عەلمانیەت

عەلمانیبوون واتای چی؟ هەندێ جار بە ڕەتکردنەوەی ئایین پێناسە دەکرێت، بەو پێیە کەسی عەلمانی وەک کەسێکی بێ بیروباوەڕ چاوی لێدەکرێ، باوەڕی بە خوا و فریشتەکان نییە، ناچێتە مزگەوت و کڵێسا ...هتد. ئەوانەی لە عەلمانیەت تێناگەن و لیی دەترسن، دەڵێن جیهانی عەلمانی بەدڕەوشت، بێ ناواخن و بەتاڵە لە چاوەڕوانی ئەوەدایە شتێک پڕی بکاتەوە. زۆر کەم خەڵک خۆیان ئاوا دەبینن. عەلمانیەکان بە شێوەیەکی دیکە لە خۆیان دەڕوانن. بۆ ئەوان، عەلمانیەت تێڕوانینێکی گەلێک ئەرێنی و چالاکە لە جیهاندا، بە کۆمەڵێک ڕینمایی بەهابەرز لەیەک بەستراوە. لە دژایەتیکردنی ئەم ئایین و ئەو ئایین، زۆر بەدوورە. ڕاستییەکەی، گەلێک لە بەهاکانی عەلمانیەت لە ڕینمایی ئایینەکاندا هەیە. بە پێچەوانەی هەندێ ئایین و مەزهەب، عەلمانیەت خۆی بە خاوەنی ڕاستی ڕەها و زانایی نازانێت

 

بیروڕای عەلمانیەت پێی وانییە هەرچی زانایی، ڕەوشت بەرزی و خێرە لە ئاسمانەوە لە یەک شوێن و لە یەک کاتدا دابەزیوە. بەڵکو، ئەوانە میراتی سروشتی هەموو مرۆڤێکن. بۆیە دەکرێ لە کۆمەڵگەیەکی مرۆڤدا لە هەر شوێنێکی جیهاندا چاوەڕوانی دەرکەوتنی هەر بەهایەک بین، ئەو بەهایە بۆ موسڵمان، کریستیان، هیندۆسییەک و بێ دینێک وەک یەکە. پیاوانی ئایین بە هەموو هێزیان هاوار دەکەن و دەبێ خۆت ساغ کەیەوە، موسڵمانی یان نا، ئەگەر ئایە، کەواتە دەبێ هەموو ئەوانی دیکە ڕەت بکەیەوە. بە پێچەوانەوە، عەلمانی لەگەڵ فرەییدا کۆکە

 

لە عەلمانیەتدا، دەتوانی موسڵمان بی و هەموو ئەرک و ڕێنماییەکانی ئەنجام بدەی، بەڵام پەیڕەوی هێڵە گشتییەکانی عەلمانیەت بکەی و عەلمانیش بی. ڕێنماییەکانی (ئەگەر بتوانین وا ناوی بنێین) هێڵێ گشتی عەلمانیەت لە لایەن موسڵمان، کریستیان، هیندۆس و تەنانەت بێ باوەڕەکانیشەوە قبوڵ کراوە. ئەو ڕێنماییانە هەموو بەهاکانی ڕاستیی، بەزەیی، یەکسانیی، سەربەستیی، بوێری و بەرپرسیاریەتی تێدایە. هەر ئەوانەن بوونەتە بنەمای دامەزراوەکانی زانستیی و دیموکراسیەتی نوێ. وەکو هەموو ڕێنماییەکی دیکەی ئەخلاقی، ڕێنماییەکانی عەلمانیەت نموونەیین، واقیعی کۆمەڵگە نین. هەروەک چۆن دەکرێ کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی ئایینەکانیان زۆر لە بنەماکانی ئایین لادەن، بە هەمان شێوە دامەزراوە و کۆمەڵگە عەلمانییەکان دەکرێ زۆر لە نموونەیی عەلمانیەت دووربن

 

فەرەنسای سەدەکانی ناوەڕاست شانشینێکی تەواو کریستیان بوو، کەچی زۆرچالاکی نا کریستیانی هەبوو (لە جووتیارە چەوساوەکانی ئەوکات بپرسە). فەرەنسای ئێستە تەواو عەلمانییە، کەچی لە ڕۆژانی سەردەمی ڕۆبیسپیر بە دواوە تا سەدەی بیستەم باوەڕ ناکەی تەنانەت پێناسەکردنی ئازادی چەند قورس بووە (لە ژنانی فەرەنسا بپرسە). بەڵام ئەوانە ئەوە ناگەیەنن خەڵکی عەلمانی لە فەرەنسا ئاراستەیان ون کردووە یان پابەندی عەلمانیەت نەبوون، بەڵکو ئەوە نیشان دەدا ژیان لە بارودۆخی نموونەییدا، قورسە

 

ئەی باشە نموونەیی عەلمانیەت چییە؟

 

گرنگترین پابەندبوون لە عەلمانیەتدا بۆ (ڕاستیی)ە، ئەویش لەسەر بنەمای بینین و وردبوونەوەیە نەک باوەڕی کوێرانە. عەلمانی خۆی لە تێکەڵکردنی ڕاستیی لەگەڵ باوەڕ بەدوور دەگرێ. ئەگەر باوەڕێکی زۆر توندت بە هەندێ چیرۆک هەیە، دەکرێ ئەوانە هەندێ نیشانەی منداڵیت، باری دەروونیت و پێکهاتەی میشکی تۆمان بۆ دەربخات، بەڵام نایسەلمێنێ چیرۆکەکەت ڕاستییە (زۆربەی جار باوەڕی توند و بە هێز هاوشانی چیرۆکی ناڕاستن)

 

لە لایەکی دیکەوە، عەلمانیەت هیچ گروپێک،کتێب و کەسێک بە پیرۆز دانانێت و هیچیان بە خاوەنی ڕاستیی ڕەها تەماشا ناکات. بەڵکو ڕاستیی بە پیرۆز دادەنێ، ئینجا ئەو ڕاستییە لە هەر شوێنێکەوە دەرکەوێ، دەکرێ لە جاڵجاڵۆکەیەکی بەبەردبووی ملیۆنان ساڵ پێش ئێستە بێ، وێنەی گەلەئەستێرەیەکی زۆر دووری گەردوون بێ، لە خشتەی ئامار و زانیارییەکان بێ، یان لە نووسراوی داب و نەریتی گروپێکی مرۆڤ بێ. ئەو پابەندبوونە بە (ڕاستیی) بناغەی زانستی نوێیە، ئەو زانستەی توانای بە مرۆڤ دا ئەتۆم لێک جیا بکاتەوە، جینەکانی مرۆڤ بخوێنێتەوە، بە جێ پێی کرداری گۆڕان و خۆگونجاندندا بڕوات و بۆ مێژووی دێرینی ڕەچەڵەکی مرۆڤ بگەڕێتەوە

 

پابەنبوونی دووەم بۆ بەزەییە. ڕێنماییەکانی عەلمانیەت پشت لە ڕێوڕەسمەکانی خوای ئەو کۆمەڵ یان ئەوی دیکەیان دەکات، بەڵام سەرنج و تێڕامانی بۆ ئێش و ئازار و کوێرەوەرییەکان هەیە. بۆ نموونە عەلمانی هیچ ناکوژێ نەک لەبەرئەوەی لە کتێبێکدا هاتووە نابێ بکرێ، بەڵکو چونکە کوشتنەکە ئازاری زۆر دەبەخشێتە بوونەوەرەکە. گرفتێک لەوانەدا هەیە لەبەر فرمانی خوا کوشتار ناکەن، ئەوان لەبەر ملکەچبوونیان نەک لەبەر بەزەیی، ئەو کوشتنە ناکەن. ئەی چۆن دەبێ ئەگەر لە بارێکدا داوایان لێکرا سیحرباز، زیناکار، بیانی ...هتد بکوژن؟ وەڵامی ئەو پرسیارە داعشە

 

بە نەبوونی فرمانەکانی خوا، عەلمانیەت هەندێ جار لە گرفتی زۆر ئاڵۆز و گەورەدایە. چی دەبێ ئەگەر یارمەتیدانی کەسێک ئازاری یەکێکی دیکە بدات؟ ئایا ڕەوا و ڕەوشت بەرزییە باج لەسەر دەوڵەمەند زۆرتر بێ لەوەی هەژار؟ جەنگ لە پێناو لابردنی دیکتاتۆرێک بەرپا بکرێ؟ ڕێ بە هەموو کۆچبەران بدرێ وڵاتێکی دیکە بتەننەوە؟ عەلمانی لەو بارانەدا لە فرمانەکانی خوا ناگەڕێن داخوا چی فەرمووە. بەڵکو هەستی هەموو لایەنەکان هەڵدەسەنگێنن، سەرنج دەدەن و تێڕوانین بۆ هەموو ئەگەرەکان دەکەن. لە ڕێگەیەکی نێوەندی دەگەڕێن کەمترین ئێشی بۆ هەموو لایەنەکان هەبێ

 

هەندێ نموونەی زەق دەهێنینەوە. عەلمانی لە دژی دەستدرێژی سێکسیە، نەک لەبەرئەوەی خوا نەفرەتی لێدەکات (لە هەندێ باردا)، بەڵکو چونکە لایەنێک ئازاردەدرێت، ڕەزامەند نییە ئەو پێوەندییە بکات. ئەی بە شودانی زۆرەملێ و لایەنێک بەتەمەن و لایەنێک گەنج؟ دیسانەوە، مەرج نییە خوا نەفرەت لەو جۆرە هاوسەرگیرییە بکات تا مرۆڤ بزانێ نابێ بکرێ، عەلمانی ئەوەی قبوڵ نییە چونکە نابێ کەس بە زۆرەملێ ناچاری هاوسەرگیری بۆ بکرێ، لە ئەنجامدا ئەو هاوسەرگیرییە هەر ئازاربەخش و خەمۆکییە

 

بۆ عەلمانیاکان، ئەوانە هۆکاری سەرەکی بەرزنرخاندنی ڕاستیین، بۆ ئەوە نییە هەستی زانخوازی (فضول) خۆیان تێر بکەن، بەڵکو لە پێناو کەمکردنەوەی ئازارچەشتنە لە جیهاندا. بە بێ ڕێنوێنی توێژینەوەی زانستیی، زۆربەی جار بەزەییمان کوێرانە دەبێ

 

وەک پابەندبوونی سێیەم، ئەنجامی هەردوو پابەندبوونی سەرەوە چەمکی (یەکسانیی) دەخاتە بەردەم عەلمانیەت. ڕایەکان سەبارەت بە پرسیارەکانی یەکسانی سیاسی و دارایی، جیاوازن. بەڵام عەلمانیەکان لە هەموو سیستەمەکانی دەسەڵاتی قووچەکبەندیی، بە گومانن. بۆ هەر کەسێک بێت ئازارچەشتن هەر یەکە، زانیارییش هەر یەکە هەرکەسێک بیگاتێ و بیدۆزێتەوە. خۆ بە گەورەزانین بۆ ئەوانەی ئەزموونیان هەیە و دۆزینەوەیان کرد، دەمانگەیەنێتە گوێنەدان و لووت بەرزیی. بێگومان عەلمانیش بە نەتەوەکەی خۆی و دەستکەوتەکانی سەربەرزە، بەڵام چەمکی (بێ هاوتایی-تفرد) لەگەڵ (باڵادەستیی- تفوق) تێکەڵ ناکەن. کەواتە عەلمانی لە ئەرکەکانی بۆ نەتەوە و وڵاتی خۆی ئاگەدارن، بەڵام هەمان ئەرک بەرانبەر هەموو مرۆڤایەتی لەسەر شانی خۆی دادەنێ

 

ناتوانین بەدوای ڕاستییدا بگەڕێین و ئازار کەم بکەینەوە ئەگەر نەتوانین سەربەستانە بیر بکەینەوە، لێبکۆڵینەوە و تاقی بکەینەوە. عەلمانیەکان سەربەستییان لە دڵدا شیرینە، باڵادەستیی نادەنە کەسێک، دامەزراوەیەک و سەرۆکێک تا کۆتا بڕیاردەری ڕاستیی و چەوتیی بێ. مرۆڤ دەبێ هەردەم لە گومانکردن، دووبارە پێداچوونەوە، ڕای دووەم وەرگرتن و تاقیکردنەوەی ڕێگەی دیکە، ئازاد بن. عەلمانی سەرسامی (گالیلیۆ)ن چونکە بوێرانە گومانی نیشاندا لەوەی زەوی چەقی هەموو گەردوون بێ. سەرسامی ئەو خەڵکەیە زیندانی پاستیلیان لە ساڵی ١٧٨٩ لە سەردەمی لویسی ١٦ شکاند. سەرسامی (ڕۆزا پارکس)ن لە پاسێکی ئەمەریکای ڕەگەزپەرست، لەسەر کورسی تەرخانکراوی سپی پێستەکان دانیشت

 

بوێری زۆری دەوێ دژە ڕژێمی ستەمکار و لایەنگرانی بی. بوێری زۆرتری گەرەکە دان بە کەمتەرخەمی و سەرکێشی بەرەو تاریکی، دا بنێی. پەروەردەی عەلمانیەت فێرمان دەکات ئەگەر شتێک نەزانین نابێ لە نەزانین، کەمتەرخەمی و گەڕان بە دوای بەڵگەی نوێدا، بترسین. تەنانەت ئەگەر شتێکیشمان زانی، نابێ لە گومان لە ڕای خۆمان سڵ بکەینەوە. زۆر خەڵک لە نەزانین دەترسن، وەڵامی یەکلاکەرەوەیان بۆ پرسیارەکان دەوێ. ترس لە نەزانین ئیفلیجمان دەکات. بە درێژایی مێژوو مرۆڤ پێی وابووە بێ ئەوەی باوەڕی تەواو بە وەڵامی ڕەها بێنین، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دادەڕمێ

 

ڕاستییەکەی، مێژووی نوێ بۆی دەرخستین ئەو کۆمەڵگەیەی کەسەکانی بوێرانە لە کەمتەرخەمی و نەزانین دەکۆڵنەوە و پرسیاری قورس دەکەن، نەک هەر ژیانیان خۆشترە بەڵکو ئاشتیانەترن لەو کۆمەڵگەیانەی تیایاندا هەموو کەس دەبێ بێ پرسیار تاکە وەڵامێک قبوڵ بکەن. ئەوانەی لە ونکردنی ڕاستییەکەیان دەترسن، توندئاژۆترن لەوانەی بەدوای ڕوانگەی دیکەدا دەگەڕێن. ئەو پرسیارانەی ناتوانی وەڵامیان بدەیەوە زۆر لەو وەڵامانە باشترن ناتوانی پرسیاریان لەبارەوە بکەی

 

لە کۆتاییدا، عەلمانی بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆ دەگرێ. باوەڕیان بە هێزی باڵای ئاسمانیی نییە. هێزێک ئاگای لە جیهانە، ستەمکار سزا دەدات، دادوەر خەڵات دەکات و لە جەنگ، تاعون و برسییەتی دەمانپارێزێ. ئێمەی گۆشت و ئێسقان دەبێ بەرپرسیارییەتی لەو کارانەی دەیکەین و نایکەین، لە ئەستۆ بگرین. ئەگەر جیهان پڕە لە نەداریی و چارەڕەشیی، ئەرکی ئێمەیە چارسەر بدۆزینەوە. عەلمانی شانازی بە دەستکەوتە زۆروزەوەندەکانی کۆمەڵگەی هاوچەرخ دەکات؛ وەک چارەسەری نەخۆشییەکان، نەهێشتنی برسییەتی و باڵکێشانی ئاشتیی بەسەر زۆر بەشی جیهاندا. ئەوانە بە هەوڵ و کۆششی مرۆڤ خۆی بەدەست هاتوون. بەهەمان شێوە دەبێ بەرپرسیاربین لەو تاوانانەی کراون، شکستی تازەگەریی هەر لە کۆمەڵکوژی تا دەگاتە ژینگە تێکدان. لە بری پاڕانەوە، دەبێ لە خۆمان بپرسین چی بکەین باشە

 

ئەوانەی سەرەوە، بەها هەرە بەرزەکانی عەلمانیەت بوون. وەک پێشتر باسکرا، هیچ لەوانە بەتەنیا بەهای عەلمانیەت نییە. جولەکە بەهای ڕاستیی دەزانێ، کریستیان بەزەیی هەیە، موسڵمان یەکسانیی دەوێ، هیندۆس بەرپرسیاریەتیی لە ئەستۆ دەگرێ و تا دوایی. کۆمەڵگەکانی عەلمانی و دامەزراوەکانیان بەو لێکچواندنانە کەیفسازن و هەموو ئایینەکان لە ئامێز دەگرن. بەڵام کاتێک بەهایەکی ئایین لەگەڵ بیروڕای عەلمانیەت دژە، دەبێ ئایین خۆی وەلانێ. بۆ نموونە، جولەکەی ئۆرثۆدۆکس دەبێ بە یەکسانیی لە نا جولەکەکان بڕوانن، کریستیان نابێ جادووکەر بە ئاگر بسووتێنن، موسڵمانیش دەبێ ئازادی ڕادەربڕین قبوڵ بکەن و هیندۆسیش دەبێ واز لە جیاوازی چینایەتی بێنن

 

عەلمانیەت مەبەستی نییە کەس لە خوای خۆی دووربکەوێتەوە یان دووربخاتەوە و ڕێنماییەکان جێبەجێ نەکات. جیهانی عەلمانیەت لەسەر بنەمای جلوبەرگ و ڕێوشوێنەکان کەس هەڵناسەنگێنێ، بەڵکو لەسەر بنەمای هەڵسوکەوتیانە. زۆر زانا هەن جولەکەن، ژینگەدۆست کریستیانن، داواکاری مافی ئافرەتان موسڵمانن و لایەنگری مافی مرۆڤ هیندۆسن و هەموویان عەلمانیشن. واتا هەموویان وەفاداری ڕاستی زانستین، بە بەزەیین، یەکسانخواز و پشگیری سەربەستیین. بە هیچ جۆرێک ڕەوا نییە داوایان لێبکەین یارمولکی سەریان، خاچەکانی سنگیان، سەرپۆشی سەرو قژیان و تیلاکای سەریان فڕیدەن

 

لەبەر هەمان هۆ، نابێ منداڵەکانمان لە قوتابخانە فێری دوورکەوتنەوە لە ئایین و خوا پەرستن بکەین. بەڵکو، پەروەردەی عەلمانی داوادەکا منداڵ فێربکرێ چۆن بیروباوەڕ لە ڕاستیی جیا بکاتەوە، بەزەیی بە هەموو ئازاری بوونەوەراندا بێتەوە، ئەزموون و زانایی هەموو دانیشتووانی زەوی بەرز بنرخێنن، بێ ترس لە نەزانین سەربەستانە بیر بکەنەوە و لە هەمبەر کردارەکانی خۆیان و هەموو جیهان، بەرپرسیارییەتی هەڵگرن