شوێنەوارناسیی، زۆر سەبارەت بە میزۆپۆتامیای باشوور دەزانێ. شوێنەوارەکانی ئور، ئوروک و ئەریدۆی خاکی سۆمەر بە کەلتووری عوبەید ناسراون و هەموویان لە باشوورن. گەڕان و پشکنینی ٢٠ ساڵی ڕابردوو لە باکووری سوریا و باشووری تورکیا، زۆر شوێنەواری دیکەی دۆزییەوە. ئەوانیش زۆر لە ژێر کاریگەریی هەردوو کەلتووری عوبەید و ئوروکی باشووری میزۆپۆتامیا بوون، بەڵام جێ پەنجەی خۆجێی بە ئامراز و کەلوپەلەکانیانەوە دیارە. کاریگەرییەکە بەردەوام نەبووە. ماوە هەبووە زۆر بووە و هەبووە کەم بووە
پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی زانایان و شوێنەوارناسان لە ڕۆڵی کوردستانی باشوور لە پێشکەوتنی شارستانییەت لە میزۆپۆتامیای باشوور لە نێوان ٥٣٠٠ تا ٥١٠٠ ساڵ بەر لە زایین، تێبگەن. ئەو وێنەیەی ئێستە سەبارەت بە میزۆپۆتامیا هەیە، ئەوەیە ناکرێ بە تەنیا لە میزۆپۆتامیای باشوور پێشکەوتنێکی گۆشەگیری بێ پێوەندی لەگەڵ دەورووبەریدا هەبووبێ، بۆیە شوێنەوار و نیشتەجێ دێرینەکانی باشووری کوردستان تەواوکەری ئەو پێشکەوتنەی میزۆپۆتامیان. گردی سورێژە، ٢٠ کیلۆمەتر لە خوارووی هەولێر بە ڕووبەری ٣١ هێکتار، بەشێکە لەو هەوڵانەی لەو ڕۆڵەی کوردستان دەکۆڵێتەوە
لە ڕووماڵی زانکۆی هارڤارد بۆ دەشتی هەولێر لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ یەکەم جار ئەو شوێنەوارە ناسراوە. هەر لەو ساڵەدا، لە بەشی سەرەوە چەندین پارچەی کەتووری عوبێد، ئوروک و چاخی مس (لە نێوان چاخی بەردین و چاخی برۆنزدایە)، دۆزرانەوە. سورێژە لە ٣ بەش پێکدێت. گردەکەی، قەراغ گرد و نیشتەجێیەکەی تەختایی سورێژە. بەشێک لەو نیشتەجێ دێرینەی سورێژە ئێستە گوندە تازەکەی لەسەر دروستکراوە. لە ئەیلولی ٢٠١٣ یەکەم وەرزی هەڵکۆڵینی هاوبەشی لە لایەن ٦ زانکۆی ناوداری ئەمەریکا، ئەڵمانیا و فەرەنسا، تێدا کراوە
بەر لە هەڵکۆڵین هەر لە گەڕانی سەرزارەکی شوێنەوارەکە ٣٣٥٧٨ پارچە دۆزرانەوە. دواتر بڕیاری ٤ چاڵ درا. چاڵی یەکەم ٢ مەتر لە بن لوتکەوە، لە نزمبوونەوەی گردەکە لێدرا. ٦ چینی جیاجیا دەستنیشان کران بۆ ٦ سەردەم دەگەڕێنەوە. لە چینی چاخی برۆنزی کۆن-٣ جێ مۆرێکی دوو خوولگەیی دۆزرایەوە، تەمەنی بۆ ٤٢٠٠ تا ٣٨٥٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەرێتەوە. لە ناو چەند ژوورێکی خشتی قوڕ، چەندین گۆزە و دیزە، لە ناویاندا گۆزەی دوو دەم، دۆزرانەوە
چآڵی دووەم، ٥ بە ٥ مەتر لە باشووری گردەکە، لێدرا. هەر زوو دوو خانووی فرە ژووری خشتە قوڕ، دۆزرانەوە. چەندین پارچەی دیزە و گۆزە دەرهێندران. لە هەموویان سەرنجڕاکێشتر مۆرێکی مل خواری شیوە باڵندە بوو، لە بنەوەی شیوەیەکی ئەندازەیی هەبوو. هەرچی چاڵی سێیەمە لە بەشی ڕۆژئاوای گردەکە بە ڕووبەری ٥ بە ٥ مەتر لێدرا. بەشێکی زۆری ئەو پارچانەی لەوێ دۆزرانەوە لەگەڵ باران لە چینەکانی گردەکەوە داماڵرابوون. خشتی قوڕی لایەک کەوانەیی، لە ناوەوە سواغدراو دۆزرانەوە. دیارە ئەو خشتانە بەشێکی کوورەیەکی ئاگر بوون. تەمەنی زۆربەی ئەو پارچانەی چاڵی سێیەم لە نێوان ٤٨٠٠ تا ٤٢٠٠ ساڵ بەر لە زایین بوون
چاڵی چوارەم، ٣ بە ٣ مەتر لە نیشتەجێیەکەی خوارەوە لێدرا. چینەکانی سەرەوە چەند دیوارێکی قوڕی تێدا بوو، بۆ کاتی عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە. لە بن ئەو چینە نزیکەی مەتر و نیوێک تەنیا خاک بوو. هێچی تێدا نەدۆزرایەوە، دیارە ئەو ماوەیە سورێژە چوڵ کراوە و کەسی تێدا نەژیاوە. دوای ئەو مەتر و نیوە، ئینجا تیمەکە گەیشتنە چەند پارچەی سیرامیکی دیزە و گۆزە، زۆر ورد و خاش بووبوون، تەمەنیان بۆ چاخە کۆنەکانی برۆنز و مس دەگەڕێتەوە. چاڵی چوارەم نیشانی دا، نیشتەجێیەکەی خوارەوە ئەوەندە چڕ دانیشتوان نەبووە
لەو دۆزینەوانەدا چەندین ئامرازی بەردینی کۆن، واتا بۆ چاخی بەردین دەگەڕێنەوە، دەرهێندران. ٢٥ نموونەیان لە تاقیگەکانی فەرەنسا پشکنینیان بۆ کرا. ١٦ پارچەیان لە بەردەکانی چیای نەمرودی نزیک دەریاچەی وان لە کوردستانی باکوورەوە بۆ سورێژە هاتوون. ٦ ئامرازی دیکەیان لە چیای مەیدان لە باکووری هەمان دەریاچە، بوون. سەرچاوەی دوو ئامرازی دیکە بۆ شاخێکی بەردە شووشە لە ناوچەی سەری قامیش لە باکووری وان، بوون. یەک ئامرازی بەردین دەمێنێتەوە، نەتوانرا سەرچاوەکەی دیاری بکرێت. ئەوانە بەڵگەی سەلمێندراون، کە بازرگانی لە نێوان سورێژە و باکووری میزۆپۆتامیا هەبووە. هەڵبەت سورێژە یەکەم شوێنەوار نییە بەردی چیاکانی وانی لێ بدۆزرێتەوە. پێشتر لە هامۆکار و براک لە دەشتایی خابوور و تەل نادر، لە نزیک هەولێر، لەو بەردانە دۆزرابوونەوە
هەرچی سیرامیکی گۆزە و دیزەیە، ٣٩٦ توورەکەی پڕ دۆزرابوونەوە. ٩٣ توورەکە تەنیا پارچەکانی ڕووی سەرەوەی سورێژە بوون، بابەتەکانی ٣٠٣ توورەکە لە هەڵکۆڵینی چوار چاڵەکەدا دۆزرابوونەوە. ئامانجی یەکەمی وەرزی هەڵکۆڵینی یەکەم ئەوەبوو لە پێوەندی سورێژە و کوردستان لەگەڵ شوێنەوارەکانی میزۆپۆتامیای باشوور و رۆژئاوای ئێران. تێبگەین. بە هەمان شێوە، کاتەکانی نیشتەجێبوون لە سورێژە دیاری بکەین. بۆیە ٦٠٠ پارچە لەوانە بە دەست وێنەکێشرانەوە. لەو پارچانەوە گومان لەوە نەماوە ژیان لە سورێژە لە سەردەمەکانی حەلەف، عوبێد، چاخی برۆنزی نوێ و ئوروک ،هەبووە. شێوازی گڵسازیی لە چاخی برۆنزدا تەواو لەوانەی میزۆپۆتامیای سەروو وەکو ناوچەی موسڵ-دیجلە، دەشتی خابوور و ڕووباری بالخ لە سووریا، جیا بووە. زیاتر شێواز و کەلتووری خۆجێیەتیان پێوە دیارە
دیاریکردنی تەمەنی نموونەکانی گڵسازیی ئەنجامێکی سەرسووڕهێنەری نیشاندا. ٦ نموونە لە چاڵێ یەکەم و دووەم تەمەنیان ٤٨٠٠ ساڵ بەر لە زایین بوو، واتا هەر نەبێ ٣٠٠ ساڵ زووتر لە چاو هەموو شوێنەوارەکانی دیکە، سەردەمی عوبێدی بەڕێکردووە، بە تایبەتیش شوێنەواری تەپە گەورەی نزیک موسڵ. ئەو سەرنجە بۆ شوێنەوارناسیی نوێیە و دەبێ بە توێژینەوە و هەڵکۆڵینی دیکە لە دەشتی هەولێر و ناوچەکانی دیکەی دەورووبەری، پشت ڕاست بکرێتەوە
وەرزی هەڵکۆڵین تەواو بوو و نەتوانرا چینەکانی خوارتر هەڵبکۆڵدرێ، بەڵام دیارە نیشتەجێیەکانی دەشتی هەولێر ئاراستەیەکی کەمێک جیای لە پێشکەوتنی شارستانییەت، لە چاو میزۆپۆتامیای باشوور، هەبووە
سەرچاوە