کۆیلە، کۆنگۆ، کەمبۆدیا

بە گەیشتنی ئەوروپاییەکان بۆ خاکی ئەمەریکا، لەگەڵ خۆیاندا قامیشی شەکریان برد و لەوێ دەستیان بە ڕواندن و بەرهەمهێنانی شەکر کرد. ئەوکاتە شەکر تەنیا لە ناو خێزانە هەرە دەوڵەمەندەکانی ئەوروپا دەست دەکەوت. ئەوانیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆیان دەچوو

 

بازرگانیی کۆیلەکان لە ئافریقاوە بەرەو ئەوروپا و زیاتریش بەرەو ئەمەریکای تازە دۆزراوە، گەشەی دەکرد. لەکۆتایی سەدەی ١٩دا گەیشتە ١٠ ملیۆن کەس. ٧٠ لە سەدی هەموو کۆیلەکان دەخرانە کێڵگەکانی شەکر، بەرهەمی شەکر بە هێز و بازووی ئەوان، بەرز بووەوە. ئینجا لەوێوە بۆ ئەوروپا دەنێردرایەوە

 

لەسەرەتای سەدەی ١٧ ئینگلیزەکان شەکریان نەدیبوو، لە سەرەتای سەدەی ١٩ هەر کەسێک ساڵانە ٨ کیلۆی دەخوارد. ئەو زۆربوونە هێندەی دیکە برەوی بە بازرگانیی نامرۆڤانەی کۆیلەکان، دا. ئەگەرچی دەستەواژەی مرۆڤ بوون و نا مرۆڤ بوون هێشتا دەرنەکەوتبوو، بەڵام مرۆڤایەتی شەرمەزاری ئەو هەموو بەد رەفتارییەی ئەوروپاییەکانە

 

هەروەک چۆن مەسیحییەت لە سەدە تاریکەکانی ئەوروپا و نازییەکان لەماوەی دەسەڵاتی ڕەهایاندا لە ئەڵمانیاو دواتریش لە زۆربەی ئەوروپادا، چەند ملیۆن کەسێکیان کوشت. ئاوایش کۆمپانیا ئەوروپاییەکان بەمەبەستی قازانجی زۆرتر و چڵێسیی بێ کۆتایان، چەند ملیۆنێکی دیکەیان، هەندێ جار وەک دەڵێ، هەر بە هەوای نەفس، کوشت

 

سەرەتای سەدەی ١٩، پشت ئەستوور بە شۆڕشی پیشەسازیی، ئەوروپا دەوڵەمەند و پڕ توانا دەبوو. گیرفانی دەوڵەمەندەکان و بانکەکان پارەی زۆرتریان تێدەچوو، هاوکاتیش باجی ئەو دەوڵەمەندبوونەیان، چەند ملیۆنێک لە ئافریقا دەیاندا، کە لە هەژارییدا دەیانناڵاند. بارەکە لە وڵاتە ژێر دەستەکانی ئیستعماردا، زۆر لەوەش خراپتر بوو. نموونەی وڵاتانی ئافریقا و ئاسیای دوور زۆرن ئەوە جەزائیر و لەولاش هیندستان، بە گەڕانێکی ئاسان لە ئینتەرنێتدا، زۆر لەو میژووە ڕەشە دەدۆزییەوە

 

لە ساڵی ١٨٧٦، شای بەلجیکا لیۆپۆڵدی دووەم، رێکخراوێکی نا حکوومی ڕاگەیاند تا ناوەڕاستی ئافریقا بگەڕێ و دژی بازرگانیی کۆیلە بە درێژایی ڕووباری کۆنگۆ، بجەنگێ. ئەو ڕیکخراوە ئەرکی دروست کردنی قوتابخانە، نەخۆشخانە و رێ و بانیشی پێسپێردرا. زلهێزەکانی ئەوروپا سەروو ٢ ملیۆن کیلۆمەتر دووجایان، دا بەو ڕێکخراوە. ئەو ڕووبەرە ٧٥ جار لە بەلجیکا خۆی، گەورەتر بوو. نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ملیۆن مرۆڤیشی تێدا دەژیا

 

لە ماوەیەکی کورتدا، رێکخراوی مرۆڤدۆست، بوو بە کۆمپانیا و وێڵی زۆرکردنی قازانج و گەورەبوون بوو. نەخۆشخانە و قوتابخانە لەبیری کەسدا نەمان. حەوزی کۆنگۆ بوو بە کێڵگەکانی بەلجیکا، بەرهەمهێنان و هەناردە کردنی مەتات (مطاط) گەورەترین داهاتی کۆنگۆ بوو. دانیشتووانی ناوچەکە تا دەهات زیاتریان لێ داوا دەکرا، ئەگەر نەبا، دەستییان دەبڕدرا، یان، گوندەکە سەر تا پا، دەسڕدرایەوە. لە ماوەی ١٥ ساڵدا، هەناردەی مەتات لە ٥٨٠ تۆن لە ساڵی ١٨٨٥ بۆ ٣٧٤٠ تۆن لە ساڵی ١٩٠٠، بەرزکرایەوە

 

لەنێوان ساڵانی ١٨٨٥ بۆ ١٩٠٨ سەروو ٦ ملیۆن کەس کوژران، هێندێکیش دەڵێن سەروو ١٢ ملیۆنە، یان، بەلجیکاییەکان ٢٠ لە سەدی هەموو دانیشتوانییان لەناو برد. چەند سەد هەزار کەسێکیش دەستیان بڕدرایەوە. سەیری ئەم وێنەنا بکەن

https://en.wikipedia.org/wiki/Atrocities_in_the_Congo_Free_State

سەرەڕای ئەوانەش منداڵیان دەفڕاند و دەیانناردنە سەربازگەی منداڵان تا لە ئاییندەدا لە خزمەت گەلی بەلجیکادا بن و بۆ بەرژەوەندییەکانیان بجەنگن. لەو سەربازگەیانەیشدا، نیوەی ئەو منداڵانە لە پیسیی و بەربڵاوی نەخۆشیدا، دەمردن

 

لە کونجێکی دیکەی جیهاندا، دوو کۆمپانیای بەریتانی، سامانێکی کەم وێنەیان کۆکردەوە. ئەو دوو کۆمپانیایە لە ساڵی ١٨٤٠ ئەفیونیان بۆ چین دەنارد. ملیۆنان چینی ئاڵوودەی ئەفیون بوون، چینی لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەوە، لەبەریەک هەڵوەشاند. ٤٠ ملیۆن چینی، یان، ١٠ لە سەدی هەموو دانیشتووانی چین، ئاڵوودە بووبوون

 

وەزیر و ئەندامی پەرلەمان بەشیان لەو دوو کۆمپانیایەدا هەبوو. کاتێک چین قەدەغەی ئەفیونی ڕاگەیاند و دەستی بەسەر بارەکاندا گرت، بەریتانیا بە ناوی داکۆکیی لە ئازادیی بازرگانیی، شەڕی دژی چین ڕاگەیاند. لە ئەنجامدا چین قەرەبووی زیانەکانی بازرگانانی ئەفیونی کردەوە و بەریتانیاش داوای هۆنگ کۆنگی کرد و وەریگرت. هۆنگ کۆنگ بووە شوێنی قاچاخچییەتی ئەفیۆنی بەریتانیا و تا ساڵی ١٩٩٧یش هەر لە ژێر دەستی بەریتانیا مایەوە

 

لە کەمبۆدیا، شیوعیەکان بە پشتیوانی ماو لە چین و پێشەوایی جەنەراڵ پۆل پۆت تەنیا لە چوار ساڵی نێوان ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٩ نزیکەی ٢ ملیۆن کەسیان کوشت. واتا چارەکی هەموو دانیشتوانی کەمبۆدیا. نزیکەی ٣٠٠ هەزار چینیە کەمبۆدیاییەکان، ٩٠ هەزار لە موسەڵمانەکان، ٢٠ هەزار ڤێتنامی، ٣٠ هەزار ڤێتنامی دیکەشیان لەودیو سنووری خۆیان کوشت، ٢٠ هەزاری دیکەش بەندکراو بوون. هەرچی بۆنی حکوومەتی پێشووی لێدەهات، بیرمەند، نووسەر، ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند، دیپلۆمات، هەڵگری بڕوانامەی بەرز ...هتد، پاکتاو کران

 

شیوعیەکانی کەمبۆدیا ١٩٦ بەندیخانەیان هەبوو، تەنیا ٧ کەس لەو بەندیخانانە بە زیندوویی مانەوە. کەس نەبوو بگیرێ و لە ژیاندا بمێنێ. ٣٣٪ی هەموو پیاوی کەمبۆدیا لەو ماوەیەدا کوژران. تا ساڵی ٢٠٠٩، حکوومەتی کەمبۆدیا ٢٣٧٤٥ گۆڕی بە کۆمەڵی لە ناو کەمبۆدیادا دۆزیەوە، تەرمی سەروو یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسیان تێدا بوو. لەوانە ٦٠٪ یان کوژرابوون، ئەوانی دیکە بە برسیەتیی، نەخۆشیی و ماندوویی سەریان نابووەوە

 

تا سوپای ڤێتنام نەچووە ناو کەمبۆدیا و دەسەڵاتی خەمیری سووری لە ٢ کانوونی دووەمی ١٩٧٩، لە گۆڕ نەنا.  کوشت و کوشتار تەواو نەبوو