گۆرانی گووتن بریتییە لە کرداری دەنگ دەرکردن بۆ دروستکردنی ئاوازێک. بەڵام لە بیردۆزی دەرکەوتنی گۆرانی و میوزیکدا، مرۆڤ گۆرانی گووتنی پێش میوزیک داهێناوە. گۆرانی هەیە لەگەڵ ژەنینی میوزیکە و هەیە بێ ژەنینی ئامێرەکانی میوزیکن. ئەگەر زۆربەی هەرە زۆری گۆرانی گووتنی ئیستە لەگەڵ ژەنینی کۆمەڵێک ئامێری میوزیکیش بێ، بەڵام بیگومان لە دەرکەوتنی گۆرانی گووتندا وا نەبووە. بە شێوەیەکی گشتیی گۆرانی گووتن و ئاوازەکانی، بە پێی کلتووری گەلان دەگۆڕێ. تەنانەت ئەو گەلانەی خاوەنی کەلتووری دەوڵەمەندن، لە ناوچەیەکی نیشتەجێ بۆ ناوچەیەکی دیکەی هەمان گەل، دەکرێ ئاواز و شێوازی گۆرانی گووتنیان جیاواز بێ. ئەگەرچی جیاوازییەکان زۆریش بن بەڵام مۆرکی ئەو گەلەی هەر پێوە دەمێنێ. لە باسی کلتووردا، کورد لە نەتەوە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهانە
کورد خاوەنی کلتوورێکی یەکجار دەوڵەمەندە و کاریگەریی و گواستنەوەی بەشێکی ئەو کەلتوورەی لەسەر نەتەوەکان و بۆ نەتەوەکانی دراوسێی خۆی، هەبووە. بەشێکی زۆر لەو گواستنەوە و وەرگرتنەی لە کوردەوە بۆ ئەوان چووە بەر لە مێژوو روویانداوە و وەکو ئەدەبی زارەکی لێرەولەوێ بڵاو بوونەتەوە. گواستنەوەی دیکە هەیە لە دوای هاتنی ئیسلام ڕوویداوە و تا ئیستە هەمان ناوە کوردییە دێرینەکەی هەڵگرتووە و ماوەتەوە، لەوانە هەردوو مەقامی کورد نەهاوەند و سێ گا، لە تەواوی میوزیکی عەرەبیدا وەکو خۆیان ماون. لەگەل ئەوەیشدا گەلی کورد هێشتا جۆری دیکەی گۆرانی مەقام گووتنی هەیە و مۆرک و کرۆکی کوردی لەگەڵ ماوە و دەتوانین بڵێین هیچ نەتەوەیەکی دیکە وەرینەگرتووە و شێوازێکی هاوچەشنیشی لە نەتەوەکانی دیکەدا، نییە
لاوك جۆرێکی هونەری گۆرانی گووتنی کوردە و بە نەتەوەی کوردەوە بەستراوەتەوە. هونەرێکی هەرە ئاست بەرزی گۆرانی گووتنە. هەڵبەت لەبەرئەوەی لە ناخی نەتەوەی کوردەوە هەڵقوڵاوە و مێژوویەکی یەکجار کۆنی هەیە، زۆرتر لە لادێکانی کوردستان هەبووە و زۆرتریش هەر لەوێ ماوەتەوە. لەگەڵ ڕەوەند/کۆچەرییەکانی دەشت و مێرگەکان لە نێوان ناوچەکاندا و لەگەڵ بەرزایی چیاوچۆلێ شاخەکانماندا، گوزەری کردووە و گواستراوەتەوە. ئێستە، بە ناوچەیەکی فراوانی خاکی کورداندا بڵاوە. لەبەرئەوەی لاوک هەڵقوڵاوی ناخی نەتەوەیە، بۆیە هونەرێکی ڕاستەقینەی گەلەکەمانە و ڕەسەنایەتیشی هەر لەو سەرچاوەیەوە وەردەگرێ
لە باکوور پێی دەگووترێ سترانێ دەنگبێژی، لە ناو کرمانج ئاخێوەرانی هۆزی شکاک لە ورمێی ڕۆژهەڵات و ناوچەی گەڤەڕ لە باکوور، پێی دەگووترێ لاوژەی دیڤانی. لە باشوور پێی دەگووترێ لاوک. لەبەر قووڵایی مێژوویی لاوک، ناکرێ سەرەتای دەرکەوتنی لاوک بدۆزینەوە و بزانین. وەکو هەموو هونەرە ڕەسەنەکانی دیکەی گەلان، بنەچە و سەرەتای هەر بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگە سەرەتاییەکانی دەگەڕێتەوە. لە ناو لاوکبێژانی کۆن گووتراوە سەرەتای لاوک ئافرەت بووە. باوەڕیش وایە لاوک بۆ شینگێڕان داهاتبێ، بەڵام سەرچاوەیەکی تەواو یەکلاکەرەوە بۆ ئەو بۆچوونە نییە. هەروەکو لاوک خۆی، ئەو بۆچوونە هەر لە ناو خەڵکدا هەبووە، بۆیە ئەگەری زۆرە سەرەتای لاوک لە شینگێڕانی ئافرەتانەوە بووبێ، لە دوای لەدەستدانی ئازیزانیان هۆنیویانەتەوە. لەوە بەدوا پەرەی سەندووە و بابەتی وەکو چیرۆک و داستانەکانی خۆشەویستیی و خاک، تێکەڵ بە ڕووداوە مێژووییەکانی بەسەریان هاتووە، تیکەڵ بە لاوک بووە. ڕێژەیەکی گەورەی لاوک، بۆ خاک و شۆڕشەکانی کورد، تۆمار کراون
بە درێژایی مێژوو، سەدان و هەزاران لاوکبێژ هەبوون و ئەو کەلتوورە مەزنەیان لە نەوە بۆ نەوە هێناوە و پاراستووە. لە لایەکی دیکەوە، بەربڵاوی ئاخێوەرانی شێوەزاری کرمانجی وا دەکات لاوک بە پانتاییەکی یەکجار گەورەی خاکی کوردستاندا بڵاو ببێتەوە و بمێنێتەوە. لەبەرئەوە، نە یەمەکین لاوکبێژ هەیە و نە یەکەمین شوێنی دەرکەوتنیشی دەکرێ بدۆزرێتەوە. ئەو چیرۆکانەی لاوک لە ئامێزی گرتوون خەسڵەتی نەتەوەییان پێوەیە و سنووری وڵاتان ناناسێ. چیرۆکی خەج و سیامەند لە ناوچەی تاتوانێ لە باشووری کوردستان ڕوویداوە، بەڵام لە زۆر ناوچەی دیکەی کرمانج دوو، گووتراوەتەوە. بە هەمان شێوە، لهعلیخانا گۆڤهیى لە بنەچەدا داستانێکی باشوورە، بەڵام لە زۆر ناوچەی دیکەدا وەرگیراوە و گووتراوەتەوە، ئەوانە و زۆری دیکە لە کلتوورماندا هەن و لە مێژوودا تۆمار نەکراوە کێ یەکەم لاوکی بەسەریاندا گووتووە
بەشێکی باشی ئەوەندە لاوکەی تۆمارکراوە و بۆمان ماوەتەوە سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران و تێکۆشانە لە دژیان. ئەو کلتوورە دێرینە مەزنە ڕەگ داکوتاوەی کورد، بە باشترین شێوە لە خزمەتی نەتەوەدا لە هەمان سەنگەری بەرەنگاریی بووە و داستانەکانی سوارچاکیی و ملنەدان بۆ دوژمانیان تۆمار کردووە. داستانە زۆرەکانی مێژووی نەتەوەییمان بە لاوک، لە نەوە بۆ نەوە گێڕدراوەتەوە و لەو مەیدانەدا لە پێشەنگی هونەرە میللیەکانی کورد بووە. ژمارەیەکی باش لەو لاوکانە، پێداهەڵگوتن و هەڵدانە بەسەر کوردانی خەباتگێڕ و تێکۆشەرانی ڕیگای ڕزگاریی نەتەوەییمان. ئەوانەی لە سەنگەری بەرگرییدا گیانیان بەخاک بەخشیوە، لە هزر و ویژدانی نەتەوەماندا ماونەتەوە و لاوک مەزنیی ئەوانی تۆماری کردووە، داستانی کوردایەتیی و مەردایەتیی کەسایەتی کوردمان بۆ دەگێڕێتەوە
لاوکبێژ شاکرۆ، لە باکوور بە شای دەنگبێژان ناسراوە، لە لاوکی لاواندنەوە و پێداهەڵدان بەسەر شێخ سەعیدی پیران و خەباتگێڕیی ئەو شۆڕە کوردەی باکوور و حاجی موسا بەگدا، لاوکێکی پڕ سۆز و هەستی بۆ بەجێهێشتووین. لەگەڵ ئەوەی گوێگرتن لەو لاوکەی شاکرۆ بە ناخی کوردایەتییدا دەچێتە خوار و ئێش و ئازاری میللەتەکەی تۆماردەکات، لە ڕووی دەنگ و ئاواز و تەکنیکەکانی دەنگی خۆی لە لاوکدا چێژێکی هونەری بەرز بە گوێگر دەبەخشێ. لە بڵاوکراوەیەکی نوێدا، میوزیک لەگەڵ دەنگی شاکرۆ تێکەڵکراوە و وەکو تۆمارێکی هاوچەرخ دەردەکەوێ، ئەویشیان یەکجار چێژبەخشە. لاوکی "میرێ من" هۆزانڤانان مەعروف و عارف گوتوویانە، دەکری بەر لەوانیش دەنگبێژی دیکە گووتبێتیان، میرێ من لە لاوکە هەرە پڕ سۆزەکانە بەسەر شێخ سەعیددا هەڵبدا. هەرچی لاوکی لۆ بیرا لۆ بیرای محمد گەچەرە، هەر بۆ شۆڕشەکەی شێخ سەعید گووتراوە، پێش ئەویش لاوکبێژ شبلی چاچان و فەیزۆیا ڕیزۆ لە لاوکی کلاما یوسف بەگێ و بیسارە چەتۆ و هۆزان جانێ لە لاوکی لێ لێ دایێ و زۆری دیکە، لە مێژووی هاوچەرخماندا ناویان دیارە و چەندان لاوکیان بۆ ئەو مەبەستە چڕیوە
ئەگەر وەک چیژ بۆ ناخی خۆم، لاوکەکەی شاکرۆ بە ترۆپکی لاوکی کوردی بزانم، ئەوا دەبێ لاوکبێژ کەرەپەتێ خاچۆنۆ (ناسراو بە خاچۆ، بە ڕەچەڵەک ئەرمەنە و هەرگیز هیچ بەرهەمێکی هونەریی بۆ ئەرمەن نەگووتووە) پشت گوێ نەخەین. خاچۆ ڕزگاربووی هەڵمەتەکانی ساڵی ١٩١٥ی تورکانە بۆ سەر ئەرمەنەکان، لە لادێیەکەی خۆیان بیلەدەر، ئێستە کراوە بە بیناتلی، بە چاوی خۆی تێکدان و سووتاندنی خانووەکانی بە دەستی جەندرمەکان، دیتووە. ئەگەر لەو کاتەدا سەربازێکی کورد لەوێ نەبا و ڕزگاری نەکردبان، خاچۆ و دوو برایەکەی ئەبراهام و مانوشاک و خەزاڵی خوشکی، وەکو دایکی، بابی و مامی هەموو ئەوانی دیکەی لادێیەکەی، هەر لەوێ خەڵتانی خوێن دەکران. خاچۆ لە ساڵی ١٩٤٦ دەچیتە ئەرمەنستان و لەوێ جیگیر دەبێ، لە ڕادیۆی کوردی یەریڤان دەست بە کار دەکات و زۆر لاوک و گۆرانی کوردی بۆ زمانی ئەرمەن وەرگێڕاوە، لەوانە ئەی لۆ میرۆ، عەدوولێ، چوومە جزیرێ، خەم خەمە، لێ دایکێ و زۆری دیکە. لاوکە بەناوبانگەکانی خاچۆ، لاوکی فلیتێ قوتۆ بۆ وێرانکارییەکەی ساڵی ٢٠١٥ گووتراوە، لاوکێ مەتینێ و دەروێشێ عەڤدیی چیرۆکی خۆشەویستیی ئەو دووانە دەگێڕێتەوە
عەڤدالی زەینکێ داستانێکی دیکەی جیهانە پڕ بەهاکەی لاوکە. عەڤدال منداڵ دەبێ بابی کۆچی دوایی دەکات و بە ناوی دایکی (زەینێ) ناودەردەکات. یەشار کەمال لە وەسفی عەڤدالی زەینکێدا دەڵێ "عەڤدال هۆمیرۆسی کوردانە". ناویشی بە شاخێ دەنگبێژان یان شعارێ سەرحەدێ دەرکردووە. دەنگبێژێ دیوەخانی سورمەلی پاشا بووە، سواری گۆگەرچین (ناوی ئەسپەکەیەتی) بووە و دۆستی قوڵینگی بریندار، بووە. دەنگی عەڤداڵ هێندە بەرز و توند بووە لەسەر چیای سیپانی خەلاتێ دەنگ دەداتەوە و بەناوبانگترین لاوکبێژی سەردەمی خۆی لە ساڵانی ١٨٠٠ بووە
ئەو لاوکانەی کەڵە لاوکبێژانی کورد بۆیان بەجێهێشتووین هەڵگری ناسنامە و مێژوویەکی کلتووریی و هونەریی دوور و یەکجار قووڵی نەتەوەکەمانن. ناخیان بە مێژوودا چووەتە خوار و کرۆکی گیانفیدایی و قارەمانییەتی کوردەکان بۆ پارێزگاری لە خاکیان، گووتراون و لاوی کوردیان جۆش داوە. دیارنییە لەکەیەوە لاوک بۆ خاک و شۆڕشەکانی کورد هۆنراوەتەوە. دەکرێ پێش ئەوە بۆ ئەڤین و سوارچاکیی گووترابێ، لەگەڵ رووداوەکانی مێژووی کورد بەرەبەرە بەرەو پێداهەڵدانی شۆڕشگێڕان و قارەمانانی نەتەوەکەمان چووبێ. لاوک، وەکو هونەری میللی کورد لە هزری کورداندا زۆر لەوە بڵاوتر و فروانترە، بابەتەکانی ئەوینداریی و مێژوویى، نهتهوهیى، ئاینىیش دەگرێتەوە و لە کۆڕ و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکاندا وەکو شەوچەرەی دانیشتنەکانی کۆمەڵگە کوردییە ڕەسەنەکان بووە و هەر بەو هۆیەیشەوە، دوای تێپەڕبوونی هەزاران ساڵ، هەر ماوەتەوە. لە بابەتی ئەویندا، داستانی خۆشەویستیی وەکو مەم و زین، خەج و سیامەند، دەروێشێ عەڤدی و عەدولێ، عەلی و فاتمێ و لەعلیخانا گۆڤەیی و زۆری دیکە وەکو لاوک تۆمارکراون و بوون بە بەشێک لە کلتوورێکی دەوڵەمەندی لاوک
لاوکی کوردان لە ئاواز و بەرزیی و نزمیی تۆنەکانیشیدا سەربەستە. وەکو گۆرانی و مەقامەکانی نییە. لاوکبێژ خۆی لە هەست و نەستی خۆیدا دەزانێ چۆن و کەی تۆنی دەنگ بەرزدەکاتەوە و نزم دەکاتەوە. کەم جۆری دیکەی گۆرانی گووتن و لاوانەوە تۆنی بەرز و نزمی وەکو ئەوەی لاوک بەکاردەهێنێ. ئەو توانای قورگ و هەناسەیەی لاوکبێژی کورد هەیەتی، بە ئاسانی لە میللەتانی دیکە نادۆزرێتەوە. یاسا و ڕێساکانی لاوک چڕین، هەڵقوڵاوی ناخی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردەوارین. هەرچەندە ڕیتم و ئاوازێکی ناسراو و سەر بە قوتابخانەیەکی میوزیک و گۆرانی نییە، بەڵام لە چوارچیوەی خۆیدا جیاکەرەوەی تەواوی لەگەڵ هەموو جۆرەکانی دیکەی گۆرانی گووتندا هەیە و ئاواز و ریتمی تایبەت بە خۆی هەیە. بە شێوەیەکی گشتیی، لاوک وەکو گۆرانی ئاسایی نییە، کاتێکی درێژتری دەوێ تا هەموو بابەتەکە تەواو دەکات. بەشێکی ئەو ماوە زۆرەی لاوک پێویستییەتی لەبەر جۆری داستان و بەسەرهاتەکانە. سروشتیی ئەو داستان و بەسەرهاتانە وایکردووە لاوک درێژتر ببێ
بەکارهێنانی تۆنی بەرزی دەنگ و توانای قورگ بەو شێوەیەی لە لاوکدا هەیە، کارێکی ئاسان نییە و تەنانەت هەموو گۆرانیبێژێکیش نایگاتێ. یاریکردن بە تۆنە بەرز و نزمەکان، لەو جۆرە گۆرانییانەی لە کوشوهەوای سارددا دەگووترێن دەردەکەون. چەندی لە شاخەکانی زاگرۆسەوە بەرەو تەختایی و دەشتەکاندا دێینە خوار ئەو تێکەڵکردنەی تۆنەکان کەمتر دەبێتەوە و دەنگی گۆرانیبێژانی ناوچە گەرمەکان نەرمترە و کەمتر تۆنی بەرز و نزمی دەنگ تێکەڵ دەکەن. بە ووردبوونەوە لە لاوک و هۆرەی هەورامی، کە هەردووکیان لە ناوچە ساردەکانی کوردستان هەن و هەیە هەڵپەڕکێ هاوەڵی دەبێ، بۆمان دەردەکەێ بەکارهێنانی بەرزکردن و نزمکردنەوەی تۆنەکان بۆ گەرمکردنەوەی جەستەی گۆرانیبێژە، چونکە وزەی زۆرتر لەو شیوازانەدا بەکاردەبرێ. کەچی لە ناوچەکانی گەرمیان مەقامی وەکو خورشیدی و قەتاروئەڵلاوەیسی هەن، هەردووکیان نموونەی نەرمیی و تۆن نزمیی گۆرانی گووتنی گەرمیانن و وزەی کەمتریان لە چاو لاوک و هۆرە، پێویستە. بەو جۆرە کورد بەپێی کەشوهەوای ژینگەی خۆی داهێنانی لە جۆری گۆرانی گووتندا کردووە و فرەیی و هەمەڕەنگیی کلتووری گۆرانی گووتنی بۆ بەرهەمهێناوین
زۆربەی هەرە زۆری لاوکەکانیش، بە تایبەتی ئەوانەی پێش داگیرکاریی تەکنۆلۆجیا بۆ کۆمەڵگەکان، گووتراون، تەنیا لەگەڵ باڵەبانێک بووە. دەنگی زوڵاڵ و تا ڕاددەیەک دڵتەنگی باڵەبان ئاستێکی دڵگیرتر و لە هەمان کاتیشدا، دڵتەنگتر دەداتە لاوک و لە چاو جۆری دیکەی گۆرانی گووتن، جیاکەرەوەیەکی باشی لاوکیشە. کەم لاوک هەیە بەبێ باڵەبان گووترابێ. هەیە، دەنگە ساز و خۆشەکەی گۆرانیبێژ بەتەنیایە، بەڵەبانیشی لەگەڵدا نییە. لەبەرئەوەی لاوک هەردەم باسی ئێش و ئازارێک دەکات، بۆ دەربڕینی خۆشیی و ئاهەنگ گێڕان نییە. بەو هۆیەوە لاوک خەمناکە و دووانەی باڵەبان و لاوک پێکەوە ئاستێکی جیای خەمباریی دەداتە ناخی لاوک
لە باشووری کوردستان هونەرمەندانی وەکو كاوێس ئاغا، مهریهم خان، عیسا بهروارى، محهمهد عارفێ جزیری، محمد دينێ، حهسهنێ جزیرى، حاجى پيرۆ هەركى، سيد شملى و محهمهد تهیب تاهیر هەبوون و لاوکیان گوتووە. ناوی دیاری لاوکبێژانی دیکەی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەکرێ بڵێین ئەمانەن: شاکری کۆپێ، حەسەنێ تاهیر، تاهیرۆ، رەسۆ، کاوێس میلانی، ساڵح شەرناخی، ئەحمەدی قالیچێ، سادق شێخوەلیا، ئێلیجانا پاشوری، ماروف، رەسۆ ناسراو بە میری دەنگبێژان، بەهزاد باتتێ، ساڵیحی بەیناتێ، سەیدئاغای جزیری، هۆزان ئایدن، شێخ ئیسماعیل میلانی، زاهیرۆ، ئەحمەدی هالیکسان، هۆزان ڕێناس، ئێرهان کایا، ئاریان سەرحەد، میرادێ کنێ، حەمە حاجی، دەلیل دلانار، شاهۆیێ بیرۆ، کاووس میلانی، حەسەن شێخ خەڵات، خدرکێ عومەری، جاهیدۆ، فادیلێ کوفراگی، محمد امین، محمد ئاگری، ئیبراهیمی پێرەکێ، سەیدۆ شمشەک، فەریدێ ئاگری، کاوێس میلانی، حەقی، کورمانج باکووری، دەروێش سەرحەدی، مەتین بارلیک، هۆزان شەمدین، هۆزان ئێنۆ، زەکی، ڕیهایە، باقی خدۆ، جیهادۆ، غەنی مارکی، محەمەدی تەپە، خەلیل غەمگین، سەیدخانی بۆیاغچی "بە بولبولی دیاربەکر ناسراوە"، مستەفایێ فیردەسە، حوسێنی عومەری، نەجمەدین دەریکە، سدیق کارلیۆڤا، کازۆ، ساڵح قۆبینی، ئیبراهیمی نەورۆزی ناسراو بە برێ، حوسەینۆ موشی، حەسەنی شیلبێ، ڕەسوێ گۆپاڵا، موشلو ئیحسان، رەفعەتێ داری، حوسەینۆ، ڤەدات ئاکارسو، کورمانج باکوری، موفیدە، چنار حەمدی، ڕەوشەن محمد، یارا ئەحمەد، گازین، بەدیع یاقوب، بەرچەم زەلال، خالیدە .. هتد. ئەو کۆمەڵە ناوانە مشتێکن لە خەرمانێک
هەموو لاوکەکان بە شێوەزاری کرمانجین و هەر لەو ناوچانەی بە کرمانجی دەدوێن بڵاوە. هەڵبەت جگە لە باکووری کوردستان، کوردانی گورجستان، ئەرمەنستان، ڕووسیا، ڕۆژئاوای باکووری ئێران، بەشێکی باشووری کوردستان و ڕۆژاوا ئاخێوەرانی کرمانجین، بەو هۆیەوە لاوک لەهەموو ئەو ناوچانەدا هەیە و چێژ بە گوێگرانی دەبەخشێ. ئینجا لەگەڵ ئەو هەموو ناوچە جوگرافییە بەربڵاوەی بە کرمانجی دەدوێن، لاوک لق و پۆپی لێ بووەتەوە و چەند نەزمێکی تایبەت بە پێی ئاوازەکان و شێوازی گووتنی، لێوە پەیدابووە، لەوانە
بایهزیدى: لە باكوور و باكووری رۆژههلاتی دهریاچەی وان، دەگووترێ
ههكارى: لە باشوور و باشووری رۆژئاوای دهریاچەی وان، دەگووتری
بۆتانى: لە لێوارەکانی دۆڵی بۆتان، لە سێرت، ئهرتوش، جزیر و ئامهدێ، دەگووترێ
شهمدینان: لە لای باشووری رۆژههلاتی توركیای ئێستە، ڕۆژههلاتی زێى مهزن و دهڤهری نزیک لە سنوورەکانی ئێرانی ئێستە، دەگووترێ
بادینان: لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگهی دهۆك و ههموو قهزاکانی سەر بە دهۆک، دەگووترێ
لە نەبوونی ناوەندی توێژینەوەی زانستیی هونەری کوردیی لە باشوور، توێژینەوەی زانستیی چڕ و پڕ سەبارەت بە لاوک، وونە. جگە لە چەند ئاماژەیەکی کەمی د. مارف خەزنەدار، محەمەدی حەمە باقی و عوسمان شارباژێڕی و هەندێک بابەتی بڵاوکراوەی گۆڤاری کاروان لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، شتێکی ئەوتۆی زانستیی لەبەردەست نییە پشتی پێببەستین تا بە شیوەیەکی زانستیی توێژینەوە لە لاوک بکرێ و وەکو کەلتووری نەتەوەیی لە ڕێکخراوە جیهانییەکاندا تۆماریان بکەین. پاراستنی ئەو بەشە گرنگ و پڕ بایەخەی کەلتووری هونەریی کورد، هەر لە ملی هونەرمەنداندا دەمێنێتەوە و تا ئێستە هەر ئەوانن بەوپەڕی خۆشەویستییانەوە بۆ ئەو کەلتوورە مەزنە، بە زیندوویی هێشتوویانەتەوە