ئاڵنگاری ژینگە

دوابەدوای ڕەوینەوەی ترسی جەنگی ئەتۆمی، مرۆڤایەتی لووتی بە لووتی ترسێکی دیکەوە بووە. تەنگژەی مووشەکەکانی کوبا هێڵی گەرمی لە نێوان کریملین و کۆشکی سپیدا کردەوە، بەڵام ئەو کات کەس هۆشی بە لای مەترسی ژینگەدا نەدەچوو. هەتا دێ ژەهری زۆرتر دەڕێژینە ناو بەرگەهەوای خۆمان، بە چەندین شێواز و ڕێگە، ڕووناکیی لە ئاسۆی ژیانی نەوەکانمان دووردەخەینەوە. ئەو ژینگەیەی چەند ملیۆن ساڵێکی خایاند تا وای لێبێ. ئێمە لە تەنیا دوو سەد ساڵدا تێکمان داوە


پەیینی کیمیایی لە کشتوکاڵدا بەکاردە‌هێنین، بڕێکی کەم لە فسفۆر بۆ گەشەو بەرهەمی ڕووەک پێویستە، بەڵام زۆربوونی فسفۆر لەسەر هەموو ژینگە بە ژیانی مرۆڤیشەوە، مەترسی گەورەیە. کشتوکاڵی هاوچەرخ پشتی بە پەیینی کیمیایی بەستووە، لە وڵاتێکی وەکو ئەوەی خۆمان زۆر جار جووتیار بێ سەرپەرشتی ئەندازیاری کشتوکاڵ ئەو پەیینانە بە زەویەکەیدا دەکات. چەندی فسفۆر تێدایە و چەندی دەگاتە جەستەمان کەس نازانێ. بەکارهێنانی زۆری پەیین لە سیدەکان لەوانەیە ماسی زۆنگاوەکانی حەوێزە و حەممار لە ناوبەرێ. زۆربوونی فسفۆر، ئاوی ژێر زەوی، جۆگە، چۆم، ڕووبار، دەریا و زەریاکانیش پیس دەکات. ژینگەی بوونەوەرانی زەریاکانیش دەشێوێنێ


مرۆڤ چەند هەزار ساڵێکە کوشتەی ژینگەی دەورووبەری خۆیەتی، ئێستە بووەتە کۆمەڵکوژی ژینگەکەی. کار هەروا بڕوات بناغەی شارستانییەتی مرۆڤ هەڵدەتەکێ. چەند سەد هەزار ساڵێکە مرۆڤ بێرە و بەوێدا بڵاوە، بەڵام تەنیا لە ١٠ هەزار ساڵی ڕابردوودا کەوتە کێڵان و چاندن، لادێ و شاری دروستکرد کۆمەڵگەی ئاڵۆزی پێکهێنا.


کەس نازانێ تا چەندی دیکە دەتوانین بەو نەزمەی ئێستە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بخزێنینە ناو بەرگە هەوای زەوی، بەڵام دەزانین لەسەر لێوارین. زانایان گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی بەبێ کەمکردنەوەی یەکجارەکی ئەو چالاکییانەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدەن، چارەنووسمان نەمانە. بەرەبەرە هەردوو بەستەڵەکی دوو جەمسەری باکوور و باشوور لە تەنکیی دەدەن. بە نەمانیان ئەو تیشکەی بەفرو بەستەڵەکەکانیان بۆ بۆشایی ئاسمانی دەگەڕێننەوە، ئیدی نامێنێ. بە واتای ئەوەی گەرمی زۆرتر لە ڕۆژەوە دێتە ناو بەرگە هەوا و دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیش ناهێڵێ بەرەو بۆشایی ئاسمان بڕوات، کەواتە هەر ئەوەندەی ئەو دوو بەستەڵەکە نەمان، گەڕانەوە نزیکە ئەستەم دەبێت و تێکڕای پلەی گەرما ٢ پلەی سەدی بەرزدەبێتەوە. ئەو ٢ پلەیە بۆ مرۆڤ کارەساتبارە. بیابانەکان زۆرتر باڵ دەکێشن، ئاستی دەریا و ئاوەکان بەرز دەبێتەوە، با و باهۆزی توندتر و پێشبینینەکراو زۆر دەبن. کشتوکاڵ کەم بەرهەم دەبێ و شەپۆلی کۆچکردنی ناوچەکانی ژینگە پیس وخراپ دەست پێدەکات. گێرە و کێشەی زۆرتر لەوانەی ئێستە هەمانە، دێنە پێش


هزر و بیری نەتەوایەتیی لەم کێشەیەدا لە کوێیە؟ ئایا وڵاتێک هەیە بە تەنیا بتوانێ بەسەر کێشەی گەرمبوونی زەویدا زاڵ بێ؟ وڵاتان دەتوانن ڕێسا و یاسای ژینگەدۆست بگرنەبەر، حوکوومەتەکان دەتوانن باج لەسەر دەرکردنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دانێن، یارمەتی لەو دامەزراوانەی ژینگە پیس دەکەن ببڕێت و خەڵات بەوانە بدا بەرەو وزەی نوێ بووەوە و سەوز دەڕۆن. ئەوانە لە هیچ وڵاتێک بە تەنیا کاریگەر نابن. دەبێ چەترێکی نێونەتەوەیی ئەو کارە بخاتە ژێر باڵی خۆی. لە باسی ژینگەدا، وڵاتان ئیدی سەربەخۆ نین و ئەو سەربەخۆ سیاسییەی هەیانە لە باسی ژینگەدا، لەدەستی دەدەن


پەروەردەکردنی ئاژەڵان لە کێڵگەکاندا هێندەی لە سووتاندنی نەوت و گاز کەمتر نییە. هەرچەندی چین، هیندستان و بەرازیل (ژمارەی دانیشتووانی ئەو سێ وڵاتە زۆرن و گەشەی ئابووریان زۆرە) باری ئابووریان باش دەبێت، خەڵکەکەی کەمتر پەتاتە و زۆرتر گۆشت دەخۆن. وایلێهاتووە، گۆشتی دەستکرد وا بڵاودەبێتەوە. بە پێی ئاماری ٢٠١٣ بۆ دروستکردنی یەک کیلۆ گۆشت لە کارگەیەکدا ١٥ هەزار لیتر ئاو پێویستە، بەرانبەر ٢٨٧ لیتر ئاو بۆ یەک کیلۆ پەتاتە. لەو سێ وڵاتەدا ملیۆنان کەس لەگەڵ باشبوونی ژیانیان، دەبنە گۆشت خۆر. یەکەم جار یەک کیلۆ گۆشت لە خانەیەکەوە دروستکرا بڕی ٣٣٠ هەزار دۆلاری تێچوو، ئێستە دوای چوار ساڵ لە توێژینەوە بە ١١ دۆلار ئەو کیلۆیە بەهەرم دێت. لە چەند ساڵی داهاتوودا دەکرێ نرخەکەی لە گۆشتی سروشتی کەمتر ببێتەوە. ئەو تەکنۆلۆجیا نوێیە هەزاران سکی برسی تێر دەکات و ملیۆنان ئاژەڵیش لە کوشتن دەرباز دەکات. بەشێکیش لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، کەم دەکاتەوە


لەم سەردەمەدا خۆ گۆشەگیرکردنی وەک ئەوەی ترەمپ کردی دادی کەس نادات بەتایبەتیش دادی ئەمەریکا خۆی نادات. چەند کۆمپانیا و کەسێک دەوڵەمەند دەبن، بەڵام ٧ ملیار کەس لەگەڵ خۆیاندا تووشی کێشە دەکەن، کێشەیەک بە تەنیا بە خۆیان چارەسەر ناکرێت. وەک چۆن هەموو وڵاتانی ئەتۆمدار وەک یەک ئەرکی دوورخستنەوەی جەنگی ئەتۆمیان لە ئەستۆدا بوو، ئاوایش ئێستە هەموو وڵاتانی جیهان بە تایبەتیش ئەوانەی پشکی گەورەیان لەم گرفتەدا هەیە، هەمان ئەرکیان لەسەرە و دەبێ ئەنجام بدرێت. چاد دەبێتە بیابانی وشکی بێ بەرهەم، بەڵام سایبیریا ڕەنگە دەبێتە سەبەتەی خۆراکی هەموو جیهان، ڕاستە ڕوسیا لەو بەزمەدا سوودمەندە، کامچاتکا لە جێی سەنگاپور ببێتە ڕێڕەوی بازرگانی جهیان، بەڵام دەیان وڵاتی دیکە و چەند ملیۆن کەسێک لە مەترسیدا دەبن


ڕوسیا و ئێران بەتەنگ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو نین، بەڵام بە کەمبوونەوەی خواست لەسەر گاز و نەوت، ئابووری هەردووکیان سعودستانیشیان لەگەڵ، دادەڕمێ. ئەگەر مرۆڤ بەتەنگ خۆیەوە نەبێ، کار لە کار دەترازێ