دێوەکان

پێشتر باس لەوە کرابوو، مادەکان خاوەنی ڕەسەنی ئەو خاکەن ئێستە کورد لەسەری دەژی. ئەو کاتە فارس و تورک لێرە هەر نەبوون (لێرە مەبەست لێی باکووری ئێران، هەموو تورکیا و ئازەربایجان). یەکەم پێکدادانی نێوان هێرشبەرە کۆچبەرە ئێرانییەکان و مادە ڕەسەنەکان لە ناوچەی باکوری ئێرانی ئێستا بووە. بیرەوەری ئەو پێکدادانە لەگەڵ دئوکانی (دێوەکانی) مازەندەران لە ئەفسانەی پارسەکاندا جێگیر بووە. ئەوێ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی خێڵی کاسپییەکان بووە، دەریاچەی قەزوین بە ناوی ئەوانەوە ناوە ئینگلیزیەکەی وەرگرتووە (دەریاچەی کاسپیان). ناوچەی ئەوان لە ئەلبورز بەرەو باشور یان بەرەو خوار بووە. خوار یان هوار وشەیەکی مادی/کوردییە، بە واتای خۆر یان شوێنی هەڵاتنی خۆریش هاتووە. هەردوو ناوی خوراسان و خوارەزمیش هەر کوردین. تەنانەت وشەی (خوێڕی) بە واتای بێ ڕەوشت هەر لە وشەی خۆرەوە هاتووە. ئەو وشەیە بۆ ئاماژە بە شوێنی کەسانی دڕندە و بێ شارستانیەتە، بۆ ناوهێنانی کۆچبەرە نوێیە ئاریاییەکان داتاشراوە

 

کاسپییەکان لە خێڵە سەرەکییەکانی پێکهێنەری مادەکان بووەن و خێڵی ڕەسەنی ناوچەکە بوون، لولوبی و گوتییەکانیش لەیەک گروپی زمان بە ناوی کاس یان کاسپی بوون. بە پێی نووسراوە ئاشوریەکان لەسەردەمی سەرگۆندا، سنووری مادەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە تا زنجیرە چیای ئەلبورز بووە. ئەلبورز لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تارانەوە تا ڕۆژئاوای کشاوە

 

لە ئەفسانەیەکی دێریندا ناوی کادوسی هاتووە، کادوسی لە خێڵەکانی ماد بوون و لەگەڵیاندا هاوبنەڕەتن، هاوڕەچەڵەکی کاسپییەکانیشن. کادوسی پەیمانی شەڕیان لەگەڵ ئێرانییەکان داوە. تەنانەت لەسەردەمی داریوشی سێیەمدا دەسەڵات و هەژمونی پارسیان قبوڵ نەکردووە. ێرانییەکان/ئاریاییەکان ئەو شەڕەیان بە شەڕی دێوەکان ناوناوە. ئەوێ شوێنی نیشتەجێی کوردەکان بووە. تا ئەمڕۆش پاشماوەی مێژوویی کوردەکان لە باکوری ئێران ماوەتەوە. لە دەورووبەری مازەندەران چەندین گەڕەک بە ناوی کورد کوی، هەیە. لە ڕەشت کورد مەحەلە هەیە. لە زاراوەی گیلەکیدا ناوی کورد خەڵخاڵی و کورد ئەردەبیلی هەن

 

ئاریاییەکان بە دێو ناوی خەڵکی ناوچەکەیان دەبرد. بە پێی ئێرانییەکان، دێوەکان مرۆڤی پەیکەر گەورە و بەهێز بوون، لەو ناوچەیەدا لەگەڵ ئاریاییەکاندا شەڕیان دەکرد و لە ڕەچەڵەک و ئایینێکی جیاواز بوون. دێوەکانی مازەندەران زۆر گەورە و گرژ بوون، زۆر دوژمنی ئێرانییەکان بوون. لە ئەنجامی هێرشی بەردەوامی کۆچبەرە ئێرانی/ئاریاییەکان، دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی ماد بەرە بەرە بەرەو دەریاچەی کاسپیان (قەزوین) پاشەکشەیان کرد. شەڕی پاڵەوانەکانی وەکو تەهمورس لەگەڵ دێوەکانی مازەندەران، بۆ ئاماژە بەو ڕووداوانە بووە

 

لە ئاڤێستادا تاکە وشە وەک ئاماژە بۆ ڕۆژئاوا هاتبێت ئاوەڵناوی مازینەیە. مەبەست لەو وشەیە مادەکانی رۆژئاوایە. بە هەمان شێوە دئوکانی مازن یان دێوپەرستە گەورەکان بۆ ئاماژە بە مادەکان بەکارهاتووە. دئوکانی مازینیە کە لە دواییدا بۆ دێوەکانی مازەندەران گۆڕدرا هەر وەک ئاماژە بۆ مادەکان هاتووە

 

بەشێکی پیرۆزی ئاڤێستا ناوی (وەندیداد)ە، واتا (یاسای دژە دێو). ئەو کتێبە موغەکانی زەردەشت نووسیویانە، هێندێک پێیان وایە ئەو موغانە مادی بوون. ئایینی زەردەشت هەموو دێوەکان و نەفرەتکردنەکانی لەو دێوانە، لەو کتێبەدا کۆکردووەتەوە. بە لێکچوواندن لەگەڵ ئیسلامدا، وەندیداد دەبێتە بەشی فیقهی ئاڤێستا. هەموو خواکانی مادی کۆن لە وەندیداددا بە ئەهریمەن ناسراون. هەموو ئەوەی  تێیدا هاتووە باسی سەرکەوتنی پاکی و چاکیی ئایینی زەردەشت بەسەر ناپاکیی و خراپەی دێوەکانی ماد دەکات. لە بەشێکی وەندیداد خشتەی شوێنە ناپاکەکان هاتووە، ناوچەی مادەکان یەکێکە لەو شوێنانە، ناوچەی پارس پاک و دوور لە ئەهریمەن دانراوە. ئەگەر وەندیداد لە لایەن موغەکانی مادەوە نووسرابێتەوە، چۆن ناوچەی مادەکان بە ئەهریمەن و ناپاک ناودەبەن. کەواتە موغەکان ماد نەبوون

 

هەرشتێک دژ بە شکۆ و دەسەڵاتی زەردەشتییە پارسەکان بوایە بە ناحەز و ناپاک وێنایان دەکرد. هەر بۆیە ناساندنی مادەکان بە ئەهریمەن و ناپاک لەو کاتەوە پەڕیوەتەوە ئیسلام، کوردەکان لە لایەن شیعە و سوننەوە بە جندۆکە و شەیتان ناوبراون. جەعفەری سادق لە کتێبی (بحار الأنوار) بە ئاشکرا دەڵێت کوردەکان نەوەی جندۆکەن. نووسەرانی دیکەی ئیسلامی وەکو شافیعی و مەسعودی بەهەمان شێوە ناوی کوردیان هێناوە. شید یان شیدان، ناوی خوایەکی مادەکان بووە. لە زەردەشتیدا نەفرەتی لێکراوە، لە عەرەبی و ئیسلامدا بووە بە شەیتان. پێوەندییەک لە نێوان وشەی شەیتان، شێت و شەیدادا هەیە، شەیتان سەرپێچی کرد و دوورخرایەوە، شیت کەسێکە بڕوای بە یاسا و شارستانییەت نییە، شەیدا واتای ئازادبوونی پژەڵەکانی (غەریزە) مرۆڤە

 

پئریکا یان پەری هێمای جوانیی و دڵڕفێنیی بووە، لە کەلتووری زەمینی/دیونیز و سیمادەکاندا بە خوای مێیینە دانراوە. لە کەلتووری ئێرانییە زەردەشتییەکاندا بە دێو و ژنێکی ناحەز ناسراوە. لە ئەفسانە یۆنانییەکاندا سیرسەکان هێمای جوانیی و دڵڕفێنیی ژنانە بووە، ئەدیسیوس بەمەبەستی جێگیرکردنی عەقڵی پیاوانەی خۆی ئەوانی بە بەراز و ئاژەڵی مەترسیدار ناساندووە. بەراورد لە نێوان ئەو دوو ئەفسانەیە ئاماژەیە بە تێپەڕکردن و لادانی دوو شارستانییەتی ئێرانی و یۆنانی لە کەلتووری زەمینی بەرەو کەلتووری میتافیزیکی، کە تێیدا عەقڵ و ئاین و واتا گشتییەکان بەسەر ژیانی تاک و پژەڵدا سەپێندرا. ئازادبوونی تاک بوو بە قوربانی واتای بێ ناوەڕۆکی عەقڵ و ئاین. بەو هۆیەوە مادەکان لە هەردوو شارستانییەتدا بە ئاژی دهاک (زوحاکی مار لەسەر شان) و مدوسای پرچ مار، ناسێندران

 

بیرمان بێتەوە، مادە/کوردە میتراییەکان گایان دەکردە قوربانیی، سەماو هەڵپەڕکێ تێکەڵی مەستبوون دەبوو. زەردەشت لە پێناو ڕزگارکردنی گا، بە عەقڵی میتافیزیکی، گای لەدەست مادەکان ڕزگارکرد، بەڵام تاکی مرۆڤی کردە قوربانیی. قوربانییەکەی بۆ ناخی مرۆڤ گەڕاندەوە. واتای نوێی بێ ناوەڕۆکی بۆ ژیان و مردن دروست کرد، ژیانی مرۆڤی کردە قوربانیی. هەمان بیرۆکەیە لە هەموو ئاینە ئاسمانییەکاندا ماوەتەوە. پاڕانەوە و نزا کردن تا دوای مردن بەبەهەشت بگەی