شوێنەواری گردی کاژاو دەکەوێتە دەشتی شارەزووری سەر بە سلێمانی، تەنیا ٣٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری سلێمانییەوە دوورە. ٢٠٠ مەتریش لە ڕۆژهەڵاتی دێی بێستانسووری تازە، دوورە. کانییە ئاوێکی گەورەی لێیە دەکەوێتە نێوان شوێنەواری ناسراوی بێستانسوور و گردی کاژاو. ئاوی کانیاوەکە بە چەند لق و پۆپێک دەڕژێتە ناو ئاوی سیروان. وا دیارە ئەو کانییە ئاوە بایەخێکی زۆری بۆ نیشتەجێیانی بێستانسوور و گردی یاسینی نزیک لەوێ، هەبووبێ. لەوانەیە پێکهاتەکانی گردی کاژاو بۆ پاراستنی ئەو کانییە ئاوە لەوێ دانرابێ
کاژاو، گردێکی هێلکەیی تەنیا ٢ بۆ ٣ مەتر بەرزە لەگەڵ گردێکی دیکەی ١٠ مەتر بەرز کەمێک لەیەک جیان. لە ئەتڵەسی شوێنەواری عێراقدا، ئاماژەی بۆ کراوە. لە میانی پرۆژەی ڕووماڵی شارەزوور لە ساڵی ٢٠٠٩، ژمارەی تایبەتی دراوەتێ. لە ساڵی ٢٠١٤ شارەزایانی زانکۆی لودڤیگ ماکسیمیلیانی میونیخ، ڕووماڵی تەنکیکی موگناتیسیان بۆ کردووە و ڕووبەری شوێنەوارییان بە ١٥٠ بە ٢٤٠ مەتر دەستنیشان کردووە. وێنەکانی ڕووماڵی موگناتیس نیشانی داوە دیوارێکی شێوە بازنە بە درێژایی ٥٥ تا ٦٠ مەتر هەیە، تیرەکەی نزیکەی ١١٠ مەترە. لە ناویدا پێکهاتەی شێوە لاکێشەی ٥ بە ١٠ مەتر، دروستکراوە. هەر نەبێ چاڵێکی ١ مەتری دەورەی هەموو شوێنەکەی داوە و کاتی خۆی، پڕ ئاو کراوە و بەنێوان هەردوو گردەکەدا دەڕوات
لە ساڵی ٢٠١٥دا، هەڵکۆڵینییان تێدا کردووە. چاڵێکی مەتر و نیو پان بە ١٩ مەتر درێژ لە گردی گەورە لێدرا. لە ٢٠١٦ چاڵێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی چاڵی یەکەم لێدرا. لە هەڵکۆڵینەکاندا دیواری بەرگریی شوێنەکە دەرکەوت، ئەو دیوارە بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە. دواتر چەندی قووڵ دەبوو، دیوارەکە ئاکاری بەرەو نەمان دەڕۆی چونکە قوڕی نێوان بەردەکانی لەگەڵ خۆڵی دەورووبەری جیا نەدەکرایەوە. تا گەیشتینە بناغەی ئەو دیوارە. پرسیار ئەوەیە تا چەند لە ساسانییەکان کۆنتر، لەو شوێنەدا ژیان هەبووە
دوای هەڵکۆڵینی زۆرتر بە ٦٠ سانتیمەتر، چینێکی خۆڵەمێشی تێکەڵ بە پارچەی خشتی گڵ و خەڵووز دەرکەوت. ئەو شوێنە ئاگردان بووە، کۆمەڵێک لە پارچەی کوپەی گەورە لەوێ هەبوون. لە ناویاندا دەفرێکی گەورەی خڕ لە سەرەوەیدا دەسکی بۆ دروستکراوە (بڕوانە وێنەی ١١ و ١٢ی ڕاپۆرتی تیمەکە). ئەو دەفرە هەمان شیوەی دۆزراوەکەی بەکراوای هەیە. لە زۆر شوێنی دیکەی کەلتووری میزۆپۆتامیا تا دەگاتە سوریا، لەو جۆرە دەفرە دۆزراوەتەوە. مەزەندە وایە ئەو دەفرە بۆ ئاودان بەکارهاتبێ. لە هەمان شوێن خشتێکی گڵی ٢٣ بە ٢٣ سانتیمەتر و ٤ سانتیمەتر ئەستوور هەبوو، لەسەر دەمی کوپەڵەیەک دنرابوو. کوپەڵەکە شکابوو بەڵام هەموو پارچەکانی وەکو خۆی مابوو و دروست کرایەوە
هەڵکۆڵینی زۆرتر لە هەمان شوێندا بەرەرە پاشماوەی ئاگردانەکە ون بوو. دوای ٣٠ سانتیمەتر پارچەی دیکەی گڵسازیی دەرکەوتن. کوپەڵەیەکی تیرە ٢٢ سانتیمەتر نەخشی ماری لەسەرە بە دەورییدا لوولی خواردووە تا لە لێوی سەرەوەی سەری مارەکە دروستکراوە. ئەو کوپەڵەیە بۆ سەردەمی ئیسین لارسا لە سەرەتای هەزارەی دووەمی پێش زایین، دەگەڕێتەوە. دیارە لە کاتی دروستکردنی نیشتەجێیەکەی ساسانیدا، ئەو شوێنە تەخت کراوە. لە ساڵی ٢٠١٦ چاڵێکی ٦ بە ٣ مەتر و نیو لەسەر گردی گەورە، لێدرا. دیواری بەرگریی قەڵاکەی ساسان دەرکەوتن. لە گەڵیاندا خشتی گڵی جیا لە جۆری خشتی ساسانییەکان بینرا. لە قووڵایی ٣ مەتر و نیو لە بن ڕووی سەرەوەی گردەکە، دیوارێکی ٧٠ سانتیمەتر پان بە خشتی گڵی ٤٢ بە ٤٢ سانتیمەتر هەڵچنراو و بە ماددەیەکی کەمێک بۆر لێکدراو، دۆزرایەوە. لە تەنیشتی ئەو دیوارە، دەفرێکی قووڵی ئاوخواردنەوە دۆزرایەوە، هەمان شێوەی ئەوانەی تەل ئەسمەرە لە دیالەی هەیە، تەمەنی بۆ هەزارەی دووەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە
دیوارەکەی بەرگریی ساسانیی ٣ مەتر و ٢٠ سانتیمەتر پان بووە و ٤ مەتریش بەرز بووە. هەر لەوێدا پارەیەکی کانزایی ساسانی و دیزەیەکی مۆرکراو بە شێوەی ئاژەڵە کێوی دۆزرانەوە. ئەو جۆرە مۆرکردنە تەنیا لای ساسانییەکان لە میزۆپۆتامیای باکوور، هەبووە. دیوارەکەی ساسانییەکان لە چوار جۆر خشت دروستکراوە. هەیە ڕەنگی سوورباوە، هەیە قاوەیی و هەیە کایی کاڵە. هەیانە وردە پارچەی دیزە و گۆزەی تێدایە. کەواتە ئەو دیوارە لەسەر دیوارێکی کۆنتر دروست کراوەتەوە، کە بەر لە هاتنی ساسانییەکان لەوێ بووە. دروستکەری ئەو خشتە گڵانە جیا بوون. تەنانەت قەبارەیان وەک یەک نییە
لە میانی هەڵکۆڵیندا، ئێسقانی ئافرەتێک دۆزرایەوە لە تەنیشتی سەرە تیرێک هەبوو، دیارە ئەو شوێنە لە جەنگدا بووە و ئەو ژنە هەر لەوێ گیانی لەدەست داوە و دواتر داپۆشراوە. چەند گۆڕێکی دیکە لەوێ دۆزرانەوە، بە پێی شیوازی ناشتنیان و ڕوویان لە مەککەیە، دیارە ئەوانە بۆ سەردەمی دوای ساسانی واتا سەردەمی هاتنی ئیسلام و دواتر، دەگەرێنەوە
هەرچی گردە بچووکەکەیە، چوار ستوونی بەرد لە وێنەکانی تەکنیکی مۆگناتیس دەرکەوتن. لە هەڵکۆڵیندا هەر چواریان دۆزرانەوە. دوویان ٢ بە ٢ مەتر بوون و دوویان ٢ مەتر بە ١ مەتر و ٨٠ سانتیمەتر بوون. زەوی ئەو شوێنە بە خشتە گڵ داپۆشرابوو. دیارە ئەو شوێنە لە کۆتایی سەردەمی ساسانییەکان دروستکراوە. مەبەست لەو شوێنە دیار نییە چی بووە. بەلام بە دۆزینەوەی مووروویەکی شینی وەکو ئەوانەی میسری کۆن، پێدەچی پەرستگا بووبێ
هەر لەو گردە دوای ٩٠ سانتیمەتر هەڵکۆڵین، چەندین پارچەی گڵسازیی و ئێسقانی ئاژەڵانی دوای ساسانییەکان، چاخی برۆنز و چاخی ئاسن دۆزرانەوە. ئێسقانەکان، ئێسقانی بەراز، مانگا، مەڕ وبزن بوون. شوێنەواری بەخێوکردنی بەراز لەوێ دۆزرایەوە. هەرچی لە گردی کاژاو هەیە دەیسەلمێنێ ئەو گردە کەلتووری ساسانییەکانی تێدایە و دوای ئەوان بۆ ماوەیەک چۆڵ بووە. دواتر بڕێکی زۆری پارچەی گڵسازیی کەلتووری شاملوی تێدا دۆزرایەوە
بە گشتیی، شوێنەواری ساسانی لە ١٥ شوێنی جیاجیای ناوچەی سلێمانی دەستنیشان کراون. لەوانەیە ئەوانە لەو کاتەدا لەسەر ڕێگای ئاوریشم بووبن و بایەخی خۆیان بۆ بازرگانیی هەبووبێ. کانییە گەورەکەی نزیک بێستانسوور دەکرێ شوێنی حەوانەوەی کاروانچیانی ڕێی ئاوریشم بووبێ. ئەگەریش هەیە ئەو قەڵایانەی ساسانییەکان بۆ پارێزگاریکردن لە ئیمپراتۆریەتی خۆیان لە دژی هێرشەکانی بیابانەکانی رۆژئاوا و باشوور بووبن. لە باکووریش ساسانییەکان هەمان شێوەی بەرگرییکردنیان هەبووە. هەر ٥-١٠ کیلۆمەترێک قەڵایەکی بچووکیان هەبووە جێی ٥٠ کەسی تێدا دەبووەوە. مەبەست تەنیا چاودێری سنوور و ئاگاداربوون لە هێرشەکانی دەرەوەی ئیمپراتۆریەت، بووە
دەرکەوتنی کەلتووری شاملو (گڵی سوور بە دەست کاری تێدا کراوە) لە شوێنێکدا، کە چەند سەدەیەک دروستکردنی گڵسازیی بە چەرخە بووە، کەمێک سەیرە. تاکە لێکدانەوە بۆ ئەوە دەبێ داگیرکاریی بووبێ. داگیرکەرانی گردی کاژاو ئاژەڵدار و شوان بوون. گڵسازییەکانی گردی کاژاو لەوانەی گردی شاملو، باشتر دروستکراون. بە بەراوردکردن لە نێوان ئەو دوو شوێنەوارەدا، دەکرێ باشتر لە کەلتووری شاملو تێبگەین
سەرچاوە
www.researchgate.net/publication/350278400