ناوچەی ئورفە یان ئیدیسا، فوراتی پێدا دەڕوات و شوێنەواری کۆنی تا مێژووی ١١٥٠٠ ساڵی تێدایە. تەختایی لەباری بۆ کشتوکاڵ هەیە و کۆنە گڕکانێکیشی تێدایە. یەکەم گەڕان لە ئیدیسا بە دوای شوێنەواردا لە سای ١٨٩٤ بووە. لە گەڕانەکانی کلاوس شمیدت لە حەوزی فورات گەیاندییە دوو دۆزینەوەی گرنگ، یەکەمیان دۆزینەوەی سوێنەواری مەزنی گرێ مرازان بوو، ئەوی دیکەیان دۆزینەوەی شوێنەواری گورجو تەپە بوو. لەگەڵ دۆینەوە پڕ بایەخەکانی گرێ مرازان، تیشک لەسەر گورجوتەپە کەم بووەوە و کلاوسیش کاتی خۆی زۆرتر بۆ دۆزینەوەکانی گرێ مرازان تەرخان دەکرد
گورجو تەپە، جیا لە شوێنەوارەکانی دیکە کە زۆربەیان لەسەر تەپۆلکە و بەرزاییدان، ئەو لە تەختایی شارەکەدایە و بەهوۆی فراوانبوونی شاری ئورفە ئێستە لە قەراغی شاردایە. خانوو و رێگەوبان دەورەیان داوە. لە ساڵی ١٩٩٥ گەڕان لەو شوێنەوارە دەستیپێکردووە، هەشت بەرزایی بچووک دەستنیشانکران، پێدەچی پاشماوەی خانوو و پێکهاتەی قوڕ بن. تا ساڵی ٢٠٢٠ زۆربەیان بەر فراوانبوونی شار کەوتوون
تیمەکەی کلاوس شمیدت دوو تەپۆلکەیان بۆ هەڵکۆڵین دەستنیشان کردووە بەناوی ٢ و ٣. لە تەپۆلکەی ژمارە ٢دا سێ خانوو دەرکەوتوون یەکێکیان بچووک بوو. ئەو خانووانە لە چینی سەرەوەی لاکێشەکەی هەڵکۆڵین دەرکەوتوون. ئەوەندەی لە دیواری خانووەکان ماوە، بە بەرد هەڵچنراوە و لە خانووی ژمارە ٣دا وەکو ئەوەی لە نەوالی چۆریدا دۆزرایەوە، دوو بەردی گەورەی تا ڕاددەک تەنکی، بە پێوە تێدایە. شێوەیەکی خڕی وەکو دەموچاو لە بەشی بنەوەی هەیە. لە چینی بن ئەو سێ خانووەدا چوار خانووی دیکە هەبوون ژمارەی ٤ تا ٧یان درایە. هەموویان بچووکن و بەشێکی بچووکیان لە تەنیشتەوە هەیە
هەرچی تەپۆلکەی ژمارە ٣یە، لە دوو ڕووبەری ٤ بە ٤ مەتر هۆڵکۆڵین کراوە، پاشماوەکان تا قووڵایی ٤ مەتر لەو شوێنەدا هەن و پێشبینی وابووە بە پاشماوەکانی سەردەمانی کۆن دەوڵەمەند بێ. بۆیە بڕیاردرا گەڕانی نوێ لە ساڵی ٢٠٢١ بکرێ و دۆزینەوەکان بڵاوبکرێتەوە. لەبەر سەردەمی کۆرۆنا، لە سالی ٢٠٢١ ڕێگەنەدرا تیمەکەی ئەڵمانیا گەشت بۆ ئورفە بکەن، بۆیە گەڕانەکان لەلایەن شوێنەوارناسانی تورکیاوە کراوە. ئەو دوو چوارگۆشەیەی گەڕان بە ک٩ و ک١٠ ناونران. لەبەر کێڵانی چەندین ساڵە لەو زەویەدا بەشیکی زۆری پاشماوەکانی چینی سەرەوە نەماون. بەشێکی زۆری بەردە کۆنەکانیش لابراون. لە سەرووشیانەوە، جۆگەیەکی ئاو بەوێدا لێدراوە، بەشیکی زۆری شوێنەوارەکەی نەهێشتووە
شوێنەوارناسان بەشیکی دیوار و بناغەکانیان دۆزییەوە. لەبەردی گەورە پیکهاتبوون، وا نیشان دەدەن خانوویەکی گەورە بووە و ژووری گەورەی تێدا بووە. لە دۆزراوەکاندا چەندین ئامرازی بەردی وەکو سەرە ڕم، بڕەر و بەردەتەور دۆزرانەوە. یەکێک لەو بەردە تەورانە لە بەردی سەرپینتین دروستکرابوو، سەرپینتین بەردێکی سەوزی جوانە. لەگەڵ ئەوانەدا چەندین پارچە ئێسقان دەرهێندرانەوە. لە هەموو دزراوەکان سەرنجڕاکێشتر، دۆزینەوەی پەیکەرێکی شیوە مرۆڤ بوو لە بەردی لایمستۆن (بەردەگەچ) دروستکرابوو. پەیکەرەکە بە دانیشتوویی دروستکراوە و بە هێڵێک هەردوو دەستی لە تەنیشتەکانەوە بۆ کراوە. دەکرێ لەگەڵ کات ڕووتابێتەوە، یان هەر لە بنچینەدا تەواو نەکراوە
پارچەیەکی دیکە لە قوڕ دروستکراوە و وادیارە ئاژەڵێکە، بەڵام هەموو وردەکارییەکانی تێدا نەکراوە. پارچەیەکی دیکەی پەیکەرێکی دیکە دۆزرایەوە لە مەڕمەڕ دروستکراوە، بەڵام نەتوانرا بزانرێ چییە، چونکە تەنیا پارچەیەک بوو، تەواو نەبوو. سێ پارچەی یەک دەفری پانیش دۆزرایەوە بەباشی مابوون. شوێنەوارناسان هەندێ مت و موروو و بازنی مەڕمەڕیشیان دۆزییەوە پێدەچی زۆر تایبەت بن
لە باکووری ئەو چاڵەیاندا، شوێنێکی دیکەی گەڕان دەستنیشان کرابوو. هەر زوو گەیشتنە پێکهاتەی دیوار و خانوو. لەوێ پەیکەری ژنێک لە بەردەگەچ دروستکرابوو، دۆزرایەوە. ئەو جۆرە پەیکەرانە لە باکوور کەم وێنەیە، چونکە لەوێ لەوکاتەدا ئەو جۆرە بابەتانە نەبوون. هەر لەوێ بڕێکی باش لە ئامرازەکانی بەردە شووشە، بەردی تیژکراو، بەردەتەور دۆزرانەوە. دەرەوەی ئەو خانووە شوێنێکی کراوە بووە و کاری ڕۆژانەی تێدا کراوە. چەند ئاگردانێک و شوێنی فڕێدانی خاشاکی لێ بوو. ئێسقانی سووتاو لە نزیک ئاگردانەکان هەبوون. بابەتی زۆری دیکە دۆزرانەوە، هەندێکیان لەوە دەچن لە دوورەوە هێندرابن. هەیانە لەوانەی لە ئەردەن دۆزراونەتەوە، دەچن. بەشێکیان لە بەردی ماسیگرتن دەچن و هەیان بە ڕەنگی سوور، ڕەنگ کراون
لە ساڵی ٢٠٢٢ تیمەکەی ئەڵمانیا توانیان بگەڕێنەوە و لە هەمان دووچاڵی ک٩ و ک١٠ دەستیان بەکار کرد. ئەوان هەڵکۆڵینی زیاتریان کرد و لە چاڵی یەکەمدا گەیشتنە دیوارێکی بەردی بچووک، پێدەچێ لە خشتی قوڕ دروستکرابێ و نەمابێ. هەندێ ئامرازی بەرد دۆزرانەوە. بەڵام لە چاڵی دووەمدا ک١٠ گەیشتنە دۆزینەوەی گرنگتر. لە شوێنێکی ئەو چاڵەدا سەروو ٤ هەزار پارچەی بەردی وورد دۆزرانەوە، ئەو شوێنە ئامرازەکانی بەردی لێ دروستکراوە و ئەو پارچە وردانە لە کوتان و شکاندنی بەردی گەورەتر ماونەتەوە
لە چاڵەکەی دیکەدا گەیشتنە چەند کونێک لە زەویدا کراوە، دیارە ئەوەی ناوەڕاست بۆ هەڵگرتنی بن میچێک بووە و ئەو شوێنە ماڵێکی لە دار و پوش و پەڵاش وەکو کوخێک بووە. هەر لە تەنیشت ئەو خانووە دروستکراوە لە سەرەوە باسی دیوارەکەی کرا. کاری زۆرتر ماوە لە ساڵی ٢٠٢٣ و دواتر بکرێ، چونکە لەو دۆزینەوانەدا دیارە ئەو نیشتەجێیە بۆ سەردەمی چاخی بەردینی نوێ و بەر لە دەرکەوتنی گڵسازییی، دەگەڕێتەوە. ئەوەی تا ئێستە دۆزراوەتەوە تەنیا گەڕان بووە لە چینەکانی سەرەوە. ئەو و زۆری دیکەی ئەو ناوچەیە، لە ماوەیەکی کەمدا چۆڵ کراون
سەرچاوە:
www.sanliurfa.bel.tr/files/1/bsb_sonra/il_kultur_mudurlugu/1_arkeolojide_urfa.pdf
https://www.youtube.com/watch?v=b3TsokhRobc