شۆڕشی نوێێ تەکنۆلۆجیای مرۆڤ و هەموو ئەو پێشکەوتنانەی لە بواری گەیاندندا پێی گەیشتووین، کۆڵەکەی لەسەر هێندێک سیفاتی سیلیکۆن داناوە. سیلیکۆن لە زەویدا زۆرە و هەموو ئامێری ئەلکترۆنی سەردەم پشت بە سیلیکۆن دەبەستن. خانەکانی چنینەوەی وزەی خۆر، چیپی ئەلکترۆنی هەموو کۆمپیوتەر، تەلەفۆنی دەست و ئامێرەکانی دیکە تا دەگاتە بچووکترین ترانزستەر، هەر سیلیکۆنە. بەڵام سیلیکۆن وەکو ماددە، بۆ تەکنۆلۆجیای ئاییندەمان نموونەیی نییە، دەبێ ماددەی باشترمان هەبێ دەنا لە پێشکەوتنماندا، پێ نانێینە قۆناغی داهاتوومان.
راستە سیلیکۆن ڕێدەدات ئەلکترۆن بە ئاسانی پێیدا تێپەڕێ، کەچی هەمان چاوپۆشیی بۆ هەبوونی کونیلەکان (شوێنی بەجێماوی ئەلکترۆنەکان، بارگەی موجەبیان هەیە) ناکەن. لە پیشەسازی ئەلکترۆنی ئێمەدا، هەردووکیمان پێویستن چونکە هەبوونی ئەلکترۆنی زۆر بێ کونیلە تا ئەلکترۆنەکان بگرنە خۆیان، بێ سوودە، یان با بڵێین کارامە نییە. لە لایەکی دیکەوە، سیلیکۆن گەیەنەرێکی گەرمیی باش نییە، بۆیە ئامێرەکانمان گەرم دەبن. نرخی ساردکردنەوەی ئەو ئامێرانەی سیلیکۆنییان تێدایە، واتا هەموو ئامێری ئەلکترۆنی، گرانە. توێژینەوەی نوێ لەو بارەیەوە دەڵێ شەش پاڵووی بۆرۆن و زەرنیخ هەردوو سیفاتی هەبوونی کونیلە و گەرمی دەردانی هەیە و ئەگەر هەیە باشترین ماددەی نیمچەگەیەنەر بێ.
پێشتر لە ئەنجامی توێژینەوەیەکدا لە سای ٢٠١٨ وەک بیردۆز دەرکەوتبوو ماددەیەکی نیمچە گەیەنەری لە سیلیکۆن باشتر دەبێ توانای گەیاندنی گەرمیی لەوەی سیلیکۆن باشتر بێ و بتوانی گەرمیی دەردات، ئینجا تاقیکردنەوەکانی ناو تاقیگەکان دەریانخست ئەو بیردۆزە ڕاستە. گەرمیی گەیاندنی شەش پاڵووی بۆرۆن زەرنیخ هەرنەبێ ١٠ جار لەوەی سیلیکۆن باشترە و سێیەم باشترین ماددەی گەیەنەری گەرمییە. لە لایەکی دیکەوە، لە پێوانەی چڕی میکانیکی کوانتەمی شەش پاڵووی بۆرۆن زەرنیخ دۆزرابووەوە، کە سیفاتەکانی ئەلکترۆن و کونیلەکانی ئەو ماددەیە زۆر گونجاوە.
ئەوەی یەکلاکەرەوەیە ئەوەیە لە پەیمانگەی تەکنۆلۆجیای ماساشوسێتس لە ئەمەریکا، ئامێرێکی لەیزەری نایاب هەیە دەتوانێ ئەلکترۆن و کونیلەکانی ئەو ماددە تازەیە دەستنیشان بکات. بەبێ ئەو ئامێرەی لەیزەر لەوانەیە چەند سەدەیەک لە توێژینەوەی تاقیگەکان پێوسیت دەبوو تا بتوانن بگەنە هەمان ئەنجام.
ئەوەی جارێ ئاشکرایە ئەوەیە نیمچە گەیەنەرێکی یەکجار باش دۆزراوەتەوە، بەڵام ئایا چەند کەڵک لەو ماددە نوێیە وەردەگیرێ، دیار نییە. هەموو پیشەسازیی نوێمان پشتی بە سیلیکۆن بەستووە، جارێ کەس نازانی ئەگەر جێگرەوەی سیلیکۆن بێتە ناو ئەو پیشەسازییانە، چییان بەسەر دێ و چەند پێشکەوتن ڕوودەدات. لە دەستەکەی دیکەیش، دیار نییە ئەو شەش پاڵووەی بۆرۆن زەرنیخ چەندە جێگیرە، تا چەند دەتوانێ هەمان کار بکات بێ ئەوەی سیفاتەکانی خۆی بگۆڕێ. ئەوانە تاقیکردنەوە و توێژینەوەی زۆریان دەوێ.
لەسەروو ئەوانیشەوە، دروستکردن و دەستکەوتنی شەش پاڵووی بۆرۆن زەرنیخ مەرج نییە وا بە ئاسانی بکەوێتە بەردەست ئەو پیشەسازییانەی بەکاریدەهێنن. سیلیکۆن نزیکەی ٥٠ ساڵی ویست تا گەیشتە ترۆپکی ئەو پیشەسازییە و توانیمان بە ڕێژەی ٩٩.٩٩٩٩٩٩٩٩٪ پاکی بکەینەوە و بە تێچوویەکی گونجاو بۆ سەردەمی خۆمان بەرهەمی بهێنین. مەرج نییە هەمان ئەو بارودۆخە بە ئاسانی بێنە پێش. بەڵام مرۆڤایەتیی لە هەنگاوی شارستانییەتی خۆی بەردەوامە و پاڵپشت بە زانست، پێشکەوتن بەردەوامە.
سەرچاوە:
https://techxplore.com/news/2022-07-semiconductor.html?fbclid=IwAR2nB004t7vv06w8lu4UfzW-oivtb0RgrqQxOxZ1wIZzaPpYvXv5LuVNBT4