نیشتەجێیەکی دێرینی مرۆڤە لە باکووری کوردستان و لەسەردەمی شۆڕشی کشتوکاڵدا نزیکەی ٥٠٠٠ کەسی لێ ژیابێ. لە ساڵی ١٩٥٢ جەیمس میللارت لە ڕووماڵی ناوچەی ئەناتۆلیا وەک نێردەی پەیمانگەی شوێنەواری بەریتانیا لە ئەنکەرە، لە دوورەوە سەرنجی ئەو بەرزاییەی داوە. ئینجا لە ساڵی ١٩٥٨ لەگەڵ هاوڕیکانیدا بۆی گەڕایەوە و دیتیان بایەخی ئەو شوێنە بۆ شوێنەوارناسیی، یەکجار زۆرە. هەزاران ساڵەی داخورانی با و باران دیواری خانووی خشتی گڵی بەدەرخستبوو، دیوی ژوورەوەیان سواغ درابوون. هەر لەو پاشماوانەی لەسەرەوە دۆزرانەوە دیاربوو شوێنەوارێکی کۆنە. دواتر لە ساڵی ١٩٦١ یەکەم گەڕانی تێدا کردووە تا ساڵی ١٩٦٥ بەردەوام بووە و لە ئەنجامی ئەو کارانەی ئەو شوێنەوارە بووە چەقی ڕوانینی شارەزایانی شوێنەوارناسیی لە هەموو جیهان
لەبەر پلەی نزمی گەرمیی لەو سەردەمەدا، باوەڕ وانەبوو تەختاییەکانی ئەنادۆڵ کشتوکاڵ، ئاژەڵداریی و نیشتەجێی لێبووبێ، ئەوکاتەی میللارت لەوێ کاریکرد زانیاریی زۆر کەم سەبارەت بە نیشتەجێی سەردەمی شۆڕشی کشتوکاڵ لە دەرەوەی نیمچە کەوانۆکەی بەپیت، هەبوو. دۆزینەوەکانی میللارت لە دیواری خشتی گڵ و گەورەیی ئەو نیشتەجێیە، دەمی شوێنەوارناسانی بەش کرد و واقیان وڕما. لە هەلکۆڵینەکاندا دەرکەوت ئەو خانووانە بۆ ١٣ جار لەسەر یەک، دروستکراونەتەوە و بووەتە هۆی ئەوەی ئەو شوێنەوارە تا ٢٠ مەتر بەرز ببێ و ڕووبەری سەروو ٨٠ هەزار مەتر دووجای هەبێ. بۆ ماوەی ١٤٠٠ ساڵی بەردەوام، لە نیوان ٧٤٠٠ تا ٦٠٠٠ ساڵ پێش زایین، ژیانی تێدا بووە
کۆنترین بەڵگەکانی ژیان لەو خانووانەدا تا ٩٠٠٠ ساڵ کۆن بوون. خانووەکانی بە پلیکانە یان پەیژە لە سەرەوە بۆیان چوونەتە خوارێ، واتا لە ناو زەویدا هەڵکەندراون. لە ناویاندا بەڵگەی چالاکیی ژیانی ڕۆژانە هەبوون، سەکۆی دانیشتن، ئاگردان، تاق و کۆگەی لە قوڕ دروستکراویان هەبووە، هەموو خانووەکانییان ئاوا دروستکراون و بۆشاییەکان هەر ئاوا دابەشکراون. هەندێک لە خانووەکان جگە لە ئاگردان کوورە و بەردی ئاگریان هەبووە. تا ناوەڕاستی ژیانی گرێ چەتاڵ، گڵسازیی بۆ چێشت لێنان نەبووە، تا دواتر دروستکراون و بەکارهاتوون. بەڵام بابەتی دار و سەبەتەی لە قامیش دروستکراویان، هەبووە
گرێ چەتاڵ بە بابەتە هونەرییەکانی ناسراوە. زۆر بابەتی لە بەرد و ئێسقان داتاشراوی تێدا دۆزراوەتەوە. پەیکەری جۆراو جۆری ئاژەڵ، مرۆڤ - لە ناویاندا خواوەندی ئافرەت، موورووی جوانی بەرد و ئێسقان، بازن و ملوانکە، چەندین ئامرازی بەردی ئاسایی، بەردەشووشە و ئێسقان دروستکرابوون، دۆزرانەوە. ئەوانە بەڵگەی ئەوەن لەو شوێنەوارەدا زۆر جۆر چالاکیی لە ئارادا بووە. جگەلەوانیش وێنەی کێشراوی گای کێویی لەسەر دیوارەکانی ناو ماڵان، هەبووە. هەر لەناو وێنەی سەر دیوارەکان هەیانە شێوەی ئەندازەیین بە ڕەنگی ڕەش و سوور لەسەر تەختێکی سپی کێشراون، لە شوێنی دیکە شێوەی دەستیش کێشراوە. قۆچی گایەکانیش لە ناو دیوار تەنیشت سەکۆیەکان چەقێندرابوون. لەوانیش سەرنجڕاکێشتر، وێنەی کاتی ڕاوکردن دروستکراوە و چیرۆکێک دەرگێڕنەوە تێیدا مرۆڤی قەبارە بچووک ئاژەڵی گەورە ڕاودەکەن
وانەکانی جەیمس میللارت سەبارەت بۆ دۆزینەوەکانی گرێ چەتاڵ لە پەیمانگەی شوێنەواریی زۆر سەرنجی قوتابی ئایان هۆدەری ڕاکێشا و لە بوارەدا مایەوە و لە زانکۆی کامبریج بووە وانەبێژ و لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ پرۆژەیەکی نوێی بۆ گرێ چەتاڵ داڕشت و هاوینان تا ١٢٠ تیمی شوێنەوارناسیی لە پسوپۆریی جیاجیا سەردانی گرێ چەتاڵیان دەکرد. دیدی هۆدەر ئەوەبوو بە ڕێگە و پشکنینی نوێ و تەکنیک و ئامرازی نوێ توێژینەوە بۆ ئەو شوێنەوارە بکرێتەوە. هەر لەو پرۆژەیەدا چەندین قوتابی کامبریج بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان بۆ توێژینەوەکانیان لە گرێ چەتاڵ، پێبەخشرا
دوای ئەو تویژینەوانە بۆمان دەرکەوتووە ئەوکاتەی ئەو نیشتەجێیە دامەزراوە، ناوچەکە یەکجار تەڕ بووە. چەندین گۆمە ئاوی هەبووە و لقی ئاویان لە نێوان هەبووە، بۆ ماوەی چەند مانگێک لە سال ئاوی پاک و تەنانەت خواردنەوەی بۆ نیشتەجێیەکە دابینکردووە. چۆمیشی لێوە نزیک بووە و چەندین جۆری ڕووەک و گژوگیا بەو ناوەدا بڵاوبووە و گیاندارانی وشکانی و ئاویشی هەبووە، دەستیان بە هێلکەی باڵندە و بەرووبوومی ڕووەکی کێویی گەیشتووە. ئەو شوێنە لە سێ لاوە بە چیاکانی کارا، کاراجا و حەسەن دەورەدراوە. ژینگەی لەو جۆرە بووە قامیش، زەنجەبیل و داری بەڕووی پێویستی بۆ دروستکردن و داپۆشینی ماڵەکانیان دابینکردوە و لە وەرزە وشکەکانیشدا قوڕ و لیتەی دەم ڕووبار و چۆمەکانیان بۆ پتەکردنی دیوارەکان کۆکردووەتەوە. لەو زانیارییانەی سەرەوە دەردەکەوێ نیشتەجێیانی گرێ چەتاڵ تا ڕاددەیەکی یەکجار باش سوودیان لە سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی ئەو ناوچەیە وەرگرتووە
سەرچاوە
https://archaeology.news226media.com/researchers-reveal-the-burial-rituals-of-the-oldest-city-in-the- world/?fbclid=IwAR2WW7y1vPn6wOSsFr3oRMrlSEAoLWUsinUgLkLs_ht7hQs1EV3Hg79yfPg http://dx.doi.org/10.5334/ai.1313
جگە لەو هەموو زانیارییە پڕبایەخانەی لەسەرەوە بە کورتی باسکراون، مردووەکانی ژێر زەوی خانووەکانی گرێ چەتاڵ سەرنجی هەموو شوێنەوارناسان و مرۆڤناسانی جیهانی ڕاکیشا. ئەوەی لە گرێ چەتاڵ دۆزراوەتەوە کۆمەڵێکی زۆری تەرمی مرۆڤ لە ناویاندا ژمارەیەک تەرمی منداڵ هەبوون بە شێوازی تایبەت نێژراون و کۆکراونەتەوە. لە بەشی داهاتوودا تەنیا باسی ئەو نێژراوانەی گرێ چەتال دەکەین