مێژووی باخی ناوماڵ

ماوە ماوە لەگەڵ گۆڕانی ژیانی خەڵک، گۆڕان بەسەر پێویستییەکان و داواکارییەکانیشدا دێ. تا ئێستە ئێمە لە کوردستان فێری ژیانی باڵەخانە نەبووین و کەم کەس هەیە بتوانێ لە شوقەیەکی باڵەخانە بژی. زۆریش خەڵک دەڵی بەبێ باخێک/باخچەیەک چۆن ژیانێکە لە شوقەدا بی. بەڵام بۆ وایە؟ بۆ خەڵک حەزی لە باخ و باخچەیە؟ ئایا لەبەر سەوزایی و سێبەرەکەیەتی، یان، شتێکی دیکە هەیە؟

پێدەچی ئەو حەزە مێژوویەکی هەیە

 

مێژووی لە دایک بوونی باخ و باخچە بۆ کۆشکی دەوڵەمەندەکانی فەرەنسا و بەریتانیای سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا دەگەڕێتەوە. لە سەرەتای مێژووی هاوچەرخدا، ئەو دیاردەیە ڕەگی داکوتا و بووە نیشانەی پیاوانی نایابی سەردەم (نۆبل). جوان ڕاگرتن و پاراستنی باخەکان کاری زۆر و کاتی زۆری دەویست، بە تایبەتیش پێش ئەوەی ئامێر و دەزگەکانی ئاودان و بایەخدان، پەیدا ببن. لە بەرانبەردا، باخەکان هیچ بەرهەمیان نەبوو، تەنیا بۆ جوانی بووە. تەنانەت لەوەڕگای مەڕوماڵاتیش نەبووە. هەژاران نەیاندەتوانی زەوی و کاتیان بۆ باخی جوانیی بە فیڕۆ بدەن

 

بەردەمی کۆشکەکانی دەوڵەمەندانی ئەوروپا هەردەم سەوزایی و باخ بووە، نیشاندەری دەوڵەمەندیی و هەبوونیی بووە، لەوێوە خاوەن دەیگوت "من زۆر دەوڵەمەند و بە دەسەڵاتم، ئەوەندەم هەیە دەتوانم ئەو هەموو سەوزایی و باخەم هەبێ". چەندی سەوزایی بەردەمی ماڵ گەورەتر بووە، واتای دەوڵەمەندیی زیاتر بووە

 

باخەکان زۆر جار شوێنی کۆبوونەوە و ئاهەنگەکان بوو. جگە لەوە، بەکارنەدەهات

 

بە نەمانی پاشا و دەرەبەگەکان، ئەوانەی هاتنە شوێنیان چی خەڵکانی دەسەڵاتی حکوومەت بن یان پیاوانی پەرلەمان، بەهەمان شێوە باخ و باخچەیان هێشتەوە و هەر وەک نیشانەی دەسەڵاتی خۆیان نیشانی دەدەن. باڵەخانەی پەرلەمان، ماڵ و شوێنی کاری سەرۆک، باڵەخانەی حکوومەت و باڵەخانە گشتییەکانی دیکە هەر هەموویان بە سەوزایی و باخ دەورەدراون. هەمان نیشانەی دەسەڵات و دەوڵەمەندییە بۆیان

 

هاوتەریب، زەوی و باخ و باخچە، جیهانی وەرزشیشی داگیر کرد. بۆ هەزاران ساڵ مرۆڤ لەسەر هەموو جۆرە زەوییەک یاری کردووە، لە بەفرەوە تا دەگاتە لمی بیابان. کەچی لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا، هەندێ یاری گرنگ وەکو تۆپی پێ و تێنس لەسەر سەوزایی چیمەن دەکرێن، بۆ نا؟ پارەت زۆرە

 

لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی ریۆ دی جانیرۆ، نەوەی نوێ و پاڵەوانانی ئاییندەی بەرازیلی تۆپی پێ، لەسەر لم و لە ناو زبڵ و زاڵدا شەق لە تۆپە کەچەکانیان دەدەن. لە گەڕەکە دەوڵەنمەدنشیەناکانیشدا، کوڕە دەوڵەمەندەکان لەسەر چیمەن یاری دەکەن. زۆربەی جاریش هەژارەکانن دەبنە پاڵەوان و لەسەر چیمەنەکان یارییەکانیان دەکەن

 

بەو شێوەیە مرۆڤ گەورەیی باخ و باخچەی لەگەڵ دەسەڵات، توانای دارایی و پلەی کۆمەڵایەتیی، گرێ دا. سەیر نییە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا چینی بورژواز زۆر بە گوڕ و تینەوە باخی گەورەیان دەویست. سەرەتا خاوەن بانکەکان، پارێزگاران و خاوەن کارگەکان دەیانتوانی خەرجیی باخ و سەوزایی بەردەم ماڵەکانیان بدەن. لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازیشدا، بژێوی چینی ناوەڕاست باشتر بوو، لە ماوەیەکی کورتدا، ملیۆنان خەڵک باخچەیان لەبەردەم ماڵیاندا هەبوو. لە ئەمەریکا، باخچەی ماڵ لە نیشانەی دەوڵەمەندیی و دەسەڵات، بۆ چینی ناوەڕاست بوو بە پێویستیی ژیان. گەورەیی و جوانی باخەکان بوونە پێوەری باشیی و خراپیی ژیانی خەڵک. ئێستە پیشەسازی باخ و باخچەی ماڵان لە جیهاندا، ساڵانە چەند ملیار دۆلارێکە

 

باخ و باخچە تەنیا لە ئەوروپا و ئەمەریکا نەمایەوە، تەنانەت ئەوانەیش کە هەرگیز کۆشکەکانی ئەوروپا و دەوڵەمەندەکانی ئەمەریکایشی نەدیوە، هەر پێی وایە، هەبوونی ڕووبەری فراوان لە باخ و سەوزایی واتای دەسەڵات و دەوڵەمەندیی دەگەیەنێ. مۆزەخانەی قەتەری هونەریی ئیسلامیی بە باخێکی زۆر گەورە و جوان ڕازاوەتەوە، زیاتر لە کۆشکی ڤێرسای لویسی چواردەمین دەچێ نەک لە بەغدای هارون ڕەشید. زیاتر لە ١٠٠ هەزار مەتر دووجا سەوزایی لە ناوەڕاستی بیاباندا دروست کراوە. تەنانەت لە ناوەڕاستی دۆحە و دوبەیشدا، دشداشە و ڕەشپۆشیی نەبێ وادەزانی لە ناوەڕاستی ئەمەریکای نەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 

بە خوێندنەوەی مێژووی باخ و باخچە لەوانەیە لەمەودوا ئەگەر خانوو دروست بکەی زۆرتر بیر لە دروستکردنی باخێک بکەیەوە. بێگومان بڕیاری خۆتە بەڵام هەر نەبێ ئێستە زانیت باخ و باخچەی ماڵان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە. بە هەمان شێوە ئازادی لەوەی بیروباوەڕی کۆنی دەرەبەگ و دەوڵەمەندانی ئەوروپا وەلانێی و وەک خەڵکی تۆکیۆی ژاپۆن بژی

 

خوێندن و شارەزابوونی مێژوو بۆ بەدەستهێنانی ئەو زانیارییانە باشە، مەرج نییە تەنیا میژووی ئیمپراتۆرەکان و شا گەورەکانی جیهان بزانی، یان جەنگە مەزنەکانی نێوان موسوڵمانان و خاچ پەرستەکان لەسەر قودس بزانی. بۆ من ئەوانە باشترین هۆن بۆ خوێندنەوەی مێژوو و شارەزابوون لە سەرچاوەی هەندێ بیروباوەڕ و داب و نەریت. خۆمان لەوە بێبەری ناکەین، کە ڕابردوو ئێمەو کۆمەڵگەی داتاشیوە