شۆڕشی مرۆڤبوون

لە نووسینەکانی ڕابردوومدا، چەند جارێک چیرۆکی دەرکەوتنی هزرەکانی مرۆڤ (کۆمیونیزم، سۆشیالیزم، فاشیزم، لیبرالیزم) هاتنە پێش و باسمان کردن. بە مانەوەی تەنیا یەک هەڵبژاردە (لیبرالیزم) بۆ مرۆڤ وەک سیستەمی جیهانیی بۆ خۆ بەڕێوەبردن، ڕێکخستنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، بازرگانی جیهانیی، مافەکانی مرۆڤ و جاڕی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ، یاساکانی نێودەوڵەتیی ... هتد، مرۆڤ لە ناو ئەو تاکە هەڵبژاردەیەدا شۆڕشێکی نوێی بەرپاکردووە

 

ئەگەر بگەڕێینەوە چەند سەدەیەک لەمەوبەر، بیرو باوەڕە ئایینییەکان هەموو جیهانیان تەنیبوو. ئەوروپا لەوپەڕی ئیماندارییەتی خۆیدا بوو. هەبوو هێندە تووندڕەو بوو، بۆ سەرخستنی بیروباوەڕی خۆی، جەنگ و ئاژاوەی نایەوە. هەموویشی بە پەردەی ئایین و ئیمانەوە خۆیان داپۆشیبوو. نەک هەر ئەوە، بەڵکو لە پێناو سەرکەوتنی دیدەکەی خۆیان پێکەوە ژیانی چەند سەد ساڵەیان شێواند. زۆری ناوێ بە دوای جەنگەکانی نێوان کاسۆلیک و پرۆتسنانتدا بگەڕێی تا بۆت دەرکەوێ چۆن چەند سەد هەزار کەسێک، بوونەتە سووتەمەنیی ئەو جەنگانە. دیسانەوە هیچی ناوێ بە دوای ئەنجامی جەنگی سوننە و شیعەدا بگەڕێی. وا لەبەر چاومانە

 

بە ڕۆشنبوونەوەی مێشکی خەڵکی ئاسایی بەرەبەرە کۆمەڵگەکانی ئەوروپا لە ئایین و دامەزراوە ئایینییەکانی، دوورکەوتنەوە. تا وای لێهات هێندەی بێ دین لەو وڵاتانەدان، ئەوەندە بە دین نەماون. کەچی کۆمەڵگەکانیان بەسەریەکدا دانەڕمان و ئەو سرێشەی پارچەکانی کۆمەڵگەی بەیەکەوە دەبەستەوە، هەرگیز بیروباوەڕ و ئیمانداریی نەبوو. ئەوە ئەزموونی وڵاتانی ئەوروپا و جیهانی لیبراڵە، هێندەی تووندڕەویی لەناو ئەوان هەبووە، جیهانی ئیسلامیش هەر ئەوەندەی زەبر و زەنگ هەبووە

 

جیهانی لیبراڵیزم و سەرمایەداریی ئەو قۆنەغەیان تێپەڕاند، خوێنی سەدان هەزار کەس بووە پردی پەڕینەوەی گەلان لە ڕۆژی ڕەشی خۆخواردنەوە بۆ خۆشگوزەرانیی، ئازادیی، سەرخستنی گیانی لێبووردەیی و یەکتر قبوڵکردن. جیهانی ئیسلام هێشتا بە زیندە خەوی شارستانییەتی ئیسلامی چەند سەدەیەک لەمەوبەر، سەری مەستە. تا سیاسیی ئیسلامیی لە دەسەڵات و بڕیاردان نزیک بن، هیچ ناگۆڕدرێ. بەڵام لەبەردەم لافاوی بیروڕاکانی لیبرالیزمی نوێدا خۆی ناگرێ. دەبینین چەندین وڵاتی موسوڵمان بە کردار هەنگاویان بەرەو هەر نەبێ هەندێ پرەنسیپەکانی ئەو سیستەمە، ناوە. نمونە مالیزیا، ئیمارات، مەغریب. ئەوان یەکجار زۆر خۆشگوزەرانترن لەوانەی ئەو هەنگاوانەیان نەناوە، یان لەوانەی ئایین تێیاندا هێشتا باڵا دەستە، ئەوە عێراق، سودان، میسر، پاکستان...هتد

 

کاتێک تاکی موسوڵمان خۆی لەگەڵ تاکی وڵاتانی لیبراڵدا بەراورد دەکات، بە دوو شێوە جیاوازییەکان دەبینێ. یان، خۆی بە بەشخوراو و مافخوراو دەبینێ و ژیانی لەبەرچاو دەکەوێ. یانیش، بۆ دڵنەوایی خۆی (بەپێی پەروەردەی کەسەکە و هەڵکەوتەی کەسایەتیی کەسەکە)، پاساوی ژیانی هەتاهەتایی دوای مردن بۆخۆی دەهێنێتەوە، سوپاسگوزاری ئەوەیە هاتووەتە ژیان، موسوڵمان بووە و زۆری بەسەر ناموسوڵماناندا هەیە، بۆیە پاداشتیشی زۆر گەورەیە. یەکەمیان، هەستی نەتەوایەتیی و خاکپارێزیی لەدەستدەدا، تووشی خەمۆکیی و نائومێدی ژیان دەبێ، بە فەلسەفەی لە کوێ پچڕا لەوێ گرێیدەوە، دەژی. دووەمیشیان، هەتا دێ بەو چاڵەیدا دەچێتە خوار، جیاوازی لەگەڵ جیهانی خۆشگوزەراندا گەورەتر دەبێ. شکستی خۆی، کۆمەڵگە، حکوومەت و وڵاتەکەی دەداتە پاڵ ئەم و ئەو

 

لە جیهانی لیبراڵدا، مرۆڤ بووەتە چەقی هەموو بایەخەکان. تا ئێستە زۆرترین ئامانجی مرۆڤ لەو سیستەمەدا بەدیهاتووە. ئەگەر وا نەبا، موسوڵمانان ملیان لە چەقۆ نەدەخشاند تا بیگەنێ، لەوێیش قبووڵیان بێ بە باجی فرۆشتنی کحول و خانەکانی لەشفرۆشیی، حکوومەت چکە چکە یارمەتییان بدا. مەمرە و مەژی، ڕۆژ بەڕێکەن. وا ١٠ ساڵە لەبەرچاومانە، سوریای بە ئیمان و خواپەرست، لە چاو هۆڵەندای فەلە و ئیسرائیلی جوولەکە، چۆن بە گژ یەکدا چوون

 

ئەگەر بۆچوونی ئایینەکان سەبارەت بە کۆکەرەوەی پارچەکانی کۆمەڵگە بەوەی هەردەبێ ئایین و ئیمانداریی بێ، ڕاست بایە، دەبوو کۆمەڵگەکانی وڵاتانی لیبراڵ لەیەک ترازابان و بەرەو ڕۆژی ڕەشی چەند سەد ساڵێک پێش ئێستە گەڕابانایەوە. کە ئەوە ڕووینەداوە، سەلمێنەری چەوتیی بۆچوونەکان، خۆیەتیی. بنەمایەکی جیهانی لیبرال ئەوەیە ئایین و دەسەڵات لەیەک جیا ببنەوە. ئیسلام هێشتا پێی وایە، ئایین کۆڵەکەی بەڕێوەبردنی وڵات و دام و دەزگەکانیەتی. لە ئاست ئەو هەموو مێژووە تاریکەی وڵاتان لە سایەی ئایین و پیاوانی ئایین و ناکۆکییەکانیان، پێیدا تێپەڕین؛ ئیسلام خۆی بە کلیلی گرێ کوێرەکان دەزانێ

 

ئەو شۆڕشە نوێیەی مرۆڤ بەرپای کردووە، بەرز نرخاندنی مرۆڤە. شۆڕشی مرۆڤبوونە. لەو شۆڕشەدا مرۆڤ دەبێ مرۆڤ بێ، دەبێ مافی هەبێ و پارێزراو بێ. دەبێ، هەست و ئارەزووەکانی بگاتە جێ، هەموو بیرو ڕاکانی بدرکێنێ، لە ستەم و زەبروزەنگ نەترسێ. لەگەڵ هەموو مرۆڤەکانی دیکە، یەکسان بێ. هەمان مافی هەر تاکێکی دیکەی هەبێ. چەمکی ئازادیی و سەربەستیی بۆ هەموو کەس وەک یەک بێ. دادپەروەریی و یەکسانیی لە ئارادا بێ.ئەوەی بەو ڕێیەدا دەگوزەرێ بەرەو کۆمەڵگە ئارام و کامەرانەکان دەڕۆن. ئەوەی پێچەوانەیەتیی شیرازەی لەبەریەک نامێنێ. ڕێچکەی پێشکەوتن و گەشەسەندن لەو لایەیە ئەو چەمکانەی تێدایە. کاولکاریی و داڕمانیش لەو لایەیە، کە هێشتا بەنیازی زیندووکردنەوەی خەونی هەزار ساڵەیەتی