یۆرانیۆمی شەکەت

یۆرانیۆم توخمێکی قورس و دەگمەنی سەر زەوییە، بۆ تەندروستیی مرۆڤ و ئاژەڵان گەلێکیش زیانبەخشە، زیانەکان لەو تیشکانەوە دروست دەبن، یۆرانیۆم دەریاندەکات. بەڵام لە سروشتدا یۆرانیۆم ئەوەندە کۆکراوە نییە ئەو زیانەی هەبێ. بۆیە زیانەکانی یۆرانیۆم تەنیا لەو شوێنانەوە دێن، کە مرۆڤ یۆرانیۆمی تێدا کۆ کردووەتەوە.


یۆرانیۆم لە سروشتدا چەند جۆرێکی هەیە، لە ناو کارگە ئەتۆمییەکانی بەرهەم هێنانی کارەبا و کارەکانی دروست کردنی بۆمبی ئەتۆمییدا، یۆرانیۆمی ٢٣٨ وەک بەرهەمی  کۆتایی بەرهەم دێت، ئەوە زبڵ و زاڵی ناووکییە و بۆ هیچ لەو دوو شوێنە بەکارنایەت. بۆیە تا ماوەیەکی درێژ هیچ سوودێکی نەبوو، بەڵکو دەبووە مڵۆزمیش بەسەر بەرهەمهێنەرانی وزەی ناووکی، نەیاندەزانی چی لێبکەن. هێندێکیان داەیانناردە وڵاتە هەژارەکانی ئافریقا، لەوێ لە ژێر گڵیان دەنا، هێندیکی دیکەشیان، فڕێیان دەدایە بنی زەریاکان.


لە ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو، ئەمریکا و هاوپەیمانانی زانیارییان پێگەیشتبوو، پیشەسازیی سەربازیی سۆڤیەت جۆرێکی تازەی پلێتیان بۆ تانکەکانی هاوپەیمانیی وارشۆ دروست کرووە، بە جۆرێک مووشەکەکانی دژە تانکی ئەمریکا و ناتۆ کاری تێناکا. بەو زانیارییە هەواڵگرییە، ترسی زۆر لە ئەندامانی ناتۆ نیشت. بۆیە پیشەسازیی سەربازیی ناتۆ کەوتنە خۆ، دەبوایە بەسەر ئەو گرفتەدا زاڵ بن، تا گەیشتنە ئەوەی بەڵێ دەتوانن ئەو زبڵەی یۆرانیۆم بەکاربهێنن و ئەو پلێتە نوێیەی سۆڤییەت دەبڕێت. ئینجا لەوێوە کۆمەڵێکی زۆر تەقەمەنی دروست کرا. لێرەوە دەچمە ناو باسەکە.


لە ساڵی ١٩٩١ ئەمەریکا ئەو تەقەمەنییانەی زبڵە یۆرانیۆمی بۆ یەکەم جار لە شەڕی کوێتدا بەکارهێنا. بە هەمان شێوە لە شەڕی بۆسنیاش، دواتریش لە ٢٠٠٣ لە شەڕی رزگاری عێراق و لە ٢٠١٥ەش، لە شەڕی سووریادا، بەکارهاتن. تەنیا لە عێراق نزیکەی ١٢٠٠ تۆنی لەو تەقەمەنییانە بەکارهێناوە. لە نێوان ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٥ ئەمەریکا لە عێراقدا ٦ ملیار گوللەی زبڵە یۆرانیۆمی بەکارهێناوە.


مەترسییەکانی تەقەمەنی یۆرانیۆمی ٢٣٨ هێندە زۆرن، بەکارهێنانیان بۆ هەر مەبەستێک بێت ئەوپەڕی نا مرۆڤانە و نا ئەخلاقییە. تەمەنی مانەوەی یۆرانیۆمی ٢٣٨ چوار ملیار ساڵی دەوێت تا نیوەی بارستایی بە تیشکدان بگۆڕێت بۆ توخمێکی دیکە، واتا ئەو یۆرانیۆمەی لە مووشەکەکانی دژی سەربازانی عێراق بەکارهاتووە ٤ ملیار ساڵی دیکەش هەر وا دەمێنێتەوە. نەک تەنیا لە لەشی سەربازەکاندا هەیە، بەڵکو تێکەڵ بە ئاووهەوا و خاک دەبێت، هەموو بەرهەمەکانی کشتوکاڵ و ئەو ئاوەی دەخورێتەوە لەو شوێنانە (بە تایبەتی لە باشووری عێراق ، زۆرترینیش لە بەسرە دواییش لە شەڕی فەللوجە) هەمووی بەو زبڵە یۆرانیۆمە تەنراوە. هێندە ژەهراوی و کوشندەیە، بە جۆرێک ژمارەی تووشبووی شێرپەنجەی خوێن و لە دایک بوونی منداڵی شێواو، نا تەندروست و نا سروشتیی چەندین جار زیادیان کردووە. لەنێوان ١٩٩٧ بۆ کۆتایی ساڵی ٢٠١١ تەنیا لە فەللوجە ٦٩٩ منداڵی شێواو و نا تەندروست لە دایک بوون.


لە ساڵی ٢٠٠٤ حکوومەتی عێراق داوایەکی ئاراستەی ئاژانسی (بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان) کردووە، تێیدا داوادەکات لە ئاستی تیشکە مەترسیدارەکانی باشووری عێراق بکۆڵنەوە، ئەو داوایەی عێراق درایە ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی تا ئەو لێکۆڵینەوانە بکەن.


لە ڕاپۆرتی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیدا هاتووە دەڵێ ٥٢٠ نموونەی جیاجیای خۆڵ، ڕوەک و ئاو، وەرگیراون. زۆربەیان لە باشووری عێراق بوون، هەموو ئەو نموونانە بۆ تاقیگەکانی وەزارەتی بەرگریی سویسرا نێردراون تا لەوێ شیکارییان بۆ بکرێت. سەیرەکە ئەوەیە ڕاپۆرتەکە دەڵێ لە هیچ نموونەیەکدا ئاستی کوشندەی تیشکەکانی یۆرانیۆم نەبووە! نازانم چۆن ئەو ئەنجامانە بەدەست هاتوون، خۆ من لێرەدا گومان لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ناکەم. بەڵام ڕاستییە زانستییەکان شتێکی دیکە دەڵێن. دەبێ لەژێڕ چی بارودۆخێکدا ئەنجامی ئاوا بەدەست هاتبێ؟ چۆن دەبێ ئەو هەموو یۆرانیۆمە تیشکدارە نەمابێ؟ بۆ کوێ چووە؟ کەس نازانێ.


لە عێراقدا زانایانی جاران نەماون تا بۆخۆیان هەمان پشکنین و شیکاریی بکەن، ئەوەی هەبوو یان تیرۆر کرا، یانیش، ڕاونرا و لە وڵاتێکی دیکە گیرسایەوە. ئەوەی ئێستە لە جێی ئەوانن دەبێ ناوچەوان پەڵەداری ڕەش بن. ئەوانەش کام زانست و بڕوانامەیان لە پشتە؟ پێم وایە هیچ.


لینکی خوارەوە ئەو راپۆرتەی ئاژانسی وزەی ئەتومییە.

https://www-pub.iaea.org/MTCD/Publications/PDF/Pub1434_web.pdf


ئەوەشیان ڕاپۆرتی کەناڵێ جەزیرەی قەتەرییە، ببینە لە فەللوجە چی بەرهەم هاتووە، زانیاریی زۆری تێدایە بەڵام تەنیا بە ئینگلیزییە. ڕێژەی شیرپەنجە بەر لە ساڵی ١٩٩١ لە هەموو عێراقدا تەنیا ٤٠ کەس بوو بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس. لە ساڵی ١٩٩٥ ئەو ڕێژەیە بوو بە ٨٠٠ کەس بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس. لە ساڵی ٢٠٠٥ ئەو ڕێژەیە گەیشتە ١٨٠٠ کەس بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس!! ئەو زۆربوونەی شیرپەنجە لەو ڕاپۆرتەی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیدا هەر باس نەکراوە! https://www.aljazeera.com/features/2013/3/15/iraq-wars-legacy-of-cancer


لە ژاپۆن دوای هیرۆشیما و ناگاساکی لە دایک بوونی منداڵی شێواو لە نێوان ١ بۆ ٢ لە سەدایە. لە فەللوجە ئەو ڕێژەیە ١٤.٧ لە سەدە.

هێشتا ئەو ژمارانەی باس دەکرێن هەموو وێنە تەواوەکە نییە. چونکە تەنیا ٥٠٪ ی خزمەتگوزاریی تەندروستیی لە عیراقدا کەرتی گشتییە، ئەوەی لە کەرتی تایبەتە  ئەو زانیارییانەیان لێ وەرنەگیراوە، بۆیە ژمارەکان زۆر جێی متمانە نین.


لە گەڕانم بە دوای ڕاپۆرت و سەرچاوەی دیکە بۆ ئەم بابەتەم، بۆم دەرکەوت، کە مەترسییەکان تەنیا یۆرانیۆم نییە. زۆر لەو منداڵانەی شێواون قورقوشم و جیوەیان لەلەشدا هەبووە. هەردوو ئەو توخمە زیانی زۆریان بۆ مرۆڤ هەیە و لە تەقەمەنییەکانی شەڕەکانی ئەمەریکادا بەکارهاتوون.


لینکی خوارەوەش توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢١ ە، دوو توێژەری عێراقی ئەنجامیان داوە.

https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC7847549/