لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا چەندین تیمی شوێنەوار کنە و پشکنینیان لە هەرێمی کوردستاندا کردووە، کەچی ناوچەی پێنجوێن هیچی بەرنەکەوتبوو. گردی ڕۆستەم دەکەوێنتە نزیک چۆمی شالار لە نزیک گوندی بیستانی سەر بە ناحیەی گەرمکی قەزای پێنجوێن و ڕووبەرەکەی نزیکی دوو هێکتارە، ١٥ مەتر لە دەشتی بازرگان، بەرزترە. لە ساڵی ١٩٥٩ دوو کەس لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری بەغدا سەردانی دەکەن و لەو وردە و پردەی لە سەر گردەکە دەیدۆزنەوە، تەمەنی بۆ سەردەمی بابلیەکان دەگێڕنەوە
هەڵکۆڵین بە بەشداریی زانکۆی نیویۆرک و زانکۆی لودڤیک ماکسیمیلیان لە میونخ لە مانگی تەمموزی ٢٠١٨ دەستیپێکردووە. تیمەکە نیازیان هەبوو بە لێدانی چاڵێکی هەڵکۆڵین لەلایەکی گردەکەوە بۆ خوارەوە بتوانن بگەنە چینی سەرەکی گڵی کۆنی بن گردەکە، لەبەر کەمیی کات ئەوەیان بۆ تەواو نەکراوە. هەموو گردەکە بۆ چەندین چوارگۆشە دابەشکراو هەریەکەیان ژمارەیەکی درایە. لەوەندەی لەو چاڵەدا دەستیان کەوتووە دەیسەلمێنێ ژیان لە گردەکە بۆ سەرەتای چاخی مس کۆن دەگەڕێتەوە. هەندێ پارچەی گڵسازیی دیزە و گۆزەی ساسانییەکانیش دۆزرانەوە. بەمەبەستی دیاریکردنی شوێنی هەڵکۆڵینەکان، هەموو گردەکە بۆ چەند چوارگۆشەیەک دابەشکران و هەریەکەیان ژمارەیەکی درایە
لە بەردەوامیی هەڵکۆڵیندا دیوارێکی ئەستووری بەرد دۆزرایەوە. لە زەمینی ئەو شوێنەدا زۆر ئامرازی بەردیان دۆزییەوە. لەگەڵیاندا پارچەی خەڵووز دەرهێندران. تەمەنی خەڵووزەکە بۆ ٤٤٤٦ ساڵ بەر لە زایین، دەگەڕێتەوە. لەوانیش گرنگتر پەیکەرێکی بزنە کێوی لە بەرد داتاشراو لەگەڵ موروویەکی بەرد، دۆزرانەوە. پێنچ پارچە لەو ئامرازانەی بەرد لەوێ دۆزرانەوە پشکنینیان بۆ کراوە. سەرچاوەی چواریان بۆ گڕکانی نەمرود لە باکووری کوردستان، دەگەڕێنەوە. پشکنینی چڕی توخمەکان لە زانکۆی ئۆرلیانزی ئەمەریکا کراوە و بە پێێ ڕیژەی ئاسن، تیتانیۆم و مەنگەنیز لە نەمرودەوە گەیشتوونەتە گردی ڕۆستەم. پارچەی پێنجەمیان لە ناوچەی سیونیک لە ئەرمەنستانەوە هاتووە. ئەو دوو شوێنە هەر نەبێ ٥٠٠ کیلۆمەتر لە گردی ڕۆستەنەوە دوورن. خشتەی تەواوی پشکنینەکە و توخمەکان لە لاپەڕە ١٣ی توێژینەوەکە ببینە
لە گەڵ دۆزینەوەکانی سەرەوە لە هەمان چاڵی هەڵکۆڵیندا، چەندین ئامرازی بەردە شووشە هەبوون لەسەر ئەو چینەدا پاشماوەی ساسانیی هەبوون. پارچەی دیزە و گۆزە لەگەڵ وردە چەوی زەویەکە تێکەڵ بووبوو، واتای ئەوەیە ئەو شوێنە بەر هەیوانی خانوو بووە. لە سەروو ئەوانیشەوە هەندێ خشتەی گڵی بە ئاگر سوورکراوە، هەبوون
لە چاڵێکی دیکەدا (چوارگۆشەی ژمارە ٢٧٨٦٨٦)، بەرد هەسان، پارچەیەکی بچووکی برۆنز نووک تیژ و چەند پارچەیەکی دیکەی نەناسراو هەبوون. دەمە چەقۆیەکی ئاسن و پارچەیەکی دیکەی ئاسن دۆزرانەوە. لە سەر تەپکی گردەکە چاڵێکی دیکەی ٢ بە ٢ مەتر لێدرا، هێڵێکی بەردڕیز دۆزرایەوە، لەسەر ئەوەوە دیوارێکی دیکەی مەتر پان، هەبوو. نەزانرا ئەگەر ئەوانە بناغەی دیوار بوون یان بۆخۆیان دیوار بوون. لەسەر ڕیزی سەرەوەی بەردەکان دەرزیەکی رۆنز دۆزرایەوە
هەرچی چاڵی ٢٧٨٦٨٨ە، پارچەیەکی ملی دیزەیەک دەرهێنرا بە زمانی ئەکەدی لەسەری نووسراوە. ملەکە ١٧ سانتیمەتر واڵا بووە. نووسینەکە بۆ سەردەمی ئاشووری نوێ کاتی شا سەنحاریب دەگەڕێتەوە. نووسینەکە دەڵێ "من پاشا سەنحاریبم، پاشای ئاشوور، ئەم دیزەیەم داوە بە کوڕەکەم ئاشوور ئیلی موبالیسو. هەرکەسێک لێی ببات، یان لە کوڕەکانی ببات، خوا ئاشوور پاشای خوایەکان، گیانی خۆی و کوڕەکانی ببات، تۆو و ناویان لەسەر زەوی نەمێنێ". لە چاڵی ٢٧٨٦٨٥ بڕێکی زۆر پارچەی گڵسازیی چاخی مس دۆزرانەوە، زۆربەیان هاوشێوەی دۆزراوەکانی لۆگردان و تەپەگەورەن
لە هەموو وەرزی هەڵکۆڵینەکەدا ١١٠٣١ پارچەی گۆزە و دیزە و دەفری جۆراوجۆر دەرهێنران. زۆربەیان بۆ سەردەمی ساسانی و چاخی بەردینی کۆن دەگەڕێنەوە. بە پشکنینی ورد دیارە ئەو گڵسازییە هەر لە گردی ڕۆستەم کراون. چونکە لەگەڵ قوڕی بابەتەکاندا وردە بەردی چین چینی ناوچەی پێنجوێنی تێدایە. پارچەی کەم هەبوو ڕەنگکراو و نەخشدار بن. نەخشەکان دوو هێڵی تەریب بەرز و نزم دەبن (زکگزاگ) و لە دۆزراوەکانی شوێنەواری بۆولێرانی لوڕستان دەچن. لە سێگۆشەکانی نەخشەکاندا خاڵێک دانراون. ئەو پارچە ڕەنگکراوانە لە هەمان چینی خەڵووزەکەی تەمەن ٤٤٤٦ ساڵ لەمەوبەر، دۆزرانەوە
زۆربەی دۆزراوەکانی سەردەمی ساسانییەکان ڕوو زبرن و ڕەنگیان سوورباوە. تەنیا یەک پارچە نەبێ ڕەنگی شینە و وردە بەردی لەگەڵ، لەوەدەچی ئەوەیان لە میزۆپۆتامیای باشوورەوە هاتبێ. تەکنیکی دروستکردنی گڵسازی ساسانی تەواو دیارە، دەسکەکان لوودراون و لەگەڵ لەشی بابەتەکان لکێندراون. تەکنیکی کوتان و ناو قووڵکردن بەکارهاتوون. هەرچی تەکنیکی جوانکارییە، پەنجە، پارچە دار و داندانی وەکو شانە بەکارهاتوون. هەموو ئەوانە هاوشیوەی دۆزینەوەکانی شوێنەواری گردی سیتەک، بێستانسوور، قەڵای یەزدیگرد و خەرابەی دیر سیتوونن. چەند پارچەیەکی دیکەی ساسانی دۆزرانەوە شێوە و هێڵکاری جیایان لەسەرە. تا ئێستە دیار نییە بۆچی ساسانییەکان ئەو شیوانەیان لەسەر بابەتەکان داناوە. ڕەنگە بۆ ئەوە بووبێ بزانرێ هەر گۆزەیەک چی تێدایە. یان شوێنی دروستکردنی گۆزەکان بووبێ
گردی ڕۆستەم لەسەر ڕێگای هاتووچوونی نێوان دەشتاییەکانی ئێران و میزۆپۆتامیای باکوور بووە. دەسەڵاتی ئاشورییەکانیش لە گرد ڕۆستەم هەبووە. دۆزراوەکانی گڵسازیی ساسانییەکان ئەگەرچی هەر لەوێ دروستکراون، بەڵام گرێدراوی کەلتوورەکانی دەورووبەری خۆی بووە
سەرچاوە
https://epub.ub.uni-muenchen.de/68917/1/Potts_Radner_Squitieri_Gird-i_Rostam_2018.pdf
https://www.en.ag.geschichte.uni-muenchen.de/research/girdirostam/index.html