ئەگەر لە ڕوانگەی مرۆڤ بوونەوە تەماشای جیاوازی نێوان لیبرالیزم، سۆشیالیزم و دواییش هەردووکیان لەگەڵ مرۆڤ دۆستیی بکەی، دەبینی ئەو جیاوازیانە پڕوپووچن و لە سەدەی ڕابردوودا، خەڵکیان زۆر لەیەک دوورخستەوە
لە دوای ساڵی ١٩٠٠ ەوە تا ساڵی ١٩٨٩ جەنگێکی بێ پەروا لە نێوان سێ ڕەوتی هزری مرۆڤایەتیدا هەبوو. هزری لیبرالیزم وای دەزانی مێژوو لە تەکییەتی و هێز و توانای بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە هەیە. پێی وابوو ئەگەر ئازادی تەواو بدرێتە تاک، جیهان کامەران و ژیان خۆش دەبێ. لەگەڵ جەنگی جیهانی یەکەمدا، لیبرالەکان دوو جار هەژێندران. هەردوو بەرەی چەپ و ڕاست لە دژی بوون
چەپەکان، یان، سۆشیالیستەکان پێیان وابوو لیبرالیزم سیستەمی بەهێزکردنی ڕەگەزپەرستیی و خراپ بەکارهێنانە. باشیی لە لیبرالی بووندا چیە ئەگەر بڵێ لە کوێت دەوێ دەتوانی بژی بەڵام نەتوانی کرێی خانوو بدەی. کام بوارت دەوێ بخوێنە بەڵام نەتوانی پارەی تۆمارکردنی زانکۆ بدەی. بۆ کوێت دەوێ گەشت بکە، بەڵام نەتوانی ئۆتۆمبیل بکڕی. بۆیە بە تەوسەوە دەگووترا، لە سیستەمی لیبرالیدا، دەتوانی ئازادانە برسیی بی
لەویش خراپتر، بە هاندانی خەڵک تا خۆیان وەک تاک لە ناو کۆمەڵگە ببینن، خەڵکی لەیەک جیا کردەوە و ڕێی نەدا لە دژی ئەو سیستەمەی مافیان دەخوا، یەکگر بن. بەو جۆرە، لیبرالیزم هەر خۆی بەردەوامیی بە نا یەکسانیی دەدا، فەرمانی هەژاریی بەسەر خەڵکدا دەدات و خەڵکی هەڵبژاردەیش/دەستبژێریش (نخبە) جیا دەکاتەوە
لە لایەکی دیکەوە، هەردوو ئاراستەی ڕەگەزپەرست و فاشیستەکان (ڕاستڕەوەکان) ڕەخنەیان لە سۆشیالیست و لیبرالەکان دەگرت بەوەی دەستکاری هەڵبژاردنی سروشتیی دەکەن و مرۆڤ بەرەو نەمان دەبەن. پێیان وابوو ئەگەر هەموو کەس هەمان بەهای هەبێ و مافی وەچە خستنەوەی هەبێ، هەڵبژاردنی سروشتیی لە کارەکەی خۆی دەوەستێ. باشترین مرۆڤ لە ناو دەریای مرۆڤە مام ناوەندەکاندا، لە ناو دەچێ، بۆیە پێشناکەوین
جەنگی جیهانی دووەم، وەک جەنگی نێوان هاوپەیمانانی لیبرالیزم و نازیی گۆشەگیردا بوو ( جارێ ئیتالیای فاشی خۆی یەکلا نەکردبووەوە). جیهانی لیبرالی لە خۆشگوزەرانیدا بوو. تەواوی بەرهەمی ناوخۆی ئەڵمانیا ئەو کاتە ٣٨٧ ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئەوەی هاوپەیمانان ٦٣١ ملیۆن بوو. کەچی ئەڵمانیا فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوای داگیر کرد. کەناڵی ئینگلیز نەبا، بەریتانیاش هەمان چارەنووسی دەبوو.
ئەڵمانە ڕەگەزپەرستەکان تەنیا بە یەکگرتنی سۆشیالیزم و لیبرالیزم لە دژیان، پاشەکشەیان پێکرا. سۆڤیەت ٢٥ ملیۆنی لێ کوژرا، هەریەک لە بەریتانیا و ئەمەریکا ٥٠٠ هەزار. باجی گەورە سۆشیالیزم دای و دەستخۆشی دۆڕانی نازییەکان دەبێ لە سۆشیالیزم بکرێ. بەڵام زۆریشیان بەدەست هێنا
سۆڤیەت لە وڵاتێکی دوورەدەستی کەس نەویستە، بوو بە زلهێزی جیهان و سەرۆکایەتی کۆمەڵێک وڵاتیشی دەکرد. بزووتنەوە دژە ئیمپریالی وشۆڕشگێڕەکان چاویان بڕیبووە مۆسکۆ و بیژین (بکین). لیبرالیزمیش بوو بە ناسنامەی ئیمپراتۆرە ڕەگەزپەرستەکانی ئەوروپا. هەر کام لەوان دەڕما، یان دەبووە سۆشیالیست، یانیش، دکتاتۆرەکان دەهاتنە دەسەڵات، هیچیان نەبوونە لیبرال. تا وایلێهات خرۆشۆف لە ساڵی ١٩٥٧ بەوپەڕی متمانەوە بە رۆژئاوای لیبرالی گوت "مێژوو لەگەڵ ئێمە دەبێت، دەتاننێژین". گۆڕانکاریەکان بەردەوام بوون، لە کۆی ١٣٠ وڵات، تەنیا ٣٠ وڵات لیبرال و دیموکرات بوون
بە دۆڕانی شەڕی ڤێتنام، لیبرالیزم و دیموکراسیی لە ژێر هەڕەشەدا بوون. ئەمەریکا خۆی وەک پێشەنگی جیهانی ئازاد نیشان دەدا، کەچی زۆربەی هاوپەیمانەکانی یان شا تاکڕەوەکان بوون وەکو شا خالیدی سعودستان، شا حەسەنی مەغریب و شای ئێران. یانیش، جەنەڕالە سەربازییە تاکڕەوەکان بوون وەکو ئەوانەی یۆنان، فرانکۆی ئیسپانیا، جەنەڕال پارک لە کۆریای باشوور، جەنەڕاڵ گیسیل لە بەرازیل، پینۆشی لە چیلی و چیانگ کای شێک لە تایوان. سەرەڕای ئەو هەمووانە، کەچی بە ژمارە، هاوپەیمانیی وارشۆ لەوان زۆر زیاتر بوو. ئەوەی جیهانی لیبرالی دەرباز کرد، چەکی ناووکیی بوو. ناتۆ، باوەڕی وابوو و دەیگوت، تەنانەت هێرشی چەکی ئاسایی و سوکیش لە لایەن سۆڤیەتەوە، بە چەکی ناووکیی وەڵام دەدەینەوە. ئەگەر هێرشمان بکەنە سەر، بە دڵنیاییەوە، ناهێڵین کەسی لێ دەرچێ. لە پشت ئەو قەڵغانەوە، لیبرال دیموکرات و بازاڕی ئازاد توانیان لە دوایین سەنگەریاندا، بمێننەوە
لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا، گۆڕانکاریی گەورە هاتە پێش. هەرسێ دەسەڵاتی تاکڕەوی ئیسپانیا، یۆنان و پورتوگال داڕمان و سیستەمی دیموکرات جێی گرتنەوە. لە ساڵانی هەشتاکانیش دکتاتۆرە سەربازەکانی بەرازیل، ئەرجەنتین، تایوان و کۆریای باشوور ڕووخان و دیموکراسی هاتە پێش. بە ڕووخانی سۆڤیەتیش، وڵاتانی دەریای بالتیک، ئۆکراین، جۆرجیا و ئەرمینیا پەیڕەوی دیموکراسییان کرد. بە سەرکەوتنی لیبرالیزم بەسەر سۆشیالیزم لە شەڕی سارددا، وڵاتانی دیکەیش بەرەو دیموکراسیی هەنگاویان نا
لە سەد ساڵی دوای ١٩١٤، لیبرالیزم هاتەوە گوڕ و تینی خۆی. هەموو سەدەی بیستەم وەک هەڵەیەک لە میژووی مرۆڤایەتیی وایە. سێ جەنگی زۆر گەورە ڕوویاندا، وەک بڵێی لە دووڕیانێکدا لاماندا و سەد ساڵمان پێچوو تا گەڕاینەوە شوێنی خۆمان. بەڵام هەموو شت لەو سەد ساڵەدا هەر شەڕ و کوشتار نەبوو. سەدەی بیستەم، دژە بەکتیریا، کۆمپیوتەر، وزەی ناووکیی، بزووتنەوەکانی ئافرەتان و دژە ئیستیعمار و تەلەفۆنی مۆبایلی داینێ
لە هەمان کاتدا، لیبرالیزم خۆی زیرەکتر و پڕ ئەزموونتر بوو. لە چاو ئەوەی پێش سەد ساڵ کەمتریش ناز و فیزی دەکا. لە سۆشیالیزم و فاشیزمیشەوە فێربوو، بە تایبەتیی ئەوەی دەبێ خزمەتگوزاریی تەندروستیی و خوێندن بۆ هەموو کەس دابین بکرێ. بەڵام لە ناوەڕۆکدا لیبرالیزم هەر وەک خۆی مایەوە، تاکە کەسیی بە گرنگتر لە کۆمەڵ داناوە. ئێستایش لەو باوەڕەدایە دەنگدەر و کڕیار، بزوێنەری سیستەمەکەن
لە سەدەی بیست و یەکدا، ئەوە تاکە سیستەمی لە خۆبایی مۆرڤایەتییە. هیچی دیکەمان لە جێی (تاکە کەسیی، مافی مرۆڤ، دیموکراسیی و بازاڕی ئازاد) نییە دانێین