کوردانی کازاخستان قوربانیی سیاسەتە چەپەڵەکانی ستالینن. کورد بە سێ شەپۆل گەیشتوونەتە کازاخستان. لە ساڵی ١٩٣٧ و ١٩٤٤ دوو هەڵمەتی ڕاگواستنی کوردەکان لە یەکێتی سۆڤیەت بەڕێوەچووە. کوردەکانی هەردوو کۆماری ئەوکاتەی ناو یەکێتی سۆڤیەت، ئەرمەنستان و ئازەبایجان، بە زۆرەملێ ڕاگوێزراون. بەشێکی دیکەیان ئەوانە بوون لە گورجستان بوون. ژمارەیەکی فەرمی نییە کۆی ئەو کوردانە باس بکات. بەڵام لە هەڵمەتەکەی ١٩٣٧ دا ٥٥٣ خێزان بوون. بە بۆچوونی بوگای (نووسەری کتێبی کوردەکان لە سیاسەتی نیشتمانیی یەکێتی سۆڤیەت و ڕووسیا)، ئەوانەی تەنیا لە گورجستانەوە ڕاگواێزراون، ٤٠ هەزار کەس بوون، مەرجیش نییە هەموویان کورد بووبن
لە دوای نەمانی بلۆکی سۆڤیەت و جیابوونەوەی هەندێ لە کۆمارەکان، کوردەکان نەگەڕانەوە سەر خاکی خۆیان. تەنانەت لە نێوان ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٠دا، شەپۆلێکی دیکەی کۆچبەری کورد لەبەر جەنگی ئەرمەنستان و ئازەربایجان لە ناگۆرنۆ-کاراباخ، بەرەو کازاخستان هەڵاتن. هەرچەندە لەوێش دیار نییە بە تەواوی ژمارەی ئەو کوردانە چەند بووە، بەڵام مەزەندە وایە ١٨ هەزاریان لە ئەرمەنستان و ٢ هەزاریش لە ئازەربایجانەوە هەڵاتبن
ئاماری فەرمی کازاخستان دەڵێ کوردەکان ٤٦ هەزار کەسن. بەڵام کوردەکان خۆیان دەڵێن نزیکەی ١٠٠ هەزار دەبین، ئەوان دەڵێن لە ترسی سیاسەتی جیاکاریی و نادادپەروەرانە، بەشێکیان خۆیان بە ئازەری نووسیوە. بێگومان لەو چەند ساڵەدا، کوردەکان زۆرتربوون و لە ناو ١٠٠ گەلی دیکەی ناو کازاخستان ئێستە لە پلەی ٢٠ەمینن. لەوەتای ڕاگوێزراون، کوردەکان لە باشووری کازاخستان لە شارەکانی ئەلماتی، تورکستان و ژامبیل چڕ بوونەتەوە. بە پێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٩، ٧٥٪یان لە لادێکان دەژین، یان خەریکی ئاژەڵدارین، یانیش دوکاندارن. بەڵام دوای ٧٠ بۆ ٨٠ ساڵ، ژمارەیان لە شاردا بووە بە ٥٠٪
هەرچەندە هەندێ بڵاوکراوەی کوردەکان بە شانازییەوە دەڕوانێتە دەستەبژێری کوردەکان و وەک نموونەی بەرزی کۆمەڵایەتی تەماشایان دەکات، کەچی هەر ئەو سەرژمێرییەی ساڵی ٢٠٠٩ دەڵێ بەشێکی زۆر بچووکی دەرچووانی زانکۆ، کوردن. بەڵام ئامارەکانی هەمان سەرژمێری کوردەکان بە باشترین نەتەوەکانی کازاخستان دەناسێنی، کوردەکان بەئاسانی بە سێ زمان دەدوێن. لەو کاتەوە ئەو کوردانەی بە کازاخی دەدوێن بۆ ٧٥٪ بەزبووەتەوە و زمانی کوردیش لە دابەزیندایە
کوردەکان وەکو هەموو نەتەوەکانی دیکەی ناو کازاخستان ڕێکخراوی تایبەت بە کەلتووری خۆیان هەیە. یەکەمینیان هەر لە دوای ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت دامەزراوە و بە فەرمی لە ساڵی ١٩٩٣ لەژێر ناوی جاکبوون (یەکێتی یان یەکگرتن) تۆمارکراوە و دواتر لە ساڵی ١٩٩٩ ناوی بۆ بەربانگ (خونچەدان)، گۆڕدراوە و ئێستە ١٠ لقی هەیە. جاکبوون لە یەکەمین ئەندامەکانی ئەنجوومەنی گەلی کازاخستان بوو. بۆ یەکەمین جاریش کوردێکی (بە ناوی ڤاکیل نابیێڤ) لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ پەرلەمان هەڵبژارد. چالاکییەکانی ڕێکخراوەکان، فێربوونی زمان (کوردی و کازاخی)، میوزیک، سەما و کۆبوونەوە لە بۆنە فەرمییەکانی کازاخستان و مێژووی کورد. لەگەڵ ئەوانیش خاوەنی میدیای خۆیانن بە زمانی کازاخی و ڕووسی
ڕێکخراوی بەربانگ جەخت لەوە دەکاتەوە، کوردەکان بێ گرفت لەگەڵ گەلانی کازاخستان وەکو هاوڵاتیی ئەو وڵاتە، دەژین. تەنانەت سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوەکە د. نادر نادرۆڤ دەیگوت پێوەندی کورد و کازاخ لە وڵاتدا زۆر توندە و کازاخ لە کوردەکان نزیکترن وەک لە گەلانی دیکەی ناو کازاخستان. لێکچوونی زمان، کەلتوور، ئایین و هەڵسوکەتە هاوبەشەکانی وەک بەڵگە دەهێنایەوە. بەڵام تاکە یەک ڕووداو دەکرێ گومان لەو بۆچوونەی پێوەندی توند و تۆڵ لەگەڵ کازاخ نیشان بدات. ئەوکاتە دوای سەردانی بۆ باکوور لە ساڵانی ٩٠ەکاندا، نادرۆڤ دەیگوت خێوەتەکانی ئەوان دوای ڕاگواستنیان بۆ کازاخستان لەو کوخانەی کوردانی تورکیای تێدا دەژین، باشتربووە
ڕای خەڵکی ئاسایی کازاخ سەبارەت بە کوردەکان نەرێنییە، پێیان دەڵێن (تاوانبار و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر). گەنجە کوردەکانیش کۆمەڵ و گروپی خۆیان پێکهێناوە و دوورن لە گەنجانی گەلانی دیکە. هەر ئەوە بوو لە ساڵی ٢٠٠٧ پێکدادانی زۆر لە نێوان کورد و کازاخ لە گوندی مایاتاس لە تورکستان، دروستبوو. ئەو ڕووداوە وایکرد داوای ڕاگواستنی کوردەکان بکرێ
کوردانی کازاخستان بە شێوەزاری کرمانجی دەدوێن، بۆیە بە ئاسانی لەگەڵ باشووردا نەکەوتنە پێوەندی. بەڵام لەگەڵ کوردانی باکوور زۆر بە خێرایی دوای نەمانی سۆڤیەت پێوەندییەکان ڕێکخران و لەو ناوەندەدا پەکەکە سوودی تەواوی لەوە وەرگرت، وایلێهات میدیای تورکیا چالاکیی پەکەکەی لە ناو کازاخستان خستە ڕوو و نیشانی دەدا کوردانی کازاخستان لە دژی تورکیا جۆش دراون. لە دژی سەردانی تانسۆ چیلەر لە ساڵی ١٩٩٥ لە شاری ئەلماتی، نزیکەی ٢٥٠ کورد، بێ مۆڵەت خۆپیشاندانیان سازدا. هەر لە ئەلماتی لە ساڵی ١٩٩٧، بەر لە دەستپێکردنی ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی نەورۆزەوە، حوکوومەتی کازاخستان قەدەغەی کرد. چەند هەزار کوردێکی تووڕەکرد و ڕژانە سەر شەقامەکانی شاری ئەلماتی
پێناچی کوردانی کازاخستان لە ژێر فشاری زۆردا بن، هەربۆیە لە ساڵی ٢٠١٧ داوایان لە سەرۆک نەزاربایڤ کرد دەسەڵاتەکانی بۆ پاراستنی کورد لە عێراق، بەکاربهێنێ
سەرچاوە
https://brill.com/view/journals/caa/8/4/article-p346_3.xml