ژیریی و درککردن

لە بابەتێکی پێشوومدا باسی شۆڕشی درککردنم کردبوو. ئەگەرچی مرۆڤ تاکە بوونەوەری سەر زەوی نییە توانای درککردنی هەبێت، بەڵام ئاشکرایە، ئەوەی مرۆڤ زاڵترینییانە. هۆشداریی زۆر دراوە و دەدرێ لەوەی ڕۆژێک دێ رۆبۆت و مەکینەکان دەست بەسەر هەموو شتێکدا دەگرن و هەوڵی لەناوبردنی مرۆڤ دەدەن، زۆربەی ئەوانەیش لە فیلمەکانی هۆڵیووددا دەبینین، بەڵام ئایا ئەوە چەند ڕاستە؟

 

چەندی توانای ڕۆبۆتەکان زۆر بێ، تەنیا لە بوارەکانی (چارەسەرکاریی – معالجە)ی زانیارییەکان و هەڵگرتنییان، لە مرۆڤ دەبەنەوە. درککردن بە دەورووبەر لە ڕێی هەستەوەرەکانی ڕۆبۆتەکانەوە دەبێ، بەڵام ئەو بەشە تەنیا وەرگرتنی زانیاریی دەورووبەرە، درککردنی مێشکی مرۆڤ کارێکی تەواو جیاوازە. لەو بارەیەوە، خەیاڵی زانست، ژیریی و درککردنی تێکەڵ کردووە. ئەو دوو بابەتە چی لە ڕووی زانستییەوە بێ، یان، لە ڕووی مێژووی گۆڕان و پێشکەوتنی مرۆڤ بێ، بە دوو ئاراستەی جیادا ڕۆیشتوون و مەرج نییە پرۆسەی دەرکەوتنی درککردن و ئەو شۆڕشەی ئەنجامی دا، لە ژیربوونی مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتبێت

 

لە زانستی وێڵ و فلیمەکانی هۆڵیووددا، بۆ ئەوەی ڕۆبۆتەکان بەسەر مرۆڤدا سەرکەون، دەبێ درککردنیان بۆ پەیدا بێ. ئەوە کرۆکی هەموو فلیمەکانی سەبارەت بە ژیریی دەستکرد و ئاییندەی ڕۆبۆتەکانە. هەر لەو کاتەی دەستیان پێکرد درک بە دەوروبەری خۆیان بکەن، یەکسەر یان لەگەڵ مرۆڤدا دەکەونە جەنگ، یانیش دەکەونە خۆشەویستیی، لەوانەیشە هەردووکیان لەیەک کاتدا ڕوبدەن

 

لە واقیعدا، هیچ هۆیەک نییە پێمان وابێ ڕۆبۆتەکان درککردنیان بۆ دروست دەبێ، چونکە ژیریی و درککردن تەواو لەیەک جیان. ژیریی توانای سەرکەوتنە بەسەر گرفتەکاندا. بەڵام درککردن هەستکردن بە ئازار، خۆشیی، ئەوین و تووڕەبوونە. ئێمە دوو بابەتەکە تێکەڵ دەکەین چونکە لە شیردەرەکاندا ژیریی و درککردن هاوتەریب و دەست لە ناو دەست، دەڕۆن. شیردەرەکان زۆربەی گرفتەکان بە هەستەکانیان چارەسەردەکەن، کەچی کۆمپیوتەر و ڕۆبۆتەکان گرفتەکان بە شێوەیەکی تەواو جیا، چارەسەردەکەن

 

ڕێڕەوی سوپەر ژیریی چەند ڕێگایەکی هەیە، بەڵام تەنیا چەند دانەیەکیان درککردنیان لەگەڵدایە. هەروەک چۆن فڕۆکە بێ ئەوەی پەڕی هەبێ وەک باڵندە دەفڕێ، دەکرێ کۆمپیوتەریش لە مرۆڤ باشتر، بێ ئەوەی هەستی هەبێت، گرفتەکان ببەزێنێ. ڕاستە کۆمپیوتەر و لۆگاریتمەکان دەکرێ هەستەکانی مرۆڤ شیکار بکەن و نەخۆشیی مرۆڤ چارەسەربکەن، لە ناو سەدان پیادەڕۆدا لەسەر شەقامەکاندا تیرۆریست و پیاوخراپ دەستنیشان بکەن، بەڵام خۆ کۆمپیوتەر لە هیچ لەوانە پێویستیی بە هەست نییە. بەڵێ، ئەستەم نییە ژیریی دەستکرد هەست بۆخۆی دروست بکات، بەڵام واتای درککردن وەک مرۆڤ، نابەخشێ

 

جارێ خۆمان هەموو شتێک سەبارەت بە درککردن نازانین تا لە هەموو شتێک دڵنیابین. بەڵام بە شێوەیەکی گشتیی، سێ ئەگەر هەیە دەبێ لەبەرچاویان بگرین:


١.درککردن تەنیا خەسڵەتی گیانلەبەرانە، بۆیە هەرگیز لە نا-گیانلەبەراندا دروست نابێت


٢.درککردن بە گیانەلبەرانەوە پێوەست نییە. بەڵکو بە ژیرییەوە پێوەستە، بە شێوەیەک ئەگەر هەیە کۆمپیوتەرە زۆر ژیرەکان بە دەستی بێنن


٣.هیچ پێوەندی لە نێوان درککردن و ژیریی بەرز، یان، گیانلەبەردا نییە. دەکرێ سوپەرژیر بن، بەڵام درککردنیان نەبێ


لە دۆخی ئێستای زانیارییماندا، ناتوانین بزانین کام لەو سێ ئەگەرەی سەرەوە ڕاستە. چونکە زانیارییمان لەسەر درککردن زۆر کەمە. لەوەناچێ لە ئاییندەی زوودا بتوانین درککردن بۆ کۆمپیوتەر زیاد بکەین. سەرەڕای بەدەستهێنانی ئاستی بەرزی ژیریی دەستکرد بۆ ڕۆبۆت و کۆمپیوتەرەکانی ئاییندە، ئەوەی ئێستە لێمانەوە دیارە ئەوەیە ئەو ژیرییەیش پشتی بە درککردنی مرۆڤەوە بەستووە. واتا، درککردنی مرۆڤ ئاگاداریی پێشکەوتنی ژیریی دەستکردە و هەر لە ژێر کۆنترۆڵی خۆی دەبێت

 

مەترسیی و هەڕەشە لەوەدا دەبێ، وەبەرهێنانی زۆر لە ژیریی دەستکرددا بکەین، بەڵام زۆر لەوە کەمتر لە پێشخستنی درککردنی مرۆڤدا بکەین. ژیرییە بێ هاوتاکەی کۆمپیوتەرەکان دەبنە سەرچاوەی گێلبوونی مرۆڤ. لەوە ناچێ لە چەند سەدەی داهاتوودا ڕۆبۆتەکان شۆڕش بەسەر مرۆڤدا بکەن. بەڵام ڕووبەڕووی ئەوانە دەبینەوە، کە بە خوێندنەوەی هەستەکانمان وامان لێدەکەن بڕیاری کڕینی ئۆتۆمبیلێک بدەین، دەنگ بە سیاسەتوانێک بدەین، یان، ببینە کۆیلەی بیروباوەڕێک. لەوانەیە بتوانن هەستیی تووڕەبوون و رقمان بخوێننەوە و لە دژی خۆمان بەکاریان بێنن. بۆ ئەوەی لەو مەترسییانە بە دووربین، دەبێ بۆ هەر دۆلار و خولەکێک لە ژیریی دەستکرددا دەیخەینە گەڕ، ئاوایش بۆ پێشخستنی درککردنی خۆمان بیخەینە گەڕ. ئێستە، وانییە. زۆربەی وەبەرهێنانمان لە تواناکانی مرۆڤدا بۆ پێویستییە هەنووکەییەکانە، نەک پێویستییەکانمان لە مەودای درێژخایەندا

 

سیستەمی ئێستەی ئابووری جیهان فشارمان لەسەر دادەنێ تا جزدانی وەبەرهێنانمان واڵا بکەین. بەڵام لە هاندانمان بۆ بەزەیی زیاتر، دەسڵەمێتەوە. بۆیە وادەکات بمانەوێ لە ورد و درشتی بۆرسەکانی جیهان تێبگەین، بەڵام هیچ بایەخ بە هۆیە بنەڕەتییەکانی ئێش و ئازار نەدەین. مانگا لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵاندا، سیفاتی باب و باپیرانی ناو دەشت و دەریان نەماوە. گۆشتنە، بێ هەوڵ و تەقەلایە چونکە خواردنی ئامادەیە و فروفێڵێ خۆ شاردنەوە و ڕاکردنیشی نەماوە. ئێمەیش وامان لێهاتووە، مرۆڤی دەست بە ڕوو نراوین، ڕۆژانە بڕێکی زۆری زانیاریی دروست دەکەین، وەکو ترانزستەرێکی ناو چارەسەرکاری کۆمپیوتەر کارەکانمان دەکەین. بەڵام هیچ خۆپێشخستنمان نییە. نازانین تواناکانی مرۆڤ چەندیان ماوە بەدەرکەون. جارێ هەر نازانین مێشکی مرۆڤ چییە. کەچی وەبەرهێنانیشمان لە توێژینەوەکانی مێشکدا زۆر کەمە، لە جیاتی ئەوە بایەخمان بۆ خێراکردنی ئینتەرنێتە

 

ئەگەر وریا نەبینەوە، دەگەینە ڕۆژێک تیایدا مرۆڤی بێ توانا، کۆمپیوتەری زۆر ژیر و بە توانا بەکاردەهێنێ. مەترسیی ئەو سەردەمە لەسەر مرۆڤایەتیی یەکجار گەورەیە.