شوێنەوارناسانی فەرەنسا لە ڕانیە و پشدەر

لە ساڵی ٢٠١١ەوە، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارناسیی سلێمانی پێشوازی لە دەیان تیمی شوێنەوارناسیی لە زانکۆکانی جیهان کردووە. تەنیا لە ساڵی ٢٠١٩دا، ٦٠ تیمی شوێنەوارناسیی زانکۆکانی جیهان لە کوردستان کاریان دەکرد، لە مێژووی عێراقدا هەرگیز ئەوەندە تیمە لە یەک کاتدا لە کاردا نەبوون. تەنیا لە پارێزگای سلێمانی و بە تایبەتی لە هەر سێ ناوچەی ڕانیە، پشدەر و دوکان لە ساڵی ٢٠١٢وە، تیمی فەرەنسییەکان ٣٦٦ خاڵی شوێنەواریان دەستنیشان کردووە. هەرنەبێ ١٢٠ لەوانە بۆ چاخەکانی پێش مێژوو دەگەڕێنەوە. واتا بەر لەوەی مرۆڤ مێژوو بنووسێتەوە. بەر لەوەی هیرۆدۆتس سەردانی ناوچەکە بکات و ئەوەی دەیبینێ بینووسێ

 

کۆی ٢٧ شوێن لەو ناوچانەدا، بۆ پێش هەزارەی پێنجەمی بەر لە زایین دەگەڕێنەوە. ٩ شوێن لە نێوان ٥٧٥٠ تا ٥٣٥٠ ساڵ پێش زایین (لە شوێنەوارناسییدا بە ماوەی حەسوونە ناسرواە) ژیانیان تێدا بووە. ٣ لەوان ٥٥٠٠ تا ٤٨٠٠ ساڵ بەر لە زایین (بە ماوەی سامەرا ناسراوە) ژیانیان تێدا هەبووە. ٤ ی دیکە بۆ ٥١٠٠ تا ٦١٠٠ ساڵ پێش زایین (بە ماوەی حەلەف ناسراوە) دەگەڕێنەوە و ١٠ شوێنی دیکەیش بۆ ٣٨٠٠ تا ٦٥٠٠ ساڵ پێش زایین (بە ماوەی عوبەید ناسراوە) دەگەڕێنەوە

 

پاشماوەکانی هەزارەی ٧ تا هەزارەی ٦ لە چەندین شوێنی وەکو قوروجە، تلیتێڵ، قەڵاتی سەید ئەحمەدان، گردی مەلان، عەلیاوا، بلیل، ساخیمە، گردی دیمە، برایمە کەچەڵ، خوچاو پۆکەی سەروو، دوو گردان، قەڵاتی دینکا، بۆسکێن، سالکی، پیرۆتە سوور، بنگرد، سۆفیان کاولان، موراد ڕەسو، واڕەنگەی سەروو، شمشارە، داری زێوێ و دارگردەڵ (لەوانەیە دەرگردەڵ بێ) دۆزراونەتەوە، هەیانە بە نەخشە، یانیش ڕەنگکراوە. هەرچەندە گەڕانی زۆر کەم لەو ناوچانەدا کراوە، بەڵام ئەوەی دۆزراوەتەوە کاریگەری چەندین کەلتوور و شارستانییەتیان پێوە دیارە

 

دۆزراوەکانی گڵسازیی لە هەردوو دەشتی پشدەر و ڕانیە، چی لە ڕووی شێوە و چی لە ڕووی ڕەنگکردن بێ، زۆرتر لەوانەی ناوەڕاستی میزۆپۆتامیا و دۆڵی حەمرین دەچن وەک لەوانەی دەشتی موسڵ و زوممار. نەخش و هێڵەکانی لەسەر ئەو پارچە دۆزراوانە نزیکیی بۆ کەلتووری ناوەڕاست نیشان دەدەن، کەچی لەگەڵ ئەوەیشدا لەوانەی ئوروک لە باشووری میزۆپۆتامیا، جیان

 

لە سەرسیان، ئەشکەوتێک لە چیای ماکۆکدا هەیە، تیمەکە لەوێ دەست بە هەڵکۆڵینی ١ مەتر پان و ١٢.٨ مەتر درێژیی دەکەن. تا شەش چینی گڵیان هەڵکۆڵی. لە چینی شەشەم تەنیا ٥٠ سانتیمەتریان هەڵکۆڵی. کۆی دۆزراوەکان ١٧٨ ئامرازی بەردیینە. ٧٧ لەوانە لە چینی شەشەمدا بوون. ئامرازە بەردییەکان بۆ مرۆڤی نیاندرتاڵ دەگەڕێنەوە. بەڵام تا ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەیان لە ساڵی ٢٠١٩ تەواو تەمەنی ئەو ئامرازانە باس ناکات. هەڵکۆڵینیشیان لەوێ ڕادەوەستێ. گومان لەوەدا نییە، ئەو ئەشکەوتە کاری زیاتری دەوێ

 

لە دارگردەڵ، تیمێک چاڵێکی ٣٧.٣ مەتر بە ١ مەتریان لێدا، لە قووڵایی ٢٠ تا ٧٠ سانتیمەتر چەندین بەڵگەی تێکچوونی گڵ و دەستکاریی دەرکەوت (بە واتای ئەوەی مرۆڤ ئەو کارەی کردووە)، لە ناویاندا شوێنی ئاگردانێکی بچووک هەبوو، کەمێک لەولاتریش ئاگردانێکی دیکە دۆزرایەوە. گەلێکی دیکەی پارچە و پووچی دەفر و کاری دیکەی گڵسازیی دەرهێندران. زۆربەیان بۆ ماوەی حەسونە لە چاخی بەردینی نوێ، دەگەڕێنەوە

 

هەرچی لادێی بۆسکێنە، تەپۆلکەیەکی لێیە ٨٠ بە ١٤٠ مەترە و ١٠ مەتر لە ئاستی تەختایی دەورووبەری بەرزە، بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئەو تیمە بێ لەوێ کاریکردووە، تەپلکەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە، بەڵام لە بەشی ڕۆژهەڵاتیدا چاڵێکی ٣ بە ١٠ مەتر لێدرا. لەوێش جێ دەستی مرۆڤی لێ بەدەرکەوت. لە ئاستی حەوتدا، دیواری خشتی قوڕی پان و بەرین دەرکەوتن. لەسەر ئەو ئاستە چینێکی ٤ سانتیمەتری پارچەی شکاوی دەفر، گۆزە و دیزەو ماوەی حەوسنە، هەبوون. لە ئاستی ٦دا، کوورەیەکی دروستکردنی بابەتەکانی گڵسازیی دۆزرایەوە لە دوو بەش پێکهاتبوو، بەشێکی ژێرەوە وەکو ئاگردان بووە. هەرچی بەشەکەی سەرەویە لە ئاستی ٥ دا بووە و وەکو شوێنی وشککردنەوە بەکارهاتووە. بە هەمان شێوە، ئاستی ٤ دوو ئاگردانی دیکەی تێدا دۆزرایەوە

 

لە شوێنێکی دیکەی سەر زێ بە ناوی هەڵاوێژە/بیجیان چەندین ئامرازی دیکەیان دۆزییەوە. هەموویان لە بەرد دروستکراون و بۆ داماڵین و لەتکردنی گۆشت بەکارهاتوون، هەموو ئەو ئامرازانە بۆ سەردەمی کۆمەڵە ڕاوچییەکانی بەر لە شۆڕشی کشتوکاڵ دەگەڕێنەوە. لە چاڵێکی پشکنیندا، تەنیا لە ٣٠ سانتیمەتری یەکەمدا بەردی خڕیڵەی ناو ڕوبار بە شێوەی بازنە ڕیزکرابوون، لەو چاڵەدا دەرکەوت، نیوەکەی دیکەی هەڵنەکۆڵدراوە. تەختی ئەو نیوە بازنەیە بە بەری دیکەی خڕیڵە ڕێکخراوە

 

لەبەر درێژی ڕاپۆرتی تیمەکەی فەرەنسا، نەمتوانی هەموو وردەکارییەکانی بۆ کوردی وەرگێڕم. بۆیە کورتەیەکم لێ هەڵێنجا. ئەوەی لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە ئەوەی، تا ئێستە هەموو لێکۆڵینەوەکانی شوێنەراوناسیی لە دیوی ئێرانی چیاکانی زاگرۆس بووە، چونکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەوەندە ئارامیی نەبووە ئەو جۆرە تیمانە بتوانن سەردانی شوێنی تازەی شوێنەوارەکان بکەن. تەنانەت تاکو ساڵی ٢٠١١ شوێنەوارناسان پشتیان بە ئەتڵەسی گشتیی شوێنەواری عێراق ( لە ساڵی ١٩٤٠ ئامادە کراوە) دەبەست

 

بە دەستبەکاربوونی ئەو تیمانەی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، مێژوویەکی نوێی ژیانی مرۆڤ و شارستاننیەتەکانی لەسەر خاکی باشووری کوردتسان، دەنووسرێتەوە. توێژینەوەکان هێندە کەم بوون کەس نیزانیبوو ئەوەندە شوێنەوار لە کوردستان هەیە. ئەوەندەی توانیم ئەو توێژینەوانە دەدۆزمەوە و ناوە ناوە بڵاویان دەکەمەوە

 

لە ئەگەری هەبوونی هەڵە لە ناوەکاندا، تکایە بۆم ڕاست بکەنەوە. مەرج نییە ئەوەی بە ئینگلیزی نووسراوە بتوانم ناوە کوردییەکەی بزانم