کرۆمۆسۆمی نێر لە کرواتەکاندا

نەژاد و ڕەچەڵەکی ئەوروپاییەکان، لەناویاندا کرواتەکان لە لایەن زمانناسەکان، زانایانی مرۆڤناسیی، شوێنەوارناسان و جینناسەکان مشتومڕی لەبارەوە کراوە و تا ئێستە هەر بەردەوامە. هەندێ شوێنەوارناس دەستەواژەی (ئەوروپاییە کۆنەکان) بۆ ئاماژە بەوانەی بەر لە بڵاوبوونەوەی هیندۆئەوروپاییەکان لە کیشوەری ئەوروپا بوون، بەکاردەهێنن. بەتایبەتیش ئەوانە لە ناوچەی بەلکان دەژین، بە ئەوروپایی نوێیان لەقەڵەم دەدەن. بەلام ئەگەر ئەوانەی لە سەردەمی چاخی بەردیینی نوێدا لە ئەوروپا ژیاون، ئەوروپایی نوێ بن، ئەی بەوانەی بەر لە چاخی بەستەڵەک لەوێ بوون چی بڵێین؟؟


ئەنجامەکانی دوایین شیکاریی جینناسیی، نیشان دەدات دوو هێڵی سەرەکیی لە ئەوروپاییە کۆنەکان لەوێ ژیاون. یەکەمیان ئەوانەن بەر لە ترۆپکی سەهۆڵبەندانی دوایین چاخی بەستەڵەک لەوێ بوون. دووەمیشیان ئەوانەن یان کۆمەڵە ڕاوچی بوون لە ڕۆژئاوای ئاسیاوە کۆچیان کردووە، یانیش یەکەمین جووتیارەکانی ناوچەی نیمچە کەوانۆکەی بە پیت بوون، هەر زوو دوای تەواوبوونی چاخی بەستەڵەک، گەیشتوونەتە ئەوروپا


باسی نەژادی کرواتەکان لە ساڵی ٢٠٠٠ دوای بڵاوکردنەوەی توێژینەوەیەکی زانستیی سەبارەت بە کرواتە نوێیەکان، وەک ڕەنو بەفر کۆمەڵیکی زۆری توێژینەوەی زانستیی لە چەندین بواری زانستدا، بەدوای خۆیدا هێنا. ئەم توێژینەوەیە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ زانیاریی  دی ئێن ئەی کرواتەکانی کۆکردەوە. ئەو زانیارییانە بەڵگەی تەواوی کۆچکردنەکان و تیکەڵبوون دەخەنە بەردەست


لە ساڵی ٢٠١١، زانای فۆنەتیکی زمان کالیڤی وییک، خەڵکی فینلاندە، توێژینەوەیەکی ٥٠ لاپەڕەیی زۆر چڕ و پڕی بە ناوی (پیاوەکانی ئەوروپا لە کوێوە هاتوون؟)، بڵاوکردەوە. ئەویش توێژینەوەی ئۆرنێللا سەمینۆ لە زانکۆی پاڤیای ئیتاڵیا و پیتەر ئەندەرهیڵ لە زانکۆی ستانفۆردی ئەمەریکا بە سەرچاوە وەرگرتووە. ١٠٠٧ نموونەی کرۆمۆسۆمی وای لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەرگیراوە ونیشانی دەدات ٣ شەپۆلی کۆچ بەرەو ئەوروپا بەر لە ٤٠ هەزار، ٢٢ هەزار و ٩ هەزار ساڵ، هەبوون. ئەوان دەڵێن ٨٠٪ی ئەوروپاییەکان نەوەی ئەوانەن بەر لە ٣٥ تا ٤٠ هەزار ساڵ لەوێ ژیاون 


توێژینەوەکەی سەمینۆ تەنیا ٥٨ نموونەی لە خەڵکی کرواتیا وەرگرتووە و دەڵێ ٤٥٪ پیاوانی کرواتیا هەڵگرانی هاپلۆگروپی (ئای)ن  واتا ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە (نیمچە کەوانۆکەی باکوور) گەیشتنە بەلکان. ٣٠٪یشیان هەڵگرانی ئاڕ ١ ئەی ١ واتا ئاریایین. ١٥٪یشیان هەڵگرانی ئاڕ ١ بی، واتا ئەوانەی لە لێڤانتەوە چوونە ئەوێ. ١٥٪یش تێکەڵەی هەڵگرانی جینی دیکەن. ئەوان پێیان وایە ٤٥٪ی بەلکان نەوەی ئەوانەن بەر لە چاخی بەستەڵەک لە ئەوروپا بوون. توێژینەوەیەکی دیکەی سەنتەری مرۆڤناسی کرواتیا دوای ٣ ساڵ بلاوکرایەوە و تێیدا نموونەی ٤٥٧ پیاوی کرواتیا وەرگیراوە، تا ڕاددەیەکی زۆر هەمان ئەنجامیان نیشان دا. دەشڵێ ئاریاییەکانی بە زمانێکی هیندۆ ئەوروپی دەدوان بەر لە ٤ هەزار ساڵ لە باشووری ڕووسیاوە گەیشتوونەتە بەلکان و بەزۆری لە بەشی باکووری کرواتیا هەن، نەک لە باشوور و کەنارەکانی ئەدریاتیک


بەپێی وییک بێ هەموو پیاوانی ئەوروپا بۆ ١١ هاپلۆگروپ دابەش دەبن. هاپلۆگروپی ئی ٣ ب  بۆ ١٠ قۆناغ دابەش دەبێت، ٩یان بەر لە دوایین چاخی بەستەڵەک، گەیشتبوونە ئەوروپا. چیرۆکەکەی وییک بەم شێوەیەیە، بەر لە ٥٠ هەزار ساڵ هەموو باپیرانی پیاوانی ئەوروپا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئافریقا، دەژیان. بەر لە ٣٠ هەزار ساڵ یەکەمین کەس لە تەختاییەکانی نێوان چیاکانی ئۆرال و دەریاچەی کاسپیان (قەزوین)، پێی نایە سەر خاکی ئەوروپا. ئەوانە لە خێڵی هەڵگرانی جینی  ئاڕ ١ بوون. دوای ٥ هەزار ساڵیش یەکەم کەس گەیشتە خاکی ئیسپانیای ئێستە و کەنارەکانی ئۆقیانووسی ئەتلەسی، ئەوانیش خێڵی هەڵگرانی جینی  ئاڕ ١ بی بوون. لەوەیاندا وییک بەهەڵەدا چووە، هەڵگرانی جینی  ئاڕ ١ بی لە ناوچەی لێڤانتەوە گەیشتوونەتە بەلکان و پێوەندیان بە ئیبیریاوە نییە


هەر لە هەمان کاتدا، واتا ٢٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر، کۆمەڵێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە ئەناتۆلیادا، گەیشتنە ناوچەی بەلکان. ئەوانیش هەڵگرانی هاپلۆگروپی بوون.  ماوەیەکی کەم دوای ئەوان لە نێوان ٢٠ تا ١٣ هەزار ساڵ پێش ئێستە چاخی بەستەڵەک دەستیپێکرد و بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووبەری بڵاوبوونەوەی مرۆڤی قانگ دا. مرۆڤ لە چوار خاڵی سەرەکیدا لە ئۆکراین، ئیبێریا و بەلکان، لەوانەیە لە سیبیریایش، مانەوە. ئەو سنووردارییە وایکرد گۆڕینەوەی جینەکان تەنیا لەناو کۆمەڵە بچووکەکاندا ڕووبدات و بازەکانی جینیش هەر لەو چوارچێوەیەدا بمێننەوە

 

بە تەواوبوونی چاخی بەستەڵەک، کۆچێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی نزیکەوە گەیشتنە یۆنان و بە کەنارەکانی دەریای سپی ناوەڕاستدا، بڵاوبوونەوە. ئەوانە لەگەڵ خۆیاندا گیاندار و ڕووەکی ماڵییکراویان هێنا و بۆ خەڵکەکانی پێش خۆیان گەیشتبوونە ئەوروپا، گواستیانەوە. ئەوە سەرەتای کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ئەوروپا بووە. بەشێکی زۆری خەڵکی کرواتیا هەڵگری جینی  ئاڕ ١ ب - ئێم ٤١٢ ن. ئەوانە لە سەردەمی مس و برۆنزدا لە ناوچەی ڤۆڵگاوە لە ڕووسیاوە، هاتوون


سەرچاوە

https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC3118711/


هەرچەندە زۆر جار دەبیستم و دەخوێنمەوە کە کرواتەکان خۆیان بە کورد دەزانن و بەشێکن لە نەتەوەی کورد، تەنانەت کەسانی نزیکی خۆم لە سەردانی بۆ کرواتیا لە ساڵی ٢٠١٥دا بە چاوی خۆی لە بنکەی پۆلیسی زەگرب، خشتەی باب و باپیرانی کرواتەکانی دیوە و ئاماژە بە کوردبوونیان دەکات. بەڵام توێژینەوەی زانستیی پشت ئەستوور بە زانیاریی جینناسیی واناڵێ


ڕەنگە کۆچی ئەوانەی ڕەگی کوردیان هەیە لە مێژووی نزیکدا بووبێ بەڵام لە هزری هەندێ لە کرواتەکاندا ماوە.