ڕەنگە مرۆڤ تاکە بوونەوەر بێت بزانێت مردن هەر دێت. ویلیام جەیمس، بە باوکی دەرووناسیی ئەمەریکا دادەندرێت ناوی ئەو دیاردەیەی مسۆگەر و کەس لێ دەربازنەبووەی بۆ هەبوونی مرۆڤ، ناوە (کرمی ناخی مرۆڤ). لە سەردەمی هاوچەرخدا ئە وکرمە خوازەییە (مەجازی) بووەتە بناغەی بیردۆزی بەڕێوەبردنی تیرۆر یان چوارچێوەکردنی تیرۆر، لە جیهاندا. بیردۆزەکە دەڵێت، درککردنمان بە مردنی مسۆگەرمان، لە پاڵ حەز و ئارەزووی مانەوەمان لە ژیاندا، ترس و دڵەڕاوکێی بنچینەیی و بەردەواممان بۆ دروست دەکات و ئێمەیش هەردەم هەوڵ دەدەین ئەو جۆرە ترس و دڵەڕاوکێیە لە چوارچێوە بدەین، لە دژی لە کۆنترۆڵدا بین. بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەین، بیر و باوەڕی نوێ دێنینە کایە و واتای نوێ بۆ بەهاکانمان دروست دەکەین، ئەو بەهایانەی بە هیوای ئەوەین دوای مردنمان بەردەوام بن. ئەو بەردەوام بوونە جۆریک لە نەمرییمان دەداتێت. جاری دیکە هەیە تەنانەت لە دەستی هەڵدێین و نکۆڵی لێ دەکەین
هەروەک چۆن هەموومان بە ڕێگەی جیاوار لەگەڵ هەستی بڵاوی مسۆگەربوونی مردن مامەڵە دەکەین. بە هەمان شێوە هەریەکەمان بە جۆرێکیش لە مردن دەترسین. خەڵك هەیە لە هەستی بێ ئاگایی دەترسێت، هەیە لە ئازارەکەی، هەیە لەوەی ئیدی توانای جووڵە و کارلێکی لەگەڵ دەرووبەر نامێنێت، هەیە لە بەجێهێشتنی خۆشەویستانی خۆی دەترسێت. هەیە لە مردن خۆی دەترسێت، لە هەمووشیان باوتر ئەوەیە لە ژیانی دوای مردن دەترسێت. واتا باوەڕداران بە هەرسێک ئایینی ئاسمانی، لە ژیانی دوای مردنیان دەترسن، داخۆ خوا بڕیاری چییان لەسەر دەدات. لە ناو موسوڵمانیش وا باوە، لە ئێش و ئازاری ناو گۆڕ بترسی، لە منداڵییەوە لە مردن و ئازاری گۆڕ ئاگەدارت دەکەنەوە و لەگەڵ ئەو ترسە هەمیشەییەدا گەورە دەبین
ئەو ترسە لە هەندێک باردا سووکترە، بۆ کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان ئەگەر هاوسەرت هەبێت، ترسەکە کەمترە وەک لەوەی بە تەنیا مابییەوە، تەنانەت لەگەڵ یەکێکی دیکەدا بژیت هەر لە تەنیایی باشترە. بە شێوەیەکی گشتیی ئەوانەی باوەڕیان بە هیچ ئایینێک نییە کەمتر ترسیان لە مردن هەیە، ژیانیشیان کەمێک ئارامترە. هاوتەریب لەگەڵ ئەوانیش ئەوانەی باوەریان یەکجار بەهێزە و لە دووبارەبوونەوەی ژیان دوای مردنیان دڵنیان، هەر ترسیان لە مردن کەمترە و دەزانن پاڕانەوە و نزایەکانیان لە گەیشتن بە ژیانی نەمریی، ڕێی خۆشکردووە، بۆیە ترسەکە لە دڵیان کەمترە
لە لایەکی دیکەوە، تاقیکردنەوە و ڕاپرسییەکانی لە جیهانی ڕۆژئاوا دەکرێن، نیشانی دەدەن ئەوانە زۆرتر تەمەنیان سەرکەوتووە و ژیانێکی باشیان هەبووە، کەمتر لە مردن دەترسن. لێکدانەوەی ئەوەیان ئەوەیە ئەو جۆرە کەسانە لە ژیاندا زۆر هەوراز و نشێویان دیتووە، بۆیە زۆرتر شارەزای ژیانن و بەشی ئەوەندە ژیاون خەمی هیچیان نەبێت لێیان بەجێبمێنێت. سەرباری ئەوەیش، ئەوەندەیان مردنی خەڵکی دڵسۆز و نزیکی خۆیان بەسەر هاتووە دەتوانن کەمێک لەگەڵ ئەو جۆرە خەمە هەڵکەن. بە پێچەوانەوە، باوەڕدارە تەمەن کەمەکان هەمان ئاستی ترسیان لە مردن نییە، تەمەن کەمەکان زۆرتر دەترسن وەک لە بەساڵاچووەکان. هەندێک کەسیش هەیە، ترسیان لە مردن دەبێتە نەخۆشیی، پێی دەڵێن (ثاناتۆفۆبیا – ترس لە مردن)
لە بواری پزیشکییدا، ئەو کاتەی دڵ لە ترپە کەوت ئەوە بەڵگەی تەواوی نەمانی ئەو کەسەیە. کەواتە ئەو کەسە ژیانی تەواو بووە، بە نەگەیشتنی خوێن بۆ بەشەکانی لەش ئەوانیش بە مردوو دەژمێردرین. هەڵبەت زانست زۆر هەوڵیداوە لە ساتەکانی مردن و کەمێک دوای مردن تێبگات. بۆیە تاقیکردنەوە و سەرنجدان لەو پرۆسەیە زۆر کراوە. ئەو کاتەی دڵ لە ترپە لێدان دەکەوێت، مێشک تەوژمێکی زۆر پری پێدا دێت و دەڕوات. بە واتای ئەوەی لەگەل لە لێدان کەوتنی دڵ، مێشک نامرێت. جارێ بە تەواوی نازانین چەند دوای ڕاوەستانی دڵ، مێشک دەمرێت، بەڵام مەزەندە وایە لە نێوان ٢ تا ٢٠ چرکە ئاگا و هۆشی بمینێت. دوای ئەوە لەبەر نەبوونی ئۆکسجین بەرەبەرە دەمرن و توانای ئاگابوونی نامینێت
بۆ سەرکەوتن بەسەر ترسی مردندا، لە وڵاتانی ڕۆژئاوا خەڵکی تایبەت هەیە وەکو چارەسەرکار وایە و لە لایەن دەزگەی تاییبەتەوە مۆڵەتیان پێدەدرت ئەو کارە بکەن. لە ڕێگەکانی ڕاوێژدانیان ئەوەیە کەسە ترس لێنیشتووەکە ڕووبەرووی مردن بکەنەوە تا لەگەڵی ڕابێت. بە تەمەشاکردنی ئەو جۆرە فیلمانەی مردنیان زۆر تێدایە یان ئەوانەی کۆتایی ژیان لەسەر زەوی بە کارەسات و ڕوداوی گەورە نیشان دەدەن. ڕێگەیەکی دیکەیان ئەوەیە چیرۆک و نووسراوی تایبەت سەبارەت بە مردن و خۆ ئامادەکردن بۆ مردن، دەخوێننەوە. بەو شێوەیە لە قبووڵکردنی دیاردەی مردن نزیکتر دەبنەوە و ترسی مردنیان لێوە دوور دەکەوێتەوە