گرفتی کیسلەر

بە ڕای ستیفن هاوکینگ، بەر لەوەی بە یەکجاریی قڕ ببێ، مرۆڤ تەنیا ١٠٠ ساڵی ماوە تا نیشتەجێیەک لەسەر هەسارەیەکی دیکە دابمەزرێنێ. ئەگەرچی ئەو کاتە زۆر درێژ نییە، بەڵام بیرمان نەچێ تەمەنی هەموو زانست کەمێک لەوە درێژترە، بۆیە ئەو ئامانجە ئەستەم نییە. مرۆڤ لە هەوڵەکانی بۆ پێنانە سەر هەسارەی دیکەی کۆمەڵەی خۆری خۆمان هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە. هەوڵەکانمان بۆ دۆزینەوەی ژیانی دیکە و دۆزینەوەی سەرچاوەی دیکە تا گرفتەکانی زەویمان بۆ چارەسەربکەن، بەردەوامن. بەڵام گەشتکردن بە تەکنۆلۆجیای ئێستەمان گرفتی کیسلەری لەگەڵە.


لە ساڵی ١٩٧٠ مووشەکێکی ناسا بە ناوی دەلتا لە خوولگەیەکی زەوی بەجێمابوو، تەقییەوە و بوو بە ژمارەیەکی زۆر لە پارچەی بچووک و وەکو هەور لە دەوری زەوی دوسووڕایەوە. ئەو ڕووداوە سەرنجی زانای ناسا دۆناڵد کیسلەری ڕاکێشا، لە ساڵی ١٩٨٧ کیسلەر گەیشتە ئەو ئەنجامەی لە خاڵێکدا کە ژمارە و بارستایی ئەو پارچانەی لە گەشتەکانی مرۆڤ لە خوولگە نزمەکانی زەوی (٩٠٠ تا ١٠٠٠ کیلۆمەتر لە ڕووی زەوی دوور) بەجێدەمێنن دەبنە هەرەشە بۆ گەشتەکانی داهاتوومان. لەو خاڵەدا تەنانەت ئەگەر هیچ تەنی دیکە نەگەیەنینە خوولگەکانی زەوی، ڕووداوێکی بەریەککەوتن هەر ڕوودەدات و هەموو گەشتەکانمان رادەگرێت.


بە پێی پێشبینیی ئەوکاتەی کیسلەر تەنیا لە ماوەی ٣٠ تا ٤٠ ساڵ دەگەینە ئەو خاڵە. یەکەم ڕووداو، وادەکات ڕێژەی ئەگەری ڕووداوی دوای ئەوە زۆرتر ببێ و ئاوا زۆر دەبێ تا دەگاتە بارێکی وەها قورس و بێ چارە، مرۆڤ دەرگای بۆشایی ئاسمانی بە تەواوی لەسەر دابخرێ. ئەو گرفتە بە ناوی ئەو زانایەوە ناونراوە، گرفتی کیسلەر.


ئەوەی گرفتەکە بێ چارەسەر دەهێڵێتەوە ئەوەیە ئێستە لە خوولگە نزمەکانی دەوری زەوی سەروو ٣ ملیۆن پارچە بەردی بچووکی سروشتیی لە دەوری زەوی هەن، لە پاڵیاندا هەموو ئەو پاشماوە ئاسن و ماددە ڕەقانەی لە ئەنجامی مووشەک هەڵدانەکانی مرۆڤ لەوێ کۆبوونەتەوە. هەڕەشەکانی تاکە یەک بەریەککەوتن لەگەڵ تەنێکی بچووکیش لە خێراییە زۆرەکاندا کارەساتی گەورەی دەبێ. بە پێی ئەوەی ناسا بۆی دەرکەوتووە، تاکە دڵۆپێکی بۆیەی قەبارە ١ سانتیمەتر بە خێرایی ١٠ کیلۆمەتر لە یەک چرکەدا (واتا ٢٢ هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک) هەمان زیانی تەنێکی ٢٥٠ کیلۆی هەیە بە خێرایی ٩٥ کیلۆمەتر لە سەر زەوی لەگەڵ تەنێکی دیکە بەریەک بکەون. خۆ ئەگەر تەنەکە ببێتە ١١ سانتیمەتر، ئەوا زیانەکەی وەک تەقینەوەی ٧ کیلۆ تی ئێن تی دەبێ.


هەڵبەت ترسەکە لەوە نییە ڕووداوێک لە خوولگەکانی دەوری زەویدا ڕووبدات، بەڵکو ئەوەیە ئەو ڕووداوە زنجییرەیەکی دوورودرێژی نەپچڕاوی ڕووداوی دیکە دروست دەکات و هەموو ئەو گەشتانەی بۆ خوولگە نزمەکانی زەوین (وەکو ئەوانەی بۆ چوونە مەریخ پێویستن)، پەک دەخات. ئەگەر ئەویشیان گرفتێکی مەزن نەبێ، قۆناغی دوای ئەوە ئەوەیە مانگە دەستکردەکانی پێوەندیی و هەموو ڕاگەیاندن و تەکنۆلۆجیای نوێ لە مەترسییدا دەبن و ئەگەر هەیە هەموو ئەو سیستەمانەی پشتیان بە خزمەتەکانی ئەومانگە دەستکردانە بەستووە، ڕاوەستن. لەو خزمەتگوزارییە سەرەکییانەی ژیانی ڕۆژانەمانی پێوە بەندە سیستەمەکانی نەخشەی جی پی ئێس، هەموو کەناڵەکانی تەلەفزیۆن، توێژینەوەکانی سەربازیی و زانستیین.


زانیارییەکانی ناسا لەو بارەیەوە کۆیکردوونەتەوە دەڵێ ئێستە نزیکەی ٥٠٠ هەزار پارچە تا ١٠ سانتیمەتر درێژ، لە خوولگەکانی زەویدا هەن. ٢١ هەزاریش لە ١٠ سانتیمەتر گەورەترن و ١٠٠ ملیۆنیش لە ١ سانتیمەتر بچووکتر، هەن. ڕووداوێکی بەریەککەوتنی دوو مانگی دەستکردی ڕووسیا و ئەمەریلا لە ساڵی ٢٠٠٩، سەروو ٢٠٠٠ پارچەی تا ڕاددەیەک گەورە، دروستکرد. سەرەڕای چاودێرییکردنی خوولگە نزمەکانی دەوری زەوی لە لایەن دامەزراوە سەربازییەکانەوە، بەڵام ئەو ژمارە زۆرەی پاشماوەکان ئەگەری ڕووداوەکان بەرزتر دەکەنەوە.

ئەگەر مەبەستت بوو تەواو لەو گرفتە تێبگەی، تەماشای فیلمی (گراڤیتی) نواندنی ساندرا بوڵوک، بکە.


سەرچاوە:

https://bigthink.com/surprising-science/how-the-kessler-syndrome-can-end-all-space-exploration-and-destroy-modern-life/?utm_medium=Social&utm_source=Facebook&fbclid=IwAR1Wabi32-UdleG_MOu04_DetVy9kqIlTbdax7CQh0F_2PsgmFfXslqjicw#Echobox=1661732064