هیچ دیدارێک نییە، چی لە میدیا و چی لەناو خەڵکی ئاسایی باس لە ناکۆکییەکانی نێو ماڵی کورد نەکات. هەر نەبێ یەکێکیان هەناسەیەکی قووڵ بۆ ئەو یەکڕیزیی نەبوونەی کورد لە نێو خۆیدا، هەڵنەکێشێ. بێگومان بۆ هەموو کەسێک پڕ ئازارە نەتوانین لەسەر پرسە نەتەوەییەکان، چارەنووسسازەکان و تەنانەت هەنووکەییەکان لە نێوان خۆماندا کۆک بین. لە زۆربەی هەرە زۆری ئەو گفتوگۆ و دیدارانەدا ئەو بابەتە وەکو نەتوانینی لێکتێگەیشتن و لێبووردەییە.
ئەو مێژووەی لە سەردەمی جیاجیا بۆ کورد تۆمارکراوە، چەندین جار هەڵگیرسانی شۆڕش و تەنانەت دامەزراندنی میرنشینی تەواو کوردی، باسدەکات. بەشی هەرە زۆریان بە خیانەتی یەکێک لە ئەندامانی خێزانی ئەو میرانە یان سەرۆکی ئەو شۆڕشانە، تەواو بووە. چەندین جار لە مێژووی نوێدا ئامۆزاکان خەنجەریان لە پشتی میرە ئامۆزاکانی خۆیان داوە. لە مێژووی کۆنیشدا، لەسەردەمی میدییەکان (مادەکان) و دواتریش، ڕووداوی هاوشێوە هەر هەبوون. زۆر جار ئەوە بە کێشەی هەرەگەورەی بەرۆکی کوردی گرتووە، دادەنرێت.
من بۆچوونێکی دیکەم لەسەر ئەو بابەتە هەیە ، سێ هۆکار بۆ ناکۆکبوونی کورد لە ناو خۆیدا دەبینم:
یەکەم: لە ژێر ڕۆشنایی کتێبەکەی زەکەریا قادری بە ناوی کوردناسی و ئەو مێژووەی تۆمار کراوە، کورد وەکو نەتەوە هەرگیز لەگەڵ کۆمەڵگەی پلەبەندیی (چینایەتیی) کۆک نەبووە. هیچ کات قبووڵی نەبووە وەکو ژێر دەستە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ. کاتێک میدیەکان ڕووخان، نەوەکانیان تا دەگاتە کۆمەڵگەی ئێستەی کورد، ژیانی بەرەنگاربوونەوەیان هەڵبژاردووە. هیچ سەردەمێک نییە کورد تێیدا شۆڕشی نەکردبێ و ناڕەزایەتیی دەرنەبڕیبێ. هیچ دەسەڵاتێک نییە بە تەواوی لەگەڵ کوردەکاندا یان باپیرە گەورەکانیاندا، بۆ ماوەیەکی درێژ، تەواو کۆک بووبێ.
لەو کاتەوەی میترایی سڕدرایەوە و زەردەشتی هاتە جێی، بەرەنگاربوونەوەی باب و باپیرانی کورد بۆ هەوڵەکانی سڕینەوەی مۆرکی هەبوونیان، کاری ڕۆژانەی ئەوان بووە. بەرەنگاربوونەوەی سیستەمێک جیا بێ لەوەی خۆیان پەسەندیان کردبوو، لە ناو ناخی مرۆڤی کورددا ڕەگی داکوتاوە و تا ئێستەیش ئەو ڕەگە بە توندی لە بیر و هزری تاکی کورددا، ماوە. ئەو کاتە (کاتی میدییەکان) ژیانی سەختی ناو شاخ و دۆڵەکانی کوردستانیان لە جیاتی ژیانی ئاسانی ناو شارەکان، هەڵبژارد. ژیانی سەربەست و کۆیلەنەبوون بەسەر کۆیلایەتی ناو شاردا، پەسەند کراوە. ئەوە ئەو هەستەی کوردبوونە، هەردەم بەرەنگاری دەسەڵات دەبێتەوە. هەردەم دژ بە چینبەندیی کۆمەڵگە بووە.
بەشێک لەو ناکۆکییەی لەسەدەی ٢١دا لە نێوان کوردەکاندا هەیە، چی ئەوانەی نزیک لە خۆمان بێ یان ئەوانەی دراوسێمانن، بۆ هەمان ڕەگ دەگەڕێتەوە. ئەگەرچی ئەو ڕاستییە لەگەڵ جیهانی هاوچەرخ و سیستەمەکانی کۆمەڵگەی پێشکەوتووی وڵاتاندا، ناگونجێ، بەڵام سروشتی ناکۆکییەکان هەر قبووڵ نەکردنی لایەنێکی دیکەیە دەسەڵاتی بەسەرتدا هەبێ. کەشی پێکنەگونجان گوازراوەتەوە بۆ خەڵکی ئاسایی و ڕێژەیەکی زۆر وەک یاخیبوو لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا، مامەڵە دەکەن.
دووەم: هۆکاری ئایینی: ئەوەیان هۆکارێکی هەرە گەورەی زۆر لە نەهامەتییەکانی نەتەوەی کوردە. لە زۆر هەلدا هەستی موسوڵمانبوونی کورد بەسەر هەستی نەتەوایەتیی و کوردبووندا، زاڵ بووە. تێناگەم بۆچی کوچک لە ئاگر گەرمترە، عەرەب هەرچی زەبروزەنگ هەیە بە ناوی ئایین دژی هەموو گەالنی دیکە کردوویەتی و موسوڵمانبوونی خۆیان بیرنەبووە؟. بۆچی هەموو نەتەوە موسوڵمانەکانی جیهان دەوڵەتیان هەبێ، کورد پشتاو بووبێ؟ لەگەڵ ئەوەی بە پاساوی ئەو ئایینە چەندین جار شاڵاوی ئەنفالئاسا کراوەتە سەرمان، هێشتا لەوە تێنەگەیشتووین، هەموو نەتەوەکانی دراوسێمان تا ئێستە ئەو ئایینە بۆ کوشت و بڕ و قڕ کردنمان، بەکاردەهێنن.
تەنیا ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر، سەرەڕای ئەو هەموو پێکهەڵپرژانەی لە ماوەی ٧٠٠ ساڵەیدا لەگەڵ کورد کردوویەتی، هەندێ سەرکردە لە بری هەوڵی داپچڕینی بەشە ئاساییەکەی مافی کورد، چوونە پاڵ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، کە چەند کۆخەیەکی مابوو مەرگ بدا. هاوسەنگەر و هاوپەیمانی عوسمانییەکان بوون، دژی ئینگلیز و فەرەنسا جەنگان. ئەوە تەنیا بە یاریکردن بە هەست و سۆزی ئایینیی بووە. گوایە، ئەوان دژە ئایینن و جەنگ لەگەڵیان ڕەوایی خوای لەگەڵە. ئەو سەرکردانە ئاوا کەوتوونەتە تەڵەی ئایین و قوڕیان بەسەر هەموو نەتەوەی کورددا کرد.
مێژووی کوردایەتی و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریی و خۆسەپاندن، پڕە لە نشوست و هەڵدێر. یەک لە دوای یەک هەرجارەو یەکێک یان بەشێک بە بەڵێنی بەهەشتی ئاسمان و ڕەزامەندی خواوەندیی، فریو دراوە. بە بیانووی ئایینی و فروفێڵی لە خشتەبردن، ساویلکانە لەگەڵ هاونەتەوە و هاوزمانیدا جەنگاوە. شکست بە شۆڕش لە دوای شۆڕش، دراوە.
سێیەم: جیاوازی جوگرافی و کەلتوور: لەگەڵ ئەوەی کورد هەمووی وەکو یەک نەتەوە تەماشا دەکرێ، بەڵام جیاوازی جوگرافی لە نێوان ئەوانەی لە خوارووی کوردستاندا دەژین لەگەڵ ئەوانەی لەوپەڕی باکووریدان، گەلێک زۆرە. نەتەوەکانی دراوسێی باشوورییەکان لەگەڵ باکووریەکان تەواو جیاوازن. تێکەڵبوون و لەیەک وەرگرتنی فەرهەنگی و کولتووریش لە نێوانیاندا جیاوازە. ئەوانە دەکرێ ببنە هۆکار بۆ ئەوەی دانیشتوانی ناوچەی ئیلام و کرماشان بە ئاسانی مل نەدەن بۆ فەرمانڕەوایی میرێک لە بۆتان. یان میرێکی ڕواندوز نەتوانێ بە ئاسانی کوردانی ورمێ بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.
هەروەکچۆن سەرەتای نووسینەوەی مێژوو دوای نەمانی میدییەکان بوو و بەو پێیە هیرۆدۆتس هیچی لەوانەوە نەبیستووە و نەدیوە تا تۆماری بکات، لەهەمان کاتیشدا، نەگونجانی میدییەکان و سەدان نەوەی ئەوانیش لەگەڵ سیستەمی پاشایەتیی و ڕەوایەتی خوا بۆ دەسەڵاتەکانیان، وایکرد کورد لەمێژوودا جێی نەبێتەوە و بە نەتەوەیەکی بێ توانا و بێ پاشا ناوبنرێ. هەرچەندە گیانی بەرەنگاربوونەوە وایکردووە کورد لە هەوڵی بەردەوامی ٢٥٠٠ ساڵەی دوژمنانیدا هەر لەسەر پێی خۆی بوەستێ، بەڵام ئەوە تەواو ئاشکرایە، کە جیهانی سەدەی ٢١ گوێ تەنیا بۆ گفتوگۆی ئارام هەڵدەخا.