تەپۆلکەیەکی دەشتی مالاتیای باکووری کوردستانە، لە ڕۆژئاواوە، نزیک ڕووباری فوراتە. ئەوەی ماوە ٣٠ مەتر بەرزە. تەمەنی بۆ ٥ هەزار ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. بەرلەوەی کەلتووری عوبێد لە میسۆپۆتامیای باشوور دەرکەوێ، ئەوێ نیشتەجێی مرۆڤی چاخی بەردینی نوێ بووە و ئەو چینە لە ئەرسلان تەپە، هەشتەمین چینە. دواتر لە سەرەتای سەردەمی دەرکەوتنی کەلتووری ئوروک، تەواو ئاوەدان بووە. هەردوو ئەکادی و ئاشووریەکانیش لە کاتی خۆیاندا، دەسەڵاتیان بەسەریدا شکاوە، تا سەردەمانی ڕۆمان و بێزەنتییەکانیش لە ساڵی ٤٠٠ی زاییندا، هەر مابوو
لە هەزارەی چوارەمی بەر لەزایین لەگەڵ شارەکانی میسۆپۆتامیادا گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیی و سیاسی بەسەردا هاتووە. لە هەزارەی سێیەمی بەر لەزایین کشتوکاڵی پێگەیشتووە و بووەتە هۆیەکی دیکە بۆ پێوەندی لەگەڵ باشووری قەوقاز و ناوەڕاستی ئەناتۆلیا. لە هەزارەی دووەمی بەر لە زایین ئەگەرچی دەسەڵاتی هیتیت بەسەریدا هەبووە، بەڵام تا ئاستێکیش دەسەڵاتی خۆیان هەبووە. بە ڕووخانی هیتیت، دەسەڵاتییان گرتووەتەوە دەست و سەردەمی هیتیتی نوێ لە هەزارەی یەکەمی بەر لە زایین، لە دایک بووە و ئەسلان تەپە پایتەختییان بووە
توێژینەوەکانی زانکۆی ساپیێنزا لە ڕۆمای ئیتاڵیا بۆ ماوەی ٥٨ ساڵ لەو شوێنەوارە بەردەوام بووە. قورسە هەموو دۆزراوە و تێگەیشتنەکانمان بۆ سیستەمی ئابووری و سیاسیی ئەرسلان تەپە بە ئاسانی بخەینە ڕوو. وردبوونەوە لە پاشماوەکانی چاخی بەردینی نوێ ئەنجامی سەرنجڕاکێشی بەدەستەوە دا، بە تایبەتی ئەوانەی لە هەزارەی چوارەمی بەر لە زایین، ماونەتەوە. دەسەڵاتی ئەرسلان تەپە ئەوەندە بەهێز و توانا بووە، تا ڕاددەیەکی باش باڵی بەسەر زۆربەی ئەو ناوچەیەدا کێشاوە. دەکرێ ئەو سەردەمە بە سەرەتای کۆمەڵگەی دەوڵەت، ناوبنێین
ئەرسلان تەپە لە سێ بواردا ڕۆڵی پڕ بایەخی هەبووە. ١. چەقی یەکەم دەسەڵاتی بەهێزی ئەو ناوچەیە بووە. ٢. سەرەتاکانی دەوڵەت پەیدابووە، ئەگەرچی ئەوکاتە تەنانەت شاریش لە میسۆپۆتامیای باکوور، نەبووە. سیستەمی ئاڵۆز و بەڕێوەبردن تەنیا لە باشووری میسۆپۆتامیادا هەبووە. ٣. ئەو بەڵگانەی لەوێ بەجێماون سیستەمێکی بەڕێوەبردنی ئاڵۆز و لەدایکبوونی بیرۆکراسیی، نیشان دەدەن
هەلكۆلێنەکان لە نزیکەی ٤٠٠٠ مەتر دووجا بوو. گەیشتن بە ئاسی ٧ تەمەنی بۆ ٣٩٠٠ تا ٣٤٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە و نیشانەکانی کۆمەڵگەی یەکسان و دەستگرتوو بە کەلتووری خۆیانی تێدابوو. لەو کاتەدا نیشتەجێیەکە زۆرترین ڕووبەری هەبووە و دانیشتووانیشی زۆر چڕ بووە، تا هەموو ئەو تەپۆلەیەی تەنیوە. بەڵام جیاوازی زۆر لە نێوان شوێنەکانی خەڵکەکەی هەبووە. کۆشکی دەسەڵاتداران لە تەپکی گردەکە بووە، دیوار و ئەستووری ڕەنگکراو بووە. هیچ ئاماژەیەک بۆ هەبوونی چالاکیی و دانیشتووانی ئاسایی لەوێ نەبووە. هەرچی خانووی خەڵکە ئاساییەکەیە، لە لێوارەکان بوون
دوو پەرستگە دی و سی دۆزرانەوە. بەشی زۆری ئەوەی یەکەم ڕووخاوە، بەڵام بەشێکی دیوارەکانی دیارن و بە نەخش و نیگاری شێوازی میسۆپۆتامیا، رازاوە بوون. ژوورێکی گەورە و بیندرا، لە سووچیکیدا پلیکانە هەبووە. بناغەی ئەو پێکهاتەیە لە نزیکەی ٨٠٠ بەردی گەورەی هەڵچنراو و ڕیزکراو، دروستکراوە. لە بن ئەو بەردانە دارەڕێی تەریب لەگەڵ یەک، کراوە. ئەو تەکنیکە لەو کاتەدا، زۆر سەرنجڕاکیشە و هیچی هاوشێوەی ئەوە لە شوێنەواری دیکەدا، نەدۆزراوەتەوە. ئەو پەرستگەیە وەکو ئەوانەی میسۆپۆتامیا بووە، ٤ دەرگای هەبووە. لەو نزیکەی هەزار دەفرە قووڵانەی دۆزرانەوە (هەندێکیان سەراونخوون کرابوون ئامادەی بەکارهێنان بوون)، دەردەکەوێ زۆرترین چالاکیی تۆمارکراو لەوێ، دابەشکردنی خواردن بووە. ١٨٤ مۆری داخستن دۆزرانەوە، ١٧٧یان لە بەشی باشووری ژوورەکە بوون
هەرچی دووەمە، ڕووبەری ٤٠٠ مەتر دووجای هەبووە و بەرانبەر یەکەم لەسەر زەوییەکی بەردی لێواری ئەو تەپۆلکەیە، دروستکراوە. لەوێشدا چەند سەد دەفرێکی قووڵ لەگەڵ سەروو ٢٠٠ مۆری بەکارهاتوو (شکاو)، دۆزرانەوە. لەوە دەچێ ئەوەی لە پەرستگەکەی دیکە دابەشکراوە، لێرەدا کراوەتەوە و مۆرەکان لێرەدا شکێندراون. هەموو گڵسازییەکان بە دەفرە قووڵەکانیشەوە هەر لە ئەرسلان تەپە دروستکراون. هەردوو ئەو پەستگەیە هاوشێوەی ئەوانەی میسۆپۆتامیای باشوورن
بۆ ئێمە دیارنییە کاریگەریی میسۆپۆتامیای سەردەمی عوبێد (٤٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین) لەسەر ئەرسلان تەپە چۆن بووە. بەڵام دیارە هەموو چالاکیی و ڕێوڕەسمە ئایینییەکان وەکو ئەوانەی میسۆپۆتامیا، بە دەستەبژێری دەسەڵاتەوە بەندبوون. کاریگەریی میسۆپۆتامیا هەر لە دەشتی مالاتیا لە شوێنەوارێکی دیکە بە ناوی داگرمانتەپە، دۆزراوەتەوە. دەکرێ بڵێین دیاردەی وەرگرتن و تێکەڵکردنی لایەنەکانی بەڕێوەبردن و ڕێوڕەسمە ئایینییەکان وایانکردووە سیستەمێکی کۆمەڵگەی خۆجێ لە میسۆپۆتامیای باکوور دەرکەوێ، ئەو سیستەمە بە دەستەبژێرێکەوە بەسترابووەوە
هەردوو پەرستگەی چینی ٧ وەک لە بەشی پێشوودا باسکرا لە دەورووبەری ساڵی ٣٤٠٠ بەر لە زایین چۆڵکراون. لەوکاتەدا دەسەڵات لە ئەرسلان تەپە گۆڕانی بەسەردا هاتووە. خانووەکانی دەستەبژێرەکەی ئەرسلان تەپە دووبارە لەسەر هەمان دیوار، دروستکراونەتەوە، بەڵام لەگەڵ ناوچەیەکی گشتیی لە ناوەڕاستدا، کراوەبوون. ئەو ناوچە گشتییە لە شێوەی دیزاین و کاریدا، لەوەی پێش خۆی جیاواز بووە. نیشانی دەدا، پێوەندی نێوان دەستەبژێر و خەڵکی ئاسایی، گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە
لە ناوەراستی ئەو شوێنە گشتییەدا، پێکهاتەیەکی بچووک بەڵام بەرز دروستکراوە. هیچ سیمایەکی ئایینی پێوە دیار نییە. داڵانیکی چوونە ژوورەوەی هەبووە، لەسەر دیوارەکانی نەخشی پاقلاوەیی کراوە و بەسەر هەیوانێکی گەورەدا دەکرێتەوە. خەلک بە چوونە ژوورەوەی، خۆیان لەبەردەم پێکهاتەیەکی بەرز و جواندا دیوە. ژوورێکی بچووکی تێدابووە بە سێ پایە لە زەوی ئەو شوێنە گشتییە بەرزتر بووە. هەندێ پارچە تەختە لەوێ دۆزترانەوە ڕەنگە بۆ بەرزکردنەوەی ئەو شوێنە بەکارهاتبن، یانیش تەختی پاشایەک/دەسەڵاتدارێک، بووە. ئەو شوێنە، وەک بڵێی بۆ کۆبوونەوەی جەماوەریی و گوتاردان، بووە
ئەو شوێنە دواتر گەورەکراوە، تەنیا لەوەندەی هەڵکۆڵینی بۆ کراوە ڕووبەری ٣٥٠٠ مەتر دووجای داگیرکردووە. هەرجارەو بەشێکی نوێی بۆ دروستکراوە و لەگەڵی کراوە بەیەک. دیارە شوێنی بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانە بووە. چەقی دەسەڵاتی دەستەبژێر لە پەرستگەکان نەبووە، بەڵکو لە کۆگەکانی خواردن بووە، لەو شوێنانەی خواردنیان تێدا ئامادە و دابەشکراوە و خەڵکێکی زۆر لەوێ ڕۆژانە ژەمەکانیان هەبووە
لەو کۆگایانەی خواردن و تەواوی ئەو کۆشکەدا، هەزاران مۆری قوڕ و سەد دەفری قووڵ دۆزرانەوە. لە ژوورێکی دیکەدا (لەسەر نەخشەکاندا ئەی ٢٠٦\) سەروو ٢٠٠٠ مۆری شکێندراو نزیکەی ٢١١ شێوەی جیا جیایان لەسەر بووە، دۆزرانەوە. هەرچەندە توانرا ئەو نەخشانەی لەسەر ٢٦٠ مۆر هەبوون بناسرێنەوە، هیچیان وێنە و ئاماژەی ئایینییان نەبوو. لەوەدەچێ ئەو شوێنانە وەکو ئەرشیف کاروباری بەڕێوەبردنی لێوە کرابێ. بەو بابەتانەدا دیارە، دەسەڵاتدارانی ئەرسلان تەپە تەواو باڵیان بەسەر سەرچاوەکانی خواردن و دابەشکردنیدا کێشابێ. تەنانەت کرێکارانیشیان بەخۆیانەوە گرێداوە
ئەوەی لەسەر نەخشەکاندا ژمارە ٣٧ی بۆ داندراوە، تا کۆتایی ئەرسلان تەپە، لەوێ هەر چەقی دەسەڵات بووە. بەستنەوەی ئەو کۆشکە بە خانووی هەندێ دەستەبژێی ئەرسلان تەپە وێنەیەکی ئاڵۆزی دەسەڵاتمان بۆ نیشان دەدات. لە سەردەمی یان چینی ٦ دا، پێوەندی ئەرسلان تەپە لەگەڵ چەقی دیکەی دەسەڵات لە ناوچەکەدا دەردەکەوێ بە تایبەتیش لەگەڵ کەلتووری ئوروک لە باشووری میسۆپۆتامیا. ئەو پێوەندییە لەو بابەتە بەدەسکانە دێت لە کۆشکە گەورەکەی ئەرسلان تەپە دۆزرانەوە. بەهەمان شێوە بابەتی دیکە هەبوون سەر بەو کەلتوورانەی ناوەڕاستی ئەناتۆلیان لەوکاتەدا هەبوون، وادیارە کۆچبەرەکان لەگەڵ خۆیاندا بەو ناوچەیەیاندا بڵاو کردبێتەوە
لە ڕووی کانزاسازییەوە، نیشانەکانی پێوەندی لەگەڵ ناوچە شاخاییەکانی باکووردا دەردەخات. هێندێک لەو بابەتانە بە کارامەیی و جوان دروستکراون و چەندین جۆری کانزا بەکارهاتوون لەوانە مس، قورقوشم، زیو، زێڕ و تێکەڵەی کانزایی. لەناو جوانترین بابەتاکاندا، سەرە ڕم و شمشیرەکانن. داخوازیی لەسەر بابەتی کانزا، ئەگەر وەکو هێمای دەوڵەمەندیی و دەسەڵاتیش بووبێ، بەڵام لەوانەیە پێویستیی بەرگییکردن لەخۆ بووبێ. لەوانەیە قووچەکی دەسەڵات بنچینەیەکی بەهێزی لەناو خەڵکدا نەبووە وەک ئەوەی باشوور نەبووە
شوێنی زۆر بۆ دانیشتووانی ئاسایی نەبووە. خانووی خەڵک ئەگەر لەسەر ئەو تەپۆلکەیە هەبووبێ دەبێ زۆر کەم بن و هیچ پاشماوەیەکی دیار نەدۆزراوەتەوە. بۆیە بە بەردەوام خەڵک لەوێوە کۆچی کردووە و نیشتەجێیەکە بچووک بووەتەوە. لەگەڵ ئەوانەیش ڕووبەری شوێنە گشتییەکان گەورەتربوون، جێی خانووی دیکە نەماوە. بۆیە دەبێ ئەو بیرۆکەیە لەبەرچاو بگرین کە خەڵکی ئاسایی لە تەختاییەکانی دورووبەری ئەرسلان تەپە ژیاون. ڕەنگە لە گوندی بچووک و بەربڵاودا پەرت بوون و خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی بوون. ئەو جیاکارییە لە نێوان خەڵکی ئاسایی و دەسەڵاتداران لەزۆر شوێنی دیکەی دەشتی مەلاتیا، هەبووە
هەر وەکو زۆر شوێنەواری دیکەی باکوور، شاخەکانی ئەو ناوچەیە بواری زۆری نەداوە شار لە تەختاییەکانی مالاتیا دروست ببن و تەختایی لەبار بۆ کشتوکاڵ سنووردار بووە. بەڵام سەرچاوەی زۆری ئاو وایکردووە کشتوکاڵ پڕ بەرهەم بێ و ژیانی کۆچەریی و ئاژەلداریی لەو ناوچەیەدا بڵاو بووە. ئەو بارودۆخە پێوەندی باشی لەگەڵ کۆمەڵگە کۆچبەرەکانی ئەو شاخانە ڕەخساندووە. ئەو پێوەندییە وایکردووە مەرداریی پەرە بستێنێ و لەگەڵیدا جۆرێکی نامۆ لە گڵسازیی لە ئەرسلان تەپە دەرکەوێ
دەکرێ دەسەڵاتدارانی ئەرسلان تەپە نەیانتوانیبێ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە لە خۆ بگرن، بۆیە جووتیاران و ئاژەڵداران تا ڕاددەیەکی زۆر سەربەخۆ بوون، ئەوە لەگەڵ بەرژەوەندی دەسەڵات یەک نەبووە و تا هاتووە داواکانیان لەسەر خەڵکی ئاسایی زۆرتربووە و ململانێی نێوانیان ئەو دەسەڵاتەی لاواز کردبێ، تا لە ساڵی ٣٢٠٠ کۆتایی هات و ئاگر لەو کۆشکە بەردراوە و ئیدی چاک نەکراوەتەوە
سەرچاوە
https://www.academia.edu/41464290/ARSLANTEPE_PROCEEDINGS_OF_THE_I_INTERNATIONAL_ARCHAEOLOGY_SYMPOSIUM_Yay%C4%B1na_Haz%C4%B1rlayanlar_Edited_by_Neslihan_Durak_Marcella_Frangipane
https://www.saradistribution.com/aslantepe-kurdistan.htm