کاتین

تاوان و جینۆسایدەکانی ستالینی دیکتاتۆری کرێکاران لە ٣٠ ساڵدا بە چەند نووسینێک و گوتار و کتێب تەواو نابن. لە بەدناوترین تاوانەکانی ستالین قەتڵ و عامی (کاتین) بوو.

کاتین یان خاتین لە زمانی بیلارووس، ناوی گوندێکی بچووکی بیلارووسە، ٥٠ کیلۆمەتر لە مینسکی پایتەخت دوورە. لە ساڵی ١٩٤٣ تەنیا ٢٦ خانوو بوو، ١٥٧ کەسی تێدا دەژیا، هەر هەموویان لە لایەن ئەڵمانەکانەوە کوژران. پارتیزانانی سۆڤیەت لەوێ هێرشییان کردبووە سەر سەربازانی ئەڵمانیا، لە تۆڵەی ئەوە، گوندەکە خاپوور کرا.

لەگەڵ ئەوەدا، کاتین مێژوویەکی دیکەیشی هەیە.


لە ٢٣ی ئابی ١٩٣٩ هەردوو وەزیرانی دەرەوەی سۆڤیەت و ئەڵمانیا بەڵیننامەی هێرش نەکردنە سەر یەکتریان واژۆ کرد.  لە پرۆتۆکۆلی نهێنی بەڵێننامەکەدا هەردوو وڵات پۆلەندیان لەنێو خۆیاندا دابەش کردبوو. ئەوە، جگە لە هەندێ ناوچەی فینلەندا، ئیستۆنیا، مۆلدۆڤا و لیتوانیا.  پرۆتۆکۆلە نهێنییەکە تەنیا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم لە میانەی دادگاییکردنەکانی نۆرنبێرگدا، وەدەرکەوت و ئاشکرا کرا.


بەپێی بەڵێننامەکەیان، هەر دوای یەک هەفتە و لە ١ ی ئەیلولی ١٩٣٩ ئەڵمانیا چووە ناو پۆلەند، لە ١٧ی هەمان مانگیشدا، بە فەرمانی ستالین سوپای سوور چووە ناو پۆلەند. هەر لایەو لەبەشی خۆیدا مایەوە و بە پاشکۆیەک بۆ بەڵێننامەکایان، سنووری خۆیان دووبارە دیاری کردەوە. لە ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٤١ دوای هێرشی ئەڵمان بۆسەر سۆڤیەت، بەڵێننامەکە هەڵوەشایەوە. بڕوانە لاپەڕە ١٤-٢١ لە

https://books.google.iq/books?id=SyimWfkx0-MC&pg=PA240&redir_esc=y#v=onepage&q&f=false


وارشۆی پایتەختی پۆلاند دەکەوتە ئەو بەشەی ژێردەستی سۆڤیەت بوو. پۆلیسی نهێنی سۆڤیەت (NKVD) ٢٢ هەزار کەسی لە ئەندامانی سوپا، پۆلیس، هەواڵگری و دام و دەزگە سەربازییەکانی دیکە دەست بەسەر کرد. ٨ هەزاریان لە کاتی داگیر کردنەکەدا گیرابوون، ٦ هەزار پۆلیس بوون، ٨ هەزاری دیکەش تێکەڵەی پیاوانی ئایین، موڵکداران، خاوەن کارگەکان، پارێزەران، فەرمانبەرانی حکوومەت، مامۆستای زانکۆ، ڕۆژنامەنووس، ئەندازیار، نووسەر و دکتۆر بوون. دواییش بەسەر سێ بەندیخانەدا لە ئۆکراین، بیلاروس و پۆلاند، دابەشی کردن.


چەندین مانگ ئەو بەندکراوانە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا، مەبەست ئەوە بوو بڕیار بدرێ کێ بکوژرێ و کێ بمێنێ. کێن ئەوانەی لەگەل سۆڤیەت نین و دژی شۆڕشی کرێکارانن! بە فەرمانی ستالین و واژۆی ٦ ئەندامی دڕندەی دیکەی مەکتەبی سیاسیی ٢٢ هەزار لەو بەندکراوانە تەفروتونا کران. چەکی ئەڵمانی لە مۆسکۆوە بۆ کاتین نێردرا و بەو چەکانە بەندکراوانی کاتین، کوژران.


لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا و دوای ئەوەی هیتلەر هێرشی کردە سەر سۆڤیەت، سۆڤیەت ڕێیدا سوپای پۆلاند لەسەر خاکی سۆڤیەتدا پێکبێتەوە. ستالین لەگەڵ حکوومەتی پۆلەند لە لەندەن لە پێوەندیدا بوو، بە هەموو جۆرێک پێویستییان بە سەرباز بوو. لە دیدارێکی سەرۆک وەزیرانی پۆلەند لەگەڵ ستالین خۆیدا، پۆلەندیەکان داوای چارەنووسی بەندکراوانیان کرد. ستالین ئەوەندە چاو قایم بوو پێی گوتن، هەموویان بەردراون. دواییش لە چەندین بۆنەی دیکەدا سۆڤیەت دەیگوت بەردراون، یان، نازانین لای ئێمە نین (رەفتاری هەموو سیستەمە دیکتاتۆرەکانە).


لە نیسانی ١٩٤٣ دوای ئەوەی ئەڵمانیا دەستی بەسەر ناوچەی کاتیندا گرتبوو، ڕایانگەیاند گۆڕی بەکۆمەڵی چەند هەزار سەربازی پۆلەندیان دۆزیوەتەوە. داوایان لە خاچی سووری ١٢ وڵات کرد نوێنەر بۆ کاتین بنێرن. حکومەتی پۆلەند لە لەندەن لە ڕاگەیاندراوێکدا داوای کرد خاچی سووری نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوە بکات، بەوە ستالین پێوەندییەکانی لەگەڵیان پچڕاند و تۆمەتی هاوکاری کردنی نازییەکانی، خستە پاڵیان.

سۆڤیەت دەیگوت ئەڵمان لە ساڵی ١٩٤١ ئەوانەی کوشتووە. بیرەوەری و نامەکانی ئەوانەی کوژرابوون و لە باخەڵیاندا بوو هیچیان لە بەهاری ١٩٤٠ درەنگتر نەبوو، کەواتە ئەوانە پێش گەیشتنی ئەڵمان کوژراون. پیاوانی سوپا بە تەواوی جلوبەرگ و پێڵاوی سەربازیی لە گۆڕ نرابوون، دیسانەوە کەواتە زۆر دوای گرتنیان نەبووە، کە کوژراون.

 

لە ساڵانی پەنجاکاندا، سەرۆکی دەزگەی کەی جی بی  (ئەلێکساندەر شیلیپین) لە نووسراوێکیدا داوا لە خرۆشۆف دەکا هەموو بەڵگەنامەکانی کوژراوانی کاتین لە ناو ببەن نەوەک بکەونە دەست نەیاران. بۆریس یلتسن لە ساڵی ١٩٩٢ کۆمەڵێک بەڵگەنامە بۆ پۆلەند دەنێرێ، لە ناویاندا ئەو نامەیەی ئەلێکساندەر شیلیپین بوو. ئەو نامەیە بڵاو بووەوە. لە ساڵی ١٩٩٠ گۆرباتشۆڤ ڕایگەیاند، ئەو بەندکراوانە لەلایەن پۆلیسی نهێنی سۆڤیەتەوە کۆژراون و دوو گۆڕی بە کۆمەڵی دیکەش هەیە لە مێدنۆیی (گوندێکی سەر ڕێگای نێوان مۆسکۆ و سان پیتسبێرگە) و پیاتیکاتکی (گوندێکی دوورەدەستی ناوچەی ئۆبلاست لە ئۆکراینە). نامەکەی شیلپین لێرەدا هەیە.


https://www.thefirstnews.com/article/forgotten-document-found-hidden-in-minsk-archive-could-reveal-secrets-of-belarusian-list--an-nkvd-death-list-of-nearly-4000-murdered-poles-11997


کوشتنی ئەوان یەک مەبەستی هەبوو، تەواو داگیرکردنی پۆلەند بوو، تا کەس نەمێنێ بتوانی بەرگری بکا، یان، تەنانەت لە دژی سۆڤیەت فزەش بکا. ئەوە ئامراز و شێوازی بڵاوکردنەوە و برەوپێدانی شۆڕشی کرێکاران و مافخوراوانی جیهان بوو. ئاوا گەلانیان لە دەست ئیمپریالیزم یەک لە دوای یەک ڕزگار کرد. نەک هەر سەری گەلان، بەڵکو سەری روسیشیان بۆ ٧٠ ساڵی ڕەبەق، لە قوڕ نابوو.


لە ساڵی ٢٠٠٧ فلیمێکی سینەمایی دراما لە پۆلاند لەسەر قەسابخانەکەی کاتین بڵاو کرایەوە. وەک باشترین فلیمی بیانی لە ٨٠ یەمین دابەشکردنی خەڵاتی ئۆسکار دەستنیشان کرابوو بەڵام خەڵاتەکەی وەرنەگرت. لە نیسانی ٢٠٠٩ چین بە هەموو شیوەیەک فلیمی کاتینی قەدەغە کرد، چونکە هزری دژە شیوعییەتی تێدایە. بەهەمان شێوە لە ڤێتنام و لاوس.

ئەگەر توانیت و دەستت کەوت ئەو فلیمە ببینە.


https://www.thefirstnews.com/article/forgotten-document-found-hidden-in-minsk-archive-could-reveal-secrets-of-belarusian-list--an-nkvd-death-list-of-nearly-4000-murdered-poles-11997

https://books.google.iq/books?id=SyimWfkx0-MC&pg=PA240&redir_esc=y#v=onepage&q&f=false