پێویستمان بە پیاوی ئایین ماوە؟

پێم وایە ئەوە پرسیارێکی گەلێک بە جێیە. بێگومان مەبەستم تەنیا پیاوانی ئایینی ئیسلام نییە، مەبەستم هەموویانە. تۆ بڵیی ئەوانە کەسێک داینابن؟ یان خۆیان جێی خۆیان کردووەتەوە؟


نەمبیستووە لە زەمانی پێغەمبەران ئەو پیاوانە هەبووبن، چونکە پێغەمبەران پێویستییان پێیان نەبووە. بەهەمان شێوە، نەمزانیوە، پێغەمبەران لە دوای خۆیان ئەرکیان بە هیچ کەسێک دابێ، چی بکا. بە تایبەتیش پیاوانی ئایین. کەمێک گەڕام هیچ سەرچاوەیەکم نەدۆزیەوە باسی میژووی دروست بوونی پیاوانی ئایین و گوتار خوێنان بکات. لێرەدا جیاوازی ناکەم لە نێوان پیاوانی ئایین لە ئیسلام، مەسیحییەت، جوولەکە، هیندۆس، بوزی ....هتد


وا بۆ ١٠٠ ساڵ دەچی خەڵک دەستی بە نووسراو و چاپەمەنییەکان دەگات. ئەوانە زانیاریی زۆریان تێدایە، هەرکەسێک بە مەرجێک خوێندەوار بێ، دەتوانێ بیانگاتێ. کەواتە کلیلی وەرگرتنی زانیاریی نوێ خوێندەوارییە. ئەی ئەگەر کەسێک نەخوێندەوار بێ؟ ئەی ئەگەر هەموو کۆمەڵگە نەخوێندەوار بێ؟ دوای ئەویش هەموو شارستانیەت نەخوێندەوار بێ؟ کێ زانیاریی بڵاو بکاتەوە؟ کێ ڕینوێنی بکا؟ کێ راست و چەپمان بۆ جیاکاتەوە. هەلومەرجی بەر لە ١٠٠٠ ساڵ ئاوا بوو. لێرەدا پیاوانی ئایین هاتنە پێش


بۆ پیاوانی ئایین دێنە پێش و بۆ ئەوان ئەو کەسەن ئەو ڕۆڵە ببینن؟؟ ئایا خوا ئەوانی داناوە؟ یان ئایینەکان پێویستیان بە جۆرە پیاوانە هەیە؟ یانیش، مرۆڤ خۆی دروستی کردن. بۆ نمونە، پێغەمبەری ئیسلام لە مەدینە یەکەم گوتاری هەینی داوە. پاشان هەموو هەینی بەردەوام بووە. خەلیفەکان دوای ئەو لەسەر هەمان رێچکە بەردەوام بوون. بەڵام ئەوان خەلیفە بوون و بەپێی شوێنیان وەک جێگرەوەی پێغەمبەر ئەو مافەیان دەداتێ ڕێنوێنی خەڵک بکەن. لەوانەیە ئاوا بڵاوبووبێتەوە، والی و ئەمیرەکان هەرکەس لە جێی خۆیەوە، یان، لە شارەکەی خۆیەوە هەمان کاری وەک خەلیفە کردبێت. ئیدی هەر مزگەوتێک گوتارخوێنی بۆ دانرا و تا ئێستا مایەوە


کەس لە پیاوانی ئایین (لە هەموو ئایینەکاندا) پەروەردەی دەستی پێغەمبەران نەبوون و نین. هیچ پێغەمبەرێکیش (ئایینی ئاسمانی و نا ئاسمانییەکان) دەستەی پیاوانی ئایینی لە دەوری خۆی نەبووە. زۆربەیان دوای کۆچی پێغەمبەران پەیدا بوون و ئەو ڕۆڵەیان بۆخۆیان دروست کردووە. توانای خوێندنەوەی ئەوان و نەخوێندەواری خەڵک ئەوانی هێنایە پێش. هیچ دەقێکی پیرۆزیش نییە ئەوان دەست نیشان بکا و دەسەڵاتیان بداتێ. دەقە پیرۆزەکان تەنیا لەگەڵ پێغەمبەران وتاکی کۆمەڵ، یان، هەموو مرۆڤایەتیی پێکەوە دەدوێن


پیاوانی ئایین، هەزاران ساڵ بەسەر هەموو ئاستەنگەکانی دژیان لە کۆمەڵگەدا زاڵ بوون و شوێنی خۆیان پاراست. بەرژەوەندی ئەوان لەوەدابوو دەسەڵاتیان بەسەر کۆمەڵدا هەبێ، ئەو دەسەڵاتەیش بە وەگەڕخستنی خوێندنەوە و لێکدانەوەی دەقە پیرۆزەکان (هەندێ جار بۆ بەرژەوەندی خۆیان)، دەیانکرد. سەردەمی تاریکی ئەوروپا و سەردەمی کوشت و بڕی هەموو جیهانی ئیسلام (تا ئێستەیش بەردەوامە) بە هاندان و یەکتر تیژ کردنی پیاوانی ئایین بووە و بەردەوامە. تا ئێستە، گفی شیعە لە سوننە و پێچەوانەکەی، هەر پیاوانی ئایین دەیکەن. کاتێک مارثا ماهاراجا لە ساڵی ١٧٤١ بەنگالی داگیر کرد نزیکەی ٤٠٠ هەزار موسوڵمانی کوشت. پاپای ڤاتیکان خۆی هەمان کاری دژی پرۆتستانت دەکرد، چونکە کۆنترۆلی ئەوانی لەدەستدابوو. بکوژرێن قەیناکە، بەڵام نابێ لە کۆنترۆڵی پاپا دەرچن.


هێندێکیان وەک هێڵێ پێوەندی نێوان تاک و خوا خۆیان دەناساند. هەیانە ئێستەێش وادەکات. کەشوهەوایەکی تەواو لە خشتەبەریان بۆ خۆیان دروست کرد، ناویشیان نا زانست، بە خۆشیان گوت، زانا. بەپێی ئەوان کەس لەوان زۆرتر لە ئایین و زانستەکانی نازانێ. ئای لەوەی دەچیتە ناو بازنەیان و زمانی لەل دەکا. هەموو زانستەکەیان بە قسە دەست پێدەکات و بە قسە تەواو دەبێ. هەرکەسێ بیەوێ بگاتە ئاستی بەرزی ئیمانداریی و گەیشتن بە بەهەشت، دەبێ لەوانەوە (چۆنییەتی بەکارهێنانی ئایین) فێربێ، ئەوەیش تەنیا لەدەستی پیاوانی ئاییندایە


مێژووی ئایینەکان نیشانمان دەدات، هەر سێ پێغەمبەری خوا لە لایەن پیاوانی ئایینی پێش خۆیانەوە هێرشیان کراوەتە سەر، تا دوا هەناسەیان دژایەتی ئەو پێغەمبەرەیان کردووە. خەڵکیان لێ هانداون و لێرەولەوێ گەلە کۆمەکیان لێ کردوون. بە هەموو ئامراز و شێوەیەک لە بەهای پەیامی پێغەمبەرانیان کەم کردووەتەوە. ئەوەش تەنیا لە ترسی یەک مەبەست بووە، نەوەک دەسەڵاتیان بەسەر خەڵکدا نەمێنێ. ئەوانەی هەر زوویش باوەڕیان بە پێغەمبەری تازە هێناوەو شوێن پێی کەوتوون، نەخوێندەوار و خەڵکی سادە بوون. هەرگیز پیاوانی ئایین نەبوون


کاتی زوو، چاپخانە و کتێب نەبوو، تەنانەت دەقە پیرۆزەکان بە دەست دەنووسرانەوە. قوتابخانە و فێرگەی خوێندن نەبوو.ئەگەر لە سەردەمێکی درەنگیش دەرکەوتووە، دیسانەوە بۆ هەموو کەس نەبووە. زۆربەی هەرە زۆری خەڵک نەخوێندەوار بوون. پیاوانی ئایین بە توانای خوێندنەوەیان دەقە پیرۆزەکانیان بۆ خەڵک دەگووتەوە و لێکدانەوەیان بۆ دەکرد. چیرۆک و سەربوردەی پێغەمبەران و هاوەڵەکانی بۆ نەوە دوای نەوەیان گێڕایەوە. کەس لە تایەی ئەوان نەبوو هەموو دەقە پیرۆزەکان تێبگا و باسیان بکا. لێرەیشەوە پیاوانی ئایین کەوتنە ناو نەخۆشی خۆ بەزل زانین و تینووی دەسەڵاتی زیاتر بوون. ئینجا خۆیان بە خەڵک ژیاند و دار و دەستەیان بۆ خۆ دروست کرد. ئەو پۆست و پایەی ئیماندارە نەخوێندەوارەکان دایان بە پیاوانی ئایین، لە دژی ئیماندارە نەخوێندەوارەکان، دەستی بە کار کرد. لە ئەوروپای تاریکدا، پیاوانی ئایین هەموو دەسەڵاتێکیان هەبوو. هەندێ جار تەنانەت شا وەک ئەوان نەبووە. ئەو هەموو دەسەڵاتەیان لە کوێوە هێنا؟ تەنیا لە نەخوێندەواری و نەزانیی خەڵکەوە بوو


بە نەمانی نەخوێندەوارییی و بڵاوبوونەوەی هەزاران کتێب و نووسراوی جۆراوجۆر، سەرەڕای ئەویش، ئاسان دەست گەیشتن بە زانیاریی ناو تۆڕی ئینتەرنێت و تێگەیشتن لە دەقە پیرۆزەکان، خەڵك لەوە تێگەیشت، بۆ پەرستنی خوای خۆی پێویستی بە کەسی نێوەند نییە. خۆی لەگەڵ خوای خۆیدا دەدوێ و لە دەقە پیرۆزەکانیشەوە، لە خوای خۆی وەردەگرێ. جگە لە هەندێ ڕێوڕەسمی کۆمەڵایەتیی تا ئێستە کاری ئەوانی تێدایە و وەک خۆی ماوە. دەنا ئەرکی پیاوانی ئایین وەک خۆی نەماوە وکۆمەڵگە لە ئەرکی ڕێنوێنی کردن و هێنانەسەر ڕێی ڕاست، پێویستیی بەوان نەماوە