ئەو وڵاتەی ناوی ئازەربایجانە، لە سەردەمی کۆندا نووسەرانی ڕۆم و یۆنان بە مادی بچووک ناویان هێناوە. تەنیا لە سەردەمی ئەسکەندەر بەدواوە، لەبەرئەوەی ناوی سەرپەرشتکاری ئەو شوێنە ئاترپاکتان یان ئاتروپاتن بووە بە ماد ئاتروپاتن ناسراوە. لە سەردەمی ساسانییەکانیشدا، ناوی ئەو ناوچەیە بۆ ئازرپاتکان و پاشانیش بۆ ئازەربایجان گۆڕاوە. بەپێی نووسراوی هەموو مێژوونووسانی کۆن وەکو سترابۆ، ئەریان، یوسف فلاویۆس..هتد، ئازەربایجان بەشێک لە وڵاتی ماد بووە
سترابۆ مێژوونووس و جوگرافیناسی یۆنان سەدەیەک پێش زایین لە ناوچەی ئاماسیای ئاسیای بچووک نیشتەجێ بووە دەڵێت "پاش کۆتایی هاتنی سەردەمی پاشاکانی هەخامەنشی، ئەسکەندەری مەکدۆنی، ئێرانی داگیر کرد. ئەو ناوچەیە بەشێک بووە لە وڵاتی مادەکان و بە مادی بجووک ناسرابوو. فەرماندەیەک بە ناوی ئاتورپات ڕێگەی نەدا بکەوێتە دەستی یۆنانییەکان، بۆیە ئەو ناوچەیە بە ناوی ئەو ناونراوە". نووسەری ئازەری عەلییوۆف، ئەو وتەیەی سترابۆ پەسەند دەکات. کەواتە ناوی ئازەربایجان لە ناوی ئاترپاتکانی سەرۆکەکەی، وەکو ئۆربەگستان لە ناوی ئۆزبەگ، ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەکان لە ناوی عوسمان، کۆلۆمبیا لە ناوی کۆلۆمبۆ، ناوی ورگرتووە
سەرچاوەی دیکەی مێژوویی ئەوەیە سریانەکانی میزۆپۆتامیا با ئادۆبایگان ناویان هێناوە. لە گورجستان با ئازەربادگان، ئەرمەنەکانیش بە ناوی ئاترپاتکان دەیناسن و لە نووسراوە عەرەبییەکاندا بەپێی دەقە سریانییەکان بە ناوەکانی ئازەربازکان، ئازەربایجان و ئازەربایقان، ئاماژەی پێکراوە. کەوایە لە ناولێنانی مادی بچووک بۆ ئازەربایجان، هیچ واتایەکی ڕەچەڵەک/نەتەوەیی و زمانی نەبووە. ئەو ناوە بە واتای هەبوونی نەتەوەیەک یان هەبوونی زمانێکی ئاخاوتن وەک ئازەری یان تورکی، نەبووە
هەندێ سەرچاوەی دیکە، وەک تەبەری، یاقوت حەمەوی، نووسەرە ئێرانییەکان، تورکەکان و بەشێک لە ڕۆژهەڵاتناسان وەکو شارل لۆبۆی فەرەنسایی، ویلیام جاکسۆنی ئەمەریکایی و بووگولیۆپۆڤی ڕووسیایی ناوی ئازەربایجان دەگێڕنەوە بۆ وشەی ئاگر لە زەردەشتیدا. گوایە عەجەم لە زمانی خۆیاندا بە ئاگریان گوتووە ئازەر، لەگەڵ بایگان بە واتای پاسەوانی ئاگرە. بەڵام هەموو ئەو بۆچوونانە بە لاڕێدا چوون. چونکە وەک سەرەتا ئاماژەی پێکراوە، ئەو شوێنە مادی بچووک بووە. ئاگریش لای مادەکان هەرگیز پیرۆز نەبووە، هیچ ڕێوڕەسمێکی ئایینییش نەبووە پێوەست بە ئاگر بێت. لەبەرئەوە ئەو بۆچوونانە دوورن لە ڕاستیی و زۆربەیان پاش سەردەمانێکی زۆر دوای مادەکان ئەو شیکارەیان بۆ کردووە
ئەگەر بۆچوونی پاسەوانی ئاگر ڕاست بێت، دیسانەوە واتای ئەوە نادات نەتەوەیەک لەوێ بە ناوی ئازەری هەبووبن. کەواتە پاسەوانی ئاگر ناوێکی داسەپاوی هخامەنشینەکان و چینی دەسەڵاتداری ئەوان بووە پاش داگیرکردنی وڵاتی مادەکان چوونەتە ئەوێ، پشتگیری ئایینی زەردەشتیان کردووە و شوێنی ئاگرکردنەوەیان دامەزراندووە. بەرلەوە هیچی وا لە مادی بچووک نەبووە. دەرەنجام هەر بەوە دەگەینەوە، ناوەکە لە ناوی نوێنەری پارسەکانەوە لە مادی بچووک، هاتبێت و واتای هەبوونی زمانی ئازەری یان تورکی ناگەیەنێت
تەنانەت ئەگەر ناوی ئازەربایجان لە واتای ئازەری ئێرانەوە سەرچاوەی گرتبێت، ئەوا ناوێکی ساختە و داسەپاوی ئێران و پاشاکانی هخامەنشینەکان بووە. ئەگەر هەر ڕەگێکی ئەو ناوە لە زمانی ئێرانییەکاندا بدۆزنەوە وەک ئەوەی هەندێک هەوڵی بۆ دەدەن، دیسانەوە ناوێکی زمانی مادی نەبووە، بەڵکو ناوی ئەرستۆکراتە ئێرانییەکان بووە، کە پاش داگیرکردنی وڵاتی ماد لە لایەن پارسەکانەوە بۆ مادی بچووک نێردراون و لەوێ نیشتەجێ بوون. هەرچی زمانی پەهلەویشە، لەسەردەمی پاش سلوکییەکان جێگای زمانی ڕەسەنی ئەو ناوچەیەی گرتووەتەوە
بە پێی بۆچوونەکانی ئیگۆر دیاکۆنۆف، زمانناس، مێژوونووس و شارەزا لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی نزیک، زۆرینەی شارەکانی ماد ئاترۆپاتن کوردنشین بوون. تاکو ساڵی ٤١٦ ی زایین لە سەردەمی وەهسودان -ڕەوادی کورد – یەکەم تەوژمی تورکەکانی ناوچەی غەز گەیشتنە ئازەربایجان، تەوژمی دووەم ساڵی ٤٢٩ی زایین بەرینتر و بەهێزتر بووە. دانیشتووانی شاری مەراغەیان کوشتووە و شارەکەیان تاڵان کردووە. خەڵکی ئەوێ مادی ڕەسەن و گوتییەکان بوون. نووسراوەکانی مێژوونووسانی بابل، ئاشوور تاکو مێژوونووسانی ئیسلام لەسەر ئەوە کۆکن دانیشتوانی ئەو ناوچەیە (مادی بچووک) کوردبوون. وشەکانی هاوشیوەی کاردۆ، کاردۆخی، کورتی، گوتی و کورد بۆ ئاماژە بە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، بەکارهێندراون
کوردبوونی دانیشتوانی مادی بچووک لەو گرێبەستەی لە نێوان حاکمی ئازەربایجان و حوزەیفە (فەرماندەی خەلیفە عومەر) کراوە، ڕوون و ئاشکرایە. حاکم بەرانبەر ٧٠٠ هەزار درهەمی بە حوزەیفە داوە بەمەرجێک کەس نەکوژێ و کەس بە دیل نەگرێت. هێرش نەکاتە سەر کوردەکانی خاسجان، سەبەلان و ساترۆدان، بەتایبەتیش لە ڕۆژانی جەژن و بۆنەکانی دیکەدا بەربەست بۆ سەما و هەڵپەڕکێ و خۆشیی خەڵک دروست نەکات
هەردوو بەری ڕووباری ئاراس (ئاران و ئازەربایجان) لەسەردەمی ئیسلامدا دەسەڵاتێکی یەکگرتوویان هەبووە. پێوەندی پتەوی سیاسی و کولتووریان هەبووە. بە هاتنی سەلجووقییەکان دەسەڵاتە خۆجیێیەکەیان نەماوە و ناوچەی ئاران کەوتووەتە سەر ئازەربایجان. کۆچکردنی لە ڕادەبەدەری تورک زمانەکان بۆ هەردوو ناوچەکە، پەرەسەندنی زمانی تورکی و پاشەکشەی زمانە ڕەسەنەکانی لەگەڵدا بووە. تەنانەت ناوی ناوچەی ئاران بوو بە قەرەباغ. ئەوە هەمان ئەو شوێنەیە لە ساڵی ٢٠٢١ دا جەنگی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجانی تێدابوو. لەمەشیاندا هەر کوردەکان دیسانەوە ماڵوێران و دەربەدەر کران
پاش هێرشی تورک و مەغۆل گۆڕانکاری بنەڕەتیی لە بەشی باکوری مادی بچووک (ئازەربایجان) لە زمان و ڕەچەڵەکدا، ڕوویداوە. هێرشی ئەوانە بە پێچەوانەی هێرشی چەند سەدە پێشتری ئێرانییەکان بۆ ناوچەی ماد، تەنیا هێرشێکی سیاسیی و زمان نەبووە، بەڵکو هێرشێکی ڕێژەیی جەماوەریی بووە. تورک و مەغۆل زۆربەی جار بە کوشتنی خەڵکی ناوچەکە هەژموونی نەتەوەییان بەدەست هێناوە
نەمامی نوێی تورک و مەغۆل بە خوێنی کوردەکان لە ناوچەی مادی بچووک ئاودێری کرا و گەشەی ستاند