییەتی توێژینەوەکانیش زۆر لە جاران باشتر بوون

 

دەبێ ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەو ڕاستییە نوێیانەدا چی بکات؟ بێگومان وەبەرهێنانی زۆرتر لە زانکۆ بەناوبانگەکان و کردنەوەی سەنتەری توێژینەوە و پێشخستنی زۆرتر. لەگەڵیشیدا لووت بەرزیی کەمتر. ڕۆژهەڵات باشتر لە ڕۆژئاوا تێدەگات، بەڵام پێچەوانەکەی ڕاست نییە. بەشێک لەو تێنەگەیشتنەی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵات، بۆ هەستی لەخۆ ڕازیبوون، کەمیی بایەخ بە ڕۆژهەڵات و خۆ بەزل زانین بەوەی لە رۆژهەڵات فێر ببن، دەگەڕێتەوە. ئەگەرچی ئێستە ڕۆژهەڵات ڕکابەریی ڕۆژئاوا دەکات، بەڵام ئەوە ناگەیەنێ ڕۆژهەڵات جڵەوی فەرمانڕەوایی لە دەستە. بەڵکو دەرفەت لەبەردەم ڕۆژئاوا دەکاتەوە هاوئاهەنگیی لە خوێندنی باڵا لە سەرانسەری جیهاندا بکات

 

ڕۆژ لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدێ، بەڵام هەموو جیهان ڕووناک دەکاتەوە، بۆیە ئەو کێبەرکێیەی نێوان زانکۆکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و ئەو هەموو توێژینەوانەی ساڵانە دەکرێ و بڵاو دەبنەوە، ڕووناکییەکەی هەموو مرۆڤایەتیی دەگرێتەوە. هەموومان لێی سوودمەند دەبین


سەرچاوە 

https://www.weforum.org/agenda/2021/07/asian-universities-on-the-rise-education-rankings-learning?utm_source=facebook&utm_medium=social_scheduler&utm_term=Education+and+Skills&utm_content=24/07/2021+11:00&fbclid=IwAR3thrZ75CPrd8pnvpux2U8i5moy52OU2cKRuCxlceDM-CDsoWf6c29eEnc