لە ساڵی ٢٠١١، تیمی شوێنەوارناسانی فەرەنسا ڕووماڵێکی ناوچەی دۆڵی باکووری تانجەڕۆ و چەمی تایناڵیان لە نێوان دەربەندی بازیان و عەربەت، کرد. ٣١ خاڵی شوێنەوار دەستنیشان کرا. شوێنەواری کونارە لە هەموویان گەورەترە. تەنیا ٥ کیلۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای سلێمانییە. نیشانەکانی ژیانی لە چاخی بەردینی کۆنەوە تا ٢٠٠٠ ساڵ بەر لە زایینی، تێدایە. دوو وەرزی هەڵکۆڵین لە ساڵی ٢٠١٢ و ٢٠١٣، تێدا کرا. دواتر چوار وەرزی دیکەی هەڵکۆڵین کراوە. لە کارەکانی ڕووماڵکردنی ساڵی ٢٠١٢ لە میانی ڕوماڵی جیۆفیزیکی شوێنەکە، کۆشکێکی ٦٠ بە ٣٠ مەتری لە وێنە موگناتیسیەکاندا دەرکەوت. کونارە لە دوو شاری بچووک دەچێ. یەکیان لەسەر تەپۆلکەیەک بووە، ئەوی دیکەیان لە تەختاییەکەی بنی
سەرەتا ٣ چآڵ لێدران، ئینجا لە ساڵی ٢٠١٣ بڕیار درا چاڵی چوارەم بۆ گەڕان بە دوای ئەگەری هەبوونی دیوارەکانی بەرگری، لێبدرێ. ئەو کۆشکەی لەوێ دروست کراوە هەیوانێکی گەورەی ١٠٠ مەتر دووجای هەبووە. لوولەیەکی لە قوڕ دروستکراو ئاوی زیادەی ئەو هەیوانەی پێ نێردراوەتە دەرەوەی کۆشک، دۆزرایەوە. لە لای باکوو ر و ڕۆژهەڵاتییەوە بە دیوارێکی ٢٦٠ سانتیمەتر پان، دەورە دراوە. ئەو دیوارە لەسەر بناغەی بەردی گەورە گەورە هەڵچنراوە و بە تەکنیکێکی سەرنجڕاکێش دروستکراوە. خشتی قوڕی لاکێشە بە قیر لەیەک گیرکراون
دیوارەکانی ئەو کۆشکە لەسەر دیوارێکی کۆنتری ٧٠ سانتیمەتر پان، دانراون. دیوارە کۆنەکە باریکتر بووە، بۆیە کۆڵەکە لە بن دیوارە نوێیەکە دانراوە. دوو نیشتەجێی دوو سەردەم لەو شوێنە هەبوون. هەردوو کۆشکی کۆن و نوێ لەسەر بناغەیەکی بەردی گەورە و بەبەردی بچوکتر پڕکراوە، دروست کراون. زەمینەی کۆشکە کۆنەکە بە بەردی تەخت داڕێژرابوو. لە چاڵی بی دا، دیوارەکانی چاڵی یەکەم دۆزرانەوە. لەبن ئەویش دیوارێکی دیکە هەبوو لەگەڵ ئەو دیوارانەی پێشتر تەریب نەبوو. واتا پێشتر کۆشکێکی دیکە، یان خانوویەکی دیکە هەبووە
لە چاڵی سێیەمدا، نزیکەی ٦٠٠ مەتر دووجا هەڵکۆڵدرا. تەنیا لە قوڵایی نیو مەتردا سێ چین دەستنیشان کرا. لە چینی یەکەمدا، سێ دیوار دۆزرایەوە. بناغەی بەردینی ئەو چینە لەسەر چینی دووەم و سێیەم دانرابوو. تیمی هەڵکۆڵین نەیتوانی بگاتە بنی چینی دووەم و سێیەم، بەڵام خشتە قوڕەکان شێوازی دیوار هەڵچنینیان نیشان دەدا. بەردی تیژ کردنەوە، بەردی دەست وەکو چەکوش بەکارهاتووە لەگەڵ پارچەی گۆزەی گەورە دۆزرانەوە. دیارە ئەو شوێنە بۆ ئامادەکردنی خواردن بەکارهاتووە، یان شوێنی دروست کردنی ئامرازەکان بووە. چینی سێیەم خانوویەکی ٤ ژووری بووە، زۆر بە سەختی سووتاوە. لە یەکێک لە ژوورەکانیدا، دوو کووپەڵەی گەورەی خواردن هەڵگرتن دۆزرانەوە
هەندێ زەمینەی چینی یەکەم و دووەم لە هەندێ شوێندا دەرکەوتن. خشتی گڵی لە کوورە گەرمکراو بە تەختایی لە بەردەرگەی کۆشکەکە، دانراون. لە هەندێ شوێندا زەویەکەی بە چینێکی ٥ سانتیمەتر بەردڕێژکراو لەوانەیە دواتر بە چینێکی تەنکی قوڕ سواغ دراوە، دۆزرایەوە. لەو شوێنەدا دوو لوولەی درێژی قوڕی لە کوورە گەمکراوی ئاوەڕۆ دەرکەوتن. جێنشینانی کونارە بایەخی تایبەتیان بە ئاوەڕۆ داوە
لە ساڵی ٢٠١٥ یەکەمین تەختە قوڕینەی نووسینی مێخی ١٠ بە ١٠ سانتیمەتر، دۆزرایەوە. ئینجا چەندینی دیکە دۆزرانەوە. ٤ هەزار ساڵ لەمەوبەر دانیشتووانی کونارە لە یەکەمین کۆمەڵگەکانی نووسین بوون. تەختە قوڕینەیەکیان باس لە هاتن و دەرچوونی بڕێکی زۆری ئارد دەکات. لەوانەیە کۆگایەکی ئارد/گەنم لەوێ هەبووبێ، چونکە تەختە قوڕینەکە ناوی (ئێنسی) دەهێنێ، ئەوکاتە ئێنسی بۆ شا یان بۆ فەرمانڕەوا بەکارهاتووە. ڕەنگە کونارە پایتەختێکی لولووبییەکان بووبێ، ئەگەر ئەوە ڕاست بێ ئەوا زانیاری زۆر گرنگ سەبارەت بە لولووبییەکان دەدات. جێنشینانی کونارە بازرگانییان لەگەڵ ئەوپەڕی ئێران و قەوقاز و ئەنادؤڵدا هەبووە، بەڵگە بۆ ئەوە دۆزراوەکانی کونارەیە. بە تایبەتیش دۆزینەوە قاڵبی چەقۆی کانزایی چاخی برۆنز. کونارە شارێکی دەوڵەمەند و گەشەسەندوو بووە
لە ساڵی ٢٠١٨ کۆمەڵێکی دیکەی تەختە قوڕی مێخی نووسراو، لە بەشەکەی خوارەوەی کونارە دۆزرانەوە. نووسینی ئەمجارەیان باس لە ئارد ناکات، بەڵکو باسی دانەوێڵەیە. باسی کۆگای گەورەی تا ٢٠٠٠ لیتر، دەکات. ئەو بڕە زۆرانە واتای ئەوە دەدەن کشتوکاڵ بەبەرهەم بووە، ئەوە تەنیا لە شاردا کراوە. یەکەی پێوانەکەیان هەمان ئەوەی سوبارتویە، نەک یەکەی ئەکادی. دەکرێ ئەوە وەکو نیشانەی سەربەخۆبوون بێ. جیاکەرەوەیەکی دیکە ناوی شوێنی هاتنی تەختە قوڕینەکانە، کە لە (خابایا و نینارشونا)وە هاتوون، ئەو دوو ناوە بۆ زانایانی ئاشورناسیی نوێن و هیچیشیان لە ناوەکانی میزۆپۆتامیا ناچن. ناوچەی کونارە و دەورووبەری زمانی ئاخاوتنی خۆیان هەبووە و ناوەکانیان جیا بووە. داخ ئەوەیە تا ئێستە هیچ نووسین نەدۆزراوەتەوە ناوی ئەو کاتەی شارەکەی تێدا بێ
دۆزینەوەی ئێسقانی زۆری ورچ و شێر، پلەبەرزیی کونارە نیشان دەدات. ئەوانە یان ڕاوی پاشایەکان بوون، یانیش دیاری بوون بۆ پاشا. پاشماوەی دوو ئەسپی شاخیی هەزارەی سێیەمی بەر لە زایین دەرخستەی ئەوەن کونارە لە دەورووبەری دوور بووە. ئێسقانی مەڕ، بزن، بەراز و مانگا نیشاندەری هەبوونی سیستەمی ئاژەڵداری و کشتوکاڵیین. دۆزینەوەی سیستەمێکی ئاودێری لە تەختایی کونارە بەڵگەی چاندنی دانەوێڵەیە
بایەخی کونارە وەک ئاڵۆزی جیاکردنەوەی چینەکانییەتی. جار هەیە بابەتەکانی چینەکان سەرەوە لە ژێر ئەوانەی چینەکانی خوارەوەدا دەدۆزرێنەوە. پارچەی گۆزە و دیزەکانی لە هەردوو چینی یەکەم و دووەم دۆزراونەوە لە شێوەدا لەوانەی باشووری میزۆپۆتامیا دەچن و دەکرێ لەوانە نزیک بن لە ناوچەی دیالە دۆزراونەوە. مورووی بەرد، بەرد ئەستێرە، سەرە تیرێکی بەردینی سەردەمی ئەکادییەکان، چەندین دەرزی، بەردێکی سەوزی لوولەیی ناوی کۆڵدرابوو، دۆزرانەوە. ئەو لوولە سەوزە نوخشی دوو پەرستار و خوایەکی ئافرەتی سەردەمی ئەکادییەکانی لەسەرەو زۆر لەوانەی دیالەوە نزیکە
بەشێوەیەکی گشتیی، چینی یەکەم لە کونارە بۆ ساڵانی نێوان ٢٠٠٠ تا ١٩٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، واتا سەردەمی پاشا ئیسین-لارسا. هەرچی چینی دووەمە بۆ ساڵانی ٢٢٠٠ تا ٢٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین، واتا سەردەمی ئور ٣ و چینی سێیەمیش بۆ ساڵانی ٢٣٥٠ تا ٢٢٠٠ ساڵ بەر لە زایین، واتا ئەکادییەکان، دەگەڕێتەوە. لە هەزارەی سێیەمی بەر لە زایین، ئەو ناوچەیەی نزیک شاری سڵیمانی لە ژێر ڕکێفی لولووبییەکاندا بووە. لەبەر بایەخی زۆری ناوچەکە و چونکە لەسەر ڕێگای هاتووچوون بۆ ئێران و پشتەوەتریش، و لەبەر هەبوونی سەرچاوەی سروشتی زۆر لە ناوچەکەدا، بۆیە لەسەردەمی ئاکادییەکانەوە ئەو ناوچەیەیان بەلاوە گرنگ بووە
تەختە قوڕینەکەی نارام-سین، کە ئێستە لە مۆزەخانەی لۆڤەرە لە پاریس، بۆ هەڵمەت و هێرشەکانی سەر لولووبییەکان، تەرخانکراوە. شا شولگیش بانگەشەی ئەوەی کردووە بەسەر لولووبییەکاندا سەرکەوتووە، بەڵام هەڵمەتە یەک لە دوای یەکەکانی نیشان دەدەن ئەو سەرکەوتنەی تەواو نەبووە. نووسینە کۆنەکان بەرگری سەختی لولووبییەکانی تۆمار کردووە، بەڵام هیچ سەبارەت بە زەوی و خەڵکەکەی ناڵێ
سەرچاوە
https://ekurd.net/historical-4000-year-old-lost-2019-04-01
https://halshs.archives-ouvertes.fr/halshs-02359920
بۆ بینینی وێنەی دۆزراوەکان
https://commons.wikimedia.org/wiki/Category:Tell_Kunara
https://eveha-international.com/?tag=kunara&lang=en