فینلاندن

نووسینی پێرتی کۆسکێلا

فینلاند لە خۆشی و ناخۆشیدا جۆرێکی تایبەتی وڵاتە. بە هەموو پێوەرێک، فینلاند لەگەڵ هەندێ وڵاتی دیکەی ئەسکەندەناڤیا، لە وڵاتە هەرە دیموکراتی، یەکسانی، ئارام، جێگیر و سەلامەتی جیهانە. لە چاوی دوو کەسایەتیی کۆمەڵایەتی زۆر دوور لەیەکی شەبەنگی سیاسیی ئەمەریکاوە (بێرنی ساندەرز و فرانسیس فۆکۆیاما) ئەوانە وڵاتە خۆشگوزەرانەکانی باکوورن

 

گرفتی دیموکراسیی بەرۆکی وڵاتە هەرە سەرکەوتووەکانیش دەگرێ. هۆکار و سروشتی گرفتەکان لەو وڵاتانەی دیموکراتن دەردەکەوێ. لەوێ گرفت لەبەر کەسایەتی سیاسیی، حزبە تاکڕەوەکان، یان شێوەکانی کەمتەرخەمی تاک لە سیستەمی نیشتمانی نییە. بەڵکو لەبەر سروشتی وڵاتەکان و سیاسەت بەشێوەیەکی گشتییە. هۆکاریش ئەوەیە تەنانەت سیستەمە هەرە دەموکراتەکانیش تەواو (مرۆڤ چییە) لە بەرچاو ناگرن. سیستەمێک لەسەر ئابووری بازاڕی دیموکرات بونیادنرابێ، کاریگەرترینە. کەچی هەر ناتوانێ مەیلی شکست بەخۆبردن، بێ ئەوەی چاکسازی درێژخایەن بکات، چارەسەربکات

 

کێشەی ئەو وڵاتانە نا عەقڵانی/ناژیریی مرۆڤەکانییەتی، واتا بە کۆمەڵ فێڵ لە خۆیان دەکەن (خۆیان لەخشتە دەبەن). بۆچی ئەوەندەی پێچوو تا خەڵک لە تێکچوونی ژینگە بە ئاگا بێنەوە؟ لەگەڵ ئەوەی بڕیارلەدەستان ئاگەداری هەڕەشەکە بوون، بۆچی کەس خۆی بۆ کۆرۆنا ئامادە نەکردبوو؟ ئەی بۆچی هەڕەشەی قەیرانێکی ئابووری دیکە بە جدی وەرناگیرێ؟ باشترین نموونەی فێڵ لە خۆکردن لە مێژوودا لە فینلاند بووە

 

دوای جەنگی جیهانی دووەم، فینلاند بە واژۆ کردنی ڕێککەوتننامەیەکی دۆستایەتی، هاوکاری و یارمەتیدانی یەکتری مافی بە سۆڤیەت دا، دەست لە کاروباری نێوخۆی وەربدا. سۆڤیەت دەیگوت لەگەڵ فینلاند ڕێککەوتنی هاوکاری سەربازیمیان هەیە. ئەنجام، مافی مرۆڤ لە لایەن سەرۆکایەتی وڵاتەوە زۆر وەحشیگەرانە پێشێل کرا، ئازادی ڕا دەربڕین نەما و ڕکابەرانی سیاسیی خرانە ژێر فشار. ئەو دیاردەیە پێی دەڵین (فینلاندن).سۆڤییەت فشاری زۆری سیاسیی، ئابووریی و سەربازیی بۆ فینلاند هێنا، هەڕەشەی پچڕاندنی پێوەندی بازرگانی کرد، ئەگەر فینلاند پێکهاتەی حوکوومەتەکەی، نەگۆڕێ

 

لەویش گرنگتر ئەوەیە لە ٧٠کانی سەدەی ڕابردوو فینلاندییەکان بەخۆیان کرد، و بەشێکی زۆری لە کۆمەڵگەی فینلاند گرتەوە ئەوە بوو، بە خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی سۆڤیەت و تەنانەت مافخواردنی ئەوانی دیکەوە، بنازی و ڕکابەر بگلێنی. ئەوەیان پێی دەڵێن (خۆ فینلاندن). ڕووخانی سۆڤیەت نەبووایە، فینلاند لە ناوەوە ڕزیبوو و زۆری نەمابوو دادەتەپی. کاتێک لە هۆکاری مەیلی مرۆڤ بۆ شکست بەخۆبردن و خۆخڵەتاندن تا دەگاتە ناعەقڵانییەت و فێڵ لە خۆکردنی بە کۆمەڵ دەکۆڵییەوە، ئەوا فینلاندن و خۆفینلاندن بۆ چۆنییەتی چارەسەرکردنی گرفتەکانی دیموکراسییەت، ئەزموونێکی فێربوونی قورس بوو

 

سەرۆک وەزیران (کیکۆنێن) سیاسەتی ڕازیکردنی پێڕەو کرد. دەبوایە مۆسکۆ لە سەرۆکایەتی فینلاند ڕازی بوایە یان دەیانگۆڕی، دەنا بەپێی ڕێککەوتننامەکەیان، سۆڤیەت داوای گفتوگۆی هاوکاری سەربازیی دەکرد. کیکۆنێن وایلێهات بڵێ من نەبم کەس مۆسکۆی پێ ڕازی ناکرێ. بەو شێوەیە خۆی لە یاسا بەرزتر بینی. سیاسەتی دەرەوەی فینلاند زۆر لەوەی مۆسکۆ نزیک بوو و بازرگانیشیان لەگەڵ سۆڤیەت توند بوو. لە پشتەوەیش بە بیانووی فشاری سۆڤیەت (قەرەبووی مەترسیی) لە بازرگانی لەگەڵ ڕۆژئاوا، وەردەگرت

 

بە دانایی سەرۆکایەتی سیاسیی، وڵاتێکی هەرە خۆشگوزەرانیان دامەزراند. وڵات بە فەرمی دیموکرات بوو. هەڵبژاردنی ئازادی دەکرد و دادگا بێلایەن بوو، بەڵام هەموو پێوەندییەکان لەگەڵ جیهانی ڕۆژهەڵات نە دیموکرات و نە لەژێر چاودێری کەسیشدا بوو. گرنگترین پرسیارەکانی سەبارەت بە چارەنووسی وڵات کپ کران. لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا درۆ لە گۆڤار وڕۆژنامەکاندا، سەر مانشێت بوو. کیکۆنێن لە سەردەمێکی پڕ تەنگژەدا، سەرۆکی وڵات بوو. خۆویست و نیشتمانپەروەر بوو. سەختترین هەوڵەکانی سۆڤیەتی بۆ دەستوەردان لە کاروباری فینلاندی ڕاگرت و بازرگانیشی لەگەڵ ڕۆژئاوادا بەردەوامکرد. تەندروستی کیکۆنێن تێکچوو، تا بەتەواوی لە ساڵی ١٩٨١ پەکی کەوت و جێگرەکەی ماونۆ کۆڤیستۆ، هاتە جێی. ئەویش وەکو کیکۆنێن لەگەڵ هەواڵگری سۆڤیەت، سەروبەندی باشی هەبوو

 

تاکە جیاکەرەوەی فینلاند نەرمیی نواندن بەرانبەر سۆڤیەت نەبوو. بەڵکو خۆخواردنی ناوەوەی بوو. ڕۆشنبیریی سیاسیی داڕمابوو، ڕێزی وڵات نەمابوو. دەستەبژێری سیاسیی و بازرگانان بە پێوەندی لەگەڵ هەواڵگریی سۆڤیەت کەی جی بی هەوڵی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیان دەدا. ئەو ئاراستەیە لە هەموو فینلاند بڵاوبووەوە. تەنانەت چووە ناو ژیانی ڕۆشنبیریی، میدیا و توێژینەوەی زانستییش. وای لێهات ئەوەی لەگەڵ کەی جی بی بووایە ئاست بەرز تەماشا دەکرا. هەر ڕەخنەیەک لە سۆڤیەت و پێوەندی فینلاند لەگەڵیان دەبووە خۆکوژیی و لە کۆمەڵگە دادەبڕا. لەوانە کۆمەڵەی چەپگەری ئێم ئێڵ جی و ئای تی یو لە ٧٠ و ٨٠ کاندا تووشی داپڵۆسین و ئەوپەڕی فشار بوونەوە چونکە دەیانگوت هزری فەرمیی مارکسیی سۆڤیەت لەگەڵ ئیمپریالیستی و داپڵۆسینەکەیدا زۆر جوودان

 

ژمارەی ڕێکخراوەکانی لاوانی چەپگەر لە فینلاند لە ناو هەموو ڕۆژئاوادا، زۆرترین بوو. کوێرانە پاڵپشتی سۆڤیەتیان دەکرد. سەرە ڕمی دەستنیشانکردنی هەموو دژە سۆڤیەتێک بوون.  کاتێک پەرلەمان پڕ بوو لە سۆڤیەتڕەوەکان ویستیان بە یاسا ڕەخنە لە سۆڤیەت بە تاوان دابنێن، مەبەستیش ئەو دوو ڕێکخراوە بوو، بەڵام بۆیان نەکرا. بڕیاربەدەستان لە سیاسەتمەداران نەیانویست ئەوانە ببنە شەهیدی ڕا دەربڕین. خۆ لە خشتەبەردنی کۆمەڵگەی فینلاند وایکرد ئەوانە لە بەندیخانە باشتر، لە کۆمەڵگە داببڕێن

 

هەردوو ڕیکخراوی ئێم ئێڵ جی و ئای تی یو توێژینەوەیەکیان لەسەر سۆڤیەت کرد، نەک هەر تاک بوو بەڵکو لە هەموو ڕۆژئاوا توێژینەوەی وا نەکرابوو. لە هەشتاکاندا ماتی پۆلاکا پێشبینی داڕمانی سۆڤیەتی (تەنیا یەک ساڵ هەڵەی هەبوو) کردبوو. ئەو بوو بۆ شییکردنەوەی ڕووداوەکانی فینلاند چەمکی خۆلەخشتەبردنی بە کۆمەڵی، داهێنا. ڕەنگە ئەو بارودۆخەی ئەوێ لە هەر وڵاتێکی دیموکراتدا، ڕووبدات. فشاری سۆڤیەت بۆ هەموو فینلانداییەکی چالاک ئاڵنگارییەکی ئەخلاقی و هزریی بوو. دەبوایە بەشێوەیەک لەگەڵیدا کارلێک بکات، بەڵام زۆربەی هەرەزۆر، خۆ لەخشتەبردنیان هەڵبژارد

 

بۆ ڕێگریی لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و گفتوگۆ، خۆسانسۆرکردن لە سانسۆری دەسەڵات، کاریگەرترە. بەو پێیە بۆ هاوڵاتییانی فینلاندی سەربەخۆی ٧٠کانی سەدەی ڕابردوو، تێگەیشتن لە سۆڤیەتی سەردەمی برێجنێف، زۆر لە تێگەیشتنی هاوڵاتیانی فینلاندی پێش سەربەخۆیی، بۆ ڕووسیای تسار، سنووردارتر بوو. ئاوا خۆفینلاندن زۆر چالاکانە وەردەگیرا و بەردەوامیی دەدرایە

 

ئێستە زۆر لەو سیمایانەی فینلاند وا تیشکیان دەخرێتە سەر و لە لایەن جەماوەرەوە سەرکۆنە دەکرێن. کەچی زۆری دیکەی فینلاندایی پێیان وایە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان لەو سەردەمەدا زۆر ڕاست بوو بۆیە فینلاند داگیر نەکرا. ڕاستییەکەی، داگیرنەکردنی فینلاند لەبەر باری ئابووری خراپی سۆڤیەت، داگیرکردنی ئەفگانستان و پەرەسەندنی بزووتنەوەی سۆڵیدارنۆسکی (هاوکاری پۆڵاند)، ڕێگر بوون لە داگیرکردنی فینلاند. دواتریش بە هاتنە سەرکاری گۆرباچۆف، هەڕەشەکە ڕەویەوە

 

ئەی ئەوە خۆفینلاندن نییە لە کوردستان هەیە؟