ڕەچەڵەکی ئازەریەکان

باوەڕ وابووە ئازەرییەکان ڕەچەڵەکێکی تێکەڵیان هەبێت و ڕەگیان بۆ ناوچەی قەوقاز بگەڕێتەوە و لە مانییەکان (بەر لە ٣٠٠٠ ساڵ لە ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستە دەژیان) نزیک بووبن. لە دواییدا لەگەڵ هۆزەکانی کەلتووری ئەندرۆنۆڤۆی ئاسیای ناوەڕاست وەکو هیندۆ ئێرانییەکان و فارسەکان، تێکەڵ بووبن. زانیارییەکانی مێژوو، زمان و کەلتوور هەندێ خەسڵەتی ئێرانیبوون (مەبەست لە وڵاتی ئێران نییە) لە ئازەرییەکاندا نیشان دەدات. بە تایبەتیش زمانی ئدی یان ئادی (زمانی ئازەری کۆنە) وەک لقێکی زمانە ئێرانییەکان ناسراوە و تا ئێستە لە هەندێ بن زمانی ئازەردا ماوە. بەوانەی بە ئادی قسەدەکەن، هەر دەڵێن ئادی


لە هەزارەی یەکەمی زایین، هۆزە کۆچبەرە تورکەکان لە بەرزاییەکانی ئاڵتای باکووری ئاسیای ناوەڕاستەوە هاتن و ناوچەی باشووری ڕۆژئاوای ئاسیایان داگیرکرد و لەو کاتەوە بۆ چەند سەدەیەک تورککردنی ئازەربایجانیان دەست پێکردووە. لە ئەنجامدا زمانی ئازەری تورکی سەر بە خێزانی زمانەکانی ئاڵتای، جێی زمانی ئادی گرتەوە. زۆربەی ئازەرییەکان لە وڵاتی ئازەربایجان دەژین، ١٥ بۆ ١٦ ملیۆنیش لە ئێرانن و دوای فارس، لە ئێراندا دووەم نەتەوەن


 لێکۆڵینەوە لە ڕەچەڵەکی ئازەرییەکان توێژینەوەیەکی هاوبەشی نێوان زانکۆی کۆمپلوتێنسی ئیسپانیا و زانکۆی تارانە و لە نموونەی دی ئێ ئەی کۆی ٨٩٠٢ کەس ئەنجام دراوە. ژمارەی نموونەکان و لە کێ وەرگیراون لە خشتەی لاپەڕە ٥ ی سەرچاوەکە هەیە و ٦٠ لەوانە کوردی ڕۆژهەڵاتن. توێژینەوەکە لە (ئێچ ئێڵ ئەی) ئەو نموونانەی کۆڵیوەتەوە. ئەوەی بە ئینگلیزی بۆ (ئێچ ئێڵ ئەی) کورت کراوەتەوە سێ وشەیە. بەو کۆمەڵە جینانە دەگووترێ، کە یارمەتی سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤ دەدەن پرۆتینەکانی لەشی خۆی لەوانەی ڤایرۆس و بەکتیریاکان دروستیان دەکەن، جیا بکاتەوە. (ئێچ ئێڵ ئەی) ئامرازێکی زۆر بەهێزی توێژینەوەکانە و زانیاری زۆر وردی لە باوانەوە بۆ دەمێنێتەوە و وەکو مێژووی جینەکان وایە


(جووتکردنی دراوسێکان)

تەکنیکێکە لە ژێرەوە بۆ سەرەوە جینەکان لە نەوەوە بۆ باوان، ڕێکدەخاتەوە ولە توێژینەوەی جینەکاندا بەکاردێت. درەختی جینەکان نیشان دەدات، بەو شێوەیە مێژووی جینێک دیاری دەکرێت. بەراوردکردنی جینی ئازەرییەکان لەگەڵ خەڵکی باکوور و باشووری دەریای سپی ناوەڕاست (ئەوروپا و ئافریقا)، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەوقازییەکان و ئەوانەی ڕۆژئاوای سیبیریا، جینەکانی ئازەریەکان لە کۆمەڵی (ئێچ ئێڵ ئەی - دی ئاڕ بی ١) ڕەچەڵەکیان بۆ قەوقاز دەگەڕێنێتەوە


وەک لە شێوەی ٢ ی لاپەڕەی ١١ی ڕاپۆرتی توێژینەوەکە دیارە، ئازەرییەکان لەگەڵ کۆمەڵەی یەکەمن و زۆر لە کورد و گۆرگانەکان نزیکن. گۆرگان ئەوانەن لە شاری گۆرگان پایتەختی پارێزگای کوڵستانی ئێرانە. کۆمەڵە جینی هاپلۆتایپی (دی ئاڕ بی ١ - دی قیو بی ١)  لە کوردیش و لە ئازەریشدا، هەن. ئازەرییەکان لە چوڤاش (لە باکووری قەوقاز دەژین) گەلی سڤان و خەڵکی گورجستانیش، نزیکن. هەمان کۆمەڵەی (ئێچ ئێڵ ئەی - دی ئاڕ بی ١) ئازەرییەکان لە نزیک بەلوچ و ئێرانییەکانی شاری یەزد دەبینێ. نەخۆشی مەلاریا بە هۆی مشەخۆرێکەوەیە و لە ناوچەی باکووری زاگرۆس زۆر بڵاوە، ئەو کەسانەی جینی (ئەی * ٠١:٠٢) لە لەشیاندا هەیە تووشی ئەو جۆرە مەلاریایە دەبن. ئەو جینە لە ناو هەموو ئەو نموونانەی لە ئازەرییەکان وەرگیراوە، هەیە. بەشێوەیەکی گشتیی، ئازەرییەکان لە ئێرانییەکانەوە (مەبەست فارس و گەلانی دیکەی ئێران نەژاد)، دوورن


تورکەکانی ناوچەی ئەنادۆڵ کاریگەری جین گۆڕینەوەیان لەگەڵ ئازەرییەکان زۆر کەمە، بەڵام کاریگەریی کەلتووری تورکانی ئۆغوز، زۆرە. کۆچی تورکەکانی ئۆغوز کۆچێکی بە ژمارە بچووک بووە، بەڵام لەبەر توانای سەربازیی و پێگەی کۆمەڵایەتییان توانیان کەلتوور و زمانی خۆیان بەسەر خەڵکانی ئەنادۆڵی ئەو کاتەدا بسەپێنن. هەر لەبەر ئەوەیە ئازەربایجان وەکو وڵات زمانێکی زۆر نزیک لە زمانی تورکی سەر بە زمانەکانی ئاڵتای، دەدوێن. زمانی کۆنی خۆیان (ئادەر-زمانێکی کۆنی ئێرانی بووە، لەناو چووە ) بە کرداری زۆرەملێی بە تورککردن، نەما


https://en.wikipedia.org/wiki/Old_Azeri


بەشێکی زۆری ئەوانەی ئێستە خۆیان بە تورک دەزانن و لە تورکیادا دەژین، لە ڕەچەڵەکی جیندا لەگەڵ ئازەری و کورد و نەتەوەکانی دیکەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕوست، نزیکن. چونکە ئەوانە خەڵکی ڕەسەنی ئەنادۆڵ بوون، کەوتنە بەر شاڵاو و کەلتوور سەپاندنی کۆچبەرانی تورکزمانی ئاڵتای. بڕوای تەواو وابوو ئازەرییەکان لەگەڵ تورکەکان ئامۆزان و لە هەمان سەردەمدا لەگەڵ تورکەکان لە ئاڵتای بەرەو ئازەربایجان و ئەنادۆڵ کۆچیان کردبێ. بەڵام ئەم توێژینەوەیەی جینناسیی ئەوەی ڕەت کردەوە و نیشانی دا، ئازەرییەکان ئامۆزای تورکەکان نین. بەڵام زمانی ئاخاوتنیان بە دریژایی چەندان سەدەی دەسەڵاتی تورکەکان، گۆراوە


ئەنجامی کۆتایی ئەو توێژینەوەیە دەڵی جینی ئازەرییەکان لە کورد و گۆرگانەکان نزیکن. هەرسێکیان بە هەمان دووریی لە گەلانی ئاسیا و گەلانی دیکەی دەریای سپی ناوەڕاست، دوورن (لە ڕووی جینناسییەوە). بەڵام کوردەکان کەمێک لە ئازەرییەکان و گۆرگانەکان لە دانیشتووانی دەورووبەری دەریای سپی ناوەڕاست نزیکترن. هەرسێ نەتەوە، لەگەڵ گەلانی دیکەی دەریای سپی ناوەڕاست، تێکەڵاو بوون و جینەکان لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ بووە


سەرچاوە

https://www.ajol.info/index.php/ijma/article/view/162396