پێشتر باسی بایەخی هەرە گرنگی شوێنەواری گری مرازامان کرد. دیارە ئەوەی لەوێ دۆزراوەتەوە هەرگیز بە بیری هیچ کەسێکدا نەهاتووە بەر لە ١٢ هەزار ساڵ بەردی ٥٠ تۆن و قورستریش، لە شاخ هەڵکەندرێ و بگوازرێتەوە بۆ گرێ مرازا. لێرەدا، تەنیا توێژینەوەیەکی زانستیی زانکۆی تەکنۆلۆجیای پۆڵاند سەبارەت بە کۆنترین پەرستگای سەر ڕووی زەوی، کە لە گرێ مرازا و نەوالی چۆری دۆزراوەنەتەوە، دەکەین
توێژینەوەکە زۆرتر باسی لایەنی تەلارسازیی و چۆنییەتی پێشکەوتنی ئەو هونەر و زانستە دەکات. هەموو خانوو و کۆشکێکی ئەو کاتە تەنیا کوخێکی بچووکی بە قوڕ و پووش و پەڵاش بووە، هەر ئەوە بۆ مرۆڤەکانی کۆمەڵە ڕاوچییەکانی بەر لە ١٢ هەزار ساڵ هەبووە. بەڵام لە گرێ مرازا ئەوە گۆڕاوە بۆ هەڵچنراوی بەرد و بن میچی لەسەر دانراوە، شێوەکەی لە پێکهاتەی خڕ بووە بە لاکێشە. کۆمەڵە ڕاوچییەکان لە شوێنی کراوە و واڵا قوربانییان بۆ خوایەکانیان دەدا. لە سەر لووتکەی چیا و گردەکان خوایان دەپەرست و نزایان دەکرد. دەشتودەر، چیاوچۆڵ و دارودەوەن لە ئەفسانەکانیاندا بوو. خۆیان بە بەشێک لەو سروشتە دەزانی و هێزی نوێبوونەوەی سروشتیان لا پڕ بایەخ بووە
گرێ مرازا شوێنێکی ئایینی گەلێک گەورەی چاخی بەردین بووە. شوێنی کۆبوونەوەی ڕاوچییەکان و دواتریش جووتیارەکان بووە و لەوێدا بۆنەکانیان بەڕێوەبردووە. (لەم توێژینەوەیەدا گریمانە وایە گرێ مرازا لە لایەن کۆمەڵە ڕاوچییەکانی چاخی بەردینەوە دروست کرابێ، وەک لە بەشی یەکەمدا هاتووە، پێناچی ئەو گریمانەیە ڕاست بێ). تا ئێستە هەڵکۆڵین بۆ ٨ پێکهاتەی بازنەیی گەورەی بەردین لە ناوەڕاستی تەپۆلکەکە، کراوە. ستوونەکان بە شێوەی بازنە لە تەنیشت یەک دانراون. ئەو بازنانە بە مەبەستی خواپەرستیی، ئاوا ڕێکخراون. ڕووماڵەکانی جیۆماگنێت (تەکنیکێکی بینینی پێکهاتەکانی ژێر ڕووی زەوییە) دەریدەخەن ٢٠ بازنە و ٢٠٠ ستوونی گەورەی بەردیش، هەن. ستوونەکان لە شێوەی پیتی تی ئینگلیزیدان و بنیان لە تەختایی ژێر خۆیان تەواو وەک بنەکان، هەڵکۆڵراوە
هەندێ لەو ستوونانە تا ٦ مەتر بەرزن، هەیانە سەروو ٥٠ تۆن قورسن. ڕای شوێنەوارناسان وایە ئەو شوێنەوارە بە دوو قۆناغ دروست کرابێ. قۆناغی یەکەم ئەوەیە شوێنەوارناسان پێی دەڵێن سەردەمی پێش-گڵسازیی چاخی بەردینی نوێ ئەی (٩٦٠٠ تا ٨٨٠٠ ساڵ پێش زایین)، قۆناغی دووەمیش دەبێتە سەردەمی پێش-گڵسازیی چاخی بەردینی نوێ بی (٨٨٠٠ تا ٧٣٧٠ ساڵ پێش زایین). زۆربەی هەرە زۆری شوێنەواری گرێ مرازا لە قۆناغی یەکەمدا کراوە. جێی سەرسووڕمانە ستوونەکان ٨ یان ١٢ یان ١٣ یان ١٥ دانەن لە هەر بازنەیەکدا
چینەکەی یەکەم زۆرترین پێکهاتەکانی پەرستگایان تێدایە، ستوونە شێوە تییەکان بە نەخشی جۆراوجۆری گیانداران ڕازاندراوەتەوە.هەندێکیان نەخشی گا، ڕێوی و حاجی لەقلەقیان لەسەرە، یان نەخشی بزنە کێوی و مار، جۆرێکی دیکەیان هیچ نەخشی لەسەر نییە. لە قۆناغی دووەمدا ستوونی بچووکتر بە بەرزی ١ مەتر و نیو لە ناوەڕاستی ژوورەکان، لەسەر زەوییەکی بەردی لووسکراو، دانراون. هەمان شێوەی پێکهاتەی ستۆنهینچی بەریتانیایان هەیە، بەڵام ٦ هەزار ساڵ لەوان کۆنترن
سەیرترین بازنەیان بازنەی سیدایە لە شێوە ٣ی لاپەڕەی ٣ی توێژینەوەکە ئاماژەی پێکراوە. پێکهاتەکە لە نیوان ساڵی ٨٢٨٠ بۆ ٧٣٧٠ پێش زایین دروست کراوە. دوو بازنە هەریەکەیان ١٢ ستوونە لە دەوری یەکتردا بە ستوونی بەرد، دروست کراون. تیرەی ناوەوە ١٢ مەتر و دەرەوی ٢٠ مەترە. بۆشاییەک لەلای باشوورییەوە بەجێماوە وەکو دەرگایە بۆ چوونە ژوورەوە. شێوەی دی هەر لەوەی سی دەچێ
لە هەموو نیشتەجێیەکاندا شێوازی خڕی خانوو یان نیشتەجێ، بۆ شێوە لاکێشە گۆڕا. ئەو گۆڕانکارییە لەگەڵ شۆڕشی کشتوکاڵدا هاوتەریبە، چونکە لەو کاتەدا خێزانەکان گەورەبوون، لادێ دەرکەوتن و خانووەکانیان فراوانتر بوو. لەگەڵ ئەوەیشدا، خانووەکان لە یەک ژوور زیاتربوون. بۆیە لە خانووی فرە ژووردا دابەشکردنی زەوی بە لاکێشە باشترە. لە گرێ مرازا لە قۆناغی دووەمدا ئەو گۆڕانە دەرکەوتووە. لەوێدا ئەو پێکهاتەیەی ستوونەکانی نەخشی شێری لەسەرە، پێکهاتەیەکی یەکجار سەرسووڕهێنەرە. لە وێنەی ٧ لە لاپەڕەی ٤ شێوە لاکێشەکە و ستوونە بەردەکانی ناوی دیارە. ئەو گۆڕانە پەرستنی لە دەرەوە بۆ ناو ژوورێکی بە میچ، گواستەوە
ڕەنگە ئەو ژوورە بچووکە شوێنی پەرستن بۆ دەسەڵاتدارانی کۆمەڵگەکە، یان بۆ پیاوانی ئایین بووبێ. تەنانەت نەخش و نیگاری سەر ستتونەکانیش ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە. لە هەموو شارستانییەتەکانی باشوور، شێر بە بەرزترین دەسەڵات دانراوە، نەخشی شێریش لەسەر ستوونە بەردەکانی ئەوێدا هەن. بێگومان ئەو شوێنە پەرستگا بووە. چەندین پەیکەری بچووکی بەردینی مرۆڤ، تیمساح و خشۆکێک دۆزرانەوە. ئەو کەلتوورە هەمان ئەوەیە لە نەوالی چۆری تەنیا ٤٥ کیلۆمەتر دوور لە گرێ مرازا، هەبووە. لەوێشدا ژمارەی ستوونەکان یان ١٢ یان ١٣ن. پێدەچی ١٢ هێمایە بۆ ١٢ مانگی ساڵ. چینی یەکەمی نەوالی چۆری ٨٦٢٠ ساڵ پێش زایین دروست کراوە. چینی دووەمیش ٨٢٠٠ ساڵ پێش زایین
بنیاتنەرانی ئەو پەرستگایانە یەکجار کارامە بوون. شوێنی ژیان لە نەوالی چۆری ژوورێکی لاکێشەیی ٦ بە ١٨ مەتر بووە. لای پێشەوەی بۆ ژیان و پشتەوەی بۆ کۆگا بووە. ئەو جۆرە ژوورانە تا ئێستە لە خانووەکانی ئەو ناوچەیەدا هەیە. هەر بازنەیەک ١٢ یان ١٣ ستوونی گەورەی بەردی تێدایە. ئەوەی لە گرێ مرازا لە ناو ئەو بازنانە ڕوو لە ئاسمانکراوەدا دەکرا، لە نەوالی چۆری سەر ئەو ژوورانە، داپۆشراوبووە
دۆزینەوەکانی هەردوو شوێنەواری گرێ مرازا و نەوالی چۆری مەتەڵی هەرە گەورەی شوێنەوارناسانی سەردەمە. کام توانایەی مرۆڤی بەر لە ١٢ هەزار ساڵ ئەو هەموو نەخشە و پێکهاتەیەی داهێناوە و ئەو بەردە قورسانەی گواستووەتەوە، ئینجا بە ستوونی لە زەویدا چەقاندوونی. کام تەکنیکی بڕین و تاشین بەکارهاتووە تا ئەو نەخش و نیگارەی پێ بکرێ؟
https://www.sciencedirect.com/science/article/pii/S1877705816328296 و https://www.youtube.com/watch?v=ypuf_QnzCk0