بە شۆڕشی پیشەسازیی، مرۆڤ توانای زۆری هاتە دەست. توانیمان دەورووبەری خۆمان بگۆڕین و هەموو هەسارەکەمان نوێ بکەینەوە. بەڵام لەبەرئەوەی بە باشیی لە ژینگەی دەورمان و ئەو سیستەمە ئاڵۆزەی پابەندییەتی، تێنەدەگەیشتین؛ زیانێکی زۆرمان بە ژینگە گەیاند. ئێستە ئەو زیانانە هێندە گەورەبوون، وا بەرەو لێواری مەترسیدار خلۆر دەبینەوە. لە ماوەی ١٠٠ ساڵی داهاتوودا، شۆڕشی ژیریی دەستکرد و تەکنۆلۆجیای زیندەیی، دەست دەگەیەننە جیهانی ناو مرۆڤ. بەڵام دیسانەوە لەبەرئەوەی لە ئاڵۆزیی مێشکی مرۆڤ تێناگەین، لەوانەیە گۆڕانکارییەکان لەگەڵ بای مێشکی مرۆڤ هەڵنەکەن و کارەسات دروست بێ
ئەندازیاران، خاوەن کۆمپانیاکانی بواری زانیاریی و تەکنۆلۆجیا لەگەڵ زانایاندا، شۆڕشی هەردوو تەکنۆلۆجیای زانیاریی و زیندەیی دروست دەکەن. ئەوانە ئاگایان لە کاریگەریی بڕیارەکانیان بەسەر سیاسەت و ئابوورییەوە نییە و نوێنەری کەسیش نین. ئایا پەرلەمان و حزبەکان جڵەوی ئەو دوو تەکنۆلۆجیایە دەگرنە دەست؟ جارێ وا دیار نییە هیچیان پێبکرێ. تەکنۆلۆجیا جارێ بابەتێکی لەپێشینەی بەرنامەی کاری سیاسەتوانان نییە. ترەمپ هاواری دەکرد "مەکسیکییەکان و چینییەکان هەلی کاری ئەمریکاییەکان دەبەن، بۆیە دەبێ دیوار لەسەر سنووری مەکسیک دروست بکەین". بەڵام ترەمپ هەرگیز دەنگدەرانی لە مەترسیی ئەوەی رۆبۆتەکان هەلی کارەکان ببەن، ئاگادار نەکردەوە. نەشیگوت دەبێ کالیفۆرنیا (سەنتەری تەکنۆجیای زانیاریی و ژیریی دەستکردە لە ئەمەریکا) تەوق بدەین
لە ساڵی ١٩٣٨ بە هەر تاکێکی ئەڵمانیا و ئەمەریکا دەگوترا ئێوە لە هەموو جیهان گرنگترن (بەڵام دەبوایە جوولەکە یان ڕەش نەبێت). لە هەموو پروپاگەندەی ئەو کاتەدا، تاک خۆی لە سەنتەری دروشم و چالاکییەکاندا دەبینی، تاک کرابووە پاڵەوان. لە ساڵی ٢٠٢١دا تاک هەست بە ونبوونی خۆی دەکات. حکوومەتەکان بیر لە تانکی سەربازی، کۆنفرانسەکانی جیهانگیریی، تەکنۆلۆجیای نوێ، ئەندازەی بۆ ماوەیی، ژیریی دەستکرد و فێربوونی رۆبۆتەکان دەکەنەوە. بەڵام تاک هەست بە باسی خۆی لە ناو ئەو دەستەواژانەدا، ناکات. لیبراڵیزم چیرۆکی خەڵکی ئاسایی بوو، چۆن دەتوانێ لەگەڵ جیهانی نوێی تەکنۆلۆجیا و زانیارییدا بگونجێ
لە سەدەی بیستدا، خەڵک دژی خراپ بەکارهێنانیان شۆڕشی کرد، ویستیان رۆڵی خۆیان بۆ هێز و توانای سیاسیی وەرگێڕن. ئێستە خەڵک لە پچڕانی پێوەندی لەگەڵ سیستەمەکان، دەترسێ، مرۆڤ خۆی ون کردووە. خەڵکێک شۆڕشەکانی ڕوسیا، چین و کوبایان کرد بۆ ئابووری وڵاتەکانیان گرنگ بوون، بەڵام هێزی سیاسییان نەبوو. لە ٢٠١٦ دەرکەوتنی ترەمپ و برێکزت لە لایەن خەڵکێکەوە پشتیوانی دەکران هێزی سیاسییان هەبوو، دەترسان هێزی ئابووری خۆیان لە دەست بدەن. بەڵام شۆڕشی سەدەی بیست و یەک، لە دژی دەستەبژێری ئابووریلەدەست، نابێ، کە خەڵک خراپ بەکاردەهێنێ. بەڵکو لە دژی ئابووریلەدەست دەبێ، کە ئیدی هیچی دی پێیوستیی بەو خەڵکە نەماوە، چونکە کۆمپیوتەر و لۆگاریتمەکان جێی ئەوانی گرتووەتەوە. شۆڕشی لەم جۆرە سەرکەوتوو نییە، چونکە خەبات دژی خراپ بەکارهێنانی مرۆڤ گەلێک لە خەبات دژی خۆ ون کردن، ئاسانترە
ئەوە یەکەم جار نەبوو لیبراڵیزم گومانی لە توانای خۆی، بۆ دروست ببێ. یەکەم بڵاوبوونەوەی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا بە جەنگی جیهانیی یەکەم کۆتایی هات. بۆمان دەرکەوت دەسەڵاتداران باوەڕیان بە ئیمپریالیزم زۆرتر بوو وەک بە لیبراڵیزم. لە بری یەکخستنی جیهان بە بازرگانی ئازاد، ویستیان بەهێز، بەشێکی دیکەی دەستکەوتی ئابووری بەدەستبێنن. بە وەحشیگەرایی ئەو جەنگە مرۆڤایەتیی نرخێکی گەورەی ئیمپریالیزمی دا. ئینجا هیتلەر دەرکەوت و نەما، پاشان چی گیڤارا هاتە پێش و لە جیهان وابوو کۆمیونیزم جێگرەوەی لیبراڵیزم دەبێ، ئەویشیان ڕووخا
لە ساڵی ١٩١٨ کە لیبراڵیزم تەوژمی بەدەست هێنایەوە، فەرەنسا و بەریتانیای ڤیکتۆریا زۆر بە ورووژاوییەوە باسی ئازادییان دەکرد، بەڵام نەک لە شوێنێکی وەک هیندستان. لە ١٩١٩دا داوای هیندییەکان بۆ خۆبەڕێوەبردن بە قەسابخانەی ئامریستار کۆتایی هات، تیایدا بە گوللە وەڵامی داوای ئاشتییانەی خەڵک درایەوە و بەریتانیاییەکان سەروو ٥٠٠ کەسیان، کوشت. تەنانەت دوای جەنگی جیهانیی دووەم، لیبراڵخوازەکان کێشەیان لەگەڵ ئازادیی خەڵکانی ناڕۆژئاوایی، هەبوو. بۆیە بە تەواوبوونی داگیرکاریی ٥ ساڵەی نازییەکان دەوڵەتی هۆڵەند دروست بوو، هەر زوو سوپایان پێکهێنایەوە تا بگەنەوە ئەندۆنیسیای کۆنە داگیرکراوەی خۆیان. تەنیا ٤ ڕۆژ بەرگری سوپای نازییان کرد، بەڵام چوار ساڵی تاڵ و قورسییان بە ئەندۆنیسییەکان نۆشت چونکە داوای سەربەخۆییان دەکرد. بۆیە سەیر نەبوو گەلان هیوایان لەسەر شیوعییەکانی مۆسکۆ و بێژین هەڵچنن، نەک لەسەر پاڵەوانانی لیبراڵیزمی ڕۆژئاوا
بە گەورەبوونی بازنەکەی لە جیهاندا، لیبراڵیزم سەرنجی لە بایەخی هەندێ شێواز و بەرنامەی کۆمیونیزم، دا. سیستەمەکە بەبێ ئەوەی لەگەڵ تۆڕی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتیی تێکەڵ ببێ، بێ بایەخ دەبێ. وڵاتانی سۆشیال-دیموکرات مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسییان، لەگەڵ بەرنامەی حکوومی پەروەردە و تەندروستییدا، تێکەڵ کرد. تەنانەت ئەمەریکای هەرە سەرمایەدار، گەیشتە ئەو ڕاستییەی پاراستنی لیبراڵیزم پێویستیی بە هەندێ بەرنامەی حکوومی خزمەتگوزار هەیە. ئەوە بوو لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بیرمەندان و سیاسەتوانانی ڕۆژئاوای سەرمەست کرد و بانگەشەی (کۆتایی مێژوو)یان کرد. زۆر دڵنیابوون لەوەی هەموو پرسیارەکانی سیاسەت و ئابووری وەڵام درانەوە، دەیانگووت سیستەمی لیبراڵی نوێی پشت ئەستوور بە بازاڕی ئازاد، ئازادیی تاکە کەسیی، مافەکانی مرۆڤ، دیموکراسیی و خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت؛ تاکە سیستەمی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە و بەسەر ئەوانی دیکەدا سەرکەوت. پێدەچوو لیبراڵیزم هەموو ئاستەنگەکانی بەزاندبێ، سنوورەکانی شکاندبێ و مرۆڤی کردبێتە یەک کۆمەڵگەی جیهانیی
بەڵام مێژوو کۆتایی نەهات، دوای فرانز فێردیناند (شازادەی ئیمپراتۆری نەمسا و هەنگاریا بوو لە سەراییڤۆ کوژرا و جەنگی جیهانی یەکەمی لێوە هەڵگیرسا)، هیتلەر و گیڤارا، ترەمپ هاتن. هەرچەندە ئەمجارەیان ڕکابەری لیبراڵیزم وەکو ئەوانەی پێشتر (ئیمپریالیزم، سۆشیالیزم، فاشیزم و کۆمیونیزم) نەبوو. سەردەمی ترەمپ زۆر لەوانی دیکە بێ باکتر بوو. هەموو بزووتنەوە و شۆڕشەکانی پێشوو بۆ هەموو مرۆڤ بوو، بەڵام ترەمپ تەواو پێچەوانەی ئەوە بوو. دەنگدەرانی ترەمپ و برێکزیت بڕوایان بە لیبراڵیزم لاواز نەبوو، بەڵکو باوەڕیان بەو بەشەی بە جیهانەوە پێوەستە، نەمابوو. باوەڕیان بە بەهاکانی لیبراڵیزم لە ئازادی تاک، دیموکراسیی، بازاڕی ئازاد و بەرپرسیارییەتیی کۆمەڵایەتیی هەر ماوە، بەڵام تەنیا لە ناو سنوورەکانی خۆیان. تەنانەت پێشیان وایە بۆ پاراستنی لیبراڵیزمی ناو سنوورەکانی خۆیان دەبێ دیوار لە سەر سنوورەکان هەڵچنن و لەگەڵ بیانییەکانیش نا لیبرال بن! ئەو مۆدیلەی سیاسەتکردن بەرانبەر بە کوردستان لە سەردەمی ترەمپدا، بەتەواوی دیاربوو
چینییەکان لە لیبراڵبوونی کۆمەڵگەی چین نیگەرانن. ئەگەرچی جارێ لینینیزم و مارکسیزمییان بە لا ناوە، بەڵام زۆر بە لیبراڵیزمی وڵاتانی جیهان دڵخۆشن. بەو سیستەمە زۆرترین قازانجیان پێ گەیشتووە. بەلایانەوە گرنگە وەکو خۆی بمێنێتەوە. روسیا لە لایەکی دیکەوە هەرگیز خۆی بە ڕکابەری لیبراڵیزم دانانێ، ئەگەرچی سوپای پڕ چەک کردووەتەوە، بەڵام لە هزردا مایەپووچ بوون. رووسیا جگە لە کۆمەڵێک ئۆلیگارشی قەپاڵگر لە ئابووری و سەرچاوەکانی داهاتی وڵات و جڵەوگری میدیا، کە کاری داپۆشینی چالاکیی ئۆلیگارش و توندکردنی دەسەڵاتیانە، هیچ مۆدیلێکی دیکەی جێگرەوەی لیبراڵیزمی پێ نییە. خۆ ئەوەیش هەر هزر نییە تا ڕکابەر بێ
دیموکراسیی ڕاستەقینە ئەوەیە ئەبراهام لینکۆڵن باسی کرد (دەتوانی هەموو خەڵک بۆ ماوەیەک گێل بکەی، بەڵام ناتوانی هەموو خەڵک هەردەم گێل بکەی)، ئەو میدیایەی حکوومەت کۆنترۆڵی دەکات گوتەکەی لینکۆڵن پشت گوێ دەخات، چونکە ناهێڵێ ڕاستییەکان بگاتە خەڵک. بە کۆنترۆڵی میدیا، ئۆلیگارشی دەسەڵات، پاساوی شکستیان هەردەم دەخەنە ملی خەڵکانی دیکە و سەرنجی خەڵک بۆ هەڕەشەی دەرەکیی (لەوانەیە هەڕەشەکە ڕاست بێ، یان، دروستکراوی خەیاڵی ئۆلیگارش خۆی بێ)، دەبەن
ئەگەر لە ژێر حوکمی ئۆلیگارشی دەسەڵاتداردا بژی، ئەوا زنجیرەی قەیرانەکان تەواو نابن، ئەگەر وڵات داگیر بکرێ و دەستی ڕەش دەیەوێ وڵات تێکبدات، کێ کاتی بۆ پیسبوونی ژینگە و کێشەی نەخۆشخانە و قوتابخانەکان هەیە؟ بە درێژەپێدانی قەیران لە دوای قەیران، ئۆلیگارش هەر لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە و خۆیان بە پەردەی هزری دیکە دادەپۆشن. بۆیە روسیا خۆی بە پەردەی دیموکراسیی داپۆشیوە. توندڕەوەکانی باڵی ڕاست لە فەرەنسا و بەریتانیا سەرسامیی خۆیان بۆ پوتین دەردەبڕن، بەڵام دەنگدەرانی ئەوانیش نایانەوێ لە ژێر حوکمی مۆدێلی روسیادا بژین. لە هەموو کونجێکی جیهان لەوانەیە خەڵک بدۆزیەوە خەونی کۆچی بۆ کەنەدا، ئەمەریکا، فەرەنسا، ژاپۆن و ئوسترالیا هەیە. بەڵام ڕەنگە تاکە کەسێک نەدۆزیەوە خەونی کۆچی بۆ روسیا هەبێ
چیرۆکی ئیسلامیش لە جیهاندا هێندە لەوەی روسیا باشتر نییە، لەوانەیە گەنجی فریودراو لە ئەڵمانیا و بەریتانیا هەبێ (بەڵام هەرگیز لە ئافریقای باشوور و کۆریای باشوور نییە)، بیەوێ بچێتە ژێر سێبەری خەلیفەی ئیسلام، بەڵام بۆ هەر یەکێک لەوان، سەدان کەس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە خەونی گەیشتن بە ئەڵمانیای لیبراڵەوە دەبینن، هەندێکیشیان مل لە چەقۆ دەخشێنن تا بیگەنێ. لەوەوە تێدەگەین قەیرانی ئیمانداریی لە جاران کاڵتر بووەتەوە. هەر لیبراڵێك لە ڕووداوەکانی ١٩١٨، ١٩٣٨ و ١٩٦٨ ڕزگاری بووە دەزانێ ئەو کات چەند لە ئێستە خراپتر بوو. لە هەموو بارێکدا، مرۆڤایەتیی ناتوانێ واز لە لیبراڵیزم بێنێ و بە یەکجاریی دەستی لێ بشوا، چونکە جارێ هیچی لە جێگەی ئەو پێ نییە
لە سەدەی بیستەمدا، بزووتنەوە نەتەوەییەکان بەشێکی گرنگی ژیانی سیاسیی بوون. بەڵام جگە لە لەتلەتکردنی جیهان بۆ وڵاتی سەربەخۆ، تێڕوانینی دەیکەیان بۆ ئاییندەی جیهان نەبوو. نەتەوەکانیش یان ڕوویان کردە لیبراڵیزم، یانیش، کۆمیونیزم. بەڵام ئەگەر گڵۆڵەی کۆمیونیزم ڕووی هەر لە لێژییە و ئەوەی لیبراڵیزمیش گرفت و کێشەی هەیە وەک باسمان کرد، کەواتە لەوانەیە مرۆڤ ئیدی دەبێ واز لە جیهانی تاک سیستەم، بێنێ. دەتوانین بڵێین ئەوەی لە جیهانی ترەمپدا دەگوزەرا هەر ئەوە بوو. ترەمپ دەیویست ئەمەریکا گۆشەگیر بکا و خۆی نەکاتە دەم ڕاستی هەموو لا. "با ئەمەریکا مەزن بکەینەوە" وەک ئەوەی بڵێی ئەمەریکای ساڵانی ٥٠ و ٨٠ی سەدەی ڕابردوو، کۆمەڵگەی نموونەیی بوو. چین فەلسەفەی کۆنفۆشیۆس بە جێگرەوەی کۆمیونیزمی هاوردەکراو دەزانێ. پوتین دەیەوێ روسیا بۆ سەردەمی تسار بگەڕێنێتەوە، بەڵام بە حکوومەتێکی تەکنۆکراتەوە ! هەمان ئەو زیندە خەونانە لە هیندستان، پۆلاند و تورکیا هەن
بەڵام هیچیان لە خەونەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیرتر و توندڕەوتر نییە، کاتێک ئیسلامییەکان دەیانەوێ لە سیستەمی ١٤٠٠ ساڵ کۆنی مەدینە وێنە بگرنەوە. جوولەکە توندڕەوەکان لە ئیسلامیەکانیش کۆنتر دەڕوانن، دەیانەوێ ٢٥٠٠ ساڵ بۆ کاتی تەورات بگەڕێنەوە. ئۆباما لە گوتارەکەیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە کەم و کورتییەکانی لیبراڵیزم دا، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، لە هەموو نموونەکانی دیکە سەرکەوتووتر بووە. ئەوەندەی لە سایەی لیبراڵیزمدا مۆرڤایەتیی حەساوەتەوە، هەرگیز بەخۆیەوە نەدیوە. لیبراڵیزم کرێکاری لەگەڵ بورجواز، ئیمانداری لەگەڵ بێ ئیمان، خەڵکی ڕەسەن لەگەڵ پەنابەر و ئەوروپای لەگەڵ ئاسیا، ئاشت کردەوە
ئەوەی دەبێ ترسمان لێی هەبێ و ببێتە جێی سەرنجی توێژەران و بیەرمەندان لە جیهان، ئاییندەی لیبراڵیزمە. ئایا دوای لیبراڵیزم چیمان بە کەڵک دێ؟ تەکنۆلۆجیا چەند هەناسەمان بەبەردا دەکاتەوە تا بەهای مرۆڤبوونمان ون نەکەین؟ چۆن ئاشتبوونەوەکانی سەردەمی لیبرڵیزم بپارێزین و ڕێز لە بەهاکانی مافی مرۆڤ بگرین؟ دەبێ مرۆڤ کام نرخە قورسە بدات تا دەست بە تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو بگەیەنین؟ چۆن بەسەر جیاوازیەکانماندا زال بین
خۆ مەرجیش نییە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانەمان تەکنۆلۆجیا بە هانامانەوە بێت