چۆن بە ٢٠ ساڵ بگەینە ئەلفا سەنتوری

خەونی گەشتکردن بۆ دەرەوەی هەسارەی زەوی گەلێک گەورەیە و هەموو دەزگە زانستییەکانی جیهانی پێشکەوتوو پێوەی سەرقاڵە. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو گەیشتینە مانگ. ئەو گەشتە کورتەی ڕووناکی بە ١.٣ چرکە دەیبڕێ، ئەپۆلۆ بە ٨ ڕۆژ و ٣ کاتژمێر و ١٨ خولەک و ٣٥ چرکە، بڕی. تەکنۆلۆجیای ئەو کاتە ئەوەندە بوو. بەڵام خۆ ئەوەی ئێستە هەمانە زۆر لەو باشتر نییە. گەشت بۆ مانگ بۆ ئێستەمان بووە بە نزیکەی ٣ ڕۆژ. کات گەورەترین گرفتی بەردەم مرۆڤە بۆ گەیشتن بە مەریخ. بۆ ئێستە ٩ مانگ پێویستە تا بگەینە ئەوێ

 

ئەگەر بیر لە گەشت بۆ ئۆرانۆس بکەینەوە، ئەوا بەو تەکنۆلۆجیایەی ئێستە هەمانە هەر نەبێ ٩ ساڵ و نیومان دەوێ. بێگومان بۆ ئێستە ئەوە کاری کەس نەکردەیە و مەترسییەکان لەسەر ئەو جۆرە گەشتە هێندە گەورەیە هەر کەس ناوێرێ بیری لێ بکاتەوە. جگە لەویش، ئەو جۆرە مووشەکەی بۆ ئۆرانۆس بەکاربێت، هێندە گەورە دەبێ ڕەنگە ئاسان نەبێ بگاتە خولگەی دەرەوەی زەوی. هێندەی سووتەمەنی دەوێ جارێ باس ناکرێ. بەڵام ئەو جۆرە گەشتانە هەر لەبەردەم مرۆڤدایە و دەبێ بیانکات. بەپێی بۆچوونی ستیڤن هاوکینز، مرۆڤایەتی تا ١٠٠٠ ساڵی دیکە دەبێ هەسارەکانی خۆری خۆمان بتەنێتەوە، دەنا لەناو دەچێ

 

ئەلفا سەنتووری نزیکترین ئەستێرەیە، تەنیا ٤.٣٧ ساڵی ڕووناکی لێمانەوە دوورە، دەکاتە ٤١ تریلیۆن و ٣٤٣ ملیار کیلۆمەتر. خێراترین نێردەی مرۆڤ لە بۆشایی ئاسمان ئەوەی ناسایە بە ناوی دارت  ، خێراییەکەی دەگاتە ٢٤ هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. ئەگەر هەمان خێراییمان هەبێ و بەرەو ئەلفا سەنتووری گەشت بکەین، ئەوا بە ١٨ هەزار ساڵ دەگەینە ئەوێ! ١٨ هەزار ساڵ دەکاتە ٢٧٠٠ نەوەی مرۆڤ

 

پرۆژەیەکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ هاریکاریکردن تا بگەنە تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو بە ٢١ ساڵ کەشتییەکی ئاسمانیی (بێ مرۆڤ) بگەیەنێتە ئەلفا سەنتووری. پرۆژەکە ناوی (ستارشەت) ی لێنراوە. بە پێی هەواڵێکی بڵاوکراوەی زانکۆی نیشتمانی ئوسترالیا، پلان وایە بە داهێنانی سیستەمێکی نوێی پاڵنان و بە یارمەتی تیشکی لەیزەر خێرایی زۆر بەرز بەدەست بێنین. پرۆژەکە دەیەوێ چەند بنکەیەکی لەیزەر لەسەر زەوی دانێ و بە چارۆکەکانی ئەو کەشتییەوەی بنێ، ئەو تیشکە لەیزەرە وەک پاڵنەر لەسەر چارۆکەکان کاردەکات. زۆر بە هێواشی و بەرەبەرە خێرایی زۆر دەبێ

 

تیشکی لەیزەر یەکەمجار لە تاقیگەکانی هیوز لە ساڵی ١٩٦٠ بەرهەمهاتووە. تەنیا دوای دوو ساڵ ڕۆبەرت فۆرۆرد پێشنیازی ئەوەی کرد بە لێدانی تیشکی لەیزەر لەسەر چارۆکەیەک ئەوەندەی قورسایی هەیە پاڵ بە هەر تەنێکەوە بنێت (ئەوە پێی دەڵێن فشاری فۆتۆن). پێشبینی و بیرکاری ئەو کارە بە ١٠٠ گێگا وات لەیزەر دەخەمڵێندرێ. بۆ ئەوەی ئەوەندە توانای لەیزەر دروست بکرێ و بخرێتە سەر چارۆکەکانی کەشتییەکە، لەوانەیە ١٠٠ ملیۆن ئامێری لەیزەر پێویست بێ، تا ئەو کارە ئەنجام بدرێت

 

کار هەر لە ناردنی تیشکی لەیزەردا نییە. دەبێ مانگێکی دەستکرد لە خولگەی زەویدا بێ تا هەر کە پێویست بوو ڕێڕەوی ئەو تیشکە لەیزەرانە ڕاست بکاتەوە، تا بە تەواوی بکەونە سەر چارۆکەکان. دەنا بە فیڕۆ دەڕوات. بۆ ئەوەی پرۆژەیەکی لەو جۆرە ئەگەری کردنی هەبێ، دەبێ تێچووی ئەوەندە بەرز نەبێ نەتوانرێ دابین بکرێ. مەزەندە وایە ئەو پرۆژەیە تا ١٠ ملیار دۆلاری تێبچێ. ئەو بودجەیە دەکرێ دابین بکرێ

 

بەشێکی هەرە زۆری کێشەکە گەیاندنی وزەی تیشکەکانی لەیزەرە بۆ سەر چارۆکەکان، بەڵام بێ ئەوەی لاواز ببن. واتا نزیکەی هەمان وزەیان هەبێ کە دەگەنە سەر چارۆکەکان. لە لایەکی دیکەوە، دەبێ چەند توانای لەیزەر بەرهەم بێت تا بنێردرێ و تیرەی ئەو تیشکە لەیزەرەی دەنێردرێ دەبێ چەند بێ. توێژینەوەکان، دەریدەخەن هاوسەنگییەک لە نێوان تیرە و وزەی لەیزەردا دەبێ هەبێ، تەنیا بەو شێوەیە دەکرێ تێچووی دروستکردنی لەیزەر کەم بکرێتەوە. ئەگەر شارێکی وەکو لەندەن تیرەکەی ٤٥ کیلۆمەترە هەمووی تیشکی لەیزەر بنێرێ، ئەوا خێرایی ئەو کەشتییە دەگەیەنێتە ٠.٩ی خێرایی ڕووناکی

 

بۆ ئێستە تێچووەکان زۆرن. بۆ هەر واتێک لە لەیزەر ١٠٠ دۆلار تێچوویەتی، وا چاوەڕوان دەکرێ بۆ کاتی ئەنجامدانی ئەو گەشتە بۆ تەنیا ١ سەنت دابەزێ. بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی پاڵنان بە لەیزەر، دەبێ لەسەر زەوی لوولەکی لە هەوا بەتاڵکراو دروست بکرێ، ئەویشیان ئێستە بۆ هەر مەترێک ١٠ هەزار دۆلاری تێدەچێ. دروستکردنی هاوێنەو بەشەکانی پێوەست بە بەشەکانی بینایی وەکو هاوێنەکان، ئەوا هەر مەترێک دووجا ١ ملیۆن دۆلاری تێدەچێ. لە داهاتوودا دەبێتە ٥٠٠ دۆلار

 

بەپێی توێژینەوەکان و پرۆژەکە بێ، کەشتییەکی لەو جۆرە بەو توانایەی تیشکی لەیزەر لەسەر چارۆکەیەک  مەتر و ٢٠ سانتیمەتر پان بێ، دەگاتە خێرایی ٠.٢ ی ڕووناکی. ئەوە دەکاتە ٢١٦ ملیۆن کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. ئەگەر بودجە بگاتە ٣٥ ملیار دۆلار، ئەوا ٠.٤ ی خێرایی ڕووناکی بەدەست دێت. ئەو ژمارانەی لە سەرەوە باسکران، هەموویان بۆ کەشتییەکی یەکجار سووک ڕاستن. جارێ نەگەیشتووینەتە ئەو ماددانەی هێندە سووک بن بتوانین کەشتییەکی بارستە سووک دروست بکرێ. لە ئاییندەدا دەبێ تەکنۆلۆجیای ئەوە بەدەست بێنین چی کەشتییەکە خۆی و چی چارۆکەکانی لە ماددەی زۆر کارا، بەڵام زۆر سووک دروست بکەین

 

گرفتێکی دیکەی تەکنیکی ئەو جۆرە گەشتە ئەوەیە ماددەی چارۆکەکان دەبێ بەرگەی ئەو گەرمییە زۆرەی تیشکەکانی لەیزەر بگرن. بەڵام گرفتی لەم جۆرە بۆ ئاییندە ئاسانە

 

سەرچاوە

https://www.researchgate.net/publication/324939940_The_Breakthrough_Starshot_System_Model

https://www.sci-nature.com/2022/03/this-new-propulsion-system-will-take.html?fbclid=IwAR22JDfUhOvkpPpSCZYuaBjfI_P5QoRd4Q33FxIGX-IpjiH82hMnkaixpgo