لە ساڵی ٢٠١٣، جووتیارێک لە نزیک قەڵاتی دینکە، نزیک نورەددینی سەر بە قەڵادزێ لە کاتی کێڵانی زەویەکەی بۆ چاندنی نۆک، پارچە بەردێکی ڕەشی ٣.٨ بە ٣.٥ سانتیمەتر، دەدۆزێتەوە. ئەو پارچە بەردە دەگاتە دەست بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی و لەوێ دوای پاککردنەوەی، نووسینە مێخییەکەی سەری تەواو دەردەکەوێ. لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٥ ئەو هەواڵە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی بە تیمێکی زانکۆی میونخی ئەڵمانی، کە بۆ کارێکی دیکە سەردانی سلێمانییان کردبوو، دەگوترێ. ئەو دۆزینەوەیە لەگەڵ چەند دۆزینەوەیەکی دیکە لە گردی بازاڕ، سەلمێنەری ئەوەن، کە دەشتی پشدەر لە سەردەمی چاخی ئاسندا لە ژێر ڕکێفی ئاشوریەکاندا بووە
نووسینەکە ئەوە نیشان دەدات، لە ساڵی ٧٢٥ پێش زایین و لەسەردەمی فەرمانڕەوایی ئاشووریەکان لەسەر خاکی کورستانی باشوور، لە ناوچەی پشدەر کۆیلەیەکی ژن لە مانگی دووەمی ساڵی (مەهدی) فرۆشراوە و گرێبەستی پێکراوە. پارچە بەردەکە یان تەختە قوڕینەکە ئێستە لە مۆزەخانەی شوێنەواری سلێمانی پارێزراوە
ئەو پارچە تەختە قوڕینەیە لە ناو ئاگردا بووە و ماوەتەوە. هەرچەندە تەختە قوڕینەکا شکاوە و ئەوە تەنیا نیوەی ئە وگرێبەستەیە لە سەرەوە باسکرا، بەڵام هەر زۆر بە باشی ماوەتەوە. نووسینەکە بۆ سەردەمی شا شەلمەنسەری پێنجەم، شای ئاشوور ساڵی ٧٢٢ تا ٧٢٦ پێش زایین، دەگەڕێتەوە. بە ڕوونی تێیدا هاتووە کۆیلەیەکی ژن بە نرخی ئەوەندە و ناوی هەردوو کڕیار و فرۆشیار هاتووە، لەگەڵ بەشێکی شایەتەکان. دوای دۆزینەوەی بەڵگەیەکی دیکەی ئاشووری لە ساڵی ٢٠١٠ لە ناوچەی سیتەکی سلێمانی، ئەوەیان دەبێتە دووەم بەڵگەی هاوشێوە و دەیسەلمێنێ ناوچەکە لە ناو فەرمانڕەوایی ئاشووریەکاندا بووە
نووسینی سەر تەختە قوڕەکە دەڵێ"فرۆشیار ناوی هەزا (یان هەزاع) ە، خزمەتکار قوبلە بە کڕیار (ئوردی، یان عوردی) دەفرۆشێ، نرخی فرۆشتن ١٤ کیلۆ مسە. فرۆشیار بە نینۆکی ئیمزای کردووە و هەموو پارەکە دراوە. ئەو دیلە/کۆیلەیە کڕدرا و بوو بە موڵکی کڕیار"
هەردوو ناوەکەی کڕیار(هەزا یان هەزاع) و فرۆشیار (ئوردی) ناوی سامین و خۆرئاوایین، واتا لە خۆرئاوای ئاشوور ئەو ناوانە هەبوون. پێشتر ئەوە زانراوە ناوی هەزا لە چاووگی (هەزی) کە دەکاتە بینین، وەرگیراوە. هەرچی ناوی (قوبلە)یە ناوێکی ئاشووری بووە بۆ ژنان بەکارهاتووە. ئەو جۆرە ئیمزاکردنە بە نینۆک لە سەردەمی ئاشووری نوێدا (٨٠٠ ساڵ پێش زایین)، زۆر باو بووە. بە شێوەیەکی گشتیی ئەوەی وەکو ئیمزا دەژمێردرێ هەردەم لە ژێر ناوی فرۆشیارەکە دادەنرا، بەڵام لەو تەختە قوڕینەیەدا دیار نییە، دیارە لە نیوە ونەکەیدایە
کڕیار (ئوردی، یان عوردی)، سەر بە پیاوێکە ناوی (ئیسار دووری)یە، ئیساریش لە ئاشووردا ناوێکی زۆر بڵاو بووە. لە هەموو وڵاتی ئاشووردا، مس وەکو دراوێکی زۆر باوی سەردەمی ئاشوورییەکان بووە پێش ئەوەی کرکمیش لە ساڵی ٧١٧ پێش زایین داگیری بکات، ئەو داگیرکردنە وای کرد بڕێکی یەکجار زۆر مس بێتە ناو وڵاتی ئاشوور
لە شیکردنەوەی نووسینەکەدا ئەوە دەردەکەوێ ئەو کەسەی ئەو گرێبەستەی بە زمانی ئاشووری نووسیوە، خۆی ئاشووری نەبووە، بۆیە لە بەکارهێنانی فرمانەکاندا هەڵەی تێدایە، بە جۆرێک دیارە زمانی دایکی نووسەر ئاشووری نییە. بەڵام ڕاستیی سەلمێندراو ئەوەیە لە ساڵی ٨٠٠ پێش زایین زمانی هووریەکان و هیندۆئەوروپییەکان لە دەشتی ڕانیە و پشدەردا، قسەی پێدەکرا. ناوی یەکێک لە شایەتەکانیش لە بنەوەی تەختە قوڕینەکە دیارە (هاراوسو)یە. ئەو ناوە ناوێکی (سامی) نییە. دیارە ئەو شایەتە خەڵکی ناوچەکە بووە بۆیە ناوەکەی ئاشووری نییە
ئەو گرێبەستە لە شوێنێک ئەنجامدراوە و ناوی هاتووە بە ناوچەی پالاس هیراڵد. جارێ بە تەواوی دیارنییە ئەو ناوچەیە لە کوێ بووە. چونکە پێشتریش ناوی لە کەم دۆزراوەدا هاتووە. بەڵام بە شیکردنەوەی شوێنەکە و ئەو جێگایەی ئەو پارچەیەی گرێبەستەکەی لێ دۆزراوەتەوە، وا دەردەکەوێ ناوچەی پالاس هیراڵد هەر لە دەشتی ڕانیە و پشدەر بووبێت. بۆیە لەسەر گرێبەستەکە ناوی هاتووە. ئەگەریش هەیە، ناوچەی فەرمانڕەوایی پالاس هیراڵد ناوچەی ڕەواندزیشی گرتبێتەوە. ئەو ناوچەیە لە سەردەمی شەلمەنسەر ٣ ساڵی (٨٥٩ تا ٨٢٤ پێش زایین)، دامەزراوە
بە شێوەیەکی گشتی، ناوچەی پالاس هیراڵد لەسەر سنووری ئاشوور لەگەڵ وڵاتی مادەکان بووە. ئەو ناوچەیە وەک یەکەیەکی ئیداری بەرەنگاریی لە دامێنی چیاکانی زاگرۆس دامەزراوە. لە سەردەمی دەرکەوتنی ئەسەرحەدون لە ساڵی ٦٨١ تا ٦٦٩ پێش زایین پاشای ئاشوور بووە، دەشتی پشدەر بۆ ئاشووریەکان ئارام نەبووە و هژموونی ئاشووریەکان بەسەر پشدەردا لاواز بووە. لەوانەیە ماوەیەکی باش بەر لە هێرشی مادەکان بۆ سەر شاری ئەرەفە (کەرکوک) لە ساڵی ٦١٦ پێش زایین، ئاشووریەکان بە تەواوی لە ناوچەی پشدەر بەدەرنرابن
سەرچاوە
https://www.degruyter.com/document/doi/10.1515/za-2015-0015/html
ئەگەرچی نووسینەکە لێرەدا باسی دەسەڵاتی ئاشوورییەکان بەسەر پشدەردا دەکات، بەڵام شوێنەواری زۆری دیکە لە پشدەر دۆزراونەتەوە، دەیسەلمێنێ بەر لە ئاشوور، ژیان لەوێ هەبووە و ئەو خاکە خاکی نەوەکانی ئەوانن